مەترسی قەیرانی کار لە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆربووە
نۆ هەفتە بەسەر دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران تێدەپەڕێت، رێکخەری رێکخراوی کارى نێودەوڵەتی ILO لە عێراق دەڵێت کرێکاران بەهۆی دواکەوتنی مووچە و دابەزینی دەسەڵاتی کڕینەوە رووبەڕووی شۆکی گەورە بوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران لەسەر کارەکانیان رووینەداوە، بەڵام مەترسییەکان لە زیادبووندان.
بەپێی بەدواداچوونمان بۆ بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان، هەندێک لە کۆمپانیاکان و شوێنی کار کرێکار و کارمەندەکانیان کەمکردوونەتەوە ، هەندێکیان رۆژەکانی کاریان کەم کردوونەتەوە لەپێناو کەمکردنەوەی مووچەکانیان.
بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بە رێژەی 81% دابەزیوە لەوکاتەوەی تەنگەی هورمز لە 28ـی شوبات دا داخراوە، لە مانگی ئاداردا حکومەتی عێراق تەنیا توانیویەتی 27%ـی تێچووی مانگانەی مووچە و خانەنشینی دابین بکات. بۆ زیاتر لە 10 ملیۆن عێراقی کە پشت بە مووچەی حکومەت یان خانەنشینی دەبەستن، ئەو کورتهێنانە تەنیا ژمارە نییە، بەڵکو کێشەیەکی راستەقینەیە.
ئیگۆر بۆسک، جێگری رێکخەری رێکخراوی کارى نێودەوڵەتی ILO لە عێراق، رۆژی سێشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا، باسی لە قەیرانێک کرد کە لە سێ رێگەی سەرەکییەوە کاریگەری لەسەر کرێکاران هەیە. ئیگۆر دەڵێت "قەیرانەکە لە رێگەی گوشاری دارایی، هەڵاوسان و نادڵنیاییەوە دەگاتە کرێکاران."
رێکخراوی ILO مەزندە دەکات کە لە مانگی ئاداردا نزیکەی 100,000 کرێکار لە سەرانسەری عێراق لە کارەکانیان دەرکرابن، کە زۆربەیان لە کەرتەکانی گەشتیاری، میوانداری، خزمەتگوزارییە نەوتییەکان و نانەواخانەکان کاریان دەکرد، بەڵام بۆسک دەڵێت کە دوورخستنەوی بەڵێشاوی کرێکاران هێشتا خەسڵەتی سەرەکیی ئەم قۆناخە نییە. لە تێبینییەکەی ILO دا هاتووە: "باشترین پێناسە بۆ قۆناخی ئێستا ، گوشاری دارایی و بەرزبوونەوەی تێچووەکانە". واتە دواکەوتنی مووچە، راگرتنی دەرماڵەکان، کەمکردنەوەی کاژێرەکانی کار و بەرزبوونەوەی نرخەکان کە داهاتی راستەقینەی خەڵکیان لەنێوبردووە.
هەرێمی کوردستان: رێڕۆ و خاڵی گوشار
هەرێمی کوردستان لەم قەیرانەدا پێگەیەکی دووسەرەی هەیە. دەروازەی بازرگانی ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ تورکیا بەشێوەیەکی کاتی رێگەی پێدراوە بۆ هاوردەکردنی خۆراک و دەرمان، هەروەها نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان لە رێگەی بۆڕیی نەوتیی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردووەتەوە و رۆژانە نزیکەی 250,000 بەرمیل بەپێی رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر هەناردە دەکرێت . لە ئەنجامدا، چالاکییە لۆجیستییەکان و کۆگاکان لەسەر رێڕۆی بازرگانی دهۆک زیادیان کردووە. بۆسک ئاماژەی بە کارکردنەوەی خێرای کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرد، دوای پچڕانێکی کورت لە مانگی ئاداردا کە بووە هۆی بڕانی بەرفراوانی کارەبا وەک نیشانەیەکی دیکەی توانای دامەزراوەیی .
لە هەمانکاتدا، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی زۆرترین هێرشی درۆنی و مووشەکی راستەوخۆ بووەوە لەکاتی جەنگ دا؛ بەپێی ئامارە کۆکراوەکان لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە، لە نێوان 28ـی شوبات و 24ـی نیسان دا، 22 کەس گیانیان لەدەستدا و 101 کەسیش بریندار بوون لە هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا. وەرزی بەهار و جەژنی نەورۆز و رەمەزان، کە یەکێکە لە گرنگترین قۆناخەکان بۆ داهاتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان، هیچ سوودێکی ئابووری نەبووە.
ئیگۆر بۆسک دەڵێت، "لە کوردستان، نرخی ئەو سەوزەو میوانەی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن بە دیاریکراوی دوو هێندە بەرزبوونەتەوە و نرخی سووتەمەنی لە چەندین شاردا زیاتر لە 20% بەرزبووەتەوە. بەهای دیناری عێراقی لە بازاڕی ئازاددا دابەزیوە بۆ زیاترلە 1,500 دینار لە بەرامبەر هەر دۆلارێکدا."
ئەوەی ئەم گوشارانەی قورستر کردووە، دۆخی پێشووی مووچەی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستانە. نزیکەی 1.25 ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشین لە هەرێمی کوردستان پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێرانیش لە ژێر کاریگەریی دواکەوتنی بەردەوامی مووچەدا بوون، ئێستاش ئەم شۆکە داراییە نوێیە کەوتووەتە سەر ئەوان.
ئەو کەرتانەی لە ژێر گوشاردان
کەرتی بیناسازی یەکێکە لەو کەرتانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە لە هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 11%ـی هێزی کاری کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت و زۆربەیان کرێکاری رۆژانەی بێبەشن لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی. وەبەرهێنانی گشتی راوەستاوەو، کاتێک کار دەوەستێت هیچ تۆڕێکی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئەم کرێکارانە دابین ناکات. بازرگانی کۆ و تاک، گەشتیاری و میوانداری و، پیشەسازییە بچووکەکان کە پشت بە کەرەستەی هاوردەکراو دەبەستن و نزیکەی 12%ـی هەلی کاری کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن هەموویان لە ژێر گوشارێکی زۆردان.
ئیگۆر بۆسک کەرتی کشتوکاڵ و نەوت و گازی خستە خانەیەکی تێکەڵاوەوە. کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کورستان هەندێک دەرفەتی هەیە بۆ جێگرتنەوەی بەرهەمی هاوردە بەوپێیەی کاڵا ئێرانییەکان گرانتربوون، بەڵام بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی و پەیین ئەو سوودەی کەم کردووەتەوە. کەرتی نەوت و گاز بەهۆی سرووشتەکەیەوە دەرکردنی راستەوخۆی هێزی کاری کەمی تێدایە، بەڵام کۆمپانیا خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان رووبەڕووی دواکەوتنی گرێبەست و هەقدەستەکانیان بوونەتەوە.
ئیگۆر بۆسک دەڵێت "ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە و زیاتر لە 12 بۆ 18 مانگ بخایێنێت، پێشبینی دەکەن داخستنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان خێراتربێت، کارکردنی بێ دەستەبەری (informality) بەشێوەیەکی هەمیشەیی زیاد بکات و، کۆچی گەنجان روو لە هەڵکشان بکات".
بووژانەوە پەیوەستە بە سیاسەتەکانەوە
بۆسک زۆر راشکاوانە قسە دەکات سەبارەت بە مەرجەکانی بووژانەوە و تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە. ئەو دەڵێت، گەشتیاری و فرۆشی تاکەکسی دەتوانن بە خێرایی ببووژێنەوە کاتێک ئاگربەستێکی سەقامگیر دروستببێت، ئەمەش بەپشتبەستن بە ئەزموونە مێژووییەکانی دوای شۆکە ناوچەییەکانی پێشوو. دواتر کەرتی بیناسازی دێت کاتێک پڕۆژە وەبەرهێنانە گشتییەکان دەستپێدەکەنەوە. بەپێی ناوبراو، بووژانەوەی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان لەنێوان 6 بۆ 18 مانگ کاتی دەوێت، بەڵام پێویستی بە پاڵپشتی دارایی چالاکە لەبەرئەوەی ئەو بازرگانیانە سەرمایەی کارکردنیان نەماوەو، ناتوانن بەبێ هاوکاری دەستپێبکەنەوە.
جێگری رێکخەری ILO لە عێراق دەڵێت "بووژانەوە بە واتای گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ نییە. عێراق ناتوانێت بەردەوامبێ لەوەی 90% پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت و، هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت بەردەوامبێ لەوەی بە تەواوی پشت بە کەرتی گشتی ببەستێت."
رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، پێشنیازی وەڵامدانەوەیەکی سیاسی زنجیرەیی دەکات: پاراستنی مووچە و دابینکردنی نەختینە بۆ پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان بەشێوەیەکی دەستبەجێ؛ قۆناخی جێگیرکردن لە رێگەی پرۆگرامەکانی کارکردنی گشتی و راهێنانەوەو؛ چاکسازیی بنەڕەتی بۆ فراوانکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی کەرتی نافەرمی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.
لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ILO، ئامارەکانی جێگەی دڵخۆشین و تۆمارکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی 2021 بۆ 2025 نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە، واتە لە 101,000ـەوە بۆ زیاتر لە 303,000 کرێکار، ئەمەش یەکێکە لە خێراترین رێژەکانی فراوانبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا. ئالینگارییەکە لێرەدا ئەوەیە کە کرێکارانی بیناسازی، کشتوکاڵ و پیشەسازی ، کە ئێستا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، هێشتا بە تەواوی لە دەرەوەی ئەو سیستمە ماونەتەوە.