واتا و وەرگێڕان

(واتا و وەرگێڕان - لێکۆڵینەوەیەکی واتاسازی)، ناونیشانی نامەیەکی ماستەرە کە پەروین عوسمان لە ساڵی 2008 پێشکەشی زانکۆی کۆیەی کۆلێجی زمانی کردووە. توێژەر ئاستی واتاسازی لە کاری وەرگێڕاندا کردووە بە بنەمای کارەکەی. کەرەسەی لێکۆڵینەوەکەی فەرهەنگ و زمانی رۆژانە و تێکستە عەرەبییە وەرگێڕاوەکان بۆ زمانی کوردییە. رێبازی لێکۆڵینەوەکەشی زمانەوانی وەسفی سانکرۆنیکی بەراوردکارییە و تیۆرەکانی وەرگێڕانیش بەشێکن لە زمانەوانی وەسفی بەرابەری، واتە وەرگێڕانی رستە و دەقەکان بەپێی هاوتابوونی واتایی لە زمانی سەرچاوە (عەرەبی) بۆ زمانی ئامانج (کوردی). نامەکە لە چوار بەش پێکهاتووە.

بەشی یەکەم: لەم بەشەدا ئاوڕ لە چەمک و پێناسەی وەرگێڕان و چەمکی هاوتابوون و ستراتیجییەت و ئایدیۆلۆجییەتی وەرگێڕان و چەند تیۆرێکی زمانی بۆ وەرگێڕان دراوەتەوە، هەروەها گرفتەکانی وەرگێڕان لە ئاستی (فۆنۆلۆجی، مۆرفۆلۆجی و سینتاکس)دا. وشەی وەرگێڕان لە زمانی ئینگلیزیدا (Translation)ە کە واتای لێکدانەوە دەگرێتەوە و (ترجمە) سەرەتا لە (تەرجومی) ئارامییەوە وەرگیراوە، کاتی خۆی بۆ لێکدانەوەی (کتێبی پیرۆز) بەکارهێنراوە. توێژەر چەندین پێناسەی وەرگێڕان کە زمانەوانەکان کردوویانە، دەخاتەڕوو، زۆرینەیان جەخت دەکەنە سەر گواستنەوەی ناوەڕۆک و شێوازی تێکست لە زمانی سەرچاوەوە بۆ زمانی ئامانج بەشێوەیەکی رۆشن، بە واتایەکی دیکە دۆزینەوە و شیکردنەوەی واتا نەک وشە بە بنەڕەتی وەرگێڕان دەزانن. لەبەرئەوە توێژەر سێ جۆری واتا باس دەکات:

 1.  واتای واتاسازی: وردبوونەوەیە لە واتا و ئاماژەبۆکراوەکان کە جیاوازییەکەیان لە هاوواتایی و هاوبێژیدا دەردەکەوێت.

2.  واتای دەوروبەر و دەوروبەری باری: ئەمەش پەیوەندی بە دەوروبەر و هەڵوێستێکی دیاریکراوەوە هەیە لە وەرگێڕاندا.

3. واتای دەق: ئەم واتایەش رستە و توخم و پێکهاتە بەستراوەکانی نێو دەقە وەرگێڕدراوەکە دەگرێتە خۆی.

دواتر توێژەر هەوڵدەدات پێناسەیەکی هەڵێنجراو بۆ وەرگێڕان بکات بەو پێیەی وەرگێڕان پرۆسەیەکی داهێنەرانەیە، دەنووسێت: گواستنەوەی هزر و بۆچوون و شێواز و زانیارییە، بۆ گەیاندنی واتا و دۆزینەوەی نزیکترین هاوتا بە مەبەستی دەربڕینی ئەزموونێک لە بارەی جیهان و دەوروبەر لە نێوان زمانی سەرچاوە و زمانی ئامانجدا بەپێی فەرهەنگی زمانی و کەلتووری، چ بەشێوەی زارەکی یان نووسراو. پاشان توێژەر وەرگێڕانی زارەکی لە شێوەی (راستەوخۆ، لە دوای یەک و بینراو) و نووسراو لە شێوەی (وشە بە وشە، واتایی، لێکدانەوەیی، داهێنان و کورتکردنەوە) جیادەکاتەوە. دواتر توێژەر ئاماژە بە چەند تیۆرییەکی زمانی لای دی سۆسێر و ف.فیدرۆڤ بۆ وەرگێڕان دەکات و لەوەی دی سۆسێردا باسی وەرگێڕانی ئاسۆیی و ستوونی دەکات، لەلای فیدرۆڤیش جەخت لە وەرگێڕان وەک کردەیەکی زمانی و زانستیبوونی وەرگێڕان دەکاتەوە. هەروەها لە ستراتیجییەتی وەرگێڕاندا ئاماژە بە ستراتیژی گواستنەوە و گۆڕین دەکات، کە وەرگێڕان جۆرێکە لە راڤەکردنی دەق و دۆزینەوەی پەیوەندی و هاوواتایی لەنێوان دوو دەق یان کۆمەڵە دەقێکدا، لەبەرئەوە وەرگێڕ دەبێت پرسی گواستنەوەی واتا و شێواز و داڕشتنی دەق بەهەند وەربگرێت و ستراتیجێک لەسەر ئاستەکانی (وشە و زاراوە، دەستەواژە، دەق) دابنێت، دیارە توێژەر لێرەدا نموونەی پراکتیکی بۆ هەریەک لە ئاستەکان هێناوەتەوە. پاشان باسی چەمکی هاوتابوون لە وەرگێڕان و جۆرەکانی (روخسار، ئەرکی و داینامیکی) دەکات. هەر لەم بەشەدا ڕێگاکانی سەرکەوتنی وەرگێڕ لە کردەی وەرگێڕاندا دەخاتەڕوو، لەوانە:(توانستی دوو زمانی، کارامەیی شیکاری، کارامەیی نووسین، توانستی تێگەیاندن و تێگەیشتنی وەرگر). پاشان باسی ئایدیۆلۆجیای وەرگێڕان دەکات کە کردەیەکی ئایدیۆلۆجییە و بۆ ئەمەش نموونەی بنەمای (بابەت و هەواڵ) لە کاتی وەرگێڕاندا  دەهێنێتەوە کە کاتێک وەرگێڕێک دەنووسێت: (ئەمەریکا بەهێزترین وڵاتی جیهانە) نەک (بەهێزترین وڵاتی جیهان ئەمەریکایە) جەختی لەسەر ناوی (ئەمەریکا) کردووەتەوە. هەر لەبەشی یەکەمدا توێژ بە نموونەوە باسی کێشە و ئارێشەکانی وەرگێڕان لەسەر ئاستەکانی (فۆنۆلۆجی، مۆرفۆلۆجی و سینتاکس) دەکات. 
بەشی دووەم: واتا و جۆرەکانی وەرگێڕان، توێژەر سەرەتا چەمکی واتا و رەگەزەکانی باس دەکات، پەیوەندی واتا بە زمان و دەرەوەی زمان شی دەکاتەوە و رەگەزەکانی واتا (شتەکان، ڕووداوەکان، سیفەتەکان و پێوەندییەکان) دیاری دەکات. پاشان ئاماژە بە شیکردنەوەی واتای وشە و رستە دەدات، هاوکات چەند تیۆرێکی واتایی بۆ رستە، لەوانە: (تیۆری کاتز و فۆدور بۆ رستە، تیۆری فیلمۆر بۆ رستە و رێزمانی دۆخ) بەسەردەکاتەوە. پاشان تیۆرەکانی واتا: (تیۆری ئاماژەکردن، هۆشەکی، رەفتاری، شیکردنەوە و بەکارهێنان) و هاوکات تیۆری (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی چۆمسکی بۆ وەرگێڕان باسدەکات. هەر لەم بەشەدا سێ تیۆری زمان بۆ وەرگێڕان بەسەردەکاتەوە:

یەکەم: جۆرەکانی وەرگێڕان لای (کات فۆرد)
دووەم: جۆرەکانی وەرگێڕان لای (جاکۆبسن)
سێیەم: جۆرەکانی وەرگێڕان لای (نیومارک)

دواتر توێژەر جۆر و رێبازەکانی وەرگێڕان (زارەکی و نووسراو) باسدەکات و رێبازی (وشە بە وشە) بە کۆنترین و خراپترین جۆر دادەنێت. ئەو وتەیەکی ئاتین دولی دەهێنێتەوە کە دەڵێ: "وەرگێڕ نابێت وەک بەندەیەکی دڵسۆز وابێت بۆ دەقە سەرچاوەکە، بەڵکو دەبێ دووربکەوێتەوە لە وەرگێڕانی وشە بە وشە"، دیارە زۆرینەی شارەزایان ئەم جۆرە وەرگێڕانە بە وەرگەڕاندنی دەق و لە ناوبردن و شێواندنی ئامانجی وەرگێڕان ناودەبەن. لە وەرگێڕانی واتاییشدا توێژەر گرنگی ئەم جۆرە وەرگێڕانە کە بە بەربڵاوترین و باشترین جۆر دادەنرێت، وەسف دەکات، چونکە بەشێوەیەکی زانستی واتای دەقی زمانی سەرچاوە دەپارێزێت. هاوکات لەبارەی وەرگێڕانی داهێنانیدا توێژەر ئاماژە بە گرنگیی ئەم جۆرەش دەکات کە پێویستە وەرگێڕ بەشێوەیەکی ورد ئاگاداری بابەت و نووسەری تێکستەکە بێت و بەهرە و توانای داهێنەرانەی خۆی لە وەرگێڕانەکەدا بخاتەڕوو.

بەشی سێیەم: ئاریشەکانی واتا لە وەرگێڕاندا، توێژەر سەرەتا باسی واتای فەرهەنگی دەکات و ئاماژە بەو گرفتانە دەکات کە لە وەرگێڕاندا بەهۆی تێکەڵبوون و گۆڕانی واتا و دۆخی رێزمانیی وشەکان بەپێی فەرهەنگی زمانە جیاوازەکان دروست دەبێت، بۆ نموونە دەکرێت وشەیەک لە زمانی سەرچاوە (فرمان) و لە زمانی ئامانج (ئاوەڵناو) بێت، هەروەها توێژەر پێیوایە وەرگێڕان لەناو یەک خێزانە زماندا ئاسان و واتادارترە، بەڵام کاتێک دوو خێزانی جیاوازن وەک کوردی و عەرەبی، ئەوا کێشەکان زیاتر دەبن، چونکە لە هەموو ئاستە زمانییەکاندا جیاوازی هەیە، لەم کاتەشدا وەرگێڕ پێویستە وردبێت لە گەڕانەوە بۆ ڕیشە و ئەو گۆڕانانەی بەپێی دەوروبەر و کات و ناوچە جیاوازەکان ڕوویداوە. پاشان بە باسکردنی (دەربڕینە واتاییەکان و ئیدیەم و میتافۆر و هاوواتایی و هاوبێژی و جۆرەکانیان) زیاتر باسی گرفتەکانی وەرگێڕان دەکات، بۆ نموونە لە هاوواتاییدا وشەکانی (گەورە، فراوان، مەزن و بەرین) لە هەندێک دەوروبەری زمانیدا وەک هاوواتان، بەڵام لەگەڵ چوونە پاڵ وشەیەکی دیکە هاوواتاییەکەیان نامێنێ، هەروەک توێژەر بۆچوونی شارەزایان دەخاتەڕوو کە زەحمەتە هاوواتایی تەواو لە زماندا هەبێت، چونکە واتا لاوەکییەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێک و لە دۆخ و شوێن و ژینگە جیاوازەکاندا دەگۆڕێت، لە وەرگێڕاندا دەکرێت وشەیەک لە زمانی ئامانجدا هاوواتای هەبێت، بەڵام هەمان وشە لە زمانی سەرچاوەدا نەیبێت.

 توێژەر باسی فرەواتاییش دەکات کە لە وەرگێڕاندا کێشە دروست دەکات، بۆ نموونە وشەی (قلیل) لە زمانی عەرەبیدا چەندین واتای هەیە، دەکرێت لە کوردیدا بە (نەختێک، کەمێک، تۆزێک، چۆڕێک، هەندێک، بڕێک) وەرگێڕدرێت، بەڵام ئەوەی جیای دەکاتەوە هاتنیەتی لە سیاقە جیاوازەکاندا. 
بەشی چوارەم: پراکتیزەکردنی رستە و دەقەکان لە وەرگێڕاندا.

 لە دوا بەشی توێژینەوەکەدا، توێژەر بەشێوەیەکی پراکتیکی تێکست دەهێنێت و بەشێوەی وشە بە وشە، دواتریش بە رێبازی واتایی وەریدەگێڕێت و کەلێنەکانی دەخاتەڕوو، بۆ نموونە چەند وەرگێڕانێکی وشە بە وشە دەکات و پێشیوایە ئەم جۆرە وەرگێڕانە زیاتر بۆ دەقی (یاسایی، ئابووری، ئاینی و زانستی) گونجاوە و وەرگێڕانی تێکستی ئاینی بە گرانترین جۆری وەرگێڕان دەزانێ. پاشان لە بوارەکانی ئەدەب و رامیاری و کۆمەڵناسی نموونەی وەرگێڕانی لە عەرەبی بۆ کوردی هێناوەتەوە، لە ئەدەبدا نموونەی رۆمانی (پیرەمێرد و دەریا)ی هێناوەتەوە کە شێرکۆ بێکەس لە ساڵی 1982 وەریگێڕاوە بۆ کوردی و لە سێ خاڵدا جیاوازیی وەرگێڕانەکان دەخاتەڕوو:  
١ـ وەرگێڕانی وشەیی: 

ـ هەشتا و چوار رۆژ تێپەڕی بوو بەبێ ئەوەی یەک ماسی بباتەوە.

٢ـ وەرگێڕانی واتایی:

"هەشتاو چوار رۆژی رەبەقی بەسەربرد و تەنیا ماسییەک چییە دەستکەوتی نەبوو" شێرکۆ بێکەس.

٣ـ وەرگێڕانی واتایی توێژەر بۆ هەمان تێکست:

هەشتاو چوار رۆژی رەبەقی بەسەربرد و تەنانەت ماسیەکیشی چنگ نەکەوت.
لە کۆتاییشدا توێژەر وێڕای فەرهەنگۆکێک بۆ چەمک و زارە بەکارهاتووەکان، بە نۆ خاڵ ئەنجامی نامەکەی دەخاتەڕوو.