ترس لە نێوان بۆرخیس و كیركێگارد- دا
كورتە چیرۆكی (برینی خەنجەر) بەرهەمی نووسەر و شاعیری ئەرجەنتینی خۆرخێ لویس بۆرخیسە كە یەكێ لە بەناوبانگترین نووسەرانی سەدەی بیستەمە و بە باوكی كورتە چیرۆكی پۆست مۆدێرن لە دونیادا ناسراوە.
چیرۆكەكانی ئەم نووسەرە بەشێوەیەكی ورد دەچێتە دونیای ناوەوەی مرۆڤەكان و خوێنەر بە خوێندنەوەیان دەشێت زۆر جار خۆی بخاتە دۆخی كارەكتەرەكانی و هەست بە تەبایی بكات لەگەڵیان. چیرۆكگەلێكی فەلسەفی كە جیا لەوەی حكایەتێك بۆ خوێنەر دەگێڕنەوە، هاوكات دەمانبەنە ناو دونیای فەلسەفە و پرسیارە بنەڕەتییەكانیش. یەكێ لە هاوڕێ و نووسەرە گەورەكانی خودی بۆرخێس بەناوی ئادۆلفۆ بیوئی كاسارس، جوانی گوتووە لەسەر چیرۆكەكانی بۆرخیس كە دەڵێت: بەرهەمەكانی بۆرخیس مەنزڵگایەكە لە نێوان وتار و چیرۆكدا.
كورتە چیرۆكی برینی خەنجەر چیرۆكی پیاوێكە بەناوی (وین سنت مون) كە لە شەرمی ئەو گوناهەی كردوویەتی (فرۆشتنی هاوڕێكەی كە زۆر باش بووە بۆی) چیرۆكی برینی سەر روومەتی خۆی پێچەوانە دەگێڕێتەوە و خۆی دەخاتە شوێنی كارەكتەرە باشەكەی چیرۆكەكە و چیرۆكەكە لە روانگای ئەوەوە دەگێڕێتەوە و ئەمەش بەشێوەیەك لێزانانە دەیكات كە لە كۆتاییدا و لە دوای دانپێدانان بە گوناهەكەیدا خوێنەر تووشی سەرسوڕمان دەكات.
مون كەسێكە لە سەردەمی لاوێتیدا، كاتی چالاكیی بۆ رزگاركردنی ئێرلەند لە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیز، لەگەڵ هاوڕێیەكی دەبێت كە تەقەیان لێدەكەن و دواتر هاوڕێكەی رزگاری دەكات و لە كاتێكدا كە مون شانی بریندارە، دەچنە ماڵێكی كۆنی ژەنەراڵێك كە پڕە لە چەك و خەنجەری كۆن.
لەوێ بۆ ماوەی 9 رۆژ خۆیان دەشارنەوە و هاوڕێكەی لەگەڵ ئەوەدا كە چاودێریی مون دەكات و دەیپارێزێت، بە رۆژیش بەردەوامە لە چالاكییەكانی، لە دوای نۆ رۆژ مانەوە، دوای نیوەڕۆیەك كە هاوڕێكەی مون دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەردانی مون بكات و لە دۆخی بپرسێت، گوێی لێدەبێت كە مون وا بە تەلەفۆن خەریكە دەیفرۆشێتەوە بە دوژمنەكانی و دەیداتە دەستەوە تا لە بەرامبەریدا خۆی رزگاری ببێت. هاوڕێكەی مون پێش ئەوەی لەلایەن سەربازەكانی دوژمنەوە دەستگیر بكرێت، خۆی دەگەیەنێتە مون و بە یەكێك لە خەنجەرەكانی ناو ماڵەكە برینێك دەخاتە تەوێڵی مون.
دواجاریش مون لەگەڵ بڕێك پارەدا دەردەچێ و لە شوێنێكدا بەناوی (تاكارم پو) دەژیت و لەوێ بە رێكەوت شەوێك میوانی دەبێت و ئەم چیرۆكەی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵام تا كۆتایی چیرۆكەكە وا خۆی دەردەخات كە هاوڕێ و كارەكتەرە باشەكە ئەو بێت و خیانەت لێكراوەكە خۆی بێت، تا لە كۆتاییدا دانی پێدا دەنێت كە خۆی هەمان ئەو (وین سنت مون)ەیە و هاوڕێكەی ئەو برینەی وەك مۆركی رسوایی و شەرمەزاریی هەمیشەیی لەنێوچەوانی داوە.
ئێستا وین سنت مون پیاوێكە، لەو كاتەوەی هاوڕێكەی خۆی فرۆشتووە تا ئەو رۆژەی دانی بە گوناهەكەیدا ناوە، زۆربەی كات خۆی لە ژوورێكدا زیندانی دەكات و بە ئازار و سەرزەنشتكردن خۆی ئازار دەدات. تەنانەت كاتێك چیرۆكەكەی خۆی دەگێڕێتەوە بۆ مێوانەكەی، دەڵێت بە مەرجێك بۆت دەگێڕمەوە كە دوای بیستنی لەسەر هیچ نەنگ و خراپە و شەرمەزارییەك بە ئاسانی چاو نەپۆشیت. مون تووشی ئازارێكی قووڵ بووە كە دەرمانی نییە و پێوەی دەتلێتەوە، ئەوەندەی كە دوای گێڕانەوەی چیرۆكی گوناهەكەی بە میوانەكە دەڵێت من وین سنت مونی گوناهبارم و ئێستا شەرمەزارم و تۆ تەحقیر و بچووكم بكەرەوە. هەموو شتێك قەبووڵ دەكات بۆ ئەوەی رزگاری ببێت لە باری گوناهێك كە نە لەبەر نەزانی و جەهل، بەڵكو لە ترسنۆكیدا كردوویەتی.
یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی چیرۆكی بۆرخێس یاریی خەیاڵە لەگەڵ تیۆرییە فەلسەفییەكاندا. لەم چیرۆكەشدا بە هەمان شێوە بۆرخێس بە روانینێكی ئێگزیستانسیالیستیەوە دەڕوانێتە مەسەلەی ترس و گوناه، چیرۆكەكەی دووبارە نووسینەوەی بۆچوونێكی فەلسەفییە لە دۆخی چیرۆكدا. لە سەرەتای چیرۆكەكەوە كاتێك مون چیرۆكەكە لە زمانی هاوڕێكەیەوە دەگێڕێتەوە، دەڵێت: "ئەو كاتە بوو كە تێگەیشتم ترسەكەی دەمێنێتەوە، بە لا لێوێكەوە پێمگوت ئاگات لە خۆت بێت و رۆیشتم.
بە ئاستێك لە ترسەكەی بێزار بووم كە هەستم دەكرد ئەوە منم دەترسێم نەوەك وین سنت مون، كرداری مرۆڤێك وایە وەك ئەوەی هەموو مرۆڤایەتی ئەو كردارەیان كردبێت. بۆیە بێ عەدالەتی نییە گەر نافەرمانییەك لە بەهەشتدا روویدابێت و هەموو مرۆڤەكانی تووش كردبێت".
لای ئیگزیستانسیالیستەكان مرۆڤ هەر بڕیارێك دەدات، وەك ئەوە وایە لەبری هەموو مرۆڤەكان و بۆ هەمووان ئەو بڕیارەی دابێت. ترسەكەی مونیش ترسی خۆی نییە، بەڵكو رەهەندێكی ئیگزیستانسیالیستانەی هەیە. ترس و دڵەڕاوكێ دوو خەسڵەتی بنەڕەتیی مرۆڤی ئێگزیستانسیالیستە.
بەگشتی ئەم روانگەیە پێیوایە بوونی مرۆڤ پێش شوناس و ماهیەتێتی. واتە مرۆڤ سەرەتا لەدایك دەبێت، دواتر لە رێگای هەڵبژاردنەكانیەوە ماهیەت و شوناسی خۆی دیاری دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت مرۆڤ ئازادیی ئیرادەی هەبێت تا لە رێگای ئەو كردار و هەڵبژاردانەوە كە دەیكات مانا و شوناس بدات بە بوون و ژیانی خۆی. ئێگزیستانسیالیستێكی وەك كیركێگارد پێیوایە بوونی ئەم ئازادییە لە هەڵبژاردندایە كە دەبێتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوكێ.
كیركێگارد لە كتێبی (ترس و دڵەڕاوكێكان) دا دەڵێت، پێش دروستبوونی گوناه، ترس و دڵەڕاوكێ هەیە و ئاماژە بە چیرۆكی ئادەم و حەوا دەكات و دەڵێت كاتێك خودا بە ئادەم و حەوای گوت كە لەو میوە قەدەغەكراوە نەخۆن، ئەو كات ئادەم لە هێزی ویستی ئازاد و هەڵبژاردنی خۆی تێگەیشت و زانی دەتوانێت هەڵبژێرێت. لەنێوان هەڵبژاردنەكاندا تووشی ترس و دڵەڕاوكێ بوو، دواتر لە نێوان شەڕ و خێردا شەڕی هەڵبژارد و لەو كاتەوە كە میوەی قەدەغەكراوی خوارد، گوناه لەدایك دەبێت. لەلای كیركێگارد ترس و دڵەڕاوكێ پێش گوناهن و هۆی گوناهكردنی ئادەمیش دەگێڕێتەوە بۆ هەمان ترس و دڵەڕاوكێ. وەك چۆن وین سنت مون لەبەر ترسەكانی دەكەوێتە ئەو هەڵبژاردنەوە كە هاوڕێكەی بفرۆشێت.
لای كیركێگارد كاتێك ویژدانی كەسێك بەهۆی كردارێكی هەڵە و هەڵبژاردنێكی هەڵەوە تووشی ئازار دەبێت، لە دەروونیدا هەستێكی لا دروست دەبێت كە ئازاری دەدات و لە دەروونەوە خۆی سەرزەنشت دەكات. ئەو هەستە هەمان هەست بە گوناه و تاوانە، بۆیە ئازادی هاوشانی هەستكردنە بە گوناه. دوای دروستبوونی ئەم هەستە، مرۆڤ لە هەموو شتێك دوور دەكەوێتەوە و دەچێتەوە ناو ناخی خۆی.
كیركێگارد ئەم هەستەی مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ ئادەم و حەوا و بۆ ئەو گوناهەی كە لە بەهەشت كردوویانە، وەك چۆن مونیش هەستی خۆی دەگێڕێتەوە بۆ هەمان گوناهی یەكەم و پێیوایە هەر كەسێك بەو تاوانە بزانێت، دەبێت خۆی وەك ئەو بە گوناهبار بزانێت. لای كیركێگارد هەست بە گوناه كاتێك لەدایك دەبێت كە مرۆڤ یان لە شتێكدا بەرپرسانە نەجوڵابێتەوە یان لەگەڵ ئەوەدا كە ئازاد بووە لە هەڵبژاردندا، هەڵبژاردنی نەكردبێت.
لای ئەم فەیلەسوفە كاتێك مرۆڤەكان بتوانن بە بەرپرسیارێتییەوە سەختی و ئازارەكانی ئەوەی هەڵیانبژاردووە لە ئەستۆ بگرن و قەبووڵی بكەن، ئەو كاتەیە كە مرۆڤ دەتوانێت لە خودی حەقیقی و راستەقینەی خۆی نزیك بێتەوە. ئەو خودە راستەقینە و میتافیزیكییەی كە كیركێگارد پێیوایە بوونی خودای تێدایە.
كاتێك مون و كەسانی وەك ئەو دەكەونە بەر هەڵبژاردنێكی هەڵەوە، جارێكی دیكە ئەو هیوایە هەیە كە بە قەبووڵكردنی ئەو ئازارەی ئەو هەڵبژاردنەی بۆ خولقاندووە، دووبارە لە بوونی خودی راستەقینەی خۆی نزیك بێتەوە. ئازاری مون پلەیەكە بۆ گەیشتن بەو بوونە، مرۆڤ لەم جۆرە دۆخەدا لە رێگای پەشیمانییەوە دەیەوێت ئەو سوژەیە بدۆزێتەوە كە بەهۆی ترسەوە لە دەستی داوە. برینی خەنجەرەكەی سەر ناوچاوانی مون، تەنیا سەمبولێكە بۆ برینێكی دیكە كە لە ئادەمەوە خراوەتە سەر ناوچاوانی مرۆڤ، برینێك هەموو كەس هەیەتی و هەموو مرۆڤێك لە ژیانیدا سەختیی پەشیمانییەكەی دەكێشێ.