هەڵبەستی جەنگ لە رۆژئاوای كوردستان
دیاردەیەكی نوێ نییە كە جەنگ ببێتە مژاری هەڵبەست، تابلۆ یان ژانرەكانی دیكەی داهێنان، لە هەوڵدانێكدا بە ئاراستەی بەدۆكیومێنتكردنی ساتی جەنگ و ئێش و ئازارەكانی.
لە مێژوودا جەنگ دیمەنی هەرە لەپێشی ژیان بووە، لە ئەنجامی ئەمەشدا مژاری هەرە لەپێشی هەڵبەستیش بووە، ئیلیادە و ئۆدیسە، لە سەردەمی هۆمیرۆسەوە بۆچوونەكانی ئێمە دەسەلمێنن، نەخشەكانی سەر دیوار نیشانی دەدەن كە جەنگ لای شێوەكار و پەیكەرسازەكان مژاری داهێنان و ئافراندن بووە. دەتوانین بڵێین جەنگ دوای ئاشنابوون بە شیعر مژارێكی سەرەكی بووە، جەنگ بە درێژایی كات نەوەستاوە، هەروەها شیعری جەنگییش نەوەستاوە.
چۆن دەتوانین هەڵبەستی جەنگ بناسێنین؟
لێرەدا ئێمەی كورد بە ناچاری بەرەوڕووی بەراوردكارییەك دەبینەوە، كاتێك شیعری بەرەنگاری تێكەڵی ئەم پرسە دەبێت، بە تایبەت كە هەڵبەستێكی بەهێز لە ئەدەبی كوردیدا لە رۆژئاوای كوردستان لەسەر دەستی هەڵبەستڤانانی وەك جگەرخوێن، عوسمان سەبری، تیرێژ، بێ بوهار، رەنجبەر و محەممەد عەلی حسۆ بەرەو لوتكەی خۆی هەڵدەكشێ، تاوەكو ئەمڕۆ كە هەڵبەستی هەرە بەربڵاوە.
نزیكایەتیی نێوان هەڵبەستی بەرەنگاری و هەڵبەستی جەنگی پەیوەستە بە كاتەوە، دوو شیعر لە هەمان سەردەمدا دەنووسرێن - لە سەردەمی جەنگدا- بەڵام بۆچوون و تێڕامانی جیاواز بە ئاراستەیەكی دیكەدا دەچێت، كە هەڵبەستی جەنگ دوای ئەوەی شەڕ كۆتایی دێت دەنووسرێ، بە بۆچوونێكی دی دەتوانین شرۆڤەی جەنگ بكەین كە هەڵبەستی جەنگ دووكەڵی دوای جەنگە، كاتێكە كە ئاگری جەنگ دادەمركێتەوە.
ئەم بۆچوونە لای ئێمە زۆر پەسەندكراو نییە، جیاوازیی نێوان ئەم دوو هەڵبەستەی جەنگ و بەرەنگاری بە جیاوازیی سەنگەر دەبینین، جیاوازیی زمان و ئامانج. كاتێك هەڵبەستی بەرەنگاری دەچێتە سەنگەرێكەوە لە دژی سەنگەرێكی دیكە، بەڵام هەڵبەستی جەنگی سەنگەری سێیەم هەڵدەبژێرێ و رۆڵی چاودێر دەبینێ، لە پاڵ مرۆڤەكانەوە دەوەستێ، لە بەرزەفتكردنی ئازاری جەنگ. بەپێچەوانەوە هەڵبەستی بەرەنگاری كە لایەنگری بەرزكردنەوەی ورەیە و شەڕ دەكات، بە زمانێكی جیاوازتر لە زمانی شیعری جەنگی، ئەو هەڵبەستەی كە زیاتر گازەندە دەكات، یان لەنێو ئاگری جەنگ و ئەو مردنەی لە جەنگ دەبارێ، پرسیار دەكات.
ئێمە وەها لە هەڵبەستی جەنگی دەڕوانین كە هەڵبەستێكە بۆ زیادكردنی دۆست و هاوەڵی مرۆڤدۆستانەیە، دۆستانی ئێش و ئازاری مرۆڤ، هەڵبەستی بەرەنگاریش هەڵبەستی دروستكردنی خوێنەرانی لایەنگری خودان و مژاری هەڵبەستەكەن.
ئێمە كاتێك هەڵبەستە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان بەسەر دەكەینەوە، دەبینین كە زیاتر هەڵبەستی بەرەنگارین تا هەڵبەستی جەنگی، كە پێویستیی ئێمە بە هەڵبەستی جەنگی وەك پێویستیی ئێمەیە بە دۆستان و بەڵگەكردنی ئەو ئازارەی لە جەنگ دەیبینین، مردن و ئەو ساتەی كە لەجەنگدایە دەشێ ئێستا هەبێت و ساتێكی تر نەبێت، بە مانایەكی تر جەنگ كە بێگومان داهێنراوی مرۆڤە، بەڵام بە ئاراستەی لەنێوبردنی مرۆڤە، بۆیە هەڵبەستی جەنگ لە دۆخێكی وەهادا دەگری، بەڵام هەڵبەستی بەرخودان قیژە و هاوار دەكات.