سووپەرمانی عێراق

 
دوای پێنج مانگ لە رکابەری و بەدواداچوونی کۆبوونەوە و دانوستاندنەکان و تووند و شلکردنی نێوان نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە شەوێکی درێژدا، سوپرایزیان کردین بە بەربژێرکردنی عەلی زەیدی و رەزامەندی دەربڕین لەسەری بە کۆدەنگی و، دوای نیوەشەو هەموویان پێکەوە چوونە لای سەرۆککۆماری عێراق و ئەویش فەرمانی کۆماریی بۆ راسپاردنی بە پێکهێنانی حکومەت بۆ ئامادەکردبوو.
 
خەڵکی عێراق کە دوورن لە کۆبوونەوەکانی ژوورە داخراوەکان لە کۆشکە ئاوەدانەکانی بەغدا، ئێمەی ئەوانەی شارەزای وەرچەرخانە سیاسییەکان و جیهانی بانک و کۆمپانیا و دارایی نین، زۆر سەرسام بووین؛ بەپێچەوانەی سیاسییەکانەوە کە پیرۆزباییان لەم بەربژێرکردنە کرد. بۆ ئێمە وادەرکەوت کە بەڕێز زەیدی وەک "سوپەرمان" لە هەسارەی وەبەرهێنان و بانکەکانەوە بۆ سەر هەسارەی کۆشکی حکومەت دابەزیبێت، تاوەکو بە رەچەتەی ئەفسوناوی کۆتایی بە هەموو ناکۆکی و کێشەکان بێنێت و باوەڕیان  پێبێنێ کە ئەو تاکە کەسە رزگاریان دەکات و عێراق و عێراقییەکان لە تەنگژە ئابووری، ئەمنی و سیاسییەکان دەرباز دەکات و، ئەو پەیوەندییە دەرەکیانە چاک دەکاتەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی گرووپە چەکدارەکان تێکیاندابوو. زۆری پێنەچوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شاشەی کەناڵەکان پڕبوون لە ژیاننامەی پیشەیی و زانستی ئەم بەربژێرە کە خاوەنی 15 کۆمپانیایە و بەرپرسی دابینکردنی خۆراکی سوپای عێراق و گەورەترین دابینکەری خۆراکەکانی بەشە خۆراکی خەلکی عێراقە، هەروەها خاوەنی سێ بڕوانامەی ئەکادیمییە لە بوارە یاسایی و ئابوورییەکاندا؛ ئەمەش شتێکە وەک هاووڵاتییەکی عێراقی دڵخۆشم دەکات کە ساڵانێکی زۆرە بەدەست پشکپشکێنەی تایفی و دوورخستنەوەی توانا نیشتمانییەکانەوە دەناڵێنم لە بەرامبەر داگیرکردنی پۆستەکانی حکومەت و پۆستە گرنگەکان لەلایەن خزم و کەسوکاری سەرکردە و دەسەڵاتدارەکانەوە.
 
کەواتە "سووپەرمانی عێراق" بەپێی یەکەم لێدوانی دوای راسپاردنی لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە، وڵات و خەڵک رزگار دەکات. بەڵام من بەوپەڕی پیشەییبوونەوە و دوور لە بەراوردکاری دەپرسم: ئایا زەیدی دەتوانێت هەمان ئەو هەنگاوە بنێت کە شازادە محەممەد بن سەلمان دوای وەرگرتنی بەرپرسیارێتی وەک میری جێگرەوەی شا لە سعودیە گرتییە بەر؟ کاتێک لە تشرینی دووەمی ساڵی 2017دا "هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی" راگەیاند و شازادەکان و سەرمایەدارە گەورەکان و دەوڵەمەندترین کەسانی شانشینەکەی کۆکردەوە، کە شازادەکانی خێزانی دەسەڵاتداریشیان تێدابوو و، بۆ ماوەی زیاتر لە 15 مانگ لە هۆتێلی (ریتز کارڵتۆن) لە ریاز دەستبەسەری کردن، کە تێیدا شانشینەکە توانی نزیکەی 107 ملیار دۆلار لە شێوەی پارەی کاش، خانووبەرە، کۆمپانیا، سەنەد و کاخەزی دارایی لە 87 کەس وەربگرێت؟
 
ئایا ئەم پیاوە کارساز و ئەکادیمییە گەنجە، عەلی زەیدی، دەتوانێت ملیاران دۆلار لە پارە دزراوەکانی عێراق لە چنگی "نەهەنگەکانی گەندەڵی" دەربهێنێتەوە کە خۆیان و خزمەکانیان دەسەڵاتی عێراقیان کردووە؟ لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە، بەپێی دانپێدانانی کەسانی نزیک لە سەرکردە سیاسییە شیعە و سوننەکان، زۆربەی ئەو سەرکردانەی کە ئەویان بۆ باڵاترین پۆست لە عێراق بەربژێرکردووە، هاوبەشی زەیدین لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دا، چ یاسایی بن یان نایاسایی. هەروەها ئایا دەتوانێت بەرەوڕووی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان ببێتەوە بۆ ئەوەی قەناعەتیان پێ بکات دەستبەرداری چەک بن وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێویستییەکی نیشتمانی و داواکارییەکانی ئیدارەی ئەمریکا؟
 
کاتێک زەیدی ئەمانە دەکات و، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشتر دەکات بۆ چارەسەرکردنی تەنگژە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و، دووردەکەوێتەوە لە پشکپشکێنە لە دابەشکردنی وەزارەتەکان و پشت بە کەسانی لێهاتوو دەبەستێت و، وڵات وەکو کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان بەڕێوەنابات کە حیزبەکان تێیدا تەنیا خاوەن پشک بن و، عێراق دەگەڕێنێتەوە سەر رێڕۆی ژیانی ئاسایی، ئەوکات دەڵێین چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەڕاستی پیاوە "سووپەرە" گونجاوەکەی بۆ وڵات هەڵبژاردووە لە قەیراناویترین قۆناخی عێراق داو، هەموومان لەگەڵی دەبین. وتراویشە: " گەشبین بن بە چاکە، دەستتان دەکەوێت."