گۆڕان نەگۆڕاوە قۆناغەكە گۆڕاوە
هاوزەمانی گۆڕانی دۆخەكە و بەشداریی بزووتنەوەی گۆڕان لە دەسەڵات، وەك هەر لایەنێكی سیاسی كە ئامانجی گرتنەدەستی دەسەڵات و جێبەجێكردنی بەرنامەكەیەتی، هەڵمەتێكی توند و بێویژدانانە دەكرێتە سەر بزووتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازان گوایە گۆڕان لە پرەنسیپ و دروشمەكانی لایداوە و بێدەنگە بەرامبەر ئەو هەموو قەیران و كەموكورتییانەی لەبەڕێوەبردنی حكومەتدا بەدیدەكرێت. پێیانوایە ئەمە پێچەوانەی سەرەتاكانی گۆڕانە كە لەسەری بنیاد نراوە، لەكاتێكدا گۆڕان راستگۆیانە لەسەر بەڵێنی خۆی لەگەڵ دەنگدەرانی بە گوێرەی قورسایی و سەنگی خۆی بەشداری دەسەڵاتی كردووە بە پەیڕەوكردنی ئەو بەرنامەیەی كە خەڵك دەنگی پێداوە.
نەوشیروان مستەفا، ئەو سەركردە و رێكخەرەیە كە لە سەرەتای پێشەواییكردنی گۆڕاندا بەڵێنی بە خەڵكی كوردستان دابوو شێوازێكی نوێ لە كاری حیزبایەتی و سیاسی دروست دەكات، دەرفەت بۆ نەوەی نوێ دەڕەخسێنێ بۆئەوەی بەشداری كاری سیاسی و حوكمڕانی بكەن و چاكسازی لە شێوازی حوكمڕانیدا بكەن.
ئەو كاتەی گۆڕان بەشداری لە حكومەتێكی نیشتمانیدا دەكات، پرۆژە چاكسازیەكەی خۆی بەم شێوەیە دەباتە پێشەوە:
لەسەر ئاستی پەرلەمان:
- هەوڵدان بۆ كاراكردنی دامەزراوەیەكی سەرەكی سیستەمی سیاسی كە پەرلەمانە، چالاكبوونی ئەم دامەزراوەیەش لە سەرەتای دروستبوونی گۆڕانەوە و دواتریش لە وەرگرتنی سەرۆكایەتی ئەم دامەزراوەیەوە راستییەكی بەرچاو و حاشاهەڵنەگرە.
- ئامادەكردن و هەوڵدان بۆ پەسەندكردنی پرۆژە یاسایەك، لە پێناوی دادپەروەری و بەرزكردنەوەی داهاتی تاك و رێكخستنی سیستەمی مووچە و یەكخستنی سیستەمی خانەنشینی بەشێوازێك كە دەرفەت بداتە هەموو هاووڵاتیەكی هەرێمی كوردستان پشكی هەبێت لە داهات و زەمانەتی كۆمەڵایەتی هەموو تاكێك بكات، بەتایبەت كاتێك لە كاری سەربەست و كەرتی تایبەتدا بژێویی ژیان دابین دەكات.
- سەبارەت بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و چاكسازی لە سیستەم و یاساكانی داواكاری گشتی و یاسای پارێزەران و دەسەڵاتی دادوەری چەندین پرۆژە یاسا لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی لەماوەی ئەم خولەی پەرلەماندا هەنگاوی كردەنی بۆ پەسەندكردنی بنرێت.
- بۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و وەرگرتنی بڕیاری هاوبەش، گۆڕان گوتارێكی نیشتیمانی و ستراتیجیكی سەربەخۆ و نەتەوەیی هەیە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە لە خاكی كوردستاندا بچەقێت و بەرگری بكات، سیاسەتێكی نیشتمانی و ئاسۆیەكی روون بۆ نەتەوەكەمان دیاری بكات.
- بە عەمەلی كاركردن بۆ گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە رێگەی دەركردنی یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و بڕیاری نەكشانەوەی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە. سیاسەتێكی نیشتمانی دوور لە بەرژەوەندی حیزبی لە دانوستاندندا لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ ناوەند.
- بۆ بەرگری لە ئازادی و مافی هاووڵاتیان یاسای خۆپیشاندان هەمواركرایەوە.
- لە پێناوی دژایەتیكردنی گەندەڵی و رێگەگرتن لە بە هەدەردانی سامانی گشتی هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ كاراكردنی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهە.
لەسەر ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردن:
1. رێكخستی هێزی پێشمەرگەو بە نیشتمانیكردنی دامەزراوەكەیان، بۆ ئەمەش پرۆژەیەكی نیشتیمانی لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە پیشكەش كراوە و رەزامەندی لەسەردراوە.
2. لەسەر داهات و سامانی گشتی بەتایبەتی نەوت سەرەڕای قەیران و بڕینی بودجەی 17%، داهاتی ناوخۆ بەتایبەتی نەوت بووەتە سەرچاوەی ئەو بژێویە كەمەی كە لەكوردستاندا هەیە، بە تێپەڕبوونی قەیرانەكەش خەڵكی كوردستان شاهیدی ئەوە دەبن كە چۆن سامانی گشتی خراوەتە خزمەتی گشتی بە شێوەیەكی شەفافانە.
3. حكومەتی كوردستان بە حەقیقەت ببێتە حكومەتی هاووڵاتی، هەیمەنەی حیزبی وەك ئاستەنگێكی گەورە نەهێڵێت و دامەزراوەكان بە بەرنامەیەكی تۆكمە كاری خۆیان بكەن، نوێنەرەكانیان لەنێو دامەزراوەكاندا وێنە و بەرنامەی حیزبەكانیان بە جوانی پێشان بدەن نەك حیزب دەست بخاتە ناو دامەزراوەكان و لەجیاتی دامەزراوە كاربكات.
4. سەرەڕِای بوونی پلانی كورتخایەن و درێژخایەن بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی، هەمواركردنی یاسای دەستەی وەبەرهێنان بە شێوەیەك كە لە خزمەت بووژانەوەی ئابووری و رزگاركردنی لە قۆرخكاری بێت لە هەرێمی كوردستان.
5. قووڵكردنەوەی رۆحی لێبووردەیی و رێزگرتن لە ئاین و ئاینزاكانی كوردستان و پێكەوە ژیان بەهۆی وەزارەتی ئەوقافەوە دەچەسپێنرێت.
لە كاری سیاسی و بەڕێوەبردندا نەوشیروان مستەفا وەك رێكخەری گۆڕان و سەركردەیەكی سیاسی دیاری ناوچەكە بە پشوودرێژی و ئەندێشمەندیی خۆیەوە بە جیاوازییەكی زۆر لەگەڵ هاوتاكانی لە حیزبەكانی كوردستان و ناوچەكەدا، توانیویەتی بە خاكێتی و ئایندەبینیەكی روون لە كاری سیاسی و بەڕێوەبردندا مۆدێلێكی نوێ دابهێنێ، ئەوەش روونە كە جگە لە خوا كەس بێ كەموكورتی نییە. لە كۆتاییدا دەبێت پەرۆشی و بەردەوامی لەسەر ئامانجی گۆڕان و گۆڕانكاری تێكەڵ بە خواستە كەسییەكان و پۆست نەكرێت و مێژووش پێمان دەڵێت هەموو ئەو رەوتانەی دوورن لە پرسە بنەڕەتییەكانی میللەتەكەیان، جگە لە بەفیڕۆدانی خەبات و ماندووبوونی خۆیان و زیانگەیاندن بە رەوتی گۆڕان و گۆڕانكاری، هیچ مەڵۆیەك ناخەنە سەر خەرمانەی رەوتی چاكسازی.
بۆیە ئەگەر لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆنبووندا هەموومان رازی بووین و لە سزا و پاداشت یەكسان بووین، لە قۆناغی لەدەسەڵاتبووندا ئەم دەرفەتە بۆ هەموو لایەكان وەك یەك ناڕەخسێ و نەبوونی دەرفەتیش نەكەینە پاساوی ناڕەزایی و پەرتكردنی تواناكان، هەركەسەمان لەپێگەی خۆیدا پەیمان و بەڵێنەكەی خۆمان ببەینەسەر چونكە نە گۆڕان گۆڕاوە، نە نەوشیروان مستەفا لایداوە، بەڵكو قۆناغەكە گۆڕاوە.
*پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان.