لەقەد عادەت حەلیمە
دەگێڕنەوە، حاتەمی تائی كە پیاوێكی بەخشندە و دەستكراوەی مێژووی عەرەبەكان بووە، ژنێكی رەزیل و چرووكی هەبووە بەناوی حەلیمە. حاتەم میوانی بانگ دەكردەوە ماڵەوە، بەڵام حەلیمەی خێزانی خواردنی كەمی تێدەكرد و بە چكە چك گۆشتی دادەنا. حاتەم فێڵێكی دۆزییەوە و بە ژنەكەی گوت "ئەگەر خواردنی زیاتر بۆ میوانەكان دابنێی، ئیدی هەرگیز پیر نابیت و سەرت سپی نابێت". حەلیمە لەخۆشیی ئەم قسەیە دەستیكرد بە رازاندنەوەی سفرەكان و گۆشت و خواردنی باشی دادەنا. دوای ماوەیەك، بینی بەرە بەرە تاڵی سپی لە قژیدا دەردەكەوێت. هەر بۆیە وازی هێنا لە دانانی خواردن و دەستیكردەوە بە چرووكی. ئیدی میوانەكانیش دەیانگوت "لقد عادت حلیمە لعادتها القدیمە"، واتە حەلیمە گەڕایەوە سەر عادەتە كۆنەكەی. لەو كاتەشەوە ئەو پەندە بۆ ئەو كەسانە بەكاردێت كە ماوەیەك واز لە عادەتێكی خراپ دەهێنن و دواتر دەگەڕێنەوە سەری.
لەم هەرا و هوریایەی نێوان پارتی و گۆڕان و لایەنەكانی دیكەدا، ترسی من ئەوەیە حەلیمە بگەڕێتەوە بۆ عادەتە كۆنەكانی. ئەو زمانەی شەڕی ناوخۆ كە تا ئاستی بۆگەنی ناشیرینە، شتێك بوو كە ماوەیەكی زۆر بوو بەرگوێمان نەكەوتبوو. لایەنی كەم تەلەفزیۆنە فەرمییەكان و خەڵكە بەرپرسەكانی ناو حیزبەكان بە زمانێك دەدوان كە بۆنی شاری لێدەهات. بەڵام ئێستا خەریكە عادەتە ناشیرینەكەی سووكایەتیكردن بە یەكدی دەستپێدەكاتەوە.
لەكوردستاندا شتێك نییە بەناوی "تاقمەكەی نەوشیروان". بزووتنەوەی گۆڕان هەیە و سەركردەیەكی هەیە ناوی نەوشیروان مستەفایە. دەكرێت دژی گۆڕان بیت و زۆریش رقت لێیان بێت، بەس ناكرێت خەڵكی بەرپرس بەو زمانە بازاڕییە بدوێت.
ئەم هەرێمە پڕە لە كێشە و گرفتی گەورە و مانەوەی بارزانییش بەشێوەیەكی نایاسایی لەپۆستەكەیدا یەكێكە لەو كێشانە، بەڵام ناكرێت كەناڵێكی فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان بارزانی بە قەزافی بشوبهێنێ. گەنجی تووڕە دەكرێت قسەی خۆی بڵێت و جنێوی خۆی بدات، بەڵام ناكرێت بزووتنەوەیەكی بەشدار لە حكومەت و پرۆسەی سیاسی، سەرۆكی پارتە شەریكەكەی بەقەزافی ناوببات. چونكە ئەوكات مانایەك بۆ پێكەوە بوون نامێنێتەوە و خەڵك مافی خۆیانە بپرسن، ئەگەر قەزافییە، ئێوە یەك ساڵە چی دەكەن لەگەڵیدا؟
بە هەموو پێوەرێك، حكومەتی بنكەفراوانی هەرێمی كوردستان فاشیل بوو، بەڵام تاكە جوانیی ئەم حكومەتە پێكەوە كۆكردنەوەی هەموو لایەنەكان بوو لەم كاتە هەستیارەدا كە شەڕی دوژمنێكی دڕندە دەكەین. دەستەواژەی "سەركردایەتی سیاسی كورد" مانایەكی بۆ گەڕایەوە و دەمانبینی كە چۆن سەركردە و كەسی یەكەمی لایەنەكان پێكەوە دادەنیشن و بڕیارەكان وەردەگرن. دانیشتنی سەركردایەتی سیاسی كورد لە گردی زەرگەتە بۆ بڕیاردان لەسەر بەشداری لە حكومەتی عێراق یەكێك بوو لەو ساتە مێژووییانە. لەو ماوە كەمەدا، دەنگەكانی شەڕی ناوخۆ و قەڵەمە ناشیرینەكان بێ پارە بووبوون. هەندێكیان بێدەنگییان هەڵبژارد و هەندێكی دیكەش خەریكی رۆمانسیات بوون و بەشێكی دیكەشیان چاوەڕێی دەرفەتێكی ئاوا بوون تا ئەمجارەش بێنەوە سەر شاشەكان، چونكە ئەوان باش خۆیان و حیزبەكانیان دەناسی و دەیانزانی دواجار حەلیمە دەگەڕێتەوە بۆ عادەتە كۆنەكانی.
هێشتا دەرفەتێكیش ماوە بۆئەوەی دەنگی هەرزەكان بەسەر دەنگی ژیرەكاندا زاڵ نەبێت. هێشتا دەتوانرێت ئەو درزەی بەهۆی هەڵپەی هەندێك و عینادیی هەندێكی دیكەوە دروست بوو، پڕ بكرێتەوە. كوردی باشوور ئەوەندەی لەباردا نەماوە كە لەساڵی 2015ی زاینیدا خەریكی تەماشاكردنی دەموچاوی سواو و عادەتی خراپی رابردوو بێت. دەرفەتێك هەیە ئەم نەوەیە بە رق لە ئەوانی دیكە گەورە نەبێت و مرۆڤێكی ئاسایی دەربچێت، مەهێڵن حەلیمە تێكیبدات.