سوبیەکتی خەمبار
1-2
سەختترین شۆک بەر خود بکەوێت مردنی خۆی نییە، بەڵکو مردنی کەسێکی ئازیزێتی، لێجیابوونەوەی ئەو سوبیەکتەی ترە کە هەر خودێک لەناو خۆیدا هەڵیگرتووە. لەڕاستیدا خودی پەتی و ڕەها بەشێوەیەکی ڕیالیستی لەهیچ شوێنکاتێکدا نییە، چونکە هەموو خودێک خودێکی تری هەڵگرتووە، لێرەوەیە هەموو خودێک لەخۆیدا بریتییە لە بابەتێک، واتە هەموو منێک بریتییە لە ئەوانیتر، هەموو سوبیەکتێک بریتییە لە ئۆبیەکت لەخۆیدا.
خودی پەتی شتێکی وەهمیی بێ بنەمایە، من بوونەوەرێکە هەڵگری چەندین من و بەها و پێوەری ترە، لەبەرئەوەیە پسایکۆلۆگیا دروست بووە تا ئەم هەناوە پڕ لە سوبیەکتە، دروستتر بڵێم، ئەم سوبیەکتە پڕ لە سوبیەکتە شیکار و شیتەڵ بکات و بناسێت، ناسینی سوبیەکتیش لە دوو دۆخی دەروونیدا خۆی دەنوێنێ.
دۆخی دڵتەنگیی سوبیەکت و دۆخی دڵخۆشیی سوبیەکت. هەردوو دۆخەکەش (تەنگی و خۆشی) لەناو هەمان ئۆرگاندان: دڵ. لێرەوەیە کاتێک کەسێک لێمان جودا دەبێتەوە، کۆچ دەکات یان دەمرێت، ئیتر دڵتەنگ و خەمبار دەبین. خەمباری چییە، جگە لەو شوێنەوارەی کۆچی کەسێک لەناوماندا بەجێیدەهێڵێت.
شوێنەوارێک، سۆراغێک لە هەناوماندا زەق دەبێتەوە و پێماندەڵێت تۆ دووکەرت بوویت و کەرتێکت نادیارە، تۆ چیتر بەرکەماڵ نیت. سپینۆزا دەیگوت خەمباریی گرنگە ڕووبدات تاوەکو مرۆڤ هەست بە بەرکەماڵیی خۆی نەکات.
خەمگینی وەک هەستێکی دەروونی بریتییە لە شوێنەوار، لە سۆراغی ئەو کەسەی بەجێیهێشتووین. لە زمانی کوردیدا کەسێک پیوار بێت، دیارنەمێنێ، کۆچ بکات، دەڵێین شوێنی دیارە. واتە هەموو کەسێک لەناو شوێندایە و شوێنەوارێکی هەیە.
یادەوەری خۆی چییە جگە لە شوێنەوارێکی دێرین لەناوماندا، بەهەمانشێوە غەم بریتییە لە شوێنەواری بەجێهێشتنی ئۆبیەکتەکان. لێرەدایە دەبینین ئەو کردەیەی تاک دروست دەکات بریتی نییە لە کۆبوونەوە و پێکگەیشتن، بەڵکو بریتییە لە لێجیابوونەوە و دابڕان لەویتر. بەپێی فرۆید ونکردنی ئۆبیەکتێک وا لە "ئیگۆ" دەکات بگەڕێتەوە لای خۆی، ئەمەش بەمانای ئەوەی: بەونکردنی ئەویتر، من خۆی دەدۆزێتەوە. چونکە ئۆبیەکت خۆی چییە؟ بەپێی سلۆتەردایک، جگە لەو سوبیەکتەی شتەکانیتر داگیریان کردووە، ئۆبیەکت واتە دوو سوبیەکتی و جووتبوونی سوبیەکتەکان. بەم پێیە، هیچ سوبیەکتێک بە ڕیالێتی بوونی نییە، بەڵکو هەموو سوبیەکتێک بارکراوە بە سوبیەکتی تر. لێرەوەیە هەموو ئۆبیەکتێک دەشێت دابەش بێت بۆ سوبیەکتەکانی، دەشێت بەشێکی لێ جیابێتەوە، هەموو ئۆبیەکتێک وەکو دایک وایە، هەڵبەت کەسێکی هەر لێ جیادەبێتەوە (منداڵبوون)، بەمەش ئیتر هەموو کەس دەشێت تووشی خەمباری بێت. سلۆتەردایک زۆر ورد ئەم دۆخە پێناس دەکات بەوەی: ئێمە هەموومان هەتیوی شتەکانین.
بۆیە تاک چەمکێکی تیۆری نییە، بەڵکو دەرکەوتەیەکی وجودییانەیە. خودێکە بەرلەوەی لە هۆشیاریدا بچەسپێت، لەناو بووندا دێتە ئاراوە. نالی لە قەسیدەیەکیدا ئەم دێڕە وجودییە تاکئاراییە دەنووسێت:
لەلای من با وجودی ناس و ئەجناس
کەسی کەی تیا نییە ئەم شارە بێ تۆ
دیارە مەبەستی لەوەیە سەرباری وجودی ئەو هەموو خەڵکە، کەچی من لەگەڵ کەسدا نیم، من تەنیام دوای کۆچی تۆ. لیرەدا ئەم خودە تەنیایە خودێکی غەمگینی قوژبنە تاریک و گۆشەگیرەکان نییە، خودێکی خەمۆکییانەی شکستخواردووی پسایکۆیی نییە، خودێک نییە چیتر سڵ لە دنیا بکاتەوە و خۆی دوورەپەرێز و گۆشەگیر و دابڕاو بژێنێ، بەڵکو خودێکە لەناو جیهاندایە وەکو تاکێکی جیابووەوە لە تاکەکەی تری، کتومت وەکو جیابوونەوەی منداڵ لە دایک، ئیتر هەردووکیان دەبنە دوو تاکی سەربەخۆ. لێرەوەیە لەدایکبوونی تاک لەڕێی لێجیابوونەوەوە ڕوودەدات. وەک سلۆتەردایک دەنووسێت: تەنیایی لە مەلۆتکەوە دەستپێدەکات.
ئەویتر وەک دۆست، وەک هاوڕێ، وەک خۆشەویست، وەک کەس و هتد بریتییە لەو بەشەی تری من کە لەناوەوەمدا تەواوم دەکات، تەنیاش بەهۆی جیابوونەوە و دابڕانەوە لێی دەرک بە بۆشایی و بە کەماسیی ناو خۆم دەکەم، لەگەڵ جیابوونەوەی ئەویتر لێم، ئیتر من هەست بە تەنیایی و تاکانەیی خۆم دەکەم. ئەوەی وادەکات من هەست بە تاکبوونی خۆم بکەم ڕۆیشتنی ئەوە و مانەوەی منە، کۆچکردنی ئەوە و بەجێمانی منە. گەر لەم تیۆرییە رابمێنین، ئەوا دەبینین لەنێوخۆیدا جۆرێک حەسرەت و خەم و دڵتەنگی هەڵگرتووە، بەڕادەیەک زۆرێک لە دابڕان و لە کۆچەکان دەبنە مایەی دروستبوونی خەم و پرسەی دراماتیکیش، وەک لە حاڵەتی مەرگی ئازیزانماندا.
تاک کەسێکی خەمبارە، کەسێکە خەمی بۆ بەجێهێشتنی تاکەکانی ترە. ئەوەی کەسێک بەجێی بهێڵێت ئیتر دەبێتە تاک و خەم وەکو هەستێکی نێوەکی دەیبەستێتەوە بە کەسی کۆچکردووەوە. وەک سلۆتەردایک دەڵێت: خەم بریتییە لەو پێخەفەی، تاک بۆ ئارامبوونەوەی، خۆی پێ دەپێچێتەوە.
هەموو بەجێهێشتنێک ڕووداوێکی خەمهێنە. لە کوێ بەجێهێشتن هەبێت، تاک لەوێ دەبێت. بەڵام خەم خۆی چییە، جگە لە ئەزموونێکی دەروونییانە لەسەر لێکدابڕان لە شتێک یان لە کەسێک، خەم دۆخێکە مرۆڤ لێوەی جیهان تەنیا لەو دۆخەدا دەبینێ کە تیایدا هەیە. بۆ نموونە هەموو ئەوانەی لە نیشتمان ئاوارە دەبن، ئەو هەستە خەمۆکییەیان تێدا دروست دەبێت کە شوێنی یادگارییەکانیان بزر کردووە. هەروەها لە حاڵەتی مەرگدا دەبینین، مەرگی ئەویتر ڕووداوێکە لەنێو مندا ترسی هەمان چارەنووس دەورووژێنێ.
لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕۆژێک دەبێت ئەویتری نزیکم، هاوڕێکەم، خۆشەویستەکەم، یاوەرەکەم لەکیس بدەم، سەرەتای درککردنە بە کۆتایی بوونی خۆیشم. وەک چۆن گەلگامیش لە مردنی ئەنگیدۆی هاوڕێیدا چارەنووسی خۆی دەبینێتەوە، بەڵام هەر لەو ساتەوە خود لە شوێن دۆزینەوەی یاوەر و هاوبەشی تری ژیاندا بووە. واتە لەپاش مەرگ و دابڕانی خود لە ئەویتری نزیکی، هێشتا دەستبەرداری ژیان نەبێت، بەڵکو بەبێ ئەوانیش هەر درێژە بەژیان بدات. وەک سلۆتەردایک دەڵێت: مەرگ دەبێتە شرینقەیەک بۆ دروستکردنی کایە و پەیوەندیی تر. وەک چۆن ئەوگوستینوس بیری مەرگی هاوڕێ نزیکەکەی دەکاتەوە و ئەوەی تێدا دەبینێت کە ئەگەرچی منی دووەم و تەواوکەری ئەو بووە، کەچی ئەو هەر بەردەوامە لە ژیان و دەگەڕێت بەدوای هێزێکی باڵای نادیاردا کە خودایە و مایەی دڵنەوایی و دڵدانەوەیەتی.
هاوکاتکردنی مەرگ یان تێپەڕاندنی مەرگ
توانای ئەوەی ساتە دڵتەزێن و جەرگبڕەکان تێپەڕێنرێت، بریتییە لە سیفاتە هەرە سەرەکییەکەی مرۆڤ. مرۆڤ بوونەوەرێکە لەکوێشدا چارەی نەبوو، لەوێدا هەر چارەیەک دەدۆزێتەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی. ئەگەر وەها نەبووایە ئەوا مرۆڤایەتی دوای ئەو هەموو کارەساتانەی بەسەریدا هاتوون، تا ئێستا بڕی نەدەکرد. لێرەوەیە ژیان لە جەوهەردا بریتییە لە بەرگریکردن لە فەوتان، لە شەڕی مانەوە لەناو بووندا. پرسە شینوشەپۆڕ نییە بۆ مردووەکانمان، بەڵکو ئاهەنگگێڕانە بۆ درێژەپێدانی ژیانی زیندووەکان. گەر پرسە نەبووایە مەحاڵ بوو کەسی کۆستکەوتوو، کەسی لێقەوماو بەرگەی جیابوونەوەی کەرتە تەواوکەرەکەی خۆی بگرتایە. فرۆید لە ساڵی 1915دا دەنووسێت: بەرگەگرتنی ژیان، وەکو یەکەمین ئەرکی هەموو زیندوویەک دەمێنێتەوە.
وەک گوترا، کارەساتی جیابووەنەوە و دابڕان لەویتری نزیکم دەبێتە مایەی دەرکەوتنی تاک. واتە تا ئەوکاتەی تاک دەکەوێتە پەیوەندی بە لایەنێکی ترەوە، هێشتا هەر تاک دەمێنێتەوە. دەبێت خود قەرەبووی لەکیسدانی هاوڕێکەی،خۆشەویستەکەی، دۆستەکەی بکاتەوە، گەر نەیتوانی ئەوا وەک تاک دەمێنێتەوە. پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی ئەویتر لە پەیوەندی بە مندا دروستی دەکات، بریتییە لە کۆششی ئەوەی خود دەخوازێت کایەی تر بەرفراوانتر و ساتار بکات. ئێمە لەجیهانیژانماندا کاتێک کەسێکی نزیکمان لێ دەڕوات، بەو کەسە دەڵێین هێشتا جێگەی دیارە، یان شوێنی پڕ ناکرێتەوە. بەتاک و تەنیابوون ئەو دۆخەیە کە ئێمە نەتوانین قەرەبووی کەسی لەکیسچوومان بکەینەوە. نالی دروست درکی بەو هەستە تەنیاییە وجودییە کردووە کاتێک لە غیاب و پیواربوونی خۆشەویستەکەیدا ئیتر هیچکەس ناتوانێت قەرەبووی ئەوی بۆ بکاتەوە.. با وجودی ناس و ئەجناس کەسی کەی تیا نییە ئەم شارە بێ تۆ.
نالی ئەوە پیشان دەدات کە بەکۆچکردنی ئازیزەکەی حەز دەکات هاوکات ئەویش کۆچ بکات. کەسی عاشق حەز دەکات یان مەرگی پێکەوەیی یان ژیانی هەمیشەیی. لە ئەدەبیاتی ئەوروپیدا (ڕۆمیۆ و جولێت) و لەئەدەبیاتی کوردیدا (مەم و زین) باشترین نموونەی داستانی ئەم حاڵەتەن. فەرەنسییەکانیش لەسەر کێلی مردووەکانیان دەنووسن: دوای کۆچی تۆ جیهان خاڵییە. سلۆتەردایک دەڵێت: کەسێک وەک تاک پێناس دەکرێت کە نەتوانێت قەرەبووی کەسە لەکیسچووەکەی بکاتەوە، بەڵام هێشتا پەیوەندییەکی نێوەکییانەی لەگەڵ کۆچکردووەکەدا دەمێنێتەوە. لێرەدا ئەو نموونەی چیرۆکی فیلمی تایتانیک دەهێنێتەوە، کە (ڕۆز) دوای مەرگی (جاک) هەموو تەمەنی بە تەنیایی دەژی و لە پەیوەندییەکی نێوەکیدا بەجاکەوە بەردەوام دەبێت.
ئەمە هاوکاتکردنی مەرگە بۆئەوەی بە سەڵتی و تەنیایی نەژی. لەگەڵ ئەوەشدا کەسی کۆستکەوتوو چیتر دەبێت جیهان بەهەموو قورساییەکیەوە بەکۆڵەوە بگرێت. لێرەوەیە تاکایەتی هیچ نییە جگە لە خۆڕاهێنان لەسەر توانای بەتەنیا مانەوە، لە بەجێمان. ئەوەی بەجێدەمێنێ مەحکومە بە وەرگرتنی میراتی تاکایەتی.. بەجێمان بەتەنیایی لە فیگوری جۆراوجۆردا بەرجەستە دەبێت، وەک: سەڵتبوون، هەتیوبوون، بێوەژنبوون، بێوەپیاوبوون.
ئەمانەش ئەو بەژنە تاکانەن کە مرۆڤ هەمیشە پێشتر لەبەرچاوی گرتوون، واتە بەر لە ڕوودانی جیابوونەوە خود پێشبینی تەنیابوونی خۆی دەکات، وەک سلۆتەردایک دەڵێت: من بریتییە لە ئۆرگانی پێش ماڵئاوایی. چونکە خود پێشتر کۆچکردنی نزیکەکانی خۆی لەبەرچاو گرتووە. واتە هەموو تاکێک لەنێو خۆیدا لەمەشقی خۆئامادەکردندایە کە ڕۆژێک دێت کەسی نزیکی لەکیس بدات.
واتە بەر لە ڕوودانی جیابوونەوە، تاک لە درککردنی بەجیابوونەوە لەدایک دەبێت. لێرەوەیە دڵتەنگیی بەرایی و و غەمباریی پێشوەخت خۆی وەک فاسیلەیەک بەیان دەکات. بەڵام لە ئەوینی ئەبەدیدا ڕەفزی فاسیلەیەکی لەوجۆرە دەکرێتەوە و هیچ دڵتەنگییەکی پێشوەختی پێشبینیکراو قبوڵ ناکات و دڵدار و دلبەر خۆیان وەک دووانەیەکی ئاوێتەبوو دەبینن کە هیچ هێزێک لێکیان جیاناکاتەوە و هیچیشیان نابێت کەلێنی وا بدەن بە دەستەوە تا زەفەریان پێ ببات و ببێتە مایەی بەجێهێشتنی ئەویتر و مانەوەی بەتەنیا لە دنیادا.