دەعوە و سیاسەت و کۆنگرەی یەکگرتوو

 
سەرەتای دەستپێکردنی کاری ئیسلامییەکان لە کوردستان کارکردن بوو بە ئاراستەی پەروەردەکردنی تاک و خێزان و کۆمەڵ، لەسەر بنەمای تیۆرییەکەی حەسەن بەننا کە بۆدروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی پێویستە سەرەتا تاک پەروەردە بکرێت، پاشان خێزان و کۆمەڵ. شێوازی کارکردنی ئیسلامییەکان بەم جۆرە لە سەرەتای هەشتاکانەوە بە گەرموگوڕی بەردەوام بوو تا کۆتایی نەوەدەکان. لە کۆتایی نەوەدەکانەوە تائێستا بەتەواوی شێوازی کارکردنی ئیسلامییەکان گۆڕاوە لە پەروەردەکردنەوە بۆ سیاسەت. 
 
لە کارکردن بۆ پەروەردەوە بۆ کارکردن بۆ بەرزبوونەوە بە پەیژەکانی دەسەڵاتدا، لە ئوسرەکانی مزگەوتەوە بۆ کوتلەکانی ناو حیزب، لە تێکۆشان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی دەوروبەرەوە بۆ بەکارهێنانی دەوروبەر بۆ دەسکەوتی سیاسی، ونبوونی ئاڕاستەی کارکردنی ئیسلامییەکان خەسڵەتی سەرەکی ئەم قۆناغەی ئێستایانە، کاردەکەن بۆ تێکەڵکردنی دەعوە و سیاسەت و پەروەردە  لە مەنجەڵێکدا و هەوڵدان بۆ کوڵاندنێکی بێ ئاکامی هەموویان پێکەوە کە ئەگەر بەم ئاڕاستەیە بڕوات، نە داهاتوویەکیان لە سیاسەتدا دەبێت و نە ئەو هێزەشیان دەبێت لەڕووی دینییەوە خەڵک بۆخۆیان رابکێشن و لە دواتردا بیانکەنەوە بە دەنگدەری خۆیان بۆ پۆستە پەرلەمانی و حکومی و سیاسییەکان، کە سەرەڕای چەندین هەوڵی ناوخۆیی لە ئاستی باڵا لەناو حیزبە ئیسلامییەکان بۆ پۆلێنکردن و جیاکردنەوەی ئەم کێڵگانەی کارکردن، بە جیاکردنەوەی ئاڕاستەی بانگخوازی و پەروەردەیی لە جوڵانەوە سیاسییەکە، بەڵام تائێستا هەوڵەکان بە ناکامی سەریان ناوەتەوە.
 
ئێستا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان سەرگەرمی کۆنگرەیە، بابەتی گەرمی کۆنگرە بەجیا لە حیزبەکانی تر کە بابەتی سەرکەوتنە بۆ هەڕەمی دەسەڵات، بەپێچەوانەوە لە کۆنگرەی ئەمجارەی یەکگرتوودا بابەتی گەرم سەرئەنجامی بابەتی دەعوە و سیاسەتە لەم حیزبەدا.
 
تا ئێستا دوو تێگەیشتنی سەرەکی بۆ ئەم بابەتە هەیە: ئاڕاستەی یەکەم کە ئەمینداری ئێستا نوێنەرایەتی دەکات، بریتییە لە هەنگاو بە هەنگاو گێڕانەوەی یەکگرتوو بۆ کاری پەروەردە و بانگەواز و داماڵینی لە کاری سیاسی. بە تێڕوانینی ئەو ئاڕاستەیە، سیاسەت بووەتە هۆی شێواندنی ناوبانگی ئەو حیزبە و کەمکردنەوەی هەژموون و هەیمەنەی لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەدا.
 
ئاڕاستەی دووەم کە سەرکردەی دیاری ئێستای یەکگرتوو ئەبوبەکر کاروانی نوێنەرایەتی دەکات، بانگەشە بۆ جیاکردنەوەی تەواوی حیزب لە سیاسەت دەکات، کۆی بیرۆکەکە ئەوەیە کە دەزگا و ڕێکخراوێکی جیا بۆ بانگەواز دروست بکرێت و بە هیچ جۆرێک دەست لە کاروباری سیاسی وەرنەدات، ئەندامانی دەزگای بانگەواز بۆیان نەبێت لەناو کایە سیاسییەکەدا کاربکەن و دین بەکاربێنن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و وەرگرتنی پۆست و پلە و پایە.
 
بەدەر لەم دوو ئاڕاستەیە کە لە هەناوی حیزبدا کار بۆ پڕۆژەکانیان دەکەن، مەولوود باوە موراد ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی و سەرکردەی دیاری ئەو حیزبە لەم ڕۆژانەدا نوێترین کتێبی بەناوی (دەعوە و سیاسەت لە کاری حیزب و کۆمەڵە سیاسییە ئیسلامییەکاندا) بڵاوکردەوە کە بەتەواوی بە پێچەوانەی ئەو دوو ئاڕاستەیەی سەرەوە تەرحی چارەسەرکردنی گرفتی بانگەواز و سیاسەت دەکات لەناو حیزب و کۆمەڵە ئیسلامییەکاندا. ئەو جەوهەری بیرۆکەی چارەسەر دەگەڕێنێتەوە بۆ بنەمای (پسپۆڕێتی لە کاردا) لە هەردوو بازنەی سیاسەت و بانگەوازدا، کە ئەم بیرۆکەیان وەک تەرح ناچێتە کۆنگرە بەوهۆیەی مەولود باوەموراد دەستی لە کاری سیاسی کێشایەوە و پێش کۆنگرە رایگەیاند کە لە ئەسپی کاروانی یەکگرتوو دابەزیوە.
 
ئەوەی جێگای سەرنجە لە میکانیزمی چارەسەرکردنی ئەم گرفتە کە لەلایەن ئەمینداری ئێستاوە پێشنیاز کراوە، دیارنەبوونی ئایندەی سیاسی ئەم حیزبەیە ، ئایا بە گەڕانەوە بۆ کاری بانگەواز و پەروەردە کاری سیاسی ئەم حیزبە بەرەو کوێ دەڕوات؟ دروستکردنی باڵی سیاسی و باڵی بانگەواز لە هەناوی یەکگرتوودا وەک ئەوەی ئەمینداری ئێستا پێشنیازی دەکات، گەرمکردنەوەی شیوی پێرێ نییە لە مەنجەڵێکی تازەدا؟ 
 
دەکرێت پێشبینی ئەوە بکرێت کە ئامانجی دانانی ئەم چارەسەرە بۆ ڕازیکردنی ئەندامانی کۆنگرە و گرتنی جڵەوی کۆنگرە و سەرکەوتنە بەسەر رکابەرە ڕاستەقینەکەیدا و کۆتاییهێنان بە ژیانی سیاسی ئەو سەرکردانەی هەڵگری ئەم بیرۆکەیەن، نەک ئامانج لێی چارەسەری ڕاستەقینەی بابەتی دەعوە و سیاسەت بێت کە ساڵانێکە بووەتە جێگای باسوخواسی ناو ئەندامانی یەکگرتووی ئیسلامی.
 
لەمپەری هەرە سەرەکی لەبەردەم بەڕێز ئەبوبەکر کاروانیدا بۆ بوون بە کەسی یەکەمی ئەم حیزبە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی، کەسانی دەستڕۆیشتووی ناو ئەم حیزبەن کە لەلایەکەوە نایانەوێت کەسێکی هاوشانی خۆیان بازیان بەسەردا بدات و ببێتە کەسی یەکەم، لەلایەکی ترەوە پێیانوایە ئەو پڕۆژەیەی کە ئەبوبەکر کاروانی بانگەشەی بۆ دەکات، دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەیمەنەیان لەناو ئەم حیزبەدا و پێگە سیاسییەکەیان بەتەوای لاواز دەکات. جیاکردنەوەی بانگەواز و سیاسەت تەنیا خواستی چەند کەسێکە و نەبووەتە پێویستی و، لاساییکردنەوە و چاولێکەریی حیزب و کۆمەڵە ئیسلامییەکانی وڵاتانی دەوروبەرە.
 
کۆنگرەی حەوتەمی یەکگرتووی ئیسلامی جگە لەوەی کۆنگرەی یەکلاکردنەوەی پرسی بانگەواز و سیاسەتە لەناو ئەو حیزبەدا، لە هەمانکاتدا پرسی چارەنووسی سیاسی ئەو حیزبەیە، چونکە یەکگرتوو ئەوەندەی بۆ پەروەردە و بانگەواز دروست بووە ئەوەندە هێزی بەشداریی سیاسی  و دروستکردنی ڕای گشتی نەبووە، هەنگاوی بە تەدەروج جیاکردنەوەی دەعوە و سیاسەت هێندەی ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە ئاوتکردنی سەرکردە ناڕازی و بیر جیاوازەکانە، هێندە وەک چارەسەرێکی راستەقینە نابینرێت بۆ دۆخی ئێستای یەکگرتوو کە ئەگەر مۆدێلێکی سیاسی جیاواز پێشکەش نەکات لەوەی تا ئێستا هەبووە، ئەوا لە داهاتوودا دەشێت رووبەڕووی لێکترازان و جیابوونەوە ببێتەوە وەک چۆن لە ساڵانی پێشوودا چەندین سەرکردە و کادیری دیاری لەدەستدا و لە کۆتاییدا ئەویش دەبێتە حیزبی یەک ڕەوت و یەک سەرکردە.