دڵم بۆ رووداو دەلەرزێ

 
ئەگەر لە گۆڕەپانێکی 100 مەتریدا راهێنان بکەیت، ناتوانیت لە پێشبڕکێی ماوەدرێژدا بەشداری بکەیت. تاوەکو گۆڕەپانەکەت فراوانتر بێت، توانا و لێهاتووییت زیاتر دەبێت. ئەوە رێسایەکە تۆڕی میدیایی رووداو پەیڕەوی دەکات. هەرکەسێک گۆڕەپانەکە بەگوێرەی توانا و لێهاتوویی خۆی دیاری دەکات، لەبەرئەوەیە دەتوانیت لە رووداوەوە توانا و لێهاتووییت بپێویت.
 
ئەو ئاستە نێودەوڵەتییەی ئێستا رووداو تێیدایە، کە ناوی لە تەنیشت براندە گەورەکانی راگەیاندنی جیهانییەوەیە و بووەتە یەکێک لە لۆگۆ ناسراوەکانی میدیای نێودەوڵەتی، بە دڵی ئێمە نییە، چونکە ئەو قۆناخەمان لەمێژە تێپەڕاندووە کە لۆگۆمان لە تەنیشت میدیا نێودەوڵەتییەکان ببینین. ئێستا کێبڕکێکە لەسەر ئاستی جیهانە.
 
هەندێک جار وەرگرەکانمان لێمان زویر دەبن، رەخنە دەنووسن و دەڵێن، "نابێت و نەدەبوو رووداو فڵان بەرهەمی میدیایی بڵاوبکاتەوە، یان فڵان هەواڵ شایستەی رووداو نییە." ئەوە زیاتر جێگەی دڵخۆشییە، چونکە ئاستی وەرگرەکانمان هێندە بەرزبووەتەوە، بە بەرهەمی لاواز و هەواڵی کەم بایەخ رازی نابن. ئەوان رووداو بە پێوەری رووداو دەپێون، لەبەرئەوەیە ئەو چاوەڕوانییەی لە رووداوی ئەم ساڵ هەیان بووە، بۆ ساڵی داهاتوو پێی رازی نابن.
 
ئەوەی لەم یادەدا لە زاری باڵیۆز و کۆنسووڵەکانەوە دەیبیستین، بەرپرسیارێتییەکی مەزنە. ئەوان تەنیا گەیاندنی هەواڵ و زانیارییان لەسەر ئاستی کوردستان ناوێت، بەڵکو دەڵێن بۆ هەواڵی ناوچەکە و جیهانیش دەگەڕێنەوە سەر رووداو. ئەوە مایەی دڵخۆشی، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی گەورەیە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو.
 
سەرنج بدە گوتەی باڵیۆز و کۆنسووڵەکان لە کاتی پیرۆزبایییان لە تۆڕی میدیایی رووداو. کاتێک باسی دەکەن، جگە لە لایەنی رۆژنامەڤانی، نموونە بە یەکێک لەو کارانە دەهێننەوە کە سەرنجی راکێشاون. بۆ نموونە: باڵیۆزی ژاپۆن باسی بەرهەمێک دەکات سەبارەت بە سیستمی بوومەلەرزە لە ژاپۆن ئامادە کرابوو، کۆنسوڵی ئەرمینیا نموونەی بەڵگەفیلمی "موستەفا پاشای یاموڵکی" لە یاد ماوە، باڵیۆزی بولگاریا رۆڵی رووداوی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی بولگاریا لە یادە، کۆنسووڵی چین بە دەستکەوت بۆ وڵاتەکەی دەزانێت کە رووداو نووسینگەی لە پەکین هەیە و دەڵێت: "ئەمە لێکتێگەیشتنی هاوبەش و پەیوەندیی لەنێوان گەلانی چین و هەرێمی کوردستاندا پتەوتر دەکات."
 
کاتێک چیایەک لە متمانە، چاوەڕوانی و ئەزموون لەبەردەمت هەبێت، دەبێت دەستت لەسەر دڵت بێت و بزانیت چی پێشکێش دەکەیت. من بۆ خۆم، هەر کاتێک بۆ بەرنامەکەم رستەیەک دەنووسم و دەچمە بەردەم کامێرا بۆ ئەوەی پێشکێشی بکەم، دڵم دەلەرزێت؛ لەبەرئەوەی دەزانم ملیۆنان وەرگر (بینەر، بیسەر و خوێنەر) ئەو رستەیەیان پێ دەگات و یەکسەر بە توانای رووداو دەیپێون. هەموو ئەو ساتانە ئەوەم لە بیرە کە چ بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە کاتێک رستەیەک، وشەیەک، یان تەنانەت پیتێکیش لە رووداوەوە پێشکێش دەکەیت.
 
ئێستا رووداو لەبەردەم دڵخۆشی و دڵەڕاوکێیەکی زۆردایە. لەلایەک، دڵخۆشە کە ماوەی 12 ساڵە بەردەوام ئاستی میدیای کوردی بەرەو پێش بردووە و سەری خستووە و لەم کارەیشی بەردەوام دەبێت. لەلایەکی دیکەوە، نیگەرانە کاتێک دەزانێت چ چاوەڕوانییەکی گەورەی لەبەردەمدایە، ئەو ژینگە میدیاییە و ئەو پانتاییە فراوانەی لەنێوخۆیدا هەیەتی، هەمان ژینگەی لە دەرەوەش پێویستە تاوەکو داهێنانەکانی و مۆدێلەکەی لە جیهان زیاتر دەنگ بدەنەوە.