داعش و كەركووك

فرە خاوەنیی كەركوك لە واری سیاسیدا ، وای كردووە كە داعش هەمیشە چاوێكی لەسەری بێت، ئەگەرچی زەبری كاریگەری پێشمەرگە و هاوپەیمانان، توانیویانە تا رادەیەكی زۆر داعش لە سنووری كەركوك پەكبخەن ، كاتێ‌ داعش توانیی دەست بەسەر موسڵ و ئەنبار و تكریت و لە سووریاش رەققە و زۆر شوێنی دیكەدا بگرێ‌ ، نیگەرانییەكە لێرە زیادی كرد ، هەرچەند كەركوك تایبەتمەندیی خۆی هەیە و وەك دەڵێن پارووی داعش نییە، لەگەڵ ئەوەش خۆ داعش شاری گەورەتر و پڕ خەڵكتری لە كەركوك لە بن چنگە و ئەوە ساڵ زیاتریشە بەڕێوەی دەبات، موسڵ و كەركوك لە زۆر رووەوە لەیەكتر دەچن، هەردووكیشیان لە سەردەمی بەعسدا بەر گۆڕینی سیما و عەرەباندن و بەعساندن و تەراندن كەوتوون، رەنگە جیاوازییەك ئەگەر هەبێ‌ ئەوە بێت، موسڵ هاوسنوورە لەگەڵ سووریا، بە تایبەت ئەو جێگەیەی كە داعش حاكمە تێیدا. 

راستە كەركوك هەڕەشەی داعشی لێ دووركەوتووەتەوە ، بەڵام تا داعش بمێنێ‌، پێویستە ئەو شارە و خەڵكەكەی باشتر بپارێزرێن ، لەوە ناچێ‌ داعشیش بەو زووانە تۆوبڕ بكرێت ، شتێك هەر دەمێنێتەوە، ئەركی هەرە لەپێشی كەركوكییەكانە، بە تایبەت كورد بگەنە رێككەوتنێكی دروست، رێككەوتنێك بۆ ئەوەی بتوانن پێكەوە، بە یەك پڕۆژەوە لەسەر پرسی كەركوك بوەستن، ئێستا كە پێشمەرگە بە جیاوازییەكی كەمەوە لەگەڵ یەكتر، بەڵام هەموویان پێكەوە لەسەنگەری بەرگریدان لە كەركوك،  ئەوە پێویستە لە سیاسەتیشدا رەنگ بداتەوە.

هەر ئەوەی كە داعش لەماوەی رابردوودا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی لەناو كەركوكەوە دەستنەكەوتووە تا دزە بكاتە شارەكەوە، ئەوە نیشانەیەكی زۆر باشە بۆ ئیش لەسەركردن ، ئاخر ئەوە مانای ئەوەیە كە سوننەكانی كەركوك بە سوننە بەعسیەكانیشەوە هاوسۆزییان لەگەڵ داعش نییە، وەك ئەوەی لە تكریت و ئەنبار و موسڵ هەیانبوو، یان وەك ئەوەی لە حەویجە هەیانبوو، كەچی دواتر گۆزەكە لە سەری خۆیاندا شكا، هەموو ئەو حەویجەییانەی من بینیومن، دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر شارۆچكەكەیاندا گرت ، پەشیمانن لەوەی لە داخی شیعە و مالیكی ئامێزیان بۆ داعش كردەوە، ئێستا ئەوان دەزانن دەرگاكردنەوە بەڕووی داعشدا دەرگا كردنەوە بوو بەڕووی مارەكەی شێخ هۆمەردا ، حەویجە شارۆچكەیەكی گرنگ و ستراتیژیی سەر بە پارێزگای كەركوكە، ئەگەرچی ئەم شارۆچكەیە هەمیشە وەك كارتێكی سیاسی بۆ عەرەباندنی كەركوك بەكار براوە، تەنانەت لە دوای ساڵی 2003شەوە، بەڵام مانەوەی لە چوارچێوەی كەركوكدا یان لانیكەم مانەوەی وەك دراوسێی كەركوك بۆ ئێستا و ئایندە كاریگەریی خۆی هەیە، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە هەستیارەدا دەكرێ‌ ، پرسی كەركوك و حەویجە كە ئەگەر وردتر لێی بڕوانین پرسی داعش و كەركوكە ، لەبەر ئەوەی حەویجە ئەگەر داعشیشی تێدا نەبێ‌، بۆ ئێستا و ئایندەی دوورتر ئەوانەی تێدا نییە كە خۆشییان بە چارەی كورد بێت.

قسە لەسەر ئەوەیە چۆن دەكرێ‌ كەركوك مامەڵە لەگەڵ عەرەبی حەویجە بكات؟ دوو جۆر عەرەب هەیە: كەمینەیەك كە بڕوایان وایە هیچ لایەك ناتوانێ‌ لایەكەی دیكە بسڕێتەوە، زۆرینەیەكیش كە پێیانوایە كورد زۆر لە بەڕەكەی خۆی زیاتر پێی راكێشاوە، خۆ ئەم تێگەیشتنە داوی داعشیش گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، مەسەلە ئەوەیە ئایا هیچ ئامادەكارییەك هەیە بۆ ئەوەی بە شێوازێكی باشتر مامەڵە لەگەڵ یەكتر بكەین؟

پرسیارەكە پێویستی بە روونكردنەوەی زیاتر نییە.