بۆ ئەوەی بە سەربەخۆیی بگەین

لێرەو لەوێ لێدوانی جۆراوجۆر دەدرێن و هەوڵدان هەیە بۆ ئەوەی وا لە گەلی كوردستان بكەن لە مافە رەواكانی پاشگەز بێتەوە.

ئەو جۆرە لێدوانانە و ئیشارەتانەی كە دەدرێن ئیهانەن بە گەلی كوردستان و شەهیدەكانمان، دژیشن لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی و پرەنسیپەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و پرۆسەی دیموكراسی لە جیهاندا. ئیهانەیە ، لەبەر ئەوەی ناوەڕۆكی ئەو لێدوانانە بەو مانایە دێن كە گەلی كوردستان دەبێت بترسێت لە هەوڵدان  بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوا و  یاسایی و بڕیاردان لە مافی چارەنووسی خۆی كە لە یاسای نێودەوڵەتی و مەبادیئی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بە دەق دیاری كراوە، مافی هەر گەلێكە لەسەر خاكی خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. لەم  لێدوانانەدا وا نیشان دەدرێت كە ئەگەر  گەلی كوردستان هەوڵ بدات بە سەربەرزی و بەختەوەری بژێت و بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆی بدات، جیهانی دیموكراسی دەبنە دژی . پڕوپاگەندە و دژایەتییەكانیان  بەشێوەیەكی وا رێكدەخەن و دەپێچنەوە، لەگەڵ ئەوەی لێدوانەكانیان دژن بە یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، لەوەیە هەندێك كەسی دڵسۆز وا بزانێت كە ئەم  لێدوانانەی دەدرێن، راستن! 

ئەمە لە كاتێكدا دێت كە مێژووی خەباتی گەلەكەمان پێمان دەڵێت لەژێر هیچ فشارێكدا، لە بەرەوپێشەوەچوون بۆ سەربەخۆیی پاشگەز نابێتەوە. زۆربەی سەختییەكانی رێگاكەمان بڕیوە و لە رزگاربوون زۆر نزیك بووینەتەوە، هەر بۆیە ئەم هەوڵانە زۆر بوون و زیاد دەبن دژ بە سەربەخۆیی كوردستان بە ڕادەی نزیكبوونەوەمان لە سەربەخۆیی.

بۆیە لێرەوە دووبارەی دەكەمەوە و دەبێت بگوترێت كە بڕیاردان لە مافی چارەنووس مافی هەر گەلێكە و ئازادە لەوەی لەسەر خاكی خۆی بڕیار بدات بە چ شێوازێك بژێت. 

ئێستا و دوای گشت دەستكەوتەكانی گەلەكەمان و پاش ئەوەی هێزی پێشمەرگە بوو بە سیمبولی جیهانی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش. ئێستا و پاش ئەوەی فڕۆكەخانەكانمان پڕن لە سەركردە و بەرپرسانی جیهانی و دوای ئەوەی ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتیوانیمان دەكەن، كەچی كەسانێك هەن  كە بەداخەوە  كوردیشن، هەوڵی ترساندن و چەواشەكردنی  گەلی كوردستان دەدەن؟  

بۆیە گرنگە لێرەدا بەشێوەیەكی روون و راشكاو جەخت بكەینە سەر كۆمەڵێ حەقایقی ورد و زانیاریی دروست، وەكو: 

1- هیچ دەوڵەتێكی دیموكراسی نییە بە نووسراو داوا لە گەلێك بكات و پێی بڵێ داوای مافی یاسایی خۆت لە بڕیاردان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆت مەكە و هەر بە كۆیلەیی بمێنەوە. 

2- بۆ رزگاربوون دەبێت خۆت هەبیت و هەوڵی بۆ بدەی تاوەكو پشتیوانیشت هەبێت. نابێ دابنیشی و وڵاتان داوەتت بكەن بۆ ئەوەی دەوڵەتت بۆ دابمەزرێنن. خۆت هیچ نەكەی  و بە هەموو بندەستی و كۆیلایەتییەك  رازی بیت، تەنیا لە دڵەوە حەزت لەوە بێت رۆژێك وڵاتان سەربەخۆییت بۆ بەدەستبێنن. سەربەخۆیی نادرێ، دەبێت بسەندرێت و كاری بۆ بكەی و گەلەكەشمان قوربانیی زۆری بۆ داوە.

3- كەی وڵاتان دێن و یەخەی گەلێك دەگرن و پێی دەڵێن داوای سەربەخۆیی بكە؟!

4- گەلێك سەربەخۆیی خۆی نەوێت و راینەگەیەنێت و دەنگی خۆی نەگەیەنێتە دنیای دیموكراسی و كاری بۆ نەكات، بۆ چی و لەبەر چی وڵاتانی دیكە گرنگیی پێ بدەن و رێزی لێ بگرن و بێن دەوڵەتی بۆ دابمەزرێنن؟

5- هەرێمی كوردستان قۆناغی گرنگی بڕیوە و ئیتر بۆ دواوە ناگەڕێتەوە و چیدیكە رازی نابێت بە ژێردەستی و وەكو كۆیلە بژێت. هەرێمی كوردستان شەرعیەتی نێودەوڵەتی هەیە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەكات لەسەر بنەمای ئەوەی كە سیادەی لەسەر خاكی خۆی هەیە و سوپای پێشمەرگەی بەتوانای هەیە و بناغەی ئابووریی خۆی رێكخستووە و پەیوەندیی دیبلۆماسیی زۆر بەهێزی هەیە لەگەڵ جیهانی دیموكراسی. جێی سەرسوڕمانە و زۆریش بەداخەوە كە كەس و لایەن هەن هەوڵ دەدەن كوردستان بگەڕێننەوە بەرەو دواوە! ئەگەر لەوەش سەركەوتن  بەدەستبێنن، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بین جارێكی دیكە جینۆساید و زیندەبەچاڵ بكرێین و و دێمۆگرافیای وڵاتەكەمان بگۆڕدرێت و كوردستان بەتەواوەتی تەعریب بكرێت.

6- بۆیە زۆر زەروورە هەموومان لە كوردستان مافی بڕیاردانی گەلان لە چارەنووسی خۆیان، لە یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەدروستی و باشی بخوێنینەوە و زۆریش بەباشی لێی تێبگەین و هەڵوێست و هەوڵدانی كەس و لایەنەكانیش بۆ سەربەخۆیی كوردستان  و ئەو كەس و لایەنانەش كە كار و راگەیاندن دژ بە سەربەخۆیی گەل دەكەن، بناسین و هەردوولا لە یەكتر جودا بكەینەوە و كەس و لایەنەكان وەكو خۆیان ببینین تاوەكو رۆڵەكانی گەلە سەربەرزەكەمان بۆچوون و لێدوان و كردەوە و  هەڵوێستەكانی كەس و لایەنەكان بە دروستی هەڵسەنگێنن و هیچ هەڵوێست و كردەوە و لێدوانێك كە لە بەرژەوەندیی گەلەكەمان نەبێت، نەتوانن كاریگەریی نەرێنی بكەنە سەری  بۆ بڕیاردان لە مافی چارەنووس.
لە كۆتاییدا:

دەبێت بگوترێت كە كاری زۆر گرنگمان تەواو كردووە و ساڵانی زۆری پڕ لە خەبات و دژوار و فیداكاریمان دەرباز كردووە  و ئێستاش گەیشتووینەتە نزیكترین ئاست بۆ جێبەجێكردنی ئامانجە بەرزەكانی گەلەكەمان. دەزانین ئەم دەنگۆیانەش بەرز نابنەوە ئیلا لەبەر ئەوە نەبێت كە زۆر باش دەزانن گەلەكەمان نزیك بووەتەوە لە ئامانجی خۆی و گەلی كوردستان زۆری نەماوە ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی.