هەولێر هەولێرە و بەغداش بەغدایە

هەرچەندە دەمێكە سازشكردن لە نێوان پارتەكانی هەرێمی كورستان دەستیپێكردووە، بەڵام بەشێوەیەكی رەسمی سیاسەت لەگەڵ كۆتایی هاتنی پرۆسەی یاسایی سەبارەت بە هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەكەی مانگی رابردوو دەستپێدەكات. پڕۆسەكەش بە دیاریكردنی ناوی كاندیدەكان بۆ سەرۆك وەزیران دەستپێدەكات.

پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو یەكەم تاقیكردنەوە دەبێت بۆ سیاسەتی كورد لە سەردەمێكی تازەدا، كە جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و سەرۆكی ئێڕاق تێیدا غائیبە.

سەرۆك وەزیرانی داهاتوو رووبەڕووی چەندین بەربەست دەبێتەوە. لەوانە "یەكێتی"ییەكی لەتبوو، كە هێشتا سەرقاڵی چارەسەركردنی برینەكەیەتی، كە بەهۆی دۆڕانی لە هەڵبژاردنی مانگی رابردوو دووچاری هات. "مامەڵەكردن" لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران-ی باوەڕبەخۆبوو، كە تازە سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكان بەدەستهێناوە. بەڕێوەبردنی گروپە ئیسلامییەكان كە لەوانەیە بچنە نێو حكومەتی هاوپەیمانی یان هەر بە ئۆپۆزیسیۆنی بمێننەوە.

بەگوێرەی سیاسەتمەدارە باڵاكان، هەرێمی كوردستان 52 پۆستی باڵای هەن، كە لە نێوان ئەو پارتە جیاوازانەی دەیانەوێت بچنە پەڕلەمان دانوستاندنیان لەسەردەكرێت، بەڵام ئەنجامە تازەكانی هەڵبژاردن و ئەو نایەكسانییەی دروستبووە، پێویستە لۆژیكێكی نوێ بەسەر سیاسەتی كوردیدا بسەپێنیت.

لە رابردوودا، سیاسەتی كوردی لەسەر رێككەوتنێكی ستراتیژی بنیادنرابوو لە نێوان پارتە فەرمانڕەواكان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان. دوو پارتە سەرەكییەكە بەشێوەیەكی عادەتی پۆستەكانی بەغدا و هەولێریان لە نێوان خۆیاندا دابەشدەكرد.

بەڵام ئەمجارە دەبێت رێكخستنی پەنجا بە پەنجا كۆتایی بێت، چونكە ئێستا هەر پارتە و سەنگێكی تازەی هەیە، بۆیە دەبێت دانوستاندن و گفتوگۆ لەنێوان پارتە جیاوازەكان رەنگدانەوەی ئەم واقیعە بێت.

ئەوكاتەی باسی دابەشكردنی دەسەڵات دەكرێت، پێویستە پارتەكان باس لە دابەشكردنی پۆستەكان نەكەن لە نێوانیاندا. لەراستیدا گفتوگۆكردن سەبارەت بە پۆست و خەڵك پێویستە لە كۆتاییدا ئەنجامبدرێن.

گفتوگۆكان دەبێت لە دیدگەیەك سەرچاوە بگرێت كە بۆ داهاتوو و سیاسەت و چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەت بێت. ئەوكاتەی ئەم گفتوگۆیانە تەواوبوون، پارتەكان دەتوانن بڕیاربدەن ئایا بەشداردەبن یان نا.

 هەردوو سیناریۆكان رووی ئەرێنی و نەرێنیان هەن. حكومەتێكی نیشتیمانی ترسی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی بەغدای هەیە. ئەگەر ئەم چارەسەرە بەسەر ئۆپۆزیسیۆن بسەپێنرێت، ئەوا ترسی پەڕلەمانێكی دیكەی تەوژماوی و بە شەڕە دەبە دروست دەبێت. هەرچەندە زۆربەی لایەنەكان داوای حكومەتێكی نیشتیمانی دەكەن، بەڵام لەوانەیە ئاسان نەبێت حكومەتێكی لەو جۆرە پێكبهێنرێت.

 هەرچەندە ئەنجامی دانوستاندنە سیاسییەكان نازانرێت، بەڵام هەندێك یاسا هەن پڕۆسەكە دەچەسپێنن، یەكەم: هیچ لایەنێك لەرووی جوگرافی و دیموگرافییەوە زۆرینە نییە. دووەم: رێكخستنی پەنجا بە پەنجا كۆتایی هاتووە. هەروەها سێیەم: هەولێر هەولێرە و بەغداش بەغدایە.