مردن و خۆشەویستی لای ئەمیلی برۆنتێ
بەرزاییەكانی وێزێرینگ ناوی رۆمانێكە لە نووسینی ئەمیلی برۆنتێ، خانمە نووسەری ئینگلیزی كە لە ساڵی 1847دا بڵاوبووەتەوە. رۆمانەكە یەكێكە لە سەرەتا گرنگەكانی رۆمانی ژنانەی ئینگلیزی و بە تێكستێكی گرنگی رۆمانسیەتی سەدەی نوزدەش لە قەڵەم دەدرێت. لەگەڵ ئەم رۆمانەدا هەندێ شتی نوێ دێنە ناو ئەدەبیاتی ئینگلیزی كە پێشتر كەمتر بینراون. رۆمانەكانی پێشووتر، زیاتر قسەیان لەسەر كاراكتەر ی پۆزێتیڤ بوو. كەم كەسایەتی خراپ و خراپەكار پێشتر لە رۆمانی ئەو سەردەمەدا پێشان دەدران. گەر شتێكی واش هەبووایە، زیاتر بە مەبەستی ئامۆژگاری بوو. ئەم رۆمانە وەك نموونەیەكە كە بۆ یەكەم جار پاڵەوانەكەی كەسێكی خراپەكار و نێگەتیڤە، ئەمەش زیاتر رۆمانەكە وەك جۆرە تێكستێكی تایبەت لە ئەدەبی ئینگلیزیدا بەرجەستە دەكات.
چیرۆكی رۆمانەكە باس لە ژیانی كەسایەتییەك دەكات بەناوی هیسكلیف كە منداڵی ژن و مێردێكی قەرەج دەبێت و بە منداڵی بەجێیدەهێڵن و وەك منداڵێكی بێكەس لە شەقامەكانی لیڤەرپۆلدا دەمێنێتەوە. دواتر كەسێكی موڵكدار بە ناوی ئێرنشا دەیگرێتە خۆی و وەك منداڵەكانی خۆی بەخێوی دەكات. هیسكلیف هەر لە سەرەتاوە لای كوڕی بنەماڵەكە كە ناوی هیندڵی- یە، خۆشەویست نییە و بە قسە و بەشێوەی جیاواز هیسكلیف ئازار دەدات. كاتێك ئێرنشای پیر كۆچ دەكات و ماڵ و موڵكەكانی لە (بەرزاییەكانی وێزێرینگ) دەبێتە موڵكی هێندڵی، زیاتر ئازاری هیسكلیف دەدات و بچوكی دەكاتەوە و پلە و مەقامی لە كوڕی خانەوادەكەوە دادەبەزێنێ بۆ دۆخی سەپان و ئیشكەر. پێچەوانەی هێندڵی، كچەكەیان كە ناوی كاترین دەبێت، زۆر بە میهرەبانی لەگەڵ هیسكلیفدا دەجوڵێتەوە، تا دەگات بەوەی كە جۆرێك لە پەیوەندیی خۆشەویستی لە نێوانیاندا دروست دەبێت، هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ هیسكلیف زۆر میهرەبان دەبێت، هیسكلیف لەگەڵ ئەوەدا كە كەسایەتییەكی زبر و توندئاژۆی هەیە، بەڵام میهرەبانی و ناسكیی كاترین گیرۆدەی دەكەن و عاشقی كاترین دەبێت.
رۆژێك كە تەمەنی شازدە ساڵانە و خوازبێنیكەرێكی موڵكدار هاتووەتە داوای و پێشنیازی هاوسەرگیریی بۆ داوە، هیسكلیف بە رێكەوت گوێی لێدەبێت كاتێك كاترین لەگەڵ نیلی كە خزمەتكاریانە، باسی شووكردنی خۆی دەكات و دەڵێت شووكردنی من بە هیسكلیف دەبێتە هۆی ئەوەی شوێنی كۆمەڵایەتیم دابەزێت و هیسكلیف كەسێكی قەرەجە و من دەمەوێت مێرد بە ئێدگار بكەم كە كوڕە دەوڵەمەندە. هیسكلیف كە ئەمەی گوێ لێدەبێت، بە برینداری و دڵشكاوی ماڵ بە جێدەهێڵێت و دەڕوات و دوای سێ ساڵ دەوڵەمەند دەبێت و بە مەبەستی توڵەكردنەوە دەگەڕێتەوە بۆ (بەرزاییەكانی وێزێرینگ). كاتێك دەگەڕێتەوە، دەبینێت كە هێندڵی كەسێكی شەرابخۆر و بەدخووی لێدەرچووە، زۆر ئازاری ژنە گەنجەكەی خۆی دەدات كە دواجار بەسەر منداڵەكەیەوە دەمرێت. هیسكلیف كە بە نیازی تۆڵە هاتووەتەوە، ئەو هەموو سووكایەتی و برینداركردنەی منداڵیی بیرنەچووەتەوە، بە جۆرێكی بەدخووانە دەكەوێتە وێرانكردنی ژیانی هەمووان.
كوڕەكەی هیندڵی دەخاتە ژێر دەستی خۆی و وەك منداڵێكی وەحشی باری دەهێنێت. بۆ ئەوەی توڵە لە كاترینیش بكاتەوە، خۆشكی مێردەكەی كاترین دەكات بە هاوسەری خۆی، هەرچەندە هیچ خۆشیشی ناوێت و زۆریشی ئازار دەدات. هیسكلیف وەك پێشتر عاشقی كاترینە. كاترین هەرچەندە هەوڵ دەدات پەیوەندییەكی دۆستانەی وەك جاران لەگەڵ هیسكلیفدا دابمەزرێنێتەوە، بەڵام هیسكلیف لەبەرئەوەی بە رۆحێكی شەڕانی و بە خواستی توڵەوە گەڕاوەتەوە، سوورە لەسەر وێرانكردن و تێكدانی ژیانی هەموو بنەماڵەكە. تەنانەت دوای مردنی هێندلیش بەهۆی شەرابخۆریی زۆرەوە، كوڕەكەی هیندلی دەكاتە رەنجبەر و سەپانی خۆی و دەیخاتەوە هەمان دۆخ كە خۆی تووشی هاتبوو. پاش ماوەیەك كاترینیش بەسەر سكەوە دەمرێت و كچێكی لە دوا بەجێدەمێنێ كە هەر ناوی كاترینی لێدەنرێت. هیسكلیف كە مردنی كاترین تەواو شێت و دڕندەی دەكات، بۆ ئەوەی توڵە لە كاترینی دووەم بكاتەوە، ناچاری دەكات لەگەڵ كوڕە شێت و ناتەواوەكەی خۆی هاوسەرگیری بكات، بەڵام دوای مردنی كوڕەكەی هیسكلیف، كاترین پەیوەندییەكی خۆشەویستی لەگەڵ هیرتون، كوڕەكەی هیندلی دروست دەكات و هەوڵ دەدات رزگاری بكات لەو دۆخەی كە هیسكلیف سەپاندوویەتی بەسەریدا. لە كۆتاییشدا هیسكلیف دوای ئەوەی ژیانی هەمووان نابووت دەكات، بە شێوەیەكی هێدی هێدی خۆیشی دەكوژێت و بەهۆی نەخواردن و نەخەوتنەوە دەمرێت. لە كۆتاییشدا كاترین و هیرتون هاوسەرگیری دەكەن و ژیانێكی خۆش و پڕ خوشەویستی دەستپێدەكەن.
چەقی قورسایی رۆمانەكە لای من لەسەر دوو تەوەرە، یەكەم كەسایەتی هیسكلیف وەك كەسێك كە لە منداڵیدا، تووشی جۆرێك لە گرێی خۆبەكەمبینین هاتووە. دووەمیش مەسەلەی عەشق لە رۆمانەكەدا كە هەم رۆڵێكی دروستكەری هەیە و هەمیش رووخێنەر. هەم دروستكەری پەیوەندی و هەم خولقێنەری تراژیدیایە.
كارەكتەری هیسكلیف دەكرێت بابەتی گەلێك لێكۆڵینەوە بێت، لێرەدا هەوڵ دەدەم هیسكلیف وەك بەرجەستەبوونی كاراكتەرێكی خۆبەكەمزان وەربگرم. گرێی خۆبەكەمزانین بابەتێكی گرنگی ئەدەبیات و دەروونناسییە. كەسێكی وەك ئالفرێد ئادلەر بڕێكی زۆری كارەكانی خۆی لە بواری دەروونناسی كۆمەڵایەتیدا بۆ خوێندنەوەی ئەم جۆرە كاراكتەرانە تەرخان كردووە.
لای ئادلەر هەستی خۆبەكەمبینین و هەوڵدان بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمییەكان و گەیشتن بە خواستی خۆبەرزبینی یەكەم هەنگاو و خاڵی دەستپێكردنی ژیان دەبێت. مرۆڤ بە حوكمی لاوازیی لە ساتی لەدایكبووندا، تا مردن هەستێكی نادیاری لاوازی لەگەڵیدا دەمێنێتەوە. لای ئادلەر مرۆڤ لە منداڵییەوە بەو هەستی بە خۆكەمزانینەوە دێتە دنیا و بۆ هەمیشەش ئەم هەستە لەگەڵی دەمێنێتەوە. لای ئادلەر مەرج نییە ئەم هەستە هەمیشە ئەنجامی خراپی هەبێت، چونكە لە بنەڕەتدا ئەم هەستە مرۆڤ بۆ چالاكی و پێشكەوتن لە ژیاندا هان دەدات. واتە هەستی خۆبەكەمزانین بە دوو شێوە ئیش دەكات، لە روویەكەوە وا دەكات مرۆڤ گەشە بكات و لە روویەكی تریشەوە گەر ئەم هەستە سنووری خۆی تێپەڕێنێ، دەبێتە گرێی خۆبەكەمزانین و لە باتی ئەوەی ببێتە مایەی گەشەی مرۆڤ، دەبێتە هۆی ئازار و پەشۆكانی دەروونی بۆی و هەموو پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتی تێكدەدات و دەبێتە هۆی زۆربوونی ویستی دەسەڵاتخوازی تێیدا. توندوتیژی یەكێكە لە دەركەوتە سروشتییەكانی هاوشان بەخۆبەكەمبینی.
هیسكلیف نموونەیەكی باشی ئەو جۆرە مرۆڤانەیە، ئەو لە فەزایەكدا دێتە دونیاوە، كە تێیدا بەردەوام فڕێدراو بووە، دایك و باوكی خۆی فڕێی دەدەن، لە بەرزاییەكانی وێزێرینگیش ئەو باوەشە گەرمە نادۆزێتەوە، هەمووان وەك منداڵە قەرەجێكی دۆزراوە سەیری دەكەن. لە منداڵییەوە ئەوەی تێدا چێنراوە كە ئەو هیچ نییە. ژیانی لە منداڵی و گەنجیدا بچووككردنەوەیەكی بەردەوام بووە. بەڵام سروشتی خۆی وایە كە لە بری ملكەچی، بە توندی و شەڕانگێزی وەڵام بداتەوە. تەنیا شتێك كە هیسكلیفی لە (بەرزاییەكانی وێزێرینگ) راگرتووە، خۆشەویستیی كاترینە. ئەوە تەنیا شتێكە وای لێ كردووە بە كەمێك رێزەوە لە خۆی بڕوانێ، رۆژێك كە گوێی لە قسەكانی كاتی دەبێت لەسەر خۆی، كە دەزانێت لای كاتییش جێگا و پلەیەكی وەهای نییە، هەموو ژیانی وێران دەبێت.
ئەو قسانەی كاتی هەموو شەڕانگێزیی ناخی دەهێنێتە دەرێ. بۆ ئەوەی تۆڵە بكاتەوە، دەبێت ژیانی بگۆڕێت، دەچێت و بە كەرەستە راستەقینەكەی دەسەڵات (پارە) وە دەگەڕێتەوە. بۆ ئەوەی خۆی لەو كەمبینی و بچووكییەی منداڵی رزگار بكات، دەسەڵاتێكی دڕندە و تێكشكێن بەسەر ئەوانی دیكەدا دەسەپێنێ، بۆ ئەوەی چیتر خۆی لاواز نەبینێ و وێنەی بچووكی خۆی نەیەتەوە یاد، دەبێت بە جۆرێك دەستبخاتە ناو ژیان و چارەنووسی ئەوانی دیكەوە، بەرەو نابوودی بیانبات. هیسكلیف بەدوای وێنەی خۆیدا دەگەڕێتەوە بۆ (بەرزاییەكانی وێزێرینگ). ئەوەی لە كاراكتەری خۆی لە دەستی داوە، دەیەوێت بە شەڕانگێزی و تۆڵەی بێ رەحمانە بەدەستی بهێنێتەوە. تینوێتی خۆی بۆ گەورەیی تێر دەكات، بەڵام لە بەرامبەریدا هەموو كەسانی نزیكی خۆی لە دەست دەدات و خۆشی بەرەو نابوودیی تەواوەتی دەڕوات.
جیا لەم خاڵە، رۆمانەكە وێنەیەكی عەشقمان پێشان دەدا كە زۆر لە ئەدەبیاتی رۆمانسییەكاندا دووبارە بووەتەوە، پەیوەندیی عەشق بە مەرگەوە. عەشق بە گشتی لەم رۆمانەدا وێرانكارە. سەرەتا ئاسوودەییەك بە هیسكلیف دەبەخشێت و دوایی كە تێدەگات عەشقی كاترین هەر هەوا و هەوەسێكی تێپەڕ بووە، كە دەزانێت كاتی دەیەوێت شوو بە ئێدگار بكات و ئەو وەك كەسێك نابینێت شایەنی هاوسەرگیری بێت، كە تێدەگات كاترین پێیوایە وێنە كۆمەڵایەتییەكەی بریندار دەبێت گەر خۆی بخاتە ئاستی كەسێكی وەك هیسكلیفەوە، بەوە هەموو ناشیرینیی ناو عەشق و درۆ ناوەكییەكانی بۆ ئاشكرا دەبێت. دوای ئەوە هیسكلیف عەشق لە دڵی خۆیدا دەمرێنێت و خۆی بۆ تۆڵەیەكی گەورە ئامادە دەكات، بەر لە هەر شتیش تۆڵە بۆ ئەو وێنە شكاو و بریندارەی خۆی كە هەمووان پێی پێدادەنێن.
ئایا هیسكلیف دڕندە بووە؟ یان تەنیا دڵێكی شكاوە كە هەمووان برینداریان كردووە، كەسێك بووە هەمووان ویستوویانە لە قەدر و رێزی ئینسانیی كەم بكەنەوە و بەجۆرێك گەمارۆیان داوە لە تۆڵە زیاتر رێگایەكی نەبێت پێیدا بڕوات؟ ئەوە پرسیارێكە شایەنی بیركردنەوە و تێڕامانە. بەڵام جگە لەم وێنەیەی عەشق كە زۆر گرێدراوە بە مەرگەوە، كە نەریتی دێرینی رۆمانسییەكانی سەدەی هەژدە و نۆزدەیە، پێشتریش گۆتە و ستاندال لە رۆمانەكانی ئازارەكانی ڤارتەر و سوور و رەشدا ئەو پەیوەندییە پتەوەی عەشق و مەرگیان كردووە بە بابەت، رۆمانەكە هێزی دروستكەری عەشقیش پیشان دەداتەوە، بە تایبەت لە كۆتایی رۆمانەكەدا كە نەوەی نوێ لە خانەوادەكە بە گیانێكی ترەوە، دوور لە هەستی تۆڵە و شەڕانگێزی، لەناو ئەو وێرانەیەدا كە بەهۆی عەشقەوە دروست بووە، دەچنەوە ناو خۆشەویستی و ژیانێكی تازە لە رێگای عەشقەوە دروست دەبێت. برۆنتێ لەم رۆمانەدا جگە لەو دیوە ئازاربەخشەی عەشق، هێزی بێ بنی خۆشەویستیش نیشان دەداتەوە. هەندێك لە دیمەنەكانی ئەم رۆمانە، لە دیمەنە نەمرەكانی عەشقن لە ئەدەبیاتدا، چونكە ئەم رۆمانە عەشقمان لەمسەر تا ئەوسەر بە هەموو ئازارەكان و ئومێدەكانییەوە نیشان دەداتەوە. ئازارەكانی عەشق لای هیسكلیف هێند بەهێزن كە بەرەو دێوانەیی و وێڵگەری دەیبەن، بەڵام عەشق دیسان ئومێد و سۆز و خواستێكی ناوەكییە كە هەموو پاڵەوانەكان بە شێوەی جیا بەرەو یەكتری رادەكێشێت، لەو شوێنەدا كە عەشق ون دەبێت، پەیوەندییەكان دڵڕەقانەتر دەبن و لەو شوێنەشدا كە سەرهەڵدەدات وزەی ژیان زۆرتر دەبێت و بەختەوەرییەكان زیندوو دەبنەوە.