"یادداشتێکی بێواتای غوربەتی"
غوربەت چییە؟ واتایەکی ڕووکەشی نا؛ بەڵکوو ئەو ترس و بێقەرارییەی کە دەچێتە وجوودتەوە؛ ئەوەی کە بەردەوام لە خەوندای؛ هەموو شتەکان زیاتر لە خەیاڵ و خەون و جیهانێکی تەمومژاوی دەچن؛ وەها کە هەرگیز بڕوا ناهێنی لەم شوێنی ترە کە هەی، هەبوونێکی واقیعی و ڕاستە؛ ئەوەی کە قاچت بەسەر عەرزەوە بەند نابێت و ژێرپات خاڵی و بەتاڵ و پووچ دەبێتەوە.
بێ ئەوەی کە لە دەستی خۆتدا بێت لە زەینتدا جێگیر بووە کە هەر کاتێک بێت، تەنانەت سەد ساڵی تریش، هەر دەبێ بگەڕێیتەوە ئەو شوێنەی واتات پێ دەدات و ژیانەکەی ڕاستەقینە دێتە پێش چاوت. ئەگەرچی باسی زەمان خۆی قسەی زۆری لەسەرە، بەڵام غوربەت ئەو شوێنە و ئەو ترسە لێنەبڕاوەیە کە دەترسی لێی بمریت و خۆفێکە دەست لە بینت بەرنادات. وەک مرۆڤێکی سەرگەردانتر لە هەمیشە، کە نازانێ بۆ لەوێیە و پرسیارێکە بەردەوام لە خۆی دەکات: من چی دەکەم ئالێرەدا؟ نە پێکەنینی هی ئەوە و نە شەقام و نە تامی هیچ چرکەیەکی؛ نە بیرەوەرییەکی لەگەڵ بیناکانی هەیە، نە هەڵسوکەوتی خەڵکی ئەوێ لەگەڵ پەروەردە و تێگەیینی ئەم لە مامەڵە ئینسانییەکاندا یەک دێنەوە.
''هەستی''، "وجوود" یان "بوون"ی جیهانی هەر کەسێک بازنەیەکی هەیە، هێڵێکی ژیاوە و دیاریکراو. ئەو ترسەی کە مرۆڤی ئاسایی بەرامبەر بە مەرگ هەیەتی، ئەوەیە کە کاتێک ئەو دەمرێت جیهان لەجێی خۆیەتی، هەموو شتەکان و کەسەکان بەردەوامن و هەموو هاتوچۆ و هەڵسە و دانیشتنەکان بەرقەرارن و تەنها ئەوە کە نییە و لەناو ئەو هەڵسە و دانیشت و شتانەدا نەماوە. هاوڕێکانی دەچنەوە سەیران، دووکاندارەکان دەچنەوە دووکانەکانیان، تاکسییەکان هەر دێن و دەچن و هەموو شتێک دێت و دەچێ و تەنها ئەو نەبێت. ئەمە ڕاست هەمان ئەو ترسەیە کە مرۆڤی غوربەتنشینیش هەیەتی. بەو پێیەی کە بوون (هەستی) و جیهانی مرۆڤی غوربەتنشین بازنەیەکی دیاریکراوە لە زەمان، ئاکار و ڕەوشتی تاقمێک مرۆڤ، شوێنەکان و ئەو بەشە لە ژیان کە جیهانی ئێمەی پێکهێناوە و ئێستا بە هەر ناوێک وەک شوناس یان مرۆڤی شەرقی و غەربی و هەر جۆرە دابەشکردن و دیاریکردنێکی دیکە، بە دابڕان و دوورکەوتنەوەی لەم شوناسە (کە دواتر هەندێکی لە شوێنێک بەناوی بیرەوەری دەگیرسێتەوە) مەرگی ئەو مرۆڤە ڕوودەدات و هەمان ترسی ئەو کەسە دەیگرێت کە بەشێوەی فیزیکی لە جیهاندا نامێنێت.
ئەستەمییەکەی غوربەتنشین بوون و جیاوازییەکەی لەگەڵ مردوویەکی ئاسایی ئەوەیە کە کاتێک کەسێک بە شێوەی فیزیکی دەمرێت، ئیتر مردووە و ئاگای لێ نییە هەتا ڕەنجی دیتنی نەبوونی خۆی لە بەردەوامیی جیهاندا بکێشێت و ببینێت؛ بەڵام ئەم مرۆڤەی کە لە غوربەت دەژی، بە شێوەی فیزیکی بوونی هەیە و مردنەکەی مردنی واتایە و کاتوسات؛ یانی چاوی لێیە لە دەرەوەی ئەو جیهانەیە کە بۆ ئەو واتای هەیە و بەس تەنها ئەو لەوێ نییە. ئەم مرۆڤە چونکە بەشێوەی فیزیکی نەمردووە و زیندووە، ڕەنجی مردنی خۆی لە هەستییەکەیدا دەکێشێت و دەچێتە گیانیەوە و لە هەمان کاتیشدا شایەتی ئازارکێشانی (مردن یان هەمان نەبوون)یەتی بەپێی پێناسەی لە گەردووندا. بۆ وێنە مرۆڤی غوربەتنشین ترسی هەیە لەوەی لە یادی کەسەکان بچێتەوە، یان شوێنەکان، وەک کۆڵان، تەپۆڵکە، شەقام، دووکان و... گۆڕانیان بەسەردا بێت لەو کاتەوەی ئەو لەو شوێنە کۆچی کردووە. ڕەنگە بۆ ڕاکردن و خۆدزینەوە و هەڵخەڵەتان لەو دۆخە، زەین وادار بکات ناوی هەندێک شوێن و کەسی لەبیر بچێتەوە. مرۆڤی غوربەتنشین هیچکات ئەو بەشەی ژیانی کە لە غوربەتدا تێپەڕی دەکات، ئەگەرچی زۆر تاڵ و ناخۆشیش بێت، بەڵام لە حساباتی ژیانیدا بە ئەژماری ناهێنێت و بە ژیانی نازانێت، وەک ئەو خۆشی و ناخۆشییانەی کە ئێمە لە خەوندا دەیانچێژین، بەڵام بە بەشێک لە خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیانی بەئەژمار ناهێنین! بەڵکوو ئەو بەردەوام پەنا بۆ ڕابردوو و بیرەوەری دەبات، کاتی هەنووکەی ئەو شتێک نییە جگە لە ڕابردوو، یان باشترە بڵێین ئەو لە گەردانەی زەماندا هەست بە "ئێستا" ناکات، "ئێستا"کەی شتێکە نییە جگە لەو کاتەی کە ڕابردوو داگیری کردووە، ڕابردوو ئەو شوێنەیە کە ئەو لەوێوە خۆی پێناس دەکات و لەوێوە وجوودی خۆی دەسەلمێنێ. مرۆڤی غوربەتنشین تەنها شتێک کە خاوەنیەتی و بەردەوام لە هەوڵدایە خاوەندارێتیی خۆی بەسەر ئەو بەشە لە زەمان و ژیاندا بپارێزێت، ڕابردوویەتی و لەوێوە دەیەوێت واتا بدات بە ژیانی؛ مرۆڤێک کە بگێڕەوەی هەمیشەییە و هەوڵ دەدات هەموو کات بە بیرهێنانەوەی یادەوەرییەکان، ئەو ساتانەی ژیانی بەرز ڕابگرێ لە خۆیدا و لە ڕێگای ئەم ڕابردووەوە بەردەوام بە خۆی و دەوروبەرەکانی بڵێت ئەوەتا بوونم هەیە! ڕابردوو هەموو ئەو شتەیە کە ئەو هەیەتی، ڕابردوو هەموو سامانی مرۆڤی غوربەتنشینە!
زۆربەی کات لە خەونەکانیدا هێشتاکە لەو شوێنەیە کە کۆچی لێ کردووە، ئەو هێشتاکە ئەوێی بەجێ نەهێشتووە. ئەو دەترسێت و پێی¬ خەمناک دەبێت ئەگەر شوێنێک یان کەسێک لە شارەکەی کەم یان زیادی کردبێت؛ دەیەوێ هەموو شتەکان وەک خۆیان بمێننەوە؛ ڕابردوویەک کە ئەم هەیەتی نەگۆڕ بمێنێ. گەر ڕووداوێک لە نەبوونی ئەودا لەو شوێنە ڕوویدابێت، ئەستەم بتوانێ قەناعەت و بڕوا بهێنێت بەم گۆڕانە (ئەگەریش قبووڵی بکات، دیسان ناتوانێت هیچ پێوەندییەکی عاتفی و زاتی لەگەڵ بگرێت). لەبەر ئەوەی ئەو لە زەینیایە کە هەر ڕۆژێک دەگەڕێتەوە، بە تەواوی نامومکینەکانیشەوە ئاواتیەتی؛ گەڕانەوە ئەو خاڵەیە کە ئەو پێیوایە دەبێ ڕۆژێک هەر پێی بگات. بە دیتنێکی سادەش بێت، وەک ڕوانین بۆ تابلۆیەکی نەقاشی.
لە ڕاستیشدا مرۆڤ لە غوربەتدا باشتر دەتوانێت خۆی ببینێ و خۆی بناسێت؛ وەک بڵێی لە شوێنێکی بەرزەوە، بەجوانی و بەتەواوی، خۆی و هەموو ژیانی ببینێ و لێکی بداتەوە. ئەو دەتوانێ بە هەموو وردەکارییەکانیەوە ژیانی خۆی بکێشێتەوە. ئەو نایەوێ ناودارترین مرۆڤی ئەم جیهانە بێت، نایەوێ ساماندارترین، دەسەڵاتدارترین بێت، تەنها دەیەوێت ڕۆژێک لە ڕۆژان کۆتایی بە غوربەتی بێت؛ ئەگەرچی هۆکاری غوربەتنشینیشی ڕەنگە یەکێک لەو هۆکارانە بووبێت!
ئەو ڕەنگە پەنا بۆ هەندێک بیرۆکە ببات، هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ئایدیۆلۆژییەک بدات کە بتوانێ واتا بداتە ژیانی هەنووکەی لە غوربەتدا، ڕێگاچارەیەک کە بتوانێ بەردەوامی بکات لە بەردەوامبوونی کات بە ڕێگای ئاسایی تێپەڕبوونی خۆیدا. ڕەوتی غوربەت وەهایە کە زۆرینە دەکاتە قوربانی و ڕەنگە چەند تاکە کەسێک بخولقێن و زیندوو بمێننەوە و خۆیان ڕاگرن لەناو ئەو گێژاو و تۆفانە کۆتایی نەهاتووەدا، بۆ ئافراندن و گێڕانەوە لە شێوازەکانی هونەر یان جۆرێکی دیکە.
بەگشتی مەفهوومی غوربەت هەڵگری زۆر واتایە و دەکرێ لە چەندین ڕەهەندەوە ئاوڕی لێ بدرێتەوە و قسەی لەسەر بکرێ؛ ئێستا ئەم غوربەتە چ وەک کۆچێکی ئارەزوومەندانە بێت یان ناچارانە و نەخوازراو (دوورخستنەوە)؛ کە بەڕای من غوربەتی ئارەزوومەندانە بوونی نییە و هەموو کۆچەکان ناچارانەن و ئەوەش کە وەک ئارەزوومەندانە دەستەبەندی کراوە، جۆرێک ناڕەزایەتی بە دۆخی هەبووە؛ چونکە مرۆڤ تا کاتێک شوێنێکی بەدڵ بێت و جێی ڕەزامەندی بێت، ئەو شوێنە جێناهێڵێت! بۆ ئێمەی مرۆڤی کورد کە دۆخی ژیانمان بەهۆی زۆر هۆکارەوە بەردەوام لە ئاوارەیی و دوورکەوتنەوە لە زێد ژیمانمان بەسەر بردووە، غوربەت چەمکێکی پڕبایەخ و جێی سەرنجە. چونکە هەموو ئێمە بە عام یان زۆرینەمان مرۆڤی غوربەتین و غوربەتی بەئەژمار دێین! تەنانەت بەشێکی زۆر لە ئەدەبیات و هونەری ئێمە، هەر لە ئەدەبیاتی کۆن و کلاسیکەوە تاکوو هەنووکەش بەرهەمی غوربەتن.
هونەرمەندی کورد وەک نوێنەر و بڵندگۆی ئەو بەشە لە ژیان و وەک ئەو تاکەکەسانەی لەو دۆخە بەقوربانی بووەدا بگێڕەوەن، هەمیشە دوورکەوتنەوەکانی بە شینگێڕی و ئەو بۆشاییە وەسف دەکات کە غوربەت بەدی دێنێت؛ ئەو کەلێنەی غوربەت دەیخاتە ڕۆحیەوە و وەک ئەشکەوتێک دەم دەکاتەوە؛ بە جۆرێک شاعیر یان نووسەر پتری شوناس یان بوونی خۆی، هەمان ئەو شتانە بەدی دەکات کە بەهۆی دوورکەوتنەوەوە لەدەستی داون و دەیانلاوێنێتەوە یان لە یادەوەرییەکانیدا چەکەرە دەکاتەوە. بەڵام ئایا بە هاتنەوە بۆ لای شتە لەدەستچووەکان و بۆ زێد و شوناس، ئەو شتەی بە ناوی غوربەتەوە تووشی بووە و غوربەت لێی گرتووە بەدەستی دێنێتەوە یان غوربەت هەمیشە بەردەوامە و ئەبەدییە و تەنها شێوە و جۆرەکانی گۆڕانی بەسەردا دێت؟ ئایا ئەو کەلێنەی لە غوربەتدا دەکەوێتە دەروون و ڕۆحی مرۆڤەوە، بە هاتنەوە چارەسەر دەبێ و پڕدەبێتەوە؟