لە دۆمینەوە بۆ دۆمینۆ
خوێندنەوەیەکی رامیاری ـ کۆمەڵایەتی ـ مرۆڤناسی بۆ کەوتنی شاسوار و جیهانەکەی
بەدەر لەوەی بەشی زۆری کردارەکانی مرۆڤ نائاگایانەن، ئەو وێنەیەی مرۆڤ دەیهاوێژێتە دەرەوەی خۆی و ئەو کاریگەریەی هەیەتی خۆی بڕیاری لەسەر نادات. ڕووداوگەلێک هەن مرۆڤ هیچ دەستی تێیاندا نییە، مێژوو خۆی بڕیاریداوە ئەو ڕووداوانە وابن، مێژوو خۆی درووستیان دەکات. مێژوو واتە ئەو ڕووبارەی ناوەستێ، ئەو ڕووبارەی بەهۆی تێکڕژان و یەکگرتنی هەلومەرجەکانەوە پێکدێت.
دۆخی هێڵنجهێنەری یەکێتی، درووستبوون و شکستی گۆڕان، ڕووخانی شاسوار و مەزادخانەکەی... نموونەی ئەو ڕووداوانەن کە مێژوو لەشێوەی ڕشانەوەدا دەیانداتەوە.
کەوتنی شاسوار کۆتایی سەردەمێکە. درێژەی دەرهاویشتەکانی 16ی ئۆکتۆبەرە. لە سیاسەتدا زۆنی هیزری هەیە، هەموو حزبەکانی سلێمانی لە زۆنی هیزری یەکێتیدان. پاکێجێکن. پێکەوە گرێدراون.
وەک چۆن سەردەمانێک هەموو وڵاتە کۆمۆنیستیەکان گرێدراوی یەکێتی سۆڤیێت بوون و کە مۆسکۆ ڕووخا ئەوانیش وەک داشی دامە یەک لەدوای یەک کەوتن. 16ی ئۆکتۆبەر لەڕووی مرۆیی و ڕەوشتی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە یەکێتی ڕووخاند، گۆڕانی ڕووخاند، کۆمەڵی ڕووخاند، ئێستا سەرەی نەوەی نوێیە. هەموو ئەمانە گرێدراوی یەکن، گرێدراوی عێراقن، عێراقیش گرێدراوی ئێرانی ئاخووندەکانە. ئەتمۆسفێری زۆنی سەوز هەمان ئەتمۆسفێری عێراقەکەی ئێرانە. ئەمریکا گورزێک لە ئێران دەدا، یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و کۆمەڵ دەلەرێنەوە، ئێران شکا ئەمان دەزڕێن و دەزرینگێن.
بە بۆچوونی من، یەکەمین کێشەی گەورەی مرۆڤی کورد ئەوەیە ڕوانینی گشتگیری نییە بۆ ڕووداوەکان. چونکە دنیا ناناسێت. هیچ ڕووداوێک دابڕاو نییە لە دنیا. بەتایبەت ڕووداوە پۆلیتیکی و ڕۆشنبیرییەکان. پۆلیتیک و ڕۆشنبیری هیچ وڵاتێک دابڕاو نین لە جیهان. دووەم کێشەی گەورەی مرۆڤی کورد ئەوەیە ''هۆشمەندیی مێژوویی'' نییە. هۆشمەندیی مێژوویی بناغەی پۆلیتیکایە. بەبێ هۆشمەندیی مێژوویی ناتوانیت ''ئەمڕۆ'' بناسیت، کە ئەمڕۆیشت نەناسی ناتوانی هیچ شتێک بۆ داهاتوو ئامادە بکەیت. بۆیە ئەوانەی لە کوردستان دەستدەدەنە کاری ڕامیاری، لە سەری لووتی خۆیان دوورتر نابینن. یەکەم هیچ ڕۆشنبیری و زانستێکی مێژوویی و ئابووری و ڕامیارییان نییە، نیمچە نەخوێندەوارن (بەپێوەری خوێندەواریی جیهانی نەک کوردی)، هیچ پەروەردەیەکی مرۆییشیان نییە (نە بۆرژوازی، نە پڕۆلیتاری، نە ئەریستۆکراسی...)، واتە سەر بە هیچ کۆمەڵگەیەک نین، هیچ بنەمایەکی ڕەوشتییان نییە (ڕەوشت بەواتای سیستمی ئاکاری چینێکی کۆمەڵایەتی، بۆ نموونە کاتێک دەگوترێت ڕەوشتی بۆرژوازی یا فیوداڵی).
لە کوردستان وەک هەموو وڵاتێکی دواکەوتووی جیهان، هەرکەس ویستی دەتوانێت ببێتە سیاسی. هەر حزبێک دەتوانێت کێی ویست بیکاتە کاندیدا چ بۆ پەڕلەمان و چ بۆ حکومەت. چونکە یاساکە وایە کە حزبێک بەپێی پشکی خۆی مافی هەیە و ئازادە کێی ویست بیخاتە جێیەک کە بەپێی پشکەکەی، ئەو جێیە بەو بڕاوە و بۆ ئەو بڕاوەتەوە. هیچ مەرج و پێوەرێکی زانستی نییە بۆ ئەوەی ببیتە سەرۆکیش، چجای وەزیر و پەڕلەمانتار. بۆیە ئەو دیاردە سەرسوڕهێنەرە دەبینین کە ''پاڤێڵ''ێک بڕوانامەی ناوەندیشی نییە، دەبێتە بەرپرسی دەیان کەسی خاوەن ماستەر و دکتۆرا و چۆنی ویست هەڵیاندەسوڕێنێ. ''شاسوار''ێک لە هەموو ژیانیدا ڕۆژێک سیاسەتی نەکردووە، حزب دادەمەزرێنێ و 10 پەڕلەمانتار دەنێرێتە پەڕلەمانی کوردستان و عێراق.
دەوڵەت هەمیشە یەک پارت، بگرە یەک سەرکردە درووستی دەکات. سەدەی بیست، لە شەستەکانەوە، بەتایبەت لە 1963 کە بەعسییەکان یەکەم کودەتایان کرد و بە هەموو شێوەیەک کەوتنە لەناوبردنی شیوعییەکان (تۆڵەی سەردەمی عەبدولکەریم قاسمیان دەکردەوە، چونکە ئەو بەشێوەیەکی توند بەعسیەکانی سەرکوت کرد، هەر لە 1958ەوە، سەرەڕای ئەوەی عەبدولکەریم قاسم بۆ سەرۆکوەزیران عەبدولسەلام عارفی هەڵبژارد چونکە پێکەوە کودەتایان کرد، عەبدولسەلام عارف نزیک بوو لە بەعسیەکان، حزبەکەی هاوپەیمانی هەبوو لەگەڵ بەعسدا). لە لاوازبوونی حزبی شیوعی عێراقدا، لە کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان بەهێز بوو. ئەوە بوو پارتی بووە حزبی بێڕکابەر و نوێنەری یەکەم و سەرەکی نەتەوەی کورد. ئەمەیش هێزێکی وای پێبەخشی کە عێراقی ناچار کرد دانوستاندنی لەگەڵدا بکات و گوێ لە داواکانی بگرێت. ئەم ئەزموونە وڵاتانی داگیرکەری کوردیان بەهۆش هێنایەوە. بۆیان دەرکەوت کە دەبێ پارتی تری کوردی درووستبکەن، تا کورد نەتوانن لەدەوری یەک سەرکردە و یەک پارت کۆببنەوە. ئەوە بوو پەکەکە و یەکێتی و دواتر پاسۆکیان درووستکرد یا ڕێیان دا درووستببن، پشتگیرییان کردن و هانیاندان و چەکیان دانێ، بەهێزیان کردن و ڕایانگرتن تا بتوانن ڕێ لە بەهێزبوونەوەی بزووتنەوەی کورد بگرن. بۆ ئەوەی کورد بەهۆی پارچەبوونی سیاسییەوە هەرگیز نەتوانێت نوێنەرایەتی خۆی لە یەک هێزدا کۆبکاتەوە و بە یەک دەنگ دەرببڕێت. بۆ ئەوان، ئەمە لە هەزار کۆمەڵکوژی و جەنگ کاریگەرتر بوو، چیدی پێویستیان بەوە نەبوو خۆیان بە سوپا و چەکی خۆیان کورد لەناو ببەن یا سەرکوتی بکەن، لەڕێی ئەو پارتە کوردیانەوە دەیانکرد کە درووستیانکردن یا هەبوون و بەهێزیان کردن.
دوای راپەڕینی 1991، کوردستان کەوتە دەست کورد (هەڵبەتە بەشێکی). بەڵام هەر ئەو بەشەیش زۆر بوو، چونکە ئەزموونی بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک شار نوێ بوو (ئەوەی 1971 تا 1975 ناتوانین بە ئەزموونێکی تەواو دابنێین، چونکە کورد ئەوکات بەردەوام لە دانوستاندندا بوو، بەتەواوی کوردستانی بەدەستەوە نەبوو، دەزگا و دامەزراوەی دەسەڵاتی نەبوو، پەڕلەمان و حکومەت و دادوەری نەبوو، مووچەی نەدەدا و باجی وەرنەدەگرت، ڕێگەوبانی درووست نەدەکرد...) هەموو ئەمانە لەدوای ڕاپەڕینەوە دەستیانپێکرد. هەر لەوکاتەوە پارتی نوێ درووستبوون، بەڵام چونکە پارتە کۆنەکان هێشتا خۆیان لەگەڵ ئەزموونی مەدەنیدا نەگونجاندبوو، هێشتا خۆیان لەگەڵ ئەو ژیانە نوێ و ئەو شێوازە نوێیەی کارکردن و بەڕێوەبردن ڕانەهێنابوو، تووشی شەڕی براکوژی بوون.
هۆکاری یەکەمی شەڕی براکوژی ئەوە بوو پارتە کۆنەکان بەدەر لەوەی ساڵانێکی زۆر شەڕی یەکتریان کردبوو، جڵەوی هەریەکیان لەدەست دەوڵەتێکی داگیرکەر بوو، بۆ ئەوەی بوون و مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن، هەروەها نەبوونی ئامانجێکی هاوبەش، نەبوونی هیچ پڕۆژەیەکی نیشتیمانی هاوبەش، وای کرد هیچ شتێک کۆیاننەکاتەوە، هیچ بەرژەوەندیەکی هاوبەشیان نەبێت. هەریەک دەبوو هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین پارە و دەسەڵات بدات، ئەمەیش بە هەوڵی کەمکردنەوە و بچووککردنەوە یا لەناوبردنی پارتەکەی تر دەکرا. ئیدی کورد کەوتە دوژمنایەتی و کێبڕکێی بۆ بەدەستهێنانی گومرگ و دەسەڵات لە کوردستاندا.
کە چاڵت بۆ خەڵک هەڵکەند ڕۆژێک خۆتی تێدەکەویت
بۆ ئەوەی دۆخی نالەباری کوردستان بناسین، هۆکاری کێشەکان دەستنیشان بکەین، پێشوەخت دەبێ مرۆڤی کوردی بناسین. بزانین ئەو مرۆڤە کێیە؟ تایبەتمەندییەکانی کامانەن؟ خاڵە بەهێز و لاوازەکانی، لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی، خاڵە هاوبەش و هاودژەکانی، جیاوازی و لەیەکچوونەکانی لەگەڵ مرۆڤی ئەو وڵاتانەی داگیریان کردووە، لەگەڵ مرۆڤی ئەو وڵاتانەی سەرکەوتوون. مرۆڤی کوردی چۆن بیردەکاتەوە، چۆن دنیا دەبینێت، چۆن دەڕوانێتە ژیان و جیهان و مرۆڤایەتی؟ چ وێنایەکی هەیە بۆ ئەدەب، بۆ هونەر، بۆ ڕامیاری، بۆ ڕەگەزەکان، بۆ زانست؟ دەبێ پێشوەختە مرۆڤەکە بناسین بۆ ئەوەی لە کردار و گوتارەکانی تێبگەین. تا ئەگەر ویستمان بتوانین بیگۆڕین یا ئاراستەی بکەین یان بیپارێزین.
کاتی ئەوەیە لێکۆڵینەوەی مرۆڤناسی بۆ ئەم مرۆڤە بکرێت کە ناوی کوردە. کاتیشیەتی لێکدانەوەی دەروونناسی بۆ ئەو بوونەوەرە بکرێت کە پێی دەڵێن ''سیاسی کورد''. نەتەنیا ڕامیاریناسی بەڵکو هیچ بوارێکی زانست، چ زانستە مرۆییەکان بێت یا زانستە سرووشتییەکان، بەبێ بوارەکانی تر ناتوانێت وێنایەکی ڕوونمان بداتێ لەسەر بابەتی کارکردنەکەی. چونکە هەموو بوار و ڕشتەکان پەیوەست و پایبەندی یەکن. بۆ نموونە : بواری پزیشکی ناتوانێت پێشکەوێت ئەگەر بواری دەرمانسازیت نەبێت، دەرمانسازیش پەیوەندی بە کیمیاناسی و ڕووەکناسییەوە هەیە. ڕووەکناسیش پەیوەندی بە کشتوکاڵەوە هەیە. کشتوکاڵ پێشناکەوێت ئەگەر ئامێرت نەبێت، ئامێرەکان پەیوەندییان بە پیشەسازییەوە هەیە. پیشەسازی پەیوەندی بە کانزاناسییەوە هەیە، هەموو ئەم زانستانەیش پەیوەندییان بە زانکۆ و زانستگەکانەوە هەیە. زانکۆ و زانستگەکان دەچنە بواری خوێندنی باڵا، خوێندنی باڵا واتە زانستی پەروەردە و تاد. بەم شێوەیە بوارەکان یەکتر تەواو دەکەن. وەک لەشێکی یەکپارچە وان، ئەو لەشە پێکەوە دەچێتە پێش یا ناچێت. دەکرێت دەست درێژ بکەیت، بەڵام تا سنوورێک. دەبێ هەموو لەشت بچێتە پێشەوە بۆ ئەوەی دەستت لەوە زیاتر ببەیتە پێش. شارستانێتی وەک ئەو لەشەیە، وڵات ئەو لەشەیە کە هەموو ئەندام و کۆئەندامەکانی (واتە بوار و ڕشتە و جومگەکانی) بەیەکەوە بەستراون.
مرۆڤی ئێمە دووربین و گشتبین نییە. هەر لەبەر ئەوەشە تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە دەوڵەت درووست بکات. دووربین و گشتبینی پێویستیان بە ناسینی مێژووە، پیویستیان بە ناسینی بوارە جیاجیاکانە، پێویستیان بە ناسین و تێگەیشتنە لە جیهان و ئەوەی تێیدا دەگوزەرێت. پێویستە و دۆخێکی فریاگوزاری خێرایە کە لە کوردستان ''ئەکادیمیای زانستە سیاسیەکان'' دابمەزرێت. چەند زانستگەیەکی خوێندنی بواری کارگێڕی و ئابووری دابمەزرێن. ئەوانەی سیاسەت دەکەن دەبێ دەرچووی ئەو خوێندنگایانە بن. هیچ نەبێت زۆرینەیان، نەک وەک ئێستا کەس نازانێت کێ لە چ بوارێکدا شارەزایە. پێویستیشە مۆڵەتی درووستکردنی حزب بە هەموو کەس نەدرێت. کەسێک لە هەموو ژیانیدا ڕۆژێک کاری ڕێکخراوەیی و هیچ کارێکی لەناو سیاسەت و حزبایەتی و کۆمەڵگەی مەدەنیدا نەکردووە، نابێت بهێڵیت حزب و بزووتنەوە درووستبکات. چونکە ئەوە ئاستی سیاسەت لە وڵاتدا دەهێنێتە خوارەوە. وادەکات ئاستی کۆمەڵگە و دەسەڵاتیش تا ئەوپەڕی نزم ببێتەوە، وەک ئێستا لە عێراق و کوردستان دەیبینین. واتە یان ئەزموون و سیڤی، یا زانست و بڕوانامەی دانپێدانراو لەلایەن کەسانی شارەزا. با سیاسەت لەمە زیاتر نەبێتە منداڵبازاڕ. سیاسەت واتە بەڕێوەبردنی ژیانی خەڵک، واتە گرتنە دەستی وڵات، وڵات نادرێتە دەست منداڵی میدیاکار. وڵات نادرێتە دەست هەرزەکاری نەخوێندەوار و نەزان کە لە ژیانیدا بەرپرسیارێتی هەڵنەگرتووە، بچووکترین بەرپرسیارێتی نەبووە، خۆیشی پێ بەڕێوە نەبراوە چجای ئەوەی پارتێکی سیاسی بەڕێوە ببات.
هەموو ئەو ڕەخنانەی گۆڕان و شاسوار و کۆمەڵ لە پارتی و یەکێتییان دەگرت، خۆیان دووبارەیان کردنەوە. بەشێوەیەکی منداڵانەیش. پارتی لە چلەکاندا درووستبووە، ئەوکات دەبوو بنەماڵەیەکی بەهێزبیت ئەگینا حزبەکەت دوو ڕۆژ بڕی نەدەکرد، وەک ئەو دەیان حزبە کوردییەی لە سەرەتای سەدەی بیستدا درووستبوون و دوای ماوەیەکی کەم لەناوچوون. ئێمە هێشتا لەو قۆناغەداین، چونکە دەوڵەتمان درووست نەکردووە، چونکە نەتەوەسازی و نیشتیمانسازیمان نەکردووە، تەنانەت بیریشیان لێناکەینەوە. بەڵام کە تۆ هەموو دیسکۆرست لەسەر بنەمای دژایەتی بنەماڵە و گەندەڵی و تاکڕەوی بنیاد دەنێیت، کە تۆ بە هەموو شێوەیەک حکومەت و پەڕلەمانی کوردی بە ناشەرعی ناودەبەیت، هەڵبژاردنەکان بە گاڵتەجاڕی و ساختەکاری دەزانیت، تەنانەت دەشڵێیت سیاسی کورد بۆچی دەچنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر کەچی خۆت بۆ هەڵامەتێک دەچیت بۆ لەندەن... ئەمانە هەرزەیی پارتەکانی دەڤەری سلێمانی دەردەخات. ئاستی مرۆڤ لەو دەڤەرە چووەتە قووڵاییەکەوە هەر هەرزەیەک کەمێک پارەی هەبێت دەتوانێت ڕۆشنبیرە گەورەکانیشیان بخاتە دوای خۆی.
تۆ بڵێیت ئەمانە وابزانن خەڵک وێرانەکەی عێراق نابینێت؟ خەڵک نەبوونی هیچ مرۆڤایەتیەک و هیچ مافێکی مرۆڤ و هیچ ژیانێکی شایستەی ئاژەڵیش لە بەغدا و بەسرە نەبینێت؟ کەچی هەموو داهێنانی گۆڕان و نەوەی نوێ و یەکێتی و کۆمەڵ ئەوەیە بڵێن کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە وێرانەیە و دەبێ بەپێی یاساکانی عێراق بڕوات و پەیڕەوی سیستمی دەسەڵاتی عێراق بێت.
بەمەرجێک سیاسیە عێراقیەکان شەو و ڕۆژ باسی نموونەی کوردستان دەکەن، خەڵکی بەسرە دەڵێن دەمانەوێ شارەکەمان وەک هەولێر بێت. ئەم حزبانەی سلێمانی خەڵک ئەوەندە بە گەمژە دەزانن، وا لێکیدەدەنەوە کە خەڵک بەسرا و باشووری عێراق نابینێت. خەڵک گەندەڵی و ڕۆژنامەوان کوشتن و کەنیسە ڕووخاندن و کوشتنی هیمۆکان و ئاوارەبوونی هەزاران عەرەب و مەسیحی بۆ کوردستان نابینێت. ئەمانە نە لە کوردستان دەژین و نە عێراق دەبینن. دەشیانەوێت دەسەڵاتی هەولێر بگرنە دەست. چونکە لە کوردستان بەرامبەر پارتی لاوازن، ئەگەر عێراق بێت ئەوان هاوپەیمانیان لەگەڵ عەرەب و شیعە شۆڤێنی و دژەکورد و ئێرانچییەکاندا هەیە، ئەوسا هێزیان لە یەکێتی و پارتی زیاتر دەبێت. بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە جەماوەر و هاووڵاتی کورد. لای ئەوان هاووڵاتی کورد بوونی نییە، تەنیا پارتی هەیە وەک دوژمن و حزبەکانی عێراق وەک ئاغایان و ئێران وەک پشت و پەنایان.
کاتیەتی جەماوەری سلێمانی و زۆنی ژێر هەژموونی ئێران و بەتایبەت کەرکوک چاو بکەنەوە و نەهێڵن چیدی ببنە داردەستی چەتە و تاوانکاران. ژیانیان نەدەنە دەست لگاوچی و شەقاوە و ئیغتیالاتچییەکان. ئەو هەرزە و خیانەتکار و مافیایانە بوەستێنن، ئەگینا چارەنووسی شار و ناوچەکانیان لەوانەی باشووری عێراق و ئێران و سووریا باشتر نابێت.