ڕۆمان لەبارەی ڕۆمانەوە
لە وتاری (میتاسەرهات چییە؟)دا بە وردی لەبارەی ئەم فۆرمە لە نووسینی دەقی گێڕانەوەیی پەیڤیوم. ئەو ناوانەی بۆ زاراوەی (Metafiction) لەناو نووسینی کوردی دانراون، کێماسییان تێدایە، چونکە ئەم زاراوەیە کە لە عەرەبیدا (میتاالروایە/ میتاالسرد) و لە فارسیدا (فراداستان) هاتووە، لە کوردیدا کراوە بە (میتاڕۆمان). بەڵام وەک لەو وتارەدا گوتوومە. میتافیکشن هەموو هونەرەکانی گێڕانەوە وەک: ڕۆمان، چیرۆک، کورتەچیرۆک...تاد دەگرێتەوە. ئەم فۆرمە لە نووسینی دەقی گێڕانەوەیی ئاراستەکردنی دەقە بەرەو خودی خۆی. واتە دەق ڕووبەڕووی فۆرم و شێوەی خۆی دەکەیەوە. دەمەوێ بڵێم دەقێک لە دژی دەقێکی دیکە دەنووسیت. کەواتە میتاسەرهات، نووسینی دەقی گێڕانەوەییە لەبارەی گێڕانەوە. بەڵام کاتێک ئەم چەمکە خورد دەکەینەوە، بەر فۆرمێکی میتاسەرهات، کە میتاڕۆمانە دەکەوین.
میتاڕۆمان هونەرێکە بۆ چۆنیەتی نووسینی ڕۆمان لەبارەی ڕۆمانەوە. بە واتایەکی دیکە ڕۆمان لەناو ڕۆمان. لەم فۆرمەدا ڕۆماننووس زەینی خوێنەر بۆ لای چۆنیەتی نووسینی ئەو ڕۆمانەی دەیخوێنێتەوە دەبات. بە ڕۆمان پێمان دەڵێت ئەو ڕۆمانە چۆن نووسراوە. لێرەداخوێنەر تەنێ ئەرکی خوێندنەوەی دەقەکەی نابێت، بەڵکو بەشدار دەبێت لە چۆنیەتی چنینی ڕووداو و داڕشتنی ڕۆمانەکەدا. ئامانجی ڕۆماننووس تێکشکاندنی بینای کرۆنۆلۆجی دەقەکەیە. بەوەی چیدیکە دەقی کرۆنۆلۆجی چێژی خوێندنەوەمان ناداتێ، خوێنەر دەیەوێ خۆیشی بەشداری لە داڕشتنی ڕۆمانەکەدا بکات.
ڕۆمانی (هەنار و فریشتەی مردن، ڕاپۆرتێك لەبارەی مەحوییەوە)ی (عەتا محەممەد) بە فۆرمی میتاڕۆمان نووسراوە. ڕۆمانێکە بە ڕووی خۆیدا دەکرێتەوە، ڕۆمانێکە لەبارەی ڕۆمانەکە خۆی. ئەم ڕووبەڕووکردنەوەیەی ڕۆمان لەگەڵ خودی خۆی بە شێوەیەکی هوشیارانە و بە مەبەست دەکرێت، بۆ ئەوەی پێوەندی نێوان واقیع و خەیاڵ فراوانتر بکرێت. ئەم ڕۆمانە نیشانمان دەدات، چۆن وەگێڕ دەچێتە ناو ڕۆمانەکە، وەکو نووسەری ڕۆمانەکە. لەم ڕۆمانەدا دوو وەگێڕی سەرەکی هەن. وەگێڕێك بە کەسی سێیەمی تاک (نادیار) دەپەیڤێت و وەگێڕێکیش بریتییە لە (سەربەست). لەگەڵ ئەوەیشدا چەندین وەگێڕی دیکەی لاوەکیمان لەناو ڕۆمانەکەدا هەیە، وەک: هەنار، فریشتەی مردن...تاد. ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام لەم ڕۆمانەدا، هەر ناوێك، ئاماژە بە مرۆڤێک هاتبێت، ئەو کەسە چیرۆکێکی هەبووە و چیرۆکەکەی دەگێڕدرێتەوە. خوێنەر لەم ڕۆمانەدا هیچ چرکەیەکی بێ چیرۆکگێڕانەوە نییە. چەندین جاریش دەستاودەستکردنی گێڕانەوە لەنێوان دوو وەگێڕە سەرەکییەکە و وەگێڕە لاوەکییەکاندا ڕوودەدات.
وەگێڕی یەکەم کەسی سێیەمی تاک (نادیار) دەیەوێ باسی کەسێکمان بە ناوی (سەربەست) بۆ بکات. ئەم کارەکتەرە لە کافێیەک لە شاری ستۆکهۆڵم دانیشتووە و دەیەوی ڕۆمانێك بنووسێت. ئەو وەگێڕە، وەگێڕێکی هەمووشتزانە، چونکە ناوی هەر کەسێک بهێنێت، کە چاوی (سەربەست) دەیانبینێت، یان خۆی دەیبینێت، چیرۆکی ئەو کەسەیش دەگێڕێتەوە. بەڵام وەگێڕی دووەم (سەربەست) چیرۆکی گەڕانەوەی خۆی بۆ کوردستان و چۆنیەتی ناسینی (هەنار) دەگێڕێتەوە. لێرەدا ئەم وەگێڕە توانای گێڕانەوەی چیرۆکی کەسانی دیکەی نییە. ئەم وەگێڕە ڕێ بە کەسەکان دەدات، خۆیان چیرۆکی خۆیان بگێڕنەوە. کەواتە دوو چیرۆکمان هەیە. یەکیان وەگێڕێکی نادیار دەیەوێ چیرۆکی کەسێکمان بۆ بگێڕێتەوە کە ڕۆمانێک دەنووسێت، ئەویتریان چیرۆکی هەمان ئەو کەسەیە کە لە چیرۆکی یەکەم دەیەوێت ڕۆمانێک بنووسێت. ئەم دوو چیرۆکە هاوکات تەریب بە تەنیشت یەکدیدا دەگێڕدرێنەوە. ئەگەر خوێنەر خۆی بەشداری لە گێڕانەوە و داڕشتنی پلانی گێڕانەوەی ڕۆمانەکەدا نەکات، ئەوا وەک دوو ڕۆمانی سەربەخۆ دەیانبینێت. کەواتە ڕۆماننووس یەکەم شتێك ئەو سیستەمەی بەشبەشکردنی ڕۆمانی تێکشکاند. لەم ڕۆمانەدا سنوورێک لەنێوان دەق و بونیادی ڕۆمانەکەدا نییە، بەڵکو بە شێوەیەک تێکەڵاون، جوداکردنەوەیان سانا نییە. وەک چۆن دەقەکە (چیرۆکەکە) دەگێڕدرێتەوە، بە هەمان شێوە باسی پلان و بنیاتی ڕۆمانەکەیش دەکرێت. بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە بە ناوی (هێڵکارییەک بۆ نووسینی ڕۆمانێك)ە. ئەم بەشە داڕشتنی بنیاتی ڕۆمانەکەیە. لە ناونیشانەکەوە (هەنار و فریشتەی مردن) دەردەکەوێت کە چیرۆکێک بێت لەبارەی ئەم دوانەوە، بەڵام لە دەسپێکدا دەبینین چیرۆکی کەسانێك دەگێڕدرێنەوە کە لەولای کارەکتەر (سەربەست) لە کافێیەک دانیشتوون و یۆنانین. ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە ڕۆماننووس هیچ سێنتەربوونێکی بۆ ڕۆمانەکە دانەناوە، چونکە ئەو ڕۆمانێک لەبارەی ڕۆمانێکی دیکەوە دەنووسێت.
ئەم نەبوونی سێنتەرە وا دەکات، هیچ چیرۆکێک، هیچ کارەکتەرێک نەتوانێ ببێتە ناوەندی تێڕامانی خوێنەر. خوێنەر خۆی دەبێت لە زەینی خۆیدا هەموو ئەو چیرۆکانە، کارەکتەرانە بە یەکەوە ببەستێتەوە بۆ ئەوەی پلانی داڕشتنی ڕۆمانەکە کامڵ بێت.
ئەم ڕۆمانە لەڕێی تەکنیکی میتاڕۆمانەوە، پێوەندی نێوان واقیع و خەیاڵ دەگۆڕێت، بەوەی خوێنەر دەخاتە ناو گەمەی گێڕانەوە، بە ئامانجی ئەوەی گومانی لە کن دروست بکات. هاوکات ئەو بیرکردنەوەیەی بگۆڕێت کە هیچ ڕاستییەکی ڕووت و واتایەکی جێگر نییە.
هەمیشە وەگێڕەکان فەزای ڕاڤەکانیان بە کراوەیی دەهێڵنەوە. فەزا بۆ هەموو کارەکتەرێک کراوەیە، هەر کەسە دەتوانێت چیرۆکی خۆی بگێڕێتەوە. لەم ڕۆمانەدا نێزیک بە بیست و یەک هوردە چیرۆک هەن. چیرۆکی: ڕیاز، ئەردانوس، تاسنیم، ئانا، ئەزهار، کچە دووڕەگەکە، کامەران، ژوان، برایم پاشا...تاد. هەموو ئەمانە چیرۆکی تایبەت بە خۆیان هەیە. دەبینین بە هۆی فرەیی و زۆریی چیرۆکەکان ناتوانین گێڕانەوەکە سنووردار بکەین. کەواتە دەتوانین ئەرکی ڕۆمان لەبارەی ڕۆمانەوە لەم ڕۆمانەدا لەم خاڵانەی خوارەوەدا دیاری بکەین:
١.ڕۆماننووس خوێنەری خستووەتە ناو گەمەکردن بە توخمەکانی ڕۆمان. بۆ نموونە لەبارەی کارەکتەر و ناوەکانەوە، هەموو ناوێك چیرۆکێکی هەیە، خوێنەر هەست دەکات ئەویش چیرۆکێکە لەناو چیرۆکەکاندا.
٢. وەگێرەکان خودی خۆیان ئاشکرا دەکەن کە کێ ئەم ڕۆمانە دەگێڕێتەوە.
٣. خوێنەر بە ئاشکرا لەناو ڕۆمانەکەدا خۆی دەبینێتەوە، بەمەیش ڕۆماننووس ناچارە چارەنووسی کارەکتەرەکان بگۆڕێت.
٤. لە زۆر شوێن هەست بە قسەکردنی ڕۆماننووس لەبارەی چەمک و دیاردەکان دەکەین، بۆ نموونە چەمکی پەنابەری، کۆچکردن بۆ تاراوگە، شۆڕش، کۆمەڵی کوردی و...تاد.
ئەم ڕۆمانە وەکو ڕۆمانێکی میتاڕۆمانی، پێشتریش گوتم خوێنەر بەشدار دەکات. خوێنەر بەشدارییەکی ئاشکرای لە بەرهەمهێنانی واتادا هەیە. تەنانەت یەکێک لە خاسیەتەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە ئەو هوشیارییە لە کن خوێنەر دروست دەکات کە ئەو بەشدارییەکی کارای هەیە. ئەوەیش دەسەلمێنێت، وەک (ئۆرلۆڤسکی) دەڵێت: خوێندنەوە، نەک نووسین کردەیەکی خەیاڵی و داهێنەرانەیە. ڕاستە بە ئاشکرا ڕوو لە خوێنەر نییە، بەڵام ئەو قەناعەتە لە کن خوێنەر دروست دەکات کە ئەویش بەشێکە لە چیرۆکەکان. لە سەرەتاوە پلانی داڕشتن و چۆنیەتی نووسینی ڕۆمانەکە بۆ خوێنەر ئاشکرا دەکات. خوێنەر لێرەدا ئەو بەرچاوڕوونیەی دەبێت ئەم ڕۆمانە چۆن بیر لە خۆی دەکاتەوە، یان دەیەوێ چۆن خۆی پیشان بدات.