تەرازووی زمان
ئەو تەرازووەی كە زمانناسێك بۆ زمانی دادەنێ، هەمان ئەو تەرازووە نییە كە من بۆ زمانی كوردیی دادەنێم. ئەوەی من بەو تەرازووە دەیكێشم، بریتییە لەوەی كە تا چەند زمانی كوردی جیاوازیی رەگەز (ژن و پیاو)ی تێدایە یان نییە؟
وەك دیارە لە بەشە سۆرانییەكەی زمانی كوردیدا جیاوازیی لەنێوان ژن و پیاودا نەكراوە. واتە بە ژنێك دەگوترێت: ژنەكە خەوت.پیاوەكە خەوت.
بەڵام لە شێوەزاری هەورامی و كورمانجیی سەروودا، لەنێوان نێر و مێ جیاوازیی دەكرێت. بەڵام ئاخۆ ئەمە چەندە جێی خۆشحاڵییە كە لە سۆرانیدا ئەو جیاوازییە ناكرێت؟ ئایا ئەمە توانیویەتی جیاوازیی رەگەزی نەهێڵێت، یان كەمی بكاتەوە؟
بێگومان نەیتوانیوە، زمانی كوردی زمانێكی پیاوسالارانەیە و بەئاشكرا تیرۆری مەعنەویی ژن دەكات. سەیر ئەوەیە كە بەردەوام پەتی ئەم تیرۆرە مەعنەویەی ژنان لە زماندا دەهۆنرێتەوە، درێژ و درێژتر دەبێت. هەندێكجار بە دەستی ئەنقەست و هەندێكجاریش بەبێ مەبەست ئەم سووكایەتی و تیرۆرەی ژنان دەكرێت.
ئەوەی كە پیاوێك بە ژنێك دەڵێت (بێوەژن). یان دەڵێت: "ژن نەبوویتایە دوو قسەم لەگەڵ دەكردی"، یان بە پیاوێك دەگوترێت: "دەڵێی ژنە" یان "خۆ ژن نیت مەگری".. "كەم پێبكەنە دەڵێی ژنیت" ئەمە بە مەبەست دەگوترێ و مەبەست لێرەدا سووكایەتییە بە ژن و پێداگرتنە لەسەر هێشتنەوەی پیاو لە چەند پلیكانەیەكی بەرزتردا لەچاو ژن.
بەڵام دەبینی زۆرجار كەسانێكی هۆشیار كە بەڕاستی رێزی خانمانی ماڵ و هی ناو بنەماڵەكانیان دەگرن و لەهەمان مەرتەبەی پیاودا سەیریان دەكەن، هەمان ئەو وشانە بەكاردەهێنن و هەمان تیرۆر دەكەن. ئەمەیان لێرەدا سووكایەتی و تیرۆرێكە بەبێ مەبەست دەكرێت. یان لە نەبوونی هۆشیارییەوە سەرچاوە دەگرێت، یانیش لە زانیاریی هەڵەوەیە.
رۆژنامەكانیش بەردەوامن لەم تیرۆرەی رۆژانەی ژنان و لەو سووكایەتیانەی بە ژنان دەكرێن.
بەكارهێنانی وشەكانی "شووی كرد، بەشوو درا، بێوەژنە، پیرەژنەكە، تەڵاق دەدرێ و تەڵاقدراو..." ئەمانە هەمووی كۆمەڵێك وشەن كە سووكایەتین بە ژنان و رۆژانە دەهۆنرێنەوە و تیرۆری مەعنەویی ژنانیان پێ دەكرێت.
بەشوودرا و شووی كرد، دوو وشەن كە لە زمانی كوردیدا ئەوەندەی بۆ سووكایەتی و پەندبەسەرهێنان بەكارهێنراون، هیچ كات بۆ مەبەستی بەیەكەوە ژیان و خۆشەویستی بەكارنەهێنراون.
لەبری ئەم دوو وشەیە دەبێت بگوترێت: "هاوسەرگیریی كرد، بڕیاری پێكەوە ژیانی دا، خێزانیان پێكهێنا".
لەبەرامبەریدا دەستەواژەی (ژنی هێنا)مان هەیە كە ئەمیش سووكایەتییە بە ژن.
(هێنان) یان بە زۆر دەبێت، یان كەسێك لەجێیەكەوە دەهێنرێ بۆ جێیەكی تر لە بەرامبەر پێدانی شتێكدا یان كڕینیدا.
-منداڵەكە نایەت.
-ئا بەزۆر بیهێنە!
-بڕۆ كیلۆیەك تەماتە بهێنە.
بەڵێ ئەگەر ژن لەبەرامبەر گرێبەستێكدا كە پارە و موڵك و ئاڵتوونی تێدا وەرگرتووە ئەوجا ئامادەیە بژی لەگەڵ پیاوێكدا، ئەمە (هێنان)ە.
بەڵام لەبەرامبەر ئەمەشدا ئێمە خانمانێكمان هەن كە پیاو نەیهێناون و خۆیان بڕیاریان داوە لەگەڵ پیاو بژین و پێكەوە بوونەكە بە ئیرادە و ئیختیاری هەردوولایە. كەواتە لێرەدا تیرۆری كەسایەتی ژنە كە وشەی (هێنان) بۆ ئەو پیاوە بەكاربهێنرێت.
تەڵاق درا و تەڵاقی دا
ئێستا وێڕای ئەوەی رێژەی جیابوونەوە بەداخەوە یەكجار زیادی كردووە، بەڵام زمانی تاك بەرامبەر ئەم حاڵەتە نەگۆڕاوە و لەجێی خۆیەتی. ئەمە وێڕای ئەوەی كە بیروبۆچوونی خەڵكانیش نەگۆڕاوە بەرامبەر بە كەسانی جیابووەوە و بەتایبەتی بەرامبەر بە خانمانی جیابووەوە.
ئەوە تەنیا پیاوان نین كە جیادەبنەوە، ئێستا خانمانیش مومارەسەی ئەم مافەی خۆیان دەكەن و داوای جیابوونەوە بەرز دەكەنەوە و دواجار دادوەر بڕیاری جیابوونەوەكە دەدات.
بەكورتیەكەی وشەی (جیابووەوە) لەبری (تەڵاقدراو)، (جیا بووەوە)ش لەبری (تەڵاق درا) دەبێت بەكاربهێنرێت.
دەبێت ئەوەش بگوترێ كە ژن لە پیاو جیابێتەوە یان پیاو لە ژن، هیچ سووكایەتی و نەنگییەك نییە بۆ هیچ كامیان. وەك چۆن هاوسەرگیری هەیە، جیابوونەوەش ئاساییە و مافی هەر لایەكیانە.
پیرەژن و بێوەژن
تەمەن، واتە ئەزموون و لاپەڕەی زیادەی شانازی بۆ كەسێك نەك سووكایەتی. بەساڵداچوون شوورەیی و نەنگی نییە و دەبێت لەبری ئەم وشەی "پیر"ە بەساڵاچوو بخەینە جێگەی.
ئێمە كاتێك دەڵێین بێوەژن، مەبەست لێی ژنی جیابووەوە یان ژنی هاوسەر مردووە. ئەمە لە عەرەبەوە وەرگیراوە كە(ارملە) و (مگلقە)یان هەیە.
بەڵام ئێمە نابێت لێرەدا بچینەوە سەر كولتووری عەرەب كە بۆخۆیان لەو رووەوە كێشەی گەورەیان هەیە.
ژن هەر ژنە بە بوونی پیاو لەژیانیدا یان نەبوونی. ژن جیابێتەوە یان هاوسەری بمرێت نابێتە بێ ـ وەـ ژن و هەر بە ژنی دەمێنێتەوە. ئەگەر بڕیارە ئێمە هەوڵ بدەین جیاكاریی رەگەزی لە زمانەكەماندا كەم بكەینەوە، دەبێت بۆ پیاوی جیابووەوە یان ژن مردووش وشەی (بێوەپیاو) بەكاربهێنین كە ناهێنرێت.
ئەمەش لێرەدا چارە نییە، چونكە دووبارە سووكایەتییە بە پیاو. كەواتە با ئەم وشەیە بسڕینەوە لە زمانەكەماندا. چیتر زمانەكە بە لاسەنگی نەبینین.