قەلەڕەشێک لە ناخمدا
"چاوانی وەک چاوانی شەیتانێک بوون کە خەون دەبینێت،
ڕووناکیی لەمپاکەی ژووروویشی، سێبەری ئەوی دەخستە سەر زەوییەکە،
ڕوحی منیش لەو سێبەرەی سەر زەوییەکە، ئیدی هەرگیز جیا نابێتەوە."
- ئێدگەر ئالان پۆ
"باڵندەیەکی شین لە دڵمدایە کە
دەیەوێت بێتە دەرەوە."
-چارلس بۆکۆڤسکی
(1)
وەک شەوێک دەستبەرداری بیرۆکەکانی خۆی نەبێت، کە ئەستێرەکانین
وەک مانگێک دەستبەرداری وەهمەکانی چواردەوری نەبێت، کە هەورەکانین
وەک تابووتێک دەستبەرداری ڕۆژ و سەعاتەکانی خۆی نەبێت، کە بزمارەکانین
وەک گۆڕێک دەستبەرداری یادەوەریی خۆی نەبێت، کە مردووەکەیەتی
قەلەڕەشێک لە ناخمدایە و هەرگیز دەستبەردارم نابێت.
وەک کوردێک لە حەقیقەتی خۆی هەڵبێت، کە ئاگرە
وەک هەسارەیەک لە زیپکەکانی ڕوخساری خۆی هەڵبێت، کە مرۆڤن
وەک دۆلارێک لە باوکی خۆی هەڵبێت، کە خودایە
وەک ئەقڵێک لە جەللادەکەی خۆی هەڵبێت، کە خۆیەتی
من هەمیشە لە قەلەڕەشەکەی خۆم هەڵدێم.
(2)
بەڵێ، من نزیکی چوار ساڵە قەلەڕەشێکم هەیە و
شەوانە کە بەتەنهاین
باسی زۆر شتم بۆ دەکات؛
پێیگوتووم کە مێژوو غەدرێکی گەورەیە لە مرۆڤ
پێیگوتووم کە مێژوو هەمیشە کورتمان دەکاتەوە لە خۆیدا
پێیگوتووم کە مێژوو دەیەوێت بمکاتە کوڕێکی باش و
پیاوێکی باش و دواجاریش گۆڕێکی باش.
پێیگوتووم کە ڕوحی ئەم سەردەمە کۆمەڵان دەخوات و
تاک دەکات بە چیلکەی ددانپاککردنەوە.
پێیگوتووم کە ئەوانی تر غوبارن بۆ داپۆشینی درەوشانەوەی خود،
درەوشانەوەی خود کە هەمیشە ڕەتکردنەوەی ئەوەی بەردەمیەتی
(هیگڵێک لەپشتمەوە جگەرە دەکێشێت).
(3)
خانمە جوانەکان، کە جێمهێشتن و جێیانهێشتم
کە بووینە شوێنەوار بەسەر بوونی یەکترەوە،
هەندێکیان ئێستا ڕقیان لێمە
چونکە نازانن من قەلەڕەشێکم لەخۆمدا هەڵگرتووە؛
قەلەڕەشێک وا لە ناخمدا و
کورتەژنێک چیدی دەستم دەستۆی ناکات
(حەسەن زیرەکێک لەپشتمەوە جگەرە دەکێشێت).
هاوڕێ باشەکانم زۆر جار خۆیان دوور ڕادەگرن لێم
بێدەنگیەکەم بێزاریان ناکات
ونبوونە لەپڕەکانم نایانترسێنێت،
چونکە دەزانن من قەلەڕەشێکم لەخۆمدا هەڵگرتووە؛
هاوڕێکانم و ئەوانەش پەڕی قەترانیی قەلەڕەشەکەم
لە هەموو دێڕێکمدا دەبینن
دەبێت کاری هونەری بن لە خۆداهێنانێکی ئەبەدیدا،
(فۆکۆیەک لەپشتمەوە جگەرە دەکێشێت).
*
قەلەڕەشێک لە ناخمدایە
جیاوازیی بۆ کردوومەتە شوناس،
لەگەڵ ئەودا
من واتا کۆی ئەو فەرسەخانەی دوورییە لەوانی دییەوە
(فەیلەسووفانی جیاوازی لەپشتمەوە جگەرە دەکێشن).
(4)
بۆ خانمی پێ شەپەنگی هەتاو، لینۆر و پاڵەوانی نادیاری ئەم دەقە:
من ئێستا یادەوەریم دێشێت
من خۆمم دێشێت
من تۆم دێشێت
من خۆمانم دێشێت،
من کاپیتاڵیزمم دێشێت
من تۆتالیتاریزمم دێشێت
من بیرۆکراسیم دێشێت،
من خودام دێشێت
من مێژووم دێشێت
من نیشانەم دێشێت
من چەقم دێشێت
من ئەفسانەی تێگەیشتنم دێشێت،
من لیبۆکەکانی ڕۆشنبیریی کوردیم دێشێت
من پیشەسازییەکانی کولتوورم دێشێت،
من کوردم دێشێت،
من قەلەڕەشەکەمم دێشێت.
یەکەمجار کە دەستت لە قەلەڕەشەکەم دا
بە ڕاڕایی پەنجەکانتدا هەستم کرد تۆش قەلەڕەشێکت هەیە،
یان لانیکەم بولبولێک؛
قەلەڕەشەکەم پێیناخۆش بوو کەسێک هێندە لێی نزیکبووەتەوە،
ئێستا سووتاوی و پەڕی هەڵپڕووکاون، شوێنپەنجەکانت بەسەر قەلەڕەشەکەمەوە.
(5)
من بە سەرێکدا قەلەڕەشەکەم لەوانی تر دەشارمەوە
بە سەرێکیشدا قەلەڕەشەکەم من لەوانی تر دەشارێتەوە.
سلێمانی بووەتە دەفرێک پڕ لە ڕشانەوەی خۆم و قەلەڕەشەکەم،
کە سەیری دەفرەکە دەکەین زیاتر دەڕشێینەوە
کە ڕوو وەردەگێڕین دەفری تر نییە بۆ ڕشانەوە.
*
پیاوێک وا لە پشتمەوە، هەرجارێک بە دەموچاوێک و ناوێکەوە
جگەرە دەکێشێت،
قەلەڕەشێکیش وا لەناخمدا، بێچارە دەبێت بۆ هەردووکیان بژیم.
لەو سایەوە کە ئەمانم هەیە دڵم لە مێژوو شکاوە
لەو سایەوە خودام لەناو وشەیەکدا هەڵگرتووە
لەو سایەوە ژیان لە نیشانەیەک زیاتر نییە
کە بەردەوام ئاماژەکانی بۆ خۆین؛
ئێمە پێکەوە خەون بەو ساتەوە دەبینین
کە ئەم پەراوێزانە هاواری خۆیان دەدۆزنەوە،
ئێمە پێکەوە خەون بەو ساتەوە دەبینین
کە ئەم ئازارە دەیباتەوە؛
دڵنیاین ڕۆژێک میحنەت تەواو دەبێت و
هەموومان لە گۆڕێکدا دەنووین،
تا ئەوسا من قەلەڕەشەکەم دەرناخەم
تا ئەوسا من هیچی تر ناڵێم،
تا ئەوسا:
عەدەمێکی شاد بۆ هەمووتان.