دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمان لەشەش خاڵدا

                                                        
یەکەم:

هەر لەو ماوەیە بۆ جاری دووەمە ، پارتی مرونەتی تەواو دەنوێنێت بۆ دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمان و دوو دەستپێشخەری پێشکەش کراون، هەردوو موبادەرەکەش لەسەر داوای یەکێتی و بیرۆکەی یەکێتی بوونە.


یەکەمیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان تایبەت بە راپرسی بەبێ دەستەی سەرۆکایەتی و بە سەرپەرشتی بە تەمەنترین ئەندام، دووەمیشیان موبادەرەی ئەم دواییە بوو کە سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان بگەڕێنەوە و سەرپەرشتی کۆبوونەوەی یەکەم بکەن و پاشان دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن و سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ گۆڕان بێت.

بەڵام هەردوو موبادەرەکە بەبێ سێ و دوو لەلایەن گۆڕان رەتکرانەوە و یەکێتیش کە خاوەنی بیرۆکەی موبادەرەکان بوو بەبێ هەڵوێست مایەوە، خۆ ئەگەر بڕیارە یەکێتی رۆڵی لایەنی سێیەم ببینێت دەبێ چۆن تەنازولی لەپارتی وەرگرت لە گۆڕانیشی وەربگرێت، ئەگەر گۆڕان تەنازول ناکات دەبێ یەکێتی هەڵوێستی هەبێت، چونکە بیرۆکەی موبادەرەکان هی خۆیان بووە. 

واتە ئەگەر یەکێتی ئەرکی هێنان و بردنی پەیامە لە نێوان پارتی و گۆڕان ئەوا پارتی خۆی دەتوانێت ئەم رۆڵە ببینێت و زۆر بە ئاسانی پەیام بنێرێت و دانوستاندنی راستەوخۆش لەگەڵ گۆران بکاتەوە، ئەگەر لایەنی سێیەمیشن دەبێ گەرەنتی بکەن و خاوەن هەڵوێستیش بن.

دووەم:

یەکێتی لە بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی خۆی دەڵێت بەشداریی راپرسی دەکەین بە مەرجی بوونی یاسای راپرسی لە پەرلەمان، باشە ئەگەر گۆڕان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان بێت جا د.یوسف بێت یان هەرکەسێکی دی ، ئایا یەکێتی دەتوانێت گەرەنتی ئەوە دروست بکات کە ئەو پەرلەمانە یاسای گشتپرسی دەردەکات و بۆ سەرۆکی هەرێمی دەنێرێت، لە راستیدا لەکارکەوتنی پەرلەمان بۆ دوای 19/ی ئابی 2015 دەگەڕێتەوە نەک رۆژی 12-10-2015 چونکە سەرۆکایەتی پەرلەمان ئامادە نەبوو یاسا بۆ سەرۆکی هەرێم بنێرێت، لەکاتێکدا کە هێشتا سەرۆکی پەرلەمان لە هەولێر بوو، کەچی پەرلەمان لە ئەرکی یاسادانان بە تەواوی پەکی کەوت، بۆیە ئێستا ئەگەر یەکێتی گەرەنتی ئەمە نەکات ، کە من پێموایە ناتوانێت بیکات، کەواتە ئەو مەرجەی خۆشیان بۆ راپرسی دایان ناوە ناتوانن بە وجودی پەرلەمانێک تەحقیقی بکەن کە سەرۆکایەتییەکەی لە دەست گۆڕان بێت.

سێیەم:

ئەوان پێیانوایە پارتی لە پێناوی راپرسی ئاڵای سپی هەڵدەکات و زوو یان درەنگ هەموو تەنازولێک دەکات ، بە باشی دەزانین رووداوەکانی پێش 19ی ئابی ساڵی 2015 بیربخەینەوە کە چۆن پارتی بۆ رێککەوتن هەموو سازشێکی کرد، تەنانەت داواکرا دوو رۆژ کۆبوونەوەی پەرلەمان دوابخەن، بەڵام نەیانکرد پێیان وابوو پارتی بە تەنها ماوەتەوە و ئیتر دەبێ تا دوایین هەناسە فشاری لە سەر بکرێت ، تا گەیشتە بارەگا سووتاندن ، مروونەتی ئەوکاتی پارتی لەبەر ئەوە نەبوو لە پێگەیەکی لاوازدایە، لەبەر ئەوە بوو نەگەینە ئەم دۆخەی ئەمڕۆ ، ئێستاش هەر خۆیان دەڵێن گەورەترین کارتی دەستمان سووتاند و نەمانزانی وەبەرهێنان لەسەر مروونەتی پارتی بکەین، ئێستاش خەریکن هەڵەی ئەو کات دووبارە دەکەنەوە و پێیانوایە پارتی لە پێناوی گشتپرسی ئاڵای سپی هەڵدەکات و هەرچی بیانەوێت بە دەستی دەهێنن، راستە پارتی و سەرۆک بارزانی بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی بەو پەڕی نیەت پاکی هاتوونەتە پێش و موبادەرە لە دوای موبادەرە پێشکەش دەکەن، بەڵام ئەگەر نیەت خۆبەدەستەوە دانی پارتی بێت پێموایە جارێکی دی کارتی دەستی خۆیان دەسووتێنن و بە دەستی بەتاڵ لێی دەردەچن ، ئەو کاتیش ئۆباڵی بەرپرسیارییەتییەکە پێش گۆڕان یەکێتی هەڵی دەگرێت. 

چوارەم:

سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و دەرکردنی یاسای گشتپرسی ، یان دەبێ یەکێتی گۆڕان رازی بکات بەو موبادەرەیەی لەم دواییە پارتی و یەکێتی کردیان یان تەنها یەک کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت بە سەرپەرشتی بە تەمەنترین ئەندام تایبەت بە گشتپرسی کە ئەویش هەر بیرۆکەی یەکێتی بووە جا ئەگەر بەبێ گۆرانیش بێت. یان دەبی پرۆسەکە بڕوات بە بی پەرلەمان و هیچ کێشەی یاسایشی تێدا نییە. 

پێنجەم:

ئەوەی سەبارەت بە پەرلەمان دەگوترێت بە هیچ شێوەیەک مەبەست تیایدا کاراکردنەوەی پەرلەمان نییە ، چونکە لە بنەڕەتدا تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان لە رۆژەکانی کۆتاییدایە، تەنیا ئەگەر مەبەست لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بێت ، ئەگینا باشترە ئەمڕۆ قسە لە سەر هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشەکان بکرێت لە سایەی هەڵبژاردنێکی نوێی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان کە سەرۆکی هەرێم بە پێی ئەو ئەرکە یاساییەی لە سەر شانیەتی داوای لە کۆمیسیۆن کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆی پێش 6-11-2017 .

شەشەم:

لەپێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی و پیادەکردنی مافی چارەنووسی گەلی کوردستان لە رێگای راپرسی ، پارتی هەموو میکانیزم و وەسیلەیەکی گونجاو بۆ یەکڕیزی نیشتمانی دەگرێتەبەر، لە هەوڵەکانی لەدەستبەکارکردنەوەی پەرلەمان و دانوستاندن لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و سەرجەم لایەنەکان ، لە پێشکەشکردنی تەنازولی زیاتر و دەستپێشخەری و نەرمی نواندن، لە دان بەخۆداگرتن و خۆ بەدوور گرتن لە زمانی زبر و هەڵمەتی راگەیاندن، تەنها ئەو دوو شتەی کە سەرۆک بارزانی و پارتی دەستی لێ هەڵناگرن پیادەکردنی مافی چارەی خۆنووسین و لەدەستنەدانی ئەم دەرفەتەیە کە هاتووەتە پێش، هەروەها تەسلیم نەبوونی پارتییە بە حەز و ئارەزووی حیزبی و ناوچەگەری هەندێ کەس کە گیرۆدەی گرێی دەروونی مێژوویی بوونە و هەموو سەرکەوتنی خۆیان لە شکستی پارتی دەبیننەوە.