ئەمەیە شیفا
لەم نووسینە كورتەدا تەنیا باسی قورسیی بەرپرسیارێتییەكەی شیفا دەكەین، بۆئەوەی زیاتریش لە كارەكەی ئاشنابین. رەنگە وەكو بەڕێوەبەری پێشووی ئاوتپووت لە هەمووان زیاتر ئاشنایەتیم بە كاری ئەو بەشە هەبێت. ئاوتپووت بەشێكی گەورە و پڕ بەرپرسیارێتی هەر تەلەفزیۆنێكە.
بەڕێوەبەری ئاوتپووت بەرپرسە لە هەر زانیارییەكی رەنگ، دەنگ، نووسینێك كە لە شاشەكە دەردەچێ، دەبێ ئەو بەرپرسیارێتییەش پەكی گەورەبیركردنەوە و دنیابینییەكەی نەخات. دەبێ داواكاری هەبێت، دەبێ بشزانێ داوای چی دەكات، چونكە كاتێك بۆڵتەنی هەواڵ دەسپێدەكات، بەڕێوەبەری ئاوتپووت بەتەنیا دەمێنێتەوە بەرامبەر چاوەڕوانیی بینەران. ئەوەی فریاشی دەكەوێ، ئەو داواكارییانەیە كە پێشتر خستوونیەتییە بەردەم هاوكارەكانی دیكەی.
بەڕێوەبەری ئاوتپووت بەرپرسی هەر جووڵەیەكی بێژەر و پێشكەشكاران و هەر وشە و ئامادەكارییەكی پرۆدیوسەرەكانە لەكاتی پەخشی هەواڵەكاندا. ئاوتپووت ئەگەر بێ كێشە بێت، دەستكەوتە. ئەگەر دنیابینیشی تێدابێ بۆ پێشكەوتن و جوانكردنی شاشەكە داهێنانە. شیفا ئەو داهێنانەی كرد، چونكە ماوەی كەمتر لە ساڵێكە بەڕێوەبەری ئاوتپووتە، كاری ئاوتپووت، بێژەری و پەیامنێریشی پێكەوە دەكرد.
هەموومان چاوەڕوانیمان لە شیفا زۆر بوو، بۆ هەر كێشەیەكی كاتی و هەڵەیەك لە جێبەجێكردنی كارەكاندا، شیفا چارەسەری بەپەلەی هەبوو، دەستپێخەریی بۆ كاری نوێ هەبوو. تێبینییەكانی لەسەر هەر كار و بەشێك ورد و بۆ ئەوە بوو چارەسەر بكرێ. زۆر چاوەڕوانی دیکەمان هەبوون، بەڵام ئەوەی چاوەڕێی نەبووین شەهیدبوون بوو لەپێناو زانیاریدا.
شیفا مەردانە ژیا و بەپێوە شەهید بوو.. ئەمەیە شیفا...
بەڕێوەبەری پلاندانانی رووداو