سێكوچكەی میدیای كوردی
میدیای كوردی، سەرەڕای هەبوونی كێشەی ریشەیی، لە ئاستێكی باشتردایە بە بەراورد بە رابردوو و لەچاو هەندێك لە میدیاكانی دەوروبەر. هەروەها بە بەراورد لەگەڵ ئاستی پێشكەوتنی ئابووری كوردستان و بەهێزبوونی سەرمایە لە بازاڕ، میدیای كوردی هێشتا نەیتوانیوە لەگەڵ ئەو زێدەبوونە پەرەبسێنێت و زۆربەی ئەو پارەیەی ئەمڕۆ لە میدیا خەرج دەكرێت پارەی سیاسییە نەك وەبەرهێنانی بازرگانی. بۆیە زۆربەی دەزگا راگەیاندنە زەبەلاحەكان بەزەحمەت مۆدێلێكی بازرگانی و پیشەگەر لەكاركردن پەیڕەو دەكەن.
بەڵام لەكۆتاییدا میدیای سیاسیش دەبێت پابەندی كاركردنی ئەو مۆدێلە ببێت چونكە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی میدیای نوێی وەك تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەروەها ئەو دەزگایانەی كە بەشێوەیەكی مۆدێرن كاردەكەن، بینەر و بیسەری میدیای سیاسیی تەقلیدی كەمتر دەبنەوە بەهۆی نەبەونی توانای دابینكردنی خزمەتگوزاری ئاستبەرز و پیشەگەری هەواڵ و زانیاری و كات بەسەربردن.
وەبەرهێنەران و بڕیاردەرانی بواری میدیا لە كوردستان لەبەردەم چەند تەحەدایەكی گەورەدان.
تەحەدای یەكەم تەكنۆلۆژیە واتە پێشكەوتن و كاریگەرتربوونی ئەو ئامێرانەی لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوەی میدیاییدا بەكاردێت وەك ئامێری تۆماركردن، پەخش و وەرگرتنی بابەتی میدیایی. ئەم گۆڕانكارییانەش شێوازی كاركردن و پەیوەندی رۆژنامەنووس و خوێنەر و بیسەریان بەشێوەیەك گۆڕیوە كە زۆرجار جیاوازی نێوان میدیاوانی پیشەگەر و مۆدێرن لەگەڵ میدیاوانی كلاسیك جیاوازی و چۆنێتی بەكارهێنانی یەك ئامێر دەبێت.
تەحەدای دووەم توانای مرۆییە واتە هەبوونی كادیری پیشەگەر و بەتوانا كە لە دەزگا میدیاییەكاندا كاردەكەن. بۆ ئەوەی ئاستی میدیا بە بەرزی رابگیرێت، دەبێت ئەو كەسانەی لە میدیای ئەمڕۆ كاردەكەن خاوەن لێهاتوویی و شارەزایی هاوچەرخ بن لە رەهەندە تەكنەلۆژی و مەعریفییەكانی میدیا بەشێوەیەك لە كەسانی ئاسایی جیایان بكاتەوە.
ئەوان دەبێت كەسانێك بن لە گۆڕانكارییەكانی كاری رۆژنامەگەری تێگەیشتبن بەتایبەت ئەوەی كە رۆژنامەگەری لە شێوازە كلاسیكییەكەوە بەرەو رۆژنامەگەری هاووڵاتی دەچێت. ئەو جۆرە كەسانەش دەگمەن نین، وەك چەند بەرپرسێكی میدیایی پێیانوایە. زۆربەی ئەو جۆرە كەسانە پێویستیان بە رێنماییكردنی دانایانە و فەراهەمكردنی موچە و بارودۆخێكی گونجاوی كاركردن هەیە، لەبەرئەوەی ئێستا ئەوان لە بواری میدیا كارناكەن بەهۆی دۆزینەوەی كاری دیكە، كە مووچەی زیاترە.
لەگەڵ تەكنۆلۆژیا و توانای مرۆیی، تاقیكردنەوە هەرە گرنگەكە ئەوەیە كە ناوەڕۆكێكی پەیوەندیدار و بەسوودی ئاستبەرز پێشكەشی بینەر و بیسەر و خوێنەر بكات بە رەچاوكردنی ئەو ئامێرانەی كە ئەمڕۆ بەكاردێن. هەروەها ناوەڕۆكێكی تایبەت بێت واتە بەكردەوە بیسەلمێنێت كە ئەو جۆرە ناوەڕۆكە تەنیا لای ئەو دەزگایە دەست دەكەوێت و وەرگری ناوەڕۆكەكە ناتوانێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یان لە پێگەی دیكە دەستی بكەوێت.
ئەمڕۆ خاڵی سەرەكی سەركەوتنی هەر جۆرە میدیایەك ئەوەیە كە دەبێت هاوسەنگییەكی تەواو لەنێوان ئەو سێ بەشەدا رابگرێت لەبەرئەوەی هیچیان بەبێ ئەوی دیكە ناتوانێت كار بكات. بەڵام ڕاگرتنی ئەو سێكوچكەیە پێویستی بە روئیای قوڵ و بودجەیەكی تێروتەسەلە بۆ دابینكردنی تەكنۆلۆژیای هاوچەرخ، راگرتنی توانای مرۆیی باش و رەخساندنی هەلی تەواو بۆ داهێنان و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆكی پێویست و بەسوود بۆ بینەر و بیسەر و خوێنەری كوردی زمان. هەر بۆیە لەگەڵ گروپێك لە میدیاوانان بڕیارمان دا میدیاوان دابمەزرێنین.