بێهاوتاترین تەوقەی ماڵاوایی!
رووداو - هەولێر
وێڕای ئەوەی شاهۆ لاقێكی لەولای خۆیەوە پەڕیوە و خۆیشی لەنێو خوێنی خۆیدا گەوزاوە.. تەنانەت ناشتوانێت بەتەواوی هەناسە بدات.. هەر كە برادەرەكانی لە دامێنی تەپۆڵكەكەوە دەبینێت هەوڵ دەدەن بگەنە فریای، تكایان لێدەكات...
- سامان گیان.. نەبەز گیان.. تكاتان لێدەكەم.. لێمگەڕێن.. با وەك منتان بەسەر نەیەت.. بەساقەتان بم.. سوپاستان دەكەم.. تخوا با هیچ نەبێت بەدڵنیاییەوە بمرم.. سامان.. تكایە.. ئەم ناوە هەرهەمووی بە مین چێنراوە.. تكایە سامان.. من تازە تەواو.. با.. با.. سامان ئەوە چی دەكەیت! سامان من تەواوبووم..
سامان خۆی پێناگیرێت شاهۆ بەو ئازار و زەلیلییە ببینێت.. هەردەبێت فریای بكەوێت..
- كاكە شاهۆ! ورەت بەرز بێت.. بەرگە بگرە.. من ئەم بزنەم وەپێش خۆم خستووە.. خەمی منت نەبێت.. بە وریاییەوە پێ لە جێپێكانی دەنێم و.. زۆر جوان جێپێكانی لەنێو قوڕەكە دیارە.. هەردەبێت بگەمە لات.. ئەوسا بەكۆڵیش بێت دەتگەیێنمە شوێنێ چارەسەرت بكەن..
- سامان گیان من نامەوێت بژیم
جەزای برادەریان شارەزای جۆرەكانی مین بوو.. هاواری لە سامان كرد
- ئەو تۆ شێت بوویت.. ئەو مینانەی ئێرە بۆ ئاژەڵا نین.. تایبەتن بە مرۆڤ..
سامان بێگوێدانە قسەكانی جەزا بە وریاییەوە پێی لە چاڵە قوڕینە چكۆلەكاندا دادەنا.. هەموو بە ترس و ئومێدەوە لەبەر لێزمە بارانەكە چاومان بڕیبووە جێپێكانی بزنەكە و سامان.. لەو كاتەدا سامان بەخۆشییەوە بە شاهۆی گوت...
- ئەها.. شاهۆ گیان! ئەم دوو سێ هەنگاوەم ماوە.. هەر دەستم پێت بگات..دەتگرمە كۆڵم و بەسەلامەتی هەر بەو رێگەیەدا دەتبە.......
لەناكاو زرمەی لێ هەستا و.. سامان بە تاكە قاچێكەوە لەگەڵا قوڕ و لیتەدا بەحەواوە بەردەبێتەوە.. هەركە دەكەوێتە سەر زەوی زرمەی دووەم دەیكاتە تەنیا جەستەیێكی بێ لاقی تەواو بە حەواوە.. خودایە ئێمە چی دەبینین! لەكەوتنی سێیەمدا زرمەو شڵپەی خۆی لەنێو قوڕاوەكەدا و دەستێكی بەحەواوە.. بەخولانەوە لەولای شاهۆوە دەكەوێت.. شاهۆ هەوڵدەدات هەرچۆنێ بێت ئەو دەستەی سامان بگرێت ناتوانێت.. جووڵەیەكی پڕئازاری بۆ دەكات..دەستی بۆ درێژ دەكات و.. هێشتا چەند سانتیمەترێكی ماوە.. هەوڵدەدات تاقە لاقەكەی لە قوڕەكە گیربكات.. وەلێ، دەخلیسكێت.. هەر كۆڵا نادات و جارێكی دی دوا وزەی خۆی بەئازارێكی زۆرەوە بۆ گیركردنی لاقی لە قوڕەكە.. دەستی پێدەگات و لمكێكی قۆڵی قەمسەڵەكە دەگرێت.. ڕایدەكێشێت و بە خوێنەكەوە دەینووسێنێ بەسنگییەوە.. بەوپەڕی بێهێزییەوە لێوەكانی بۆ بارانەكە دەكاتەوە.. تا چەند نمە بارانێ لێو و زمانی وشكەڵاتووی تەڕبكەن.
- سامانی ئازیز! برا دڵسۆزەكەم.. لێت پاڕامەوە.. ئامان نەكەیت.. تكایە لەم ناوە دووركەوە.. من تەواو.. ئەوا دوادیارییەكەتم پێگەیشت..
دەستی سامان لە قۆڵی قەمسەڵەكە دەردێنێت.. بە خوێن و قوڕەكەوە بەلێوییەوەی دەنێت.. ئەوجا توند بەنجەكانی دەگوشێت..
- سامان! ئەمە دوا تەوقەو دوا ماڵئاواییە...
شاهۆ دەم بۆ بارانەكە دەكاتەوە.. نم نم دڵۆپەكان دەبارێنە سەر لێوو نێو زاری.. شاهۆ نە دەبزێت و نە دەئاخڤێت و... دەمیشی بۆ نمە بارانەكان هەركراوەیە.
ئێمە تا ئەو كاتە سەرمان نەپەرژایە سەر سامان.. ئێستە بەتەواوی دەزانین سامان سێ پەلی لێبووەتەوە.. چاوانی بڕیوەتە شاهۆ.. لەبەرخۆیەوە.. بە ئازارەوە..
- شاهۆی برام ماڵئاوا.. ئازیزم ماڵئاوا.. كەمێ چاوەڕوان بە.. چەند خولەكێ و دەگەمە لات..
بەدەنگی بەرز..
- ناتوانم بەرگەی ئەم ئازارانە بگرم.. كاكە جەزا لەكوێیت.. ناتوانم بتبینم.. وەرە بەرامبەرم..
- كاكە سامان! ئەوەتام.. پێمگوتی وا لەخۆت مەكە.. بە قسەتـــــــ...
- كاكە جەزا! من نەمتوانی بەقسەت بكەم.. بەڵام تكایە تۆ بە قسەم بكە.. تۆ ئێستە دەتوانیت گەورەترین پیاوەتیم لەگەڵدا بكەیت..دەتوانیت لە چركەساتێكدا كۆتایی بە هەموو ئازارەكانم بێنیت.. كاكە جەزا! دەزانم چەندێ دەستڕاست و نیشانشكێنی.. تكایە تفەنگەكەت ئامادە بكە.. لای خۆتەوە نیشانە لە نێوچەوانم بگرەوە.. تەنیا یەك دوو فیشەك و بەس.. تا ساتێ زووتر لەم ئازارە ڕزگارم بێت.. دەتوانی ئەو پیاوەتییەم لەگەڵدا بكەی؟
- كاكە سامان! چۆن دە....
- جەزا ئەوەندە نامەرد مەبە! ئەوا تاریك داهات و بارانەكەش تادێت بەتینتر دەبێت.. لەم تاریكایی و شەستو ڕەهێڵەیەدا بەدیارمەوە چی دەكەن.. ها.. پێت خۆشە كەمێكی دی سەگ و گورگ بەدەورمدا بێن و بەزیندوویی هەریەكە لەلایەكەوە قەپاڵم لێگرن؟ ئەگەر ئەوەت پێخۆشە بێگومانم هاوڕێمان نیت و كابرایەكی نامەردیت.. چونكە دەتوانیت باشترین یارمەتیم بدەیتو گەورەترین پیاوەتیم لەگەڵ بكەیت، بەڵام وەك هەموو جەبان و خوێڕییەك ناتەوێت لەم زەلیلییەدا بەهانامەوە بێی.
- هاوڕێی ئازیزم.. ناتوانم.. نازانم چی بكە....
- دیارە ناتەوێت بە خۆشەویستی دواماڵئاواییم لێبكەن.. ناتانەوێ تاكە تكایەكم لێتان هەیە جێبەجێی بكەن.. تاكە هاوكارییەكی بچكۆلە.. دوا خواستم لێتان تەنیا ئەوەیە و بۆم ناكەن.. بڕۆن دووركەونەوە لێم! لەم ناوە مەمێنن.. بڕۆن ملتان بشكێنن.. نەمزانی جەزا هێندە نامەردیت.. هەتا هەتایە لێت خۆش نابم.. بمزانیایە ئەوەندە بێجەوهەرن ئەو هەڵەیەم نەدەكرد لێتان بپاڕێمەوە.. وامدەزانی برا و برادەری ڕۆژی تەنگانەن.. بڕۆن.. سەگ و گورگ ببینم بەزیندوویی بەم بێدەسەڵاتییەوە بمخۆن زۆر لەوە باشترە فەسساڵی ئێوە ببینم..
فرمێسكی چاوانی جەزا و هەردوو برادەرەكەی لەگەڵا دڵۆپی بارانەكە تێكەڵ دەبوون و بەسەر ڕوومەتەكانیانەوە وردە جۆگەلەی دەبەست.. جەزا تفەنگەكەی لەژێر قەمسەڵەكەیەوە دەرهێنا.. میلی ڕاكێشا.. پەنجەی بەسەر پەلەپیتكەیەوە بوو.. بە گریانەوە..
- سامان گیان! بەڕاستی تۆ پیاوێكی دلێر و جوانمەردیت.. هەرچییەكت پێگوتین هەمووی راست بوو.. بەڕاستی من زۆر لەوە جەبانترم گوللە بەتۆوە بنێم..
- جەزای برام دەی! دەی خێراكە...
- سامان گیان! ببوورە لێم..
ریزێ فیشەك بە ناوچەوانییەوە دەنێت و هاواری گریان و براڕۆی بەرزدەبێتەوە.
- لێم ببوورە سامانی برام.. بێ لێبووردنی تۆ دەبێت هەموو ژیانم بەدەم ئازار و ئەشكەنجەی ویژدانمەوە بتلێمەوە.
- ماڵا.. ئا.. وا.. جە..زای.. برا.......