حیزب لە كوردستان ئیشی چییە؟
لەوانەیە حیزب و حیزبایەتی لە كوردستان، پاش چەند ساڵێكی دیكە بگاتە سەرەتای قۆناغێكی تەندروست. دەمەوێت راشكاوانە لەوەی كە گوتراوە بڵێم: ئەگەر وەزیفەی حیزب لەناو دەسەڵات یان لە دەرەوەی دەسەڵات بریتی بێت لە قسەكردن و هەڵوێست وەرگرتن و بڕیاردان لەسەر سێ شتی بنەڕەتی كە بریتین لە: (شەڕ، ئاشتی و خزمەتگوزاری)، ئەوە كام حیزبەیە لە كوردستان ئەم رۆڵە دەبینێت و جەماوەر شایەتی بۆ دەدات و رۆژانە بڕیار و هەڵوێستەكانی لە ژیانی خەڵك و حوكمڕانیدا بەرجەستە دەبێت؟
حیزب كاتێك بوونی راست و دروستی هەیە، بۆ هەر هەنگاو و بڕیارێك لەسەر شەڕ بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و ئەگەر شەڕی چارەنووسساز و یەكلاكەرەوەش بێت، لەوانەیە پێویست بە گشتپرسیش بكات، چونكە ئەم جۆرە شەڕانە پەیوەندییان بە ژیانی ئەمڕۆ و ئایندەی هەموو تاكێكەوە هەیە.
كەواتە پێویستە هەمیشە حكومەت و پەرلەمان و خەڵك لەسەر هێڵی گەرم بن، ئەگەر بۆ شەڕی نەخوازراو و بەرگری یان بۆ شەڕی سەندنەوەی ماف و ئازادیە، یاخود بۆ ئاشتیی نێوخۆییە، یان بۆ ئاشتی و رێككەوتنە لەگەڵ دراوسێ یان دوژمن یان بۆ خزمەتگوزارییە (ئەو خزمەتگوزاریانەی كە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بەڵێنی جێبەجێكردنیان دەدرێت و حیزبەكانی پێ دەچێتە پەڕلەمان و حكومەتی پێ دروست دەكەن).
ئەمڕۆ چی دەگوزەرێت و ئەگەرەكان چین؟
ئەمڕۆ پەڕلەمان بوونی نییە و حكومەتێكی ئیفلیج و بێ دەسەڵاتیش هەیە، خەڵك لە چاوەڕوانیی باشبوونی دۆخەكە و چاككردنەوەی مووچە و بودجە و گەرمكردنەوەی بازاڕ و دەستپێكردنەوەی خزمەتگوزارییەكاندان ، ئەمڕۆ خەڵك و جەماوەر خەمی حزب و سیاسەت بەلایەوە زۆر گرنگ نییە و لە زۆربەی یاری و موزایەداتەكانیش تێگەیشتوون.
ئەگەر و سیناریۆكانی پاش مووسڵ و داعشیش ئەمانەی خوارەوەن:
گەیشتن و نەگەیشتنی حیزبەكان بە دەرئەنجامێك كە زۆرتر لەوە دەچێت نەگەنە ئەنجامێكی كۆنكرێتی و كۆدەنگی.
راگەیاندن و رانەگەیاندنی ریفراندۆم یان دەوڵەت بەبێ ریفراندۆم و ئەگەری راگەیاندنی یەكلایەنە هەیە بەبێ گەڕانەوە بۆ پەڕلەمان و جەماوەری سەرتاسەری، بە پاساوی ئەوەی نە حیزبەكان كۆدەنگ دەبن و نە جەماوەری سەرتاسەری داوا دەكات و نە عێراقیش ئەو دەوڵەتە دەستوورییەیە كە داوای لێبكرێت دەستووریانە وەڵام بداتەوە.
جەدەلی پێش ئازادكردنی مووسڵ، بەوپێیەی مووسڵ خاوەنی زۆرە و سەرەتای قۆناغی دووەمی عێراقی نوێ پاش مووسڵ دەستپێدەكات، ئەو قۆناغە نوێیەش ئەم ئەگەرانەی خوارەوەن.
یەكەم: دەستپێكردنی هەنگاوە پراكتیكییەكانی بە هەرێمكردنی مووسڵ و پارێزگا سوننەنشینەكانی دیكە.
دووەم: هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا و داواكردنەوەی ویلایەتی مووسڵ، یان لانیكەم كوێخایەتیكردنی ناوچەكە .
سێیەم: پەلاماردان لەلایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە بۆ مووسڵ پاش ئازادكردن، بەبیانووی پاراستنی سیادەی عێراق و بە مەبەستی رێگرتن لە دروستكردن و راگەیاندنی هەرێمی سوننە .
چوارەم: گەیشتنەوە بە هەموو ناوچەكانی ماددەی 140 لەلایەن كوردەوە و راگەیاندنی جوگرافیای كوردستان و دەوڵەتی كوردستان.
پێنجەم: ئەگەری مانەوەی سوپای ئەمریكی و هاوپەیمانەكانی و رێگرتن لە هەر چوار خاڵەكەی سەرەوە.
پرسیارەكە دووبارە دەكەینەوە: حیزبە كوردستانییەكان چ بڕیار و هەڵوێستێكیان وەرگرتووە لەم بارەیەوە؟
ئەگەر پەڕلەمان ئەمڕۆ قسە و هەڵوێستێكی نەبێت لەم ئەگەرە چاوەڕوانكراوانەدا، كە بێگومان هەندێكیان ڕوودەدەن، ئەی ئیتر لە ئایندەدا كوردستان حیزب و پەڕلەمانی بۆچییە؟!
كەواتە یان دایخەن یان چارەسەرێك بدۆزنەوە پێش ئەوەی بوون و كیانی حیزب بچێتە ریزی هاووڵاتییەكی سادە و پەڕلەمانیش بوون و نەبوونی یەكسان بێت.
*سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی