شاژنی كاتوێ

   
شاژنی كاتوێ فیلمێكی درامییە و لە سێپتەمبەری 2016دا بڵاوبووەتەوە. فیلمەكە لەبارەی ژیانی راستەقینەی كچێكی 10 ساڵانە بەناوی فیۆنا كە لەگەڵ خێزانەكەی نیشتەجێی گەڕەكێكی هەژارنشینە بەناوی كاتوێ لە شارێكی ئۆگەندا. كچەكە دەبێتە یاریزانێكی لێهاتووی شەتڕەنج. 

هەمیشە ئەو فیلمانەم لا پەسەندە كە چیرۆكێكیان لەپشتە، بەتایبەتیش گەر چیرۆكێكی راستەقینە بێت. فیلمێك كە ئازارەكان، هەوڵەكان، سەركەوتن و شكستەكان بخاتە روو، نەك تەنیا وێنە بگوازێتەوە. فیلمێك كە ئاماژەیە بۆ گرنگیی پەروەردە و راهێنان. 

توانستی مرۆڤە سادە و بێبەش لە ئامرازە سەرەتاییەكانی ژیان دەردەخات. خانمە دەرهێنەری بەتوانا میرا نایر (Mira Nair) كاری دەرهێنانی بۆ ئەم فیلمە كردووە. میرا نایر هیندییە و ئێستا لە نیویۆرك دەژی، كۆمپانیایەكی تایبەت بە بەرهەمهێنانی فیلمی هەیە و خۆیشی یەكێكە لە دەرهێنەرە سەركەوتووەكان. هەندێ لە فیلمەكانی بایۆگرافین و گرنگییەكی زۆر بەو لایەنە دەدات، شێوازێكی تایبەت هەڵدەبژێرێ بۆ ئەوەی چیرۆكەكەیمان پێبڵێ. بۆیە ئەم فیلمەی ئیشكردنێكی پەروەردەییانە و دەروونیانەیە بۆ بینەر، مرۆڤ بڕوا بەو دیمەنە هەژار و جەرگبڕانە ناكات كە لە فیلمەكەدا نیشان دەدرێ.

فیۆنا و براكەی لەنێو كۆڵانەكاندا گەنمەشامی دەفرۆشن، مردنی باوكیان قورساییەكی زیاتری خستووەتە سەر شانی دایكیان. دایكی فیۆنا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی خێزانەكەی پێكەوە بهێڵێتەوە، بەڵام شكست دێنێ لە هەوڵەكانی بۆ مانەوەی خوشكە گەورەكەی فیۆنا، چونكە ناتوانێ بەرگەی ئەو ژیانە سەختە بگرێ، دەڕوات و بە شكستەوە دەگەڕێتەوە. دایكیان خوێندەوار و پەروەردەكراو نییە، بەڵام كەسێكی بەهێزە و پەروەردەی ئەو لە بەهێزییەكەیدایە. چونكە هەرگیز دەستبەرداری منداڵەكانی نابێت لە هەموو ئەو سەختی و ناخۆشییانەدا. ئەم رۆڵەش بە خانمە ئەكتەری بەتوانا (Lupita Nyongo) دراوە. 

ئەم ئەكتەرە زۆرترین خەڵاتی بەدەستهێنا لە فیلمی (دوانزە ساڵ كۆیلایەتی) بەهۆی لێهاتوویی و رۆڵگێڕانی جوانی لە فیلمەكەدا، هەروەها خەڵاتی باشترین ئەكتەری یاریدەدەری بردەوە. پێموایە بۆ ئەم فیلمەش هەمان توانای نیشانداوە، بۆیە شایەنی خەڵاتە. لە فیلمەكەدا چەندین دیمەنی جوانی پڕ لە هاوسۆزی و پێكەوەیی و لێكتێگەیشتن هەیە.  

حەزی فیۆنا بۆ زانین وای لێدەكات، بچێتە شوێنێك كە تێیدا یاری شەترەنج  فێری كۆمەڵێك منداڵ دەكرێ، مامۆستاكەی، رۆبێرت كەتیندی، مامۆستایەكی بەئاگا و سەركەوتووە، زۆر جوان ئیش لەسەر شێوازی پەروەردەی منداڵەكان دەكات. بۆ ئەوان كە هیچیان نییە، بە سكی برسییەوە ئەستەمە بتوانی ورەبەرز بیانهێڵێتەوە. چونكە برسێتی لە چاوەكانیاندا بەدی دەكرێ، مامۆستاكە رۆژانە لەگەڵیاندا بەر ئەو هەستانەیان دەكەوت، هەستی برسێتی و هەستی بێبەشی، هەرچەندە مامەڵەكردن لەگەڵ منداڵانی گەڕەكی هەژارنشین، بێ پەروەردە و بێماڵ زۆر زەحمەتە، بەڵام دەیزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بكات. ئەو سەرەتا بە فیۆنا دەڵێ ئەم شوێنە بۆ ململانێكارانە!   

دایكی فیۆنا سەرەتا رێگرە لەوەی منداڵەكانی ئەم یارییە بكەن و بە قوماری دەزانێ، پێیوایە نابێت كاتی خۆیانی پێ بەڕێ بكەن، چونكە پێویستە ئەوان ئیش بكەن بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە و بەردەوام بن لەو ژیانە سەختەی هەیانە. بەڵام رۆبێرت هەوڵێكی زۆر دەدات بۆ ئەوەی لە دایكیان بگەیەنێ كە ئەمە قومار نییە و ئەوان دەرفەتی ئەوەیان دەبێت لە پێشبڕكێی (kings college) بەشدار بن، چونكە فیۆنا زۆر زیرەكە، بۆ ئەوەی پاشان رێگەیەكیان بۆ بدۆزێتەوە كە بچن بۆ فێرگە و بخوێنن. رۆبێرت دەزانێ توانای فیۆنا زۆر لەوە زیاترە كە تەنیا سەوزە بفرۆشێ، پێیوایە ئەوان شایەنی زیاترن. دایكیان لە خەمی پەروەردەی ئەوان رێگە بە منداڵەكانی دەدات بەشدار بن. دەڵێت من رێگەیان دەدەم بەڵام تۆش كە بەڵێنەكەت نەبردە سەر هەرگیز منداڵەكانی من نابینییەوە.

یەكێك لە نموونە پەروەردەیی و جوانەكانی رۆبێرتی مامۆستا لەو كاتەی منداڵەكان هەست بە بێئومێدی و نامۆبوون دەكەن لەگەڵ ئەو شوێنە و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ گرووپە بەشدارەكانی دیكە، ئەوەیە كە نموونەیان لەسەر برسێتی بۆ دێنێتەوە، ئەو دەرك بەوە دەكات كە ئەمە نزیكترین و باشترین رێگەیە بۆئەوەی منداڵانێكی برسی و بێبەش بەشێوەیەكی پەروەردەییانە تێبگەیەنی و دەڵێت: "دوێنی لە رێگەی پاسەكەمدا سەگێكی لاوازم بینی، سەگەكە زۆر برسی بوو، چاودێریی پشیلەیەكی دەكرد، سەگەكە ویستی پشیلەكە بگرێ، بەڵام پشیلەكە تەنانەت بازی بەسەر كتری سەر ئاگرەكەشدا دا و دواتر بزر بوو. سەگەكە لەبەر ماندوویی لەسەر زەوییەكە كەوت. منیش بە سەگەكەم گوت چی روویدا؟ تۆ زۆر برسی بووی، بەڵام ژەمەكەت لەدەست چوو. سەگەكە پێی گوتم كێشەكە من بووم. من رامدەكرد بەدوای ژەمێكدا، بەڵام ئەو پشیلەیە رایدەكرد بە دوای ژیانیدا. 

رۆبێرت دەڵێ دەبینن ئەم منداڵانە جلی جوانیان هەیە، جێگەی ئاسوودەیان هەیە، ئەوان وەك سەگەكە وان. هەموو شتێكیان ئاسان بۆ دێتە بەردەست، بەڵام ئێوە پشیلە مەزنەكانی منن، ئێوە بەدوای ژیانتاندا رادەكەن. بەمە ورەی هەموو منداڵەكان بەرز دەكاتەوە. فیۆنا هەندێ جار باوەڕ بە توانا و لێهاتوویی خۆی ناكات، لای سەیرە لە كەسێك دەباتەوە كە خوێندوویەتی و پەروەردەی بینیوە، كەچی ئەو هیچ خوێندەوارییەكی نییە. رۆبێرت دەرخەری تواناكانی فیۆنا بوو، پەروەردە دەتوانێ ئاسانتر و باشتر پەرە بە لێهاتوویی مرۆڤ بدات و بە رێگەیەكی زانستییانەدا بیبات، ئەگەرنا هەموو مرۆڤێك توانای هەیە گەر بزانێ و بەهرە و زیرەكیی خۆی بدۆزێتەوە لەو بوارەی تێیدا لێهاتووە.

یاریی شەترەنج ئەوەی بۆ گرنگ نییە كە تۆ چۆن و چەند بەهێزی یاخود دەوڵەمەندی، بەڵكو دەتوانێ بۆ ژیانێكی باشتر فێری رێگەیەكی ستراتیژیانەت بكات. ئەمەش پێویستی بە هێز و دەربازبوونە لەو دۆخەی تێیدای. هەربۆیە فیۆنا دەڵێ: ''شەترەنج، مێشكم تیژ دەكاتەوە''. 

فیۆنا هەرچی لەبەردەستی بووایە دەیكرد بە شەتڕەنج و راهێنانی لەسەر دەكرد، بەردەوامی و سووربوونی فیۆنا پاش هەوڵ و شكستەكانی دەرخەری ئەو ویستەیە كە فیۆنا لە شەترەنجدا دەیبینێتەوە. ئەمە بۆ ئەو دەبێ بە خەون و دەیەوێت لە رێگەی شەتڕەنجەوە ئەوەی دەیەوێت بە دەستی بێنێت. لە دواجاردا وەكو پاڵەوانی شەترەنج لە ئۆگەندا دەناسرێ و خەڵك بە پەرۆشەوە چاوەڕێی سەركەوتنی زیاتری فیۆنان و هاوسۆزن لەگەڵی.