ژیان لەگەڵ شێرپەنجەدا

 
"بەهۆی شێرپەنجەوە کۆچی دواییکرد"، دوێنێ لە میدیاكانه‌وه‌، به‌م سەردێڕه‌ کورت و پوخته‌ زانیم بەشدار سامی شاعیر کۆچی دوایی کردووە.
 
من لە ژیانمدا بەر شیعری بەشدار نەکەوتووم، ناشزانم کە ئایا دوای کۆچەکەشی هەرگیز دەپڕژێمە سەر خوێندنەوەی شیعرەکانی یان نا؟ بەڵام بە دەست خۆم نییە، بە هەواڵی مەرگی هەموو ئەو کەسانەی کە لەناو جوانیدا کار دەکەن وەڕز دەبم، بەڵام وەڕزبوونەکەى ئەم جارە هەر بۆ خودی گەنجێتی و شاعیربوونی بەشدار سامی نەبوو، بەڵکو بەشێکی زۆریشی پەیوەست بوو بەو مامەڵە نادروستەی کە میدیای ئێمە لەپاڵ مەرگ و داڕشتنی هەواڵی مەرگدا دەیکات.
 
هەموو هەواڵێکی میدیایی چیرۆکێکە بۆ خۆی. کاتێک دەنووسرێ کەسێک "بە شێرپەنجە مرد"، بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت میدیا خەریکی نووسینەوەی چیرۆکێکە. چیرۆکێک، کە تێیدا شێرپەنجە دەبێتە کارەکتەری سەرەکی و کەسی نەخۆشیش دەبێتە کارەکتەرێکی نادیار و سێبەر. ئەم جۆرە لە چیرۆکخوانییە لە هەوڵی پیشاندان و گواستنەوەی ئەو دیمەنەیەدایە، کە شێرپەنجە لە ناکاو دێت و دەبێتە هۆی مەرگی کەسەکە. ئیدی بەم داڕشتنەی هەواڵە، مەرگ دەبێتە کۆتاییەکی حەتمی و کەسی نەخۆشیش دەکەوێتە پشتی چیرۆکەکەوە.
 
ئەمە جۆرە لە داڕشتی هەواڵ تراژیدیایەکی پەتییە، سەر بە میدیایەکە کە وشیار نییە بە ئاکاری گێڕانەوە. سەر بە میدیایەکە، کە خەریکی بڵاوکردنەوەی بێهوایی و لە پەلوپۆخستنی بڕستی مرۆڤە بۆ گەشتی رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەیە. بۆ یەک چرکەسات بیهێنە بەرچاوت، کە تۆ ئێستا نەخۆشی لە نەخۆشخانەی نانەکەلی، یان لە نەخۆشخانەی هیوا خەریکی وەرگرتنی چارەسەریت، گوێبیستی ئەو دێڕە دەبیت "بە شێرپەنجە مرد"، بەڕاست تۆ ئەم هەواڵە هەروا بەسانایی وەردەگری؟ یان بەبێ ویستی خۆت دەچیتە ژێر رکێفی هێزی گێڕانەوەی هەواڵەکە؟ 
 
گرفتی سەرەکی ئەم جۆرە لە گێڕانەوە، برەودانە بەو گوتارە گشتییەی کە شێرپەنجە وەک چیرۆکێکی پێشوەخت زانراو دەخاتە روو. لەوەش خراپتر ئەم جۆرە لە گێڕانەوەیە ناکارییە، پڕیەتی لە پەلە پەل و خوا خوایەتی بگاتە کۆتایی گێڕانەوەکەی کە نمایشکردنی مەرگی کەسەکەیە.
 
پیشاندانی کەسی نەخۆشە وەک ئەوەی کە لەسەر هێڵێکی سەرەو خواربێت و بەرەو مەرگ لێنیشتبێت. ئەم پەلە پەلە بۆ گەیشتن بە کۆتایی، بە سێبەرخستنی ژیانی کەسی نەخۆشە، کورتکردنەوەی کۆی ژیانی کەسەکەیە بۆ نەخۆشی، نادیدەگرتنی کۆی ئەزموونی چارەسەرکردن و هەوڵی چاکبوونەوەی کەسەکەیە، پیشاننەدانی کۆی رۆژە باش و خراپەکانی کەسەکەیە، تۆمارنەکردنی ساتەکانی نائومێدی و ساتەکانی دڵشادی و ساتەکانی سەرقاڵبوون بە کار و داهێنان و پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ ئەوانی دیکە. کاتێک میدیا ئەم ئاکارە لە گێڕانەوە پشتگوێ دەخات، بەبێ ئاگاداری خۆی گوتارێکی کولتووری بەهێز دەخاتە سەرڕێ، کەوا دەکات کەسانی تووشبوو بە شێرپەنجە وا وێنای خۆیان بکەن وەک ئەوەی کە لە ئێستاوە لەژیاندا نەماون.
 
میدیای وشیار بە شێرپەنجە پێویستی بە باسنەکردن و دوورکەوتنەوە لە هۆکاری مەرگ نییە، پێویستی بەوەش نییە نکۆڵی لە بوونی شێرپەنجە بکات، بەڵکو پێویستی بەوەیە وشیار بێت بەوەی کە ئەو زمانەی هەواڵی مەرگی کەسێکی پێدەنووسێت بەشدارە لە باری دەروونی هەموو ئەو کەسانەی ئێستا لە گەشتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییەدان. 
 
چیرۆکی کەس لەگەڵ شێرپەنجەدا چیرۆکی مردن نییە، بەڵکو چیرۆکی ژیانە لەگەڵ شێرپەنجەدا، چیرۆکی ئەو ساتانەیە، کە بۆ یەکەم جار لە دەمی پزیشکێکەوە دەیبستین، کە ئێمە شێرپەنجەمانە، چیرۆکی نادڵنیایی مانەوەی دوورودرێژی ناو نەخۆشخانەکان و وەرگرتنی چارەسەرییە، لەپاڵ ئەوەشدا چیرۆکی بەردەوامی و نووسین و کارکردن و خۆشەویستییە، چیرۆکی گەڕانەوەیە بۆ ماڵەوە و باوەشکردنە بە خێزان و منداڵ و هاوڕێ و ئازیزەکانمان، چیرۆکی تۆمارکردنی یادەوەرییە لەناو ژیاندا. ئەمەش دواجار چیرۆکی مرۆڤە، کە دەشێت هەر ساتێک لە ساتەکان کۆتایی پێبێت، تەنانەت ئەگەر شێرپەنجەش نەبێت.