داهاتی نەوتی كوردستان چی لێدێت؟


بەپێی نەخشەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بڕی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان ئێستا دەبێت یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بێت بەبێ‌ كەركووك، بەم شێوەی خوارەوە:

تاوگێ‌: یەدەگی هەناردەكردن  لە 2015دا 150.000 لە رۆژێكدا ، كۆمپانیای كاركەر(dno)

سەرسنگ: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 50000 بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر (hkn)

ئەتروش: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا  50.000 بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر (taoa)

شێخان: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا   150.000   بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیا كاركەر( كولف كیستون)

ئاكرێ‌- بجیل: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 150.000 هەزار لە رۆژێكدا، كۆمپانیا كاركەر (mol)

بەردەرەش: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیا كاركەر(afren)

بنەباوی: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 50.000بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، كۆمپانیا كاركەر(mov)

تەق تەق: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 175.000بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر( گەنەڵ ئەنێرجی).

میران:یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 30.000  بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر گەنەڵ ئەنێرجی

تۆپخانە: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 30.000 بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر تالیسمان.

كوردە میر: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 40.000 بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر تالیسمان

گەرمیان: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 50.000 بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەكەر، ویستن زاگرۆس

كۆرۆمۆ: یەدەگی هەناردەكردن لە 2015دا 15.000 بەرمیل لە رۆژێكدا ، كۆمپانیای كاركەر دانا غاز .

خورمەڵە: یەدەگی هەناردەكرد لە 2015دا 150.000 بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر كارگروپ.

هەرچەندە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ ئەم كێڵگە نەوتییانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، درووشمی بەرەو یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، ئێستا كە لە كۆتایی 2015 نزیك دەبینەوە ئاستی بەرهەمی ئەم كێڵگانە نزیكەی 700  هەزار بەرمیلە.

ئەوەی دەبێتە هۆی تێپەڕاندنی یەك ملیۆن بەرمیل بۆ هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئاماژەی پێنەداوە، 410 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك بەم شێوەیە:

ئاستی بەرهەمی رۆژانەیان بەم شێوەبوو

97 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە بابەگوڕ گوڕ، كۆمپانیای كاركەر (نەوتی باكورە).

 42 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە جەمبور، كۆمپانیای كاركەر،( نەوتی باكورە).

 26 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە خەباز، كۆمپانیای كاركەر( نەوتی باكورە).

بای حەسەن 170 هەزار بەرمیلی رۆژانە، كۆمپانیای كاركەر( كارە).

 ئاڤان 90 هەزار بەرمیلی رۆژانە، كۆمپانیای كاركەر( كارە).

كۆی گشتی: 425 هەزار بەرمیلی رۆژانە، دەكرێت تا 15 هەزار بەرمیل كورتبكات و ئەم زانیاریانە لە ئەندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكور وەرگیراوەو بڕی بەرهەمی نەوتی ئاڤاناو بای حەسەن، هی پێش شەڕی داعشە، چونكە پێش ئەوكاتە ئەو دوو كێڵگە لەدەست كۆمپانیای نەوتی باكوردا بوو، بەڵام لە ئێستادا كۆمپانیای كارو لیوای نەوت و گاز لەو ناوچەیەن.

- بەگشتی، بەنەوتی كەركووك و هەرێمی كوردستانەوە، بەرهەمی نەوتی نزیكەی یەك ملیۆن‌و 100 هەزار بەرمیلەو بەتەواوی ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، دەكرێت هەندێك جار بەهۆی گرفتەوە تاوەكو ئاستی یەك ملیۆن كەمببێتەوە.

پارەی نەوت چی بەسەر دێت؟

بەپێی یەك بە یەكی كێڵگەكان، ئاستی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك لە سێ‌ مانگی رابردوودا زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بووەو هەمووی لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا بووە، فرۆشتنی ئەم نەوتە دابەش بووە بەسەر سێ‌ بەشدا:

یەكەم: فرۆشتنی نەوت لە رێگای بۆری، بەرۆژانە تێكڕا 620 هەزار بەرمیلە، 300 هەزاری هی پێنج كێڵگەكەی كەركووكەو 320 هەزاری هی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانە.

دووەم: پاڵاوتنی نەوت لە ناوخۆدا، 120 هەزار بەرمیل لە پاڵاوگە مۆڵەتدارەكانی بازیان و كەڵەك دەپاڵێورێت‌و نزیكەی 40 بۆ 50 هەزار بەرمیلیش بۆ پاڵاوگە بێ‌ مۆڵەتەكانە.

سێیەم: ئەوەی دەمێنێتەوە بە تانكەر دەڕوات‌و ئەستەمە ئەم رێژەیە بە وردی دیاریبكرێت، لەبەر ئەوەی لە چەندین شوێنی جیاوازەو رێكنەخراوەو ناڕوونە، بۆنموونە رۆژانە تەنیا لە مەرزەكانی باشماخ و پەروێزخان نزیكەی 1000 تانكەر دەڕواتە دەرەوە.

پارەكە چەندە؟


بێگومان، نرخ و پارەی ماوە لەو نەوتەی بەتانكەر دەڕوات یان لە ناوخۆدا دەپاڵێورێت جیاوازە لەوەی بە بۆری دەڕوات.

ئەگەر تێكڕای پارەی ماوە بە بۆری ئەژماربكەین و نرخی بەرمیلێك بە 35 دۆلار بخەمڵێنین، 651 ملیۆن دۆلار دەكات.

تێكڕای تانكەرو پاڵاوتن بە 30 دۆلار بخەمڵێنین، كە ئەگەر ئاستی بەرهەمی نەوتی كەركووك و كوردستان یەك ملیۆن بەرمیلیش بێت، كەواتە:380 هەزار بەرمیل بە پاڵاوتن و تانكەر دەڕوات، بڕی پارەكە دەكاتە 342 ملیۆن دۆلار.

كەواتە: بەلای كەمەوە داهاتی مانگانەی نەوت 993 ملیۆن دۆلارەو پارەی پێویستیش بۆ مووچە 700 ملیۆن دۆلارە، ئەی كەواتە بۆ مووچە نادرێت؟.

بۆ ئەم لێكۆڵینەوە، سێ‌ مانگم وەك نموونە وەرگرتووە كەچەند پارەی ئەم نەوتە گەڕاوەتەوە؟

لە مانگی هەشتدا، 422 ملیۆن دۆلار دراوە بە مووچە جیاوازی لەگەڵ داهاتی فعلی كە نزیكەی 993 ملیۆن دۆلار، بڕی پارەی دیار نەبوو 571 ملیۆن دۆلارە.

لە مانگی نۆدا، بڕی 408 ملیۆن دۆلار دراوەتە مووچە، بڕی پارەی دیارنەبوو، 508 ملیۆن دۆلارە.

لەمانگی یازدەداو ئەو پارەی تاوەكو ئێستا دابەشكراوە، نزیكەی 450 ملیۆن دۆلارە، ئەوەی دیارنییە نزیكەی 453 ملیۆن دۆلارە.

واتە بەگشتی مانگانە نزیكەی 500 ملیۆن دۆلاری ئەم پارە دیارنییە.

ئەگەر، سەلماندنی دیارنەبوونی ئەم پارەیە بەشێوەیەكی دیكە بكەین و مانگی نۆ وەك نموونە وەربگرین، ئەو پارەیەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان داویەتی بە وەزارەتی دارایی 408 ملیۆن دۆلارەو پارەی تەنیا 342 هەزار بەرمیل نەوتە، لەكاتێكدا ئاستی بەرهەمی نەوت كە سەلمێندراوە یەك ملیۆنە، ئەی پارەی 658 هەزار بەرمیلەكە چی لێهات؟

لەو سێ‌ مانگەی كە من وەك نموونە وەرمگرتووە بۆ هەر مانگێك نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار نادیارە.

نەوتی كەركوك
گرفتی حكومەتی ناوەند و هەرێم..


بڕی بەرهەمی هەر پێنج كێڵگەكەی پارێزگای كەركوك 410 هەزار بەرمیلە، ئێستا كۆی گشتی ئەم نەوتە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانەو خەرجی و مووچەی كەركوكیش بە كۆمپانیای نەوتی باكوریشەوە كە هەرێم نەوتەكەی دەفرۆشێت حكومەتی ناوەند دابینی دەكات.

ئێستا حكومەتی عێراق نەوتی كەركووك بە هی خۆی دەزانێت‌و بەهەرێمی كوردستان دەڵێت: 17% خەرجی عێراق پاش دەرهێنانی خەرجییە سەروەرییەكان وەربگرە بەمەرجێك 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوكم بۆ رەوانە بكە لەگەڵ 250 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان.

ئەگەر بودجەكە بە وردی بخوێندرێتەوە، هەرێمی كوردستان لە باشترین حاڵدا 550 هەزار بەرمیلەكەش وەك خۆی رەوانە بكات 650 ملیار دینار زیاتر وەرناگرێت، چونكە 17% پاش دەرهێنانی خەرجی سیادی و حاكیمەو دانەوەی قەرزەكانی عێراقە، ئەوەی هەیە لە واقعدا هەرێمی كوردستان 11% فرۆشتنی نزیكەی 3 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل وەردەگرێت كە 7 ملیار دۆلار دەكات بۆ هەر مانگێك نزیكەی 650 ملیار دینار دەكات پشكی هەرێم، بەمەش هەرێمی كوردستان ناتوانێت تەنیا مووچەش دابین بكات، كە 868 ملیار دیناری پێویستە.

 ئەو كات هەرێمی كوردستان دیسانەوە خۆی سەربەخۆ نەوتی كەركووك و هەرێمی كوردستانیش دەفرۆشێت، بەمەش ناكۆكییەكان قوڵتر دەبێتەوە بە تایبەت لەسەر نەوتی كەركووك.

 حكومەتی عێراق سێ‌ بژاردە دەكەوێتە بەردەمی:

یەكەم: رێگریكردن لە فرۆشتنی نەوتی كەركوك، پێموانییە بتوانێت ئەم رێگرییە بكات بەبێ‌ رەزامەندی پارێزگاری كەركووك.

دووەم: بڕینی بەشە بودجەی كەركووك، هەرچەندە بارگرانی لە سەر هەرێمی كوردستان و كەركووك دورستدەبێت، بەڵام لە رووی سیاسییەوە خزمەتی گەورە بە كورد دەكات، بۆیە حكومەتی عێراق ئەمەش ناكات.

سێییەم: پەنابردن بۆ دادگا، پێموایە ئەم رێگا دەگرێتەبەر.

ئێستا گرفتەكە ئەمەیە..

سەلماندمان مانگانە 410 هەزار بەرمیل نەوت لە كەركووك بەرهەمدێت و هیچ بڕێكی ئەم نەوتە ئێستا نادرێتە حكومەتی عێراق، یەك دۆلاریش بۆ كەركووك و كەركووكییەكان خەرجناكرێت‌و ئەم پارەش بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرجنەكراوە، ئەی كەواتە بۆ كێ‌ بووەو كێ‌ بەرپرسە؟ چونكە سەلمێندرا مانگانە نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار نادیارە.

پارێزگاری كەركووك و ئەنجوومەنی پارێزگاش، دەڵێن: چی دیكە قبوڵ ناكەین ئەم غەدرە لە كەركووك و كەركووكییەكان بكرێت.

ئایا بەمشێوەیە كەركووك دەگەڕێنینەوە سەر هەرێمی كوردستان، نەوتەكەیان هەمووی ببرێت و دینارێكیان پێ نەدەین؟

ئەگەر حكومەتی عێراق، وەك كاردانەوە مووچەو بودجەی كەركوكی بڕی پلانی هەرێمی كوردستان چییە؟

پارەی نەوت لە كوێییە؟

كۆی پارەی نەوت، ئەوەی بە بۆڕی دەفرۆشرێت، ئەوەی لەناوخۆدا بەكاردێت‌و داهاتی تانكەر دەگەڕێتەوە بۆ بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی، كە بانكێكی كەرتی تایبەتە!!

بۆنمونە داهاتی رۆژانەی فرۆشتنی بەنزین كە نزیكەی 2 ملیۆن دۆلارە لەسەرجەم ناوچەكانی كوردستانەوە كۆدەكرێتەوەو دەهێندرێتەوە بانكی كوردستان، كۆی داهاتی بەرهەمە نەوتییەكان مانگانە نزیكەی 100 بۆ 120 ملیۆن دۆلارە دێتەوە بانكی كوردستان.

ئەو نەوتەی لەرێگای بۆری دەفرۆشرێت‌و بە دۆلار دەگەڕێندرێتەوە بانكی كوردستان‌و پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پارەكەش لە دۆلارەوە بۆ دینار هەر بانكی كوردستان بەبێ‌ كێبڕكێ و بەنرخی بانكی ناوەندی وەریدەگرێت‌و قازانجی مانگانەی لەنێوان 25 بۆ 30 ملیۆن دۆلارە.

واتە: دەتوانین بڵێین كۆی پارەی نەوت لە بانكێكی ئەهلی دادەنرێت‌و ئەمەش گەورەترین زیانە بە بانكەكانی حكومەت دەگەیێنێت‌و گەورەترین قازانج و قۆرخكارییە بۆ بانكێكی ئەهلی!!!