جەلالی مەلەکشا بەبێ گۆچانەکەی ناتوانێ رێبکات

رووداو - هەولێر

ئاری عەبدوللەتیف، شاعیر و نووسەر سەردانی شاعیری نێودار جەلالی مەلەکشای لە سنە کردووە و ئاماژە بەوە دەکات، چاوەکانی کزبوون و بە گۆچانەکەی دەستی نەبێت ناتوانێ رێبکات. 


ئەو شاعیرە هەڵەبجەییە لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی ناودارانی کورد لە سنە چاوی بە جەلالی مەلەکشا کەوتووە و پرسیاری تەندروستی لێکردووە.

ئاری عەبدوللەتیف بە رووداوی راگەیاند "چاوەکانی جەلالی مەلەکشا بەجۆرێک کزبوون توانای بینینیان کەمبووەتەوە".

 

یەکەمجار بووە ئاری عەبدوللەتیف چاوی بە جەلالی مەلەکشا بکەوێت. ئەو دەڵێت "لەڕێگەی شیعرەکانییەوە مەلەکشام ناسیوە و دیوانی شیعرەکانیم هەیە، من ئەوم بەپیری بینی، خۆزگە بەگەنجی بینیبام".

ئاری عەبدوللەتیف گوتی "بە جەلالی مەلەکشام گوت لە هەڵەبجەوە هاتووم. ئەویش گوتی، کەواتە د. سەباح بەرزنجی دەناسیت؟ گوتم: بەڵێ هاوڕێمە. ئەویش گوتی؛ سڵاوی گەرمی منی پێبگەیەنە".

جەلالی مەلەکشا شاعیرێکی بەنێوبانگی کوردە، شیعرەکانی بۆ زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی و سوێدی وەرگێڕدراون.



لە ساڵی 1951 لە گوندی مەلەکشا سەر بە شاری سنە لەدایکبووە. هەر لەوێ خوێندوویەتی و لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی نووسیووە.

مەلەکشا لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بەبێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، بووەتە ئەندامی "کانوونی نووسەرانی ئێران". لەو کاتەدا زۆرێک لە شاعیر و نووسەرانی گەورەی ئێرانی ئەندامی کانوون بوون، وەک ئەخەوانی سالس، ئەحمەدی شاملوو، جەلالی ئالی ئەحمەد، مەحموود ئیعتمادزادە و هۆشەنگ گوڵشیری.

دوای ساڵی 1979 جەلالی مەلەکشا بە کوردی بەرهەمە ئەدەبییەکانی نووسیوون. بۆ ماوەی 15 ساڵ وەکو نووسەر و رۆژنامەڤان دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و پەرە بە زمان و ئەدەبی کوردی دەدات.

ماوەیەک لە شاری هەولێر لە گۆڤاری پرشنگ سەرقاڵی کاری رۆژنامەڤانی بووە، لە شاری سنەش لەگەڵ چەند هەفتەنامە و گۆڤارێکدا کاری کردووە.



نموونەیەک لە شیعرەکانی مەلەکشا:

من کە سوتاوی فیراقم ئیتر ناوم بۆ چییە
خەزنەداری گەنجی عیشقی تۆم دراوم بۆ چییە

کەم بە شمێری برۆ قەسدی دڵی زارم بکە
من شەهیدم تیخی تیژی تازە سواوم بۆ چییە

من بە بەد ناوی لە دنیادا بەناو بانگم، بەڵام
یادو ناوی تۆم لە دڵ بێ، بانگ و ناوم بۆ چییە

وەک پڵنگی جەنگەڵی عیشقم بە سەربەستی دەژیم
زوڵف و چاوی تۆم هەبێ، زنجیر و داوم بۆ چییە

ئەم جیهانە چۆڵ و هۆڵ و من غەریبێکم نەناس
نیشتیمانی خۆم دەوێ، دنیای گڵاوم بۆ چییە

من لە تەنیایی گەلێک تەنیا ترم لەم شارە دا
ماڵی غەم هەر ئاوەدان بێ، ژاوە ژاوم بو چییە

بۆ فەرامۆشی بەرەو مەیخانە ڕاکێشم مەکەن
مەست و کەیلی ساغەری عیشقم، شەراوم بۆ چییە

من کە پەیمانم لەگەڵ ڕۆحی هەتاوا بەستوە
نازو غەمزەی وردە تیشکی ناو بە ناوم بۆ چییە

من موریدی حەزرەتی پەروانەم و غەرقی گڕم
نوری روخسارم دەوێ، شەمعی شکاوم بۆ چییە..؟!