رانانێک بۆ رۆمانی "سەردەمی گریانی بەڵقیس"
وهو القزم، رغم تحایلاتە کلها، بسببها، ربما؟
ئەمە دێڕی یەکەمی چیرۆکێکی سەروەر ئەحمەدە لە کتێبی 'دخان الغرفە'، کە بە زمانی عەرەبی لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو بڵاوکراوەتەوە. رەنگە زیاد لە دە جار ئەو سێ چیرۆکە و بەتایبەت چیرۆکی 'هاجس'م خوێندبێتەوە، کە ئەم دێڕەی سەرەوە هی ئەو چیرۆکەیە.
چیرۆکەکان پێشکەشکراون بە بەیان محەممەد.
من تا نەبوومە قوتابیی زانکۆ، لە 2003، نەمزانیبوو کەسێک هەبووە بەناوی سەروەر ئەحمەد و ئەو چیرۆکانەی نووسیوە. بەڕێکەوت هاوڕێیەکی خوشکەکەم، خزمێکی نزیکی سەروەر دەبێ و هەر ئەویش بۆم باسدەکات و دوای تکایەکی زۆر کۆپییەک لەو کتێبە لەبیرکراوەم بۆ دێنێت بەو نیازەی بیدەمەوە و بەڵام بەهەر هۆیەک بێت ئەو کتێبە هێشتا لای منە.
چیرۆکی سەروەر، چیرۆکی عەشقی ئەو بۆ بەیان و خۆکوشتنەکەیان و گۆڕانی سەروەر بۆ تارمایییەک لەناو ئەو چیرۆکەدا، لای من ماوەتەوە و بڕواش ناکەم لەبیری بکەم، چونکە خۆم نەمویستووە لەبیری بکەم. من باوەڕم بە نۆستالژیای خەیاڵی هەیە، ئەوەی بیری سەردەمێک بکەیت کە تێیدا نەژیاویت، بەڵام هەست دەکەیت رۆحت و ئەو پرسیارەی ناو تۆ، وەڵامەکەی لەو سەردەمە کۆنترەدایە، لای ئەو کەسانەیە کە زۆر پێش هاتنی تۆ رۆیشتوون.
جەبار جەمال غەریب، بە رۆمانە تازەکەی، سەردەمی گریانی بەڵقیس، هەموو کونجکۆڵیی منی خەبەرکردەوە، ئەو هەمان چیرۆک دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەو سەروەرەی ئەو لە رۆمانەکە باسی دەکات، رەنگە تەنها تارماییەکی سەروەری راستەقینە بێت، یان تەنانەت ئەوەش نەبێت، بەڵام من لەکاتی خوێندنەوەی 390 لاپەرەی رۆمانەکە، تەواو هەستم بە هەناسەسواریی جەبار جەمال دەکرد، هەستم دەکرد مرۆڤێک ئەم شتانەی نووسیوەتەوە کە دەمێکە ویستوویەتی بیانڵێت و بە هەستی مرۆڤێکی رۆژهەڵاتی پێیوابووە هێشتا زووە و ناکرێ ئەو شتانە بڵێت، بەڵام هەر ئەو دیوەی تری مرۆڤ کە سێبەری قورسی یادەوەرییەکان لەسەری ڕەنگە بیانەوێ بیخنکێنن، هەر ئەم دیوە رەنگە وای لە جەبار جەمال کردبێ دەست بکات بە گێڕانەوەی هەموو ڕووداوەکان ، بەو جۆرەی کە چاوی ئەو بینیویەتی و دڵی ئەو ویستوویەتی.
پەرەگرافی سەرەتای رۆمانەکە وەک ئاوێکی روون دەڕژێ و هەر لێرەوە ئەو دەیەوێ فێڵەکە لە تۆ بکات و دەیکات و تۆ دەتەوێ بزانی دوای ئەوە چی ڕوودەدا: "یەکەم جار بوو ئاوا بێ پرس لەماڵێ بێتە دەرێ، پرس بەکەس نەکات و ڕێگا بگرێتە بەر،" ئەم رۆمانە زمانێکی گێڕانەوەی شیرینی هەیە، کە هەندێجار درێژدادڕی هەناسەسواری دەکات، بەڵام تۆ هەر وازناهێنیت و بەردەوام دەبیت، بەشێکی ڕەنگە پەیوەندی بەوەوە بێت چیرۆکەکە دەتبات، بێگومان هۆکارەکەی تر ئەوەیە زمانەکە بەتاڵ و بۆش و بێخوێن نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر زمان چڕتر بووایە زۆر باشتر دەبوو.
دروستکردنی وێنەی تێر و پڕی سێ شوێنی جیاواز، ڕەنگیشە بتوانین بڵێین چوار ئەگەر قەڵات جیا بکەینەوە، بەغدا، سلێمانی، هەولێر، قەڵات، خوێنەر دەتوانێت هەست بە قورسایی هەموو ئەو وێنانە بکات، بەڕادەیەک تۆ دەچیتە هەموو ئەو شوێنانە، بەتایبەت بەغدا بە قامیش و زەل و دیجلەوە تەواو وەک وێنەیەکی ڕوون دەبینیت. ئەوەی جوان و دڵرەقانەشە، پیشاندانی جیاوازیی نێوان ئەو دوو شارە هاوسێ نەگبەتەی کوردستانە، هەولێر و سلێمانی و باسکردنی فیزێکی کۆنی سلێمانییانەیە بەرامبەر مرۆڤێکی سادەتر و نەگبەتتری هەولێری کە نووسەر ئەوەی چڕتریش کردووەتەوە، لەکاتێکدا خانەوادە سلێمانییەکە ئەشراف و دەوڵەمەندن، ماڵە هەولێرییەکەش هەژار و نابووت و شیوعی و نەگبەت. تەنانەت ئەو پیشاندانە هەندێجار قۆشمەییشی تێدایە، سەرەڕای ئەوەی ئەو ڕۆمانە چیرۆکێکی خەمبار و دڵکوژە، بەڵام جاروبار دەتهێنێتە پێکەنین، لەشوێنێکدا لە باسکردنی ڕقی سلێمانییەکان لە ئافرەتی ئەسمەر و ڕەش نووسراوە: " ئەو سلێمانییانە هەر وان، ژنێک تۆزێک ئەسمەر بێ، بە ڕەشی دەبینن وەک ئەوەی خۆیان لە پەڕی کاغەز دروستکرابن، مریەم نازانێ، سلێمانی وێران بێ بەسەر ژنی ڕەش و دەنگ پیاوانەدا وێران دەبێ."
زاراوەی سلێمانی و هەولێری باش بەکارهێنراوە، یەکسەر دەتباتە ناو فەزاکەوە، بەتایبەت کە ئەمە لەو کتێبەدا زۆر گرنگە، چونکە فلاشباک زۆر بەکارهاتووە و ئەم جیاوازی زاراوەیە یارمەتیدەرە کە ون نەبیت و باشتریش بتوانیت لەگەڵ ڕووداوەکان بڕۆیت، بەڵام زاراوەکان هەندێجار ورد نین، بەتایبەتی لە بەکارهێنانی شێوە قسەکردنی هەولێری، دەبوو بەکارهێنانەکە وردتر بووایە.
باسکردنی بێتوانایی و چەوساندنەوەی ژن، تەواو وێنەی ئەو کاتە پیشان دەدا کە ساڵانی پەنجا و شەستەکان تا هەشتاکانە، کە ڕەنگە ئەوە ئێستاش زۆر نەگۆڕابێت، بەتایبەت کاتێک کچ لە یاسای نۆرمی گشتیی کۆمەڵگا دەردەچێ ئیدی وەک کاڵایەکی خراپ خاوەندارێتییەکی بەموتڵەقی دەدرێتەوە بە دایک، دایک وەک تاوانبار. یان لە باسکردنی ئەوەی هەڵەی کوڕەکان نەبینراوە و یەکەم هەڵەی کچ کۆتاییەتی، ئافرەت لەو ڕۆمانە تەنانەت خۆشی بەشدارە لە لۆمەکردنی خۆی، وەک درێژکراوەی وێنەی باوک و برا و دۆست و هاوڕێ و پیاو بە گشتی.
جەبار جەمال، کارێکی جوانی کردووە کە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، هیچ نەبێ هاونەسلەکانی، لەوانەی کە نووسەرن و خوێندەوارن، دەیزانن، ئەمەش تۆزێک ترسی هەیە، ترس لەوەی نەتوانیت بەقەد چیرۆکەکە هەناسەت درێژبێت و نەتوانیت ئەو دونیایە دروستبکەیتەوە، بەڵام ئەو هەردووکیانی پێ کراوە.
زۆر گرنگە، ناوەندی ئەندێشە، کە بڵاوکەرەوەی ئەم کتێبەیە، یان هەر خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەیەکی دی، بتوانێت قورسایی ئەرکی بڵاوکردنەوە تێبگات، بەوەی کاتێکی باشتر لە هەڵەچنی و ئەو چەند دێڕە خەرج بکات کە بۆ ناسینی کتێبەکان لەبەرگی دواوە دایدەنێت. لەم کتێبەکە لەو ناساندنە تەنانەت ناوی پاڵەوانەکەش بە هەڵە نووسراوە، جگە لە چەندین هەڵەی چاپیی تر لەناو کتێبەکە کە ئاسان دەکرا کتێبەکەیان لێ رزگار بکرێت. هەرچەندە بڵاوکردنەوە و گرنگیدان بەو کتێبانەی بە کوردی دەنووسرێن، ئەرکە و کارێکی باشە کە هەر ناوەندێکی بڵاوکردنەوە ئەو گرنگییە بزانێت، بەڵام دەشبێ کات و وزە لە بەپایانگەیاندنی چاپکردنی ئەو کتێبانە خەرج بکرێ تا هەڵگری کەموکوڕیی زۆر نەبن.
من تەمەنا دەکەم، ئەو کەسانەی حەز دەکەن کتێبێکی باشی کوردی بخوێننەوە ئەو ڕۆمانە بخوێننەوە، لەگەڵ ئەو هەموو چیرۆکی دڵشکان و وردبوون و تەنهاییە بڕۆن، کە گەورەترە لە تەنها چیرۆکی عەشقێک، بەڵکو باسکردنی شوناسی مرۆڤ و تەنهابوونیەتی وەک تاک، ئەم چیرۆکە نامۆ نییە بە مرۆڤی کورد.
گەر تەنها لەبەر دێڕی کۆتایی رۆمانەکەش بێت، دەبێ ئەو کتێبە بخوێندرێتەوە، بۆ ئەوەشی لەو دێڕە تێبگەیت، دەبێت هەموو کتێبەکە بخوێنیتەوە.