تكایە هەڵەی كوشندە مەكەنەوە
وا هەڵبژاردنی 10-10-2021 بۆ پەرلەمانی عێراق تەواو بوو، هەر لایەنێك و كوتلەیەك چەند كورسییەكیان بۆ خۆیان مسۆگەرکرد.
لە سەرووی هەموو تێبینییەك كە لەسەر بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە هەبوو، هەرچەندە وادەزانم ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەراورد بكرێت بە هەڵبژاردنەكانی دیکە بە تایبەتی ساڵی 2018 هەر هیچ نەبێت لە هەرێمی كوردستان پاكترینیان بوو، ئێستا كورد خاوەنی 63 كورسییە و چەند كورسییەكی زیادیكردووە، لێرەدا پێویستە چەند راستییەك وەبیری هەموولا بهێنینەوە :
1- ئەم حكومەتە لە ژێر سێبەری دەستووری عێراقدا پێكدێت و ئەم وڵاتەش دەبیێت لەلایەن سێ لایەنی سەرەكی ( كورد و شیعە و سوننە) و هەندێ لە كۆتاکان بچێت بەڕێوە.
2- لەڕوی تیۆرییەوە دەكرێت یەكێك لەم سێ لایەنە یان دووانیان حكومەت پێكبهێنن و ئەوی دیکە ئۆپۆزیسیۆن بێت، بەڵام لەڕووی واقعییەوە هەرگیز ئەمە روونادات و نابێتە كردار، بەهۆی ئەم نەسیجە كۆمەڵایەتییەی كە هەیە و بەهۆی ئەو باکگراوندەی كە ئەم لایەنانە هەیانبووە یان لە 100 ساڵی رابردوو پێیدا تێپەڕیون، بە تایبەتی كورد و پاشان شیعە و ئێستاش سوننە كە پێیوایە دەسەڵاتی لەدەست دەرچووە، جا ئەمەی كە نووسیومانە شتێكی غەریب و عەجیب نییە ئێمە كەشفمان كردبێت، بەڵكو واقیعی رۆژانەیە و لەگەڵیدا دەژین .
3- ئەوەی كە زۆر گرنگە ئەجیندای هەر یەك لەم لایەنانەیە كاتێ بەرەو حكومەت هەنگاو دەنێن، لێرەدا زۆر مەبەستمان نییە ئەم نووسینە تەرخان بكەین بۆ ئەجیندای سوننە و شیعە، ئەوان خاوەن بیرمەند و كارەكتەری خۆیانن، بەڵام لەڕاستیدا هەموو كوردێك بۆی هەیە وەك چۆن ماف و ئەركی بوو بۆ دەنگدان، ئاواش بنوسێ و لەسەر شێوازی ئەجیندای كورد كاتێ بەرەو بەغدا دەچن قسە بکات.
4- زۆر پێویستە وانە لە 15 ساڵی رابردوو وەربگیرێت و هەڵەكان دوبارە و چەندبارە نەكرێنەوە، واز لە درووشمی سواوی (یەكڕیزی بهێنن) و بەرەو نووسینەوەی پرۆژەیەك هەنگاو بنێن كە هەموو لایەنێكی كوردی خۆی تێدا ببینێتەوە و بە ئەركی سەرشانی خۆی بزانێ كە كاری بۆ بكات و پێش هاتنیان بۆ بەغداد هەموو لەسەری رێكبكەون، خۆ ئەگەر لە پەرلەمانی كوردستانیش دەنگی لەسەر بدرێت بەهێزتر دەبێت، دەبێت داواكاریی كورد رۆشن بێت و هەموو تاكێكی كورد بزانێ ئەندام پەرلەمان كە دەچێت بۆ بەغدا ئەركێكی هەیە و لە روانگەی ئەو ئەركەوە هەم خۆی هەم حیزبەكەی دوای چوارساڵ یان پاداشت دەكرێت یان سزا دەدرێت و ئیتر رزگارمان دەبێت لە موزایەدات لە كەناڵەكانی راگەیاندن.
5- پلەبەندیی داواكارییەكان بكرێت، هەیە زۆر ستراتیجییە وەك (جێگیركردنی بەشە بودجە و رزگاركردنی لەم مشتومڕەی ساڵانەی نێو پەرلەمان و دابینكردنی قوت و نانی ئەو خەڵكە، هەروەها یەكلاكردنەوەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان یان دابڕێنراوەكان یان دابڕاوەكان، هەر ناوێکی هەیە پێویستە یەكلایی بكرێتەوە، هەروەها مەسەلەی نەوت و چارەسەری یاسای نەوت و غاز)، ئەم سێ بوارە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسەت و كەڵچەری ئەم هەرێمە هەیە، دوای ئەمانە داواكارییەكانی دیکە شتی ڕۆژانەیە و دەكرێت پاش پێش بكەوێت.
6- كاركردن لەسەر هێوركردنەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و رزگاركردنی خەڵكی لەم دڵەڕاوكێیەی كە بە بەردەوامیی تێیدا دەژی.
7- دانوستاندن ( واتە چی دەدەی ، چی وەردەگریت ؟) لە بەرامبەر داوای ستراتیجیی دەبێت داوای ستراتیجیی هەبێت و هەر داوایەك بە قورسی و قەبارەی خۆی، نەك بەرامبەر ئەوەی وەزارەتێك دەستبكەوێت چاو لە داوایەكی ستراتیجیی بنوقێنی.
8- بۆ ئەوەی وەك دەڵێن یەكڕیزی هەبێت پێویستە لەو پرۆژەی كە دەنووسرێت بەشێكیشی باس لەو پلە و پۆستانە بكات كە لە حكومەت وەردەگیرێت و چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكرێت . نەك ( ئەوەی تۆ بۆ خۆم و بەشەكەی خۆیشم دەخۆم) بەكار بهێنرێت .
9- ئەگەر بڕیار وابێت پۆستی سەرۆككۆمار بۆ كورد بێت، بۆ خزمەت بەو پرۆژەی باسمانكرد، راستتر وایە و باشتر وایە كورد یەك پاڵیوراوی هەبێت نەك هەر لە سەرەتا و هەنگاوی یەكەمەوە وادەر بكەوێت كە كورد هەر یەكەیان و لایەنێكیان لە دۆڵێكی جیاوازن.
10- ئەگەر شان بە شانی ئەم رێكکەوتنە كە پێویستە لایەنە كوردییەكان بیكەن، پێش ئەوەی بێن بۆ بەغدا دەست بە چاكسازی لە حكومەتی هەرێمی کوردستان نەکرێت، بەهیچ شێوەیەك ئەم پرۆژەیە باری ناچێتە هەوار و هەمان دەردی سەری خولەكانی پێشوو دووبارە دەبێتەوە و هەمیشە پەیوەندییەكی نا سرووشتی لەنێوان ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی و یەكێتی لەلایەك و ئەوانی دیکە ( نەوەی نوێ و یەكگرتوو و كۆمەڵ ) دەبینرێت .
11- ئەمەی من نووسیومە واقیعە و بەرپرسیاری یەكەم لێرەدا پارتی و یەكێتین و هەرچی دۆڕانێك یان لە دەستچوونێكی پلەی ئیداری لە بەغدا رووی دابێت ئەم دوو لایەنە لە ورد و دروشتی بەرپرسیاربوون و لە ئێستا بە دواوە بە تایبەتی لە نێو سلكی وەزارەتی ناخۆ و بەرگریكردنیشدا بەرپرسیار دەبن.ئومێد دەكەم هەڵەی رابردوو چەندبارە نەكرێتەوە.