چوار ئەرکە بەپەلەکەی تاڵەبانی

ئەو جەڵتەی مێشکەی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٢، “مام” جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی عێراق و رێبەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئازاری بەدەستەوەکێشا و وایلێکرد بۆ چارەسەر بچێتە ئەڵمانیا، تەنیا ئەوی نەناردە ژووری چاودێریی تایبەتەوە، بەڵکو هەموو عێراق و یەکێتیش لەگەڵی چوونە ژێر چاودێرییەوە. رەوشی عێراق و ئەو قەیرانەی لە پرۆسەی سیاسیدا دروستبووە، هەروەها تووندتربوونی لێک دوورکەوتنەوەی نێوان سووننە و شیعە، لەگەڵ داگیرکردنی “موسڵ” لەلایەن داعشەوە و گرژتربوونی ناکۆکییەکان و نەمانی متمانە لەنێوان بەغدا و هەولێر، ئەمانە هەموویان شتی زاندراون و پێویستیان بە روونکردنەوە و شیکردنەوە نییە. 

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو قەیرانەی ژێرخان و بوونی حیزبەکەی هاویشتووەتە بەر رەحمەتی خۆی، دەرهاویشتەکانی تەنیا لەسەر حیزبەکە و ئایندەی کاریگەرییان نابێت، بەڵکو کاریگەریی بەسەر تەواوی کورد و دۆزەکەیانەوە لە عێراقدا دەبێت. هەروەها هاتنەوەی تاڵەبانی لە ئەڵمانیاوە بۆ سلێمانی، بەبێئەوەی لە هەولێر داببەزێت، کە پایتەختی هەرێمی کوردستانە و سەرەڕای ئەو شادییەی بۆ خەڵك لەگەڵ خۆیدا هێنای، بەڵام نەیتوانی ئەو قەیرانە جدییە بشارێتەوە کە لەنێو یەکێتیدا هەیە. 

ئەو قەیرانە، تەنانەت بەر لە نەخۆشیی تاڵەبانی و دوای نەخۆشییەکەشی بەڕوونی دەرکەوتبوو. هەرچەندە تاڵەبانی سەنگ و کاریگەریی مەعنەوی و سیاسیی گەورەی هەیە لەسەر هەوادارانی یەکێتی، بەڵام ئەو جەماوەردارییەی خۆی و حیزبەکەی وەکو جاران نەماوە. تەنانەت لە شاری سلێمانیی کوردیش، کە تاڵەبانی بە بنکەی سەرەکیی حیزبەکەی دەزانی، دوای جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ٢٠٠٩ و پێکهێنانی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو شارە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی هەرێمی کوردستاندا لە مانگی ئەیلوولی رابردوو، هەروەها دواتریش لە هەڵبژاردنە لۆکاڵی و پەرلەمانییەکانی عێراق لەکۆتایی مانگی نیسانی رابردوو، لەدەست حیزبەکەی تاڵەبانی دەرهێندرا. هەرچەندە حیزبەکەی تاڵەبانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەدا لە پارێزگای کەرکووک ئەنجامی باشی بەدەستهێنا، بەڵام لە سلێمانی دوو جار دۆڕا. ئەمەش ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئەو حیزبەی تیژتر کردووە، لەنێوان باڵی هاوسەری تاڵەبانی، کە هەریەکە لە مەلا بەختیار و عادل موراد لەگەڵیدان، باڵەکەی دیکەش کە هی بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی تاڵەبانییە و کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی تاڵەبانی، پشیوانیی لێدەکات. ئەو دوو باڵە تۆمەت بەسەر یەکدیدا دەبەخشنەوە و هەرلایەکیان ئۆباڵی دۆڕان دەخاتە ئەستۆی ئەوی دیکەیان!

بڕیاروابوو کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی لە کۆتاییەکانی مانگی یەکی ئەمساڵ ببەسترێت، بەڵام سەرکردایەتیی ئەو حیزبە بۆ کاتێکی نادیار دوایخست. هەروەها دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتی درانە بەرهەم ساڵح و کۆسرەت رەسوڵ و هاوسەری تاڵەبانی، بەڵام بەرهەم ساڵح رەتیکردەوە بەر لە بەستنی کۆنگرە هیچ بەرپرسیارێتییەک وەربگرێت.

جا بۆئەوەی تاڵەبانی حیزبەکەی و هەرێمی کوردستان لە دەرهاویشتەی تووندتربوونی رادەی ناکۆکییەکانی نێو حیزبەکەی لابدات، هەروەها ئەو هۆکارانەش نەهێڵێت کە کاتی خۆی وایانکرد نەوشیروان مستەفا جیاببێتەوە، کە رەنگە هەمان ئەو هۆکارانە ببنە هۆی روودانی جیاوازیی نوێ، پێدەچێت چوار ئەرکی بەپەلەی بکەوێتە سەرشان کە نەکرێ دوابخرێن:

یەکەم: راگرتنی هەوڵەکانی هاوسەری تاڵەبانی بۆئەوەی قوبادی کوڕی سەرەتا لەنێو حیزبدا و دواتر لە سەرۆکایەتیی عێراقدا بکاتە میراتگری باوکی. زۆر سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دانانی قوباد تاڵەبانی وەکو جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە چوارچێوەی ئامادەکردنیدایە بۆئەوەی لە کۆنگرەی داهاتوودا بکرێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی، ئەمەش وایلێدەکات ئامادەبێت بۆ گەیشتنە پلەی سکرتێری گشتی. لە ساڵی ١٩٧٥ەوە تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، دانانی میراتگریش بۆی دەبێتە “گوللەی بەزەیی” بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. هەروەها گورزێکی کوشندەش دەبێت کە لە ئەزموونی خەباتگێڕانەی جەلال تاڵەبانی دەدرێت. 

دووەم: پشتگیریکردن لە پاڵاوتنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرکردایەتیکردنی حیزبەکەی. ئێوارەی رۆژی ٢٣/٧/٢٠١٤ (هاوپەیمانیی کوردستانی) رازی بوو بە کاندیدکردنی فوئاد مەعسووم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە دەیانزانی بەرهەم ساڵح گونجاوترە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، چونکە شارەزایی و ئەزموون و لێهاتوویی زانستی و سیاسیی هەیە و پەیوەندیی نێودەوڵەتی و هەرێمیی هەن. ئەمەش وادەکات بەرهەم ساڵح چانسی زیاتربێت بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی نەوعی لەنێو ئەو حیزبەدا و سەرلەنوێ هاوسەنگیی بۆ بگێڕێتەوە. 

سێیەم: رۆیشتن بە ئاراستەی شەفافیەت و چاکسازیی راستەقینە کە وادەکات بیرکردنەوەی دەرەبەگانە و پاوانخوازیی بنەماڵەیی بسڕێتەوە، هەروەها نەهێشتنی گەندەڵی و باڵگەرایی کە بەنێو حیزبەکەدا بڵاوبووەتەوە. پێویستە گەندەڵکارانیش سزابدرێن، جا هەرکەس و لایەنێک بن. 

چوارەم: پشتیوانیکردن لە هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، سەبارەت بە قەیرانی نێوان هەولێر و بەغدا. هەروەها هەڕەشە و تۆمەتبارکردنەکانی نووری مالیکی بەرامبەر هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی کوردستان رەتبکرێتەوە. دیارترین هەڵەی ستراتیژی کە تاڵەبانی تێیکەوت لەسەر ئاستی نیشتمانی ئەو رۆڵە بوو کە گێڕای بۆ پەکخستنی ئەو هەوڵانەی بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالیکی دران. کە ئەمەش ملدان بوو بۆ خواستی ئێران و چەمانەوە بوو بۆ گوشارەکانی. ئەمەش وایکرد عێراق بەهۆی سیاسەت و هەڵسوکەوتەکانی مالیکییەوە بگاتە ئەمڕۆ. 

بە جێبەجێکردنی ئەو چوار ئەرکە بەپەلەیە، ئەزموونە شۆڕشگێڕی و سیاسییە گرنگەکەی مام جەلال، دوای تەمەنێکی درێژ، “کۆتاییەکی جوان”ی دەبێت. واشدەکات حیزبەکەی لە ئاڵۆزی و ناکۆکیی زۆرتری نێوخۆیی دوورکەوێتەوە. ئەگەرنا ئەمانە دەبنە هۆی جیابوونەوەی نوێ.    


* لە رۆژنامەی ئەلحەیات-ی چاپی لەندەن وەرگیراوە