قەیرانی رەخنە لە ئەدەبیاتی کوردیدا

یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی ئەدەبی کوردی نەبوونی رەخنەیە، رەخنە بەمانا زانستییەکەی کە ئێستا لە نێو ئەدەبیاتی کوردیدا نییە، ئەدەبی کوردی بە گشتی لە قەیراندایە، قەیرانێک کە هەموو کایەکانی بواری رۆشنگەری گرتووەتەوە و ئەدەبیاتی کوردی بە هەموو ژانرەکانی بە بۆشاییەکی گەورەدا تێدەپەڕێت و نووسەر و خوێنەرەکانیشی بێدەنگ کردووە.

 ئەدەبیاتی کوردی لەسەر هێڵی هەژاری ئاسۆی گرتووە، لەدوای ڕاپەڕینەوە بەگشتی و لەدوای ساڵی 2003 بەتایبەت، قۆناغێکی باشی تێپەڕاند لە بواری نووسین و چاپکردنی کتێب کە بەئەندازەیەک کتێب لە بوارەکانی شیعر، چیرۆک، رۆمان و خوێندنەوە و شیکاری دەقی ئەدەبی، کتێبخانەی کوردیی قەرەباڵخ کرد، بەڵام هەموو ئەو کتێبە چاپکراوانە بە بێدەنگی تێپەڕین و ئەوانەی لەبواری رەخنە کاردەکەن و دەنووسن، کەمتر وەک ئەوەی پێویست بوو، فریای کتێب و دەقە ئەدەبییەکان کەوتن.

 لەنێوەندەکانی نووسەران و قاوەخانە کولتووری و ئەدەبییەکاندا، جار جار، کۆڕ و سیمینار رێکدەخرێن و هەوڵ دەدەن کە لەپاڵ سازدانی کۆڕی شیعری، کۆڕێک بۆ ڕەخنە لەبارەی دەقە ئەدەبییەکان رێکبخەن، بەڵام رەخنەگرتن بۆ دەقە ئەدەبییەکان شەرمن و هەژارانە بەڕێوەدەچن و نەیانتوانی شوێنی خۆیان لە نێوەندی ئەدەبیدا بکەنەوە، هاوکات ناوەندە ئەکادیمییەکانی وەک زانکۆ و  کۆلێژە تایبەتەکانی وەک زمان و ئەدەبیات ئەوانیش هێندەی بە نمایشی دەقە ئەدەبییەکان و رێکخستنی دەقی شیعرییەوە سەرقاڵن، رەخنەیان بیرچووەتەوە و خۆیان لە بابەتی رەخنە و رەخنەکاری نادەن.

 بەکورتی ئەوەی لەم نووسینەدا مەبەستمە ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە ئایا کورد رەخنەگری نییە؟ ئایا ئەدەبیاتی کوردی لەکوێی ئەدەبیاتی وڵاتانی دراوسێ و جیهاندایە؟ ئەدەبیاتی کوردی لە نەبوونی رەخنەی جددیدا دەگاتە کوێ؟ ئەم پرسیارانە دەبێت ئەو ئەکادیمیانە وەڵامی بدەنەوە کە دەیان ساڵە لە نێوەندەکانی زانکۆدا زانستیانە بۆیان خوێندووە کەچی یەک وشەی لەبارەوە نانووسن و هیچی لەبارەوە ناڵێن، ساڵ نییە لە نێوەندەکانی زانکۆدا، بڕوانامەی باڵای وەک ماستەر و دکتۆرا لەبواری ئەدەبیاتدا نەبەخشرێت، کەچی وەک بڵقی سەر ئاوی لێ دێت و رۆژ بە رۆژیش دۆخی ئەدەبیاتی کوردی بەرەو خراپتر دەچێت.

 ئەوەی تاوەکو ئێستا لەبارەی دەقە ئەدەبییەکانەوە نووسراوە بەناوی ڕەخنە، شێوازی نووسینەکان زمانێکی ڕۆژنامەنووسیانە بووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرەتا بڵاوکردنەوەی دەقە ئەدەبییەکان و رەخنە گۆڤار و رۆژنامەی تایبەت بەخۆی نەبووە و بەشێکی زۆر لەو نووسەرانەی کە خوێندنەوە یان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەقە ئەدەبییەکان کردووە، ڕۆژنامەنووس بوون و بە زمان و شێوازی رۆژنامەنووسیانە خوێندنەوەیان کردووە و بەڕەخنە ئەژماریان کردووە، ئەو جۆرە شێوازی نووسینە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، هاوکات بەشێکی زۆری ئەو خویندنەوانەش بە عەقڵێکی مەنتیقی و زانستیانە نانووسرێن و میزاجین.

 ئەگەر رەخنەکارانی ئەدەبیی کوردی بەجددی هەوڵیان بدایە و  کاریان لەسەر دەقەکان بکردایە، رەوشی ئەدەبی بە ئێستا نەدەگەیشت، هیچ نەبووا دەیانتوانی  سنوورێک بۆ ئەو هەموو بەناو شاعیرە دابنێن کە  قسە بەناوی شیعر بڵاودەکەنەوە و کۆوارەکانیان داگیرکردووە، هیچ نەبووا دەیانتوانی دوو سێ سەربوردە هەڵوەشێننەوە کە بەناوی چیرۆکەوە بڵاو و چاپ دەکرێن، رەخنەگران و ناوەندەکانی زانکۆ کە تایبەت لەسەر ئەدەبیات کاردەکەن، دەبوو ئەو ئەمانەتە ئەخلاقی و پیشەییە لەئەستۆ بگرن و نەهێڵن ناهەقی بەرامبەر شیعر و چیرۆک بکرێت و رێگە نەدەن خوێنەری کورد بە هەڵە رەنگەکان ببینێت و سوورمان بە ڕەش نیشان نەدەن.

بەرپرسیارێتی گەورە لە دروستبوونی قەیران لە نێو ئەدەبیاتی کوردی و نەبوونی ڕەخنە بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی ئەو مامۆستایانەی کە لە کۆلێژەکانی ئەدەبیاتی زانکۆکانی باشووری کوردستان کاردەکەن و کار و پیشەیان تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و رەخنە و فەرامۆشیان کردووە، لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا هێندەی سەرقاڵی ئەدەبیاتی کلاسیکی و شاعیرە کلاسیکییەکانن، ئەگەر نیوەی ئەوەیان بۆ بنەماکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخ و تەکنیکی نوێی نووسینی شیعر و چیرۆک و رۆمان تەرخان کردبایە ئێستا ئەدەبیاتی کوردی هەژار نەدەمایەوە و هەنگاوێک دەچووە پێشەوە، ناهەقییەکی زۆر لەبەرامبەر ئەدەبیاتی هاوچەرخ کراوە کە ئێستا لە جیهاندا گرینگییەکی زۆری پێدەدرێت و هاوکات ئەدەبیاتی کوردی لە نێو ئەدەبیاتی هاوچەرخدا هیچ بەهاو  پێگەیەکی بۆ نەماوەتەوە و بووەتە قوربانیی دەیان و سەدان رەخنە و لێکۆڵینەوەی کلاسیک و سواو.

 ئیدی کاتی ئەوە هاتووە، ناوەندە ئەکادیمییەکان چیدی خۆیان بە پێدانی ماستەر و دکتۆرا بۆ ئەدەبیاتی کلاسیک تەرخان نەکەن و فریای ئەدەبیاتی هاوچەرخ بکەون. ئەو نەوەیەی ئێستا هاتووەتە پێش و خەریکی ئەدەبیاتە، بە ڕەخنە و لێکۆڵینەوەکانیان ئاشنایان بکەن و لەبارەی شێوازەکانی نووسینی دەقی هاوچەرخ و میتۆدە نویێەکانی ئەدەبیات شتێک بڵێن  و بنووسن، لەبری ئەوەی  دکتۆرا لەسەر راستکردنەوەی پیتی ناوێکی شاعیرێکی کلاسیک ببەخشنەوە ، هەوڵ بدەن بەناو و بەرهەمی دەیان و سەدان ئەدیبی هاوچەرخ نەوەی نوێ ئاشنا بکەن، کاتی ئەوە هاتووە قەیرانی ئەدەبیاتی کوردی و رەخنە چارەسەر بکەن و خوێنەر ئاشت بکەنەوە.