نامە ئەکادیمییەکان.. زمانی کوردی و ئیدیۆم
(ئیدیۆم و چەشن و پێکهاتنی لە زمانی کوردیدا) ناونیشانی نامەیەکی ماستەرە کە (شیلان عومەر) بە سەرپەرشتی (پ.ی.د فاروق عومەر سدیق) ساڵی 2007 پێشکەشی کۆلێجی زمانی زانکۆی سلێمانی کردووە.
نامەکە لە سێ بەش پێکهاتووە: بەشی یەکەم: باسی ئیدیۆم و تێڕوانینی زمانناسان دەکات. هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو بابەتانە کردووە کە بەر لەم نامەیە لەبارەی ئیدۆم نووسراون. زۆرینەی پێناسەکانی ئیدیۆم جەخت لەو خاڵە دەکەنەوە کە ئیدیۆمەکان لە دەربڕاوەکانی دیکە جیاوازن، چونکە واتاکەی لە وشە پێکهێنەرەکانی هەڵناگۆزرێت، واتە دەربڕینێکی ناداڕشتەییە وەک [یەکشەوە، چنگ لەسەرشان].
ئیدیۆم دەربڕاوی ئامادەکراوە کە لە کەمترین دانەی زمانی پێکدێت [یەکەیەکە گەورەترە لە وشە]، بەڵام بۆ مەبەستی گەیاندنی چڕترین و قووڵترین مەبەست و کورتبڕی و ئاسانکاری بەکاردەهێنرێت. واتای وشەکانی ناو ئیدیۆم زۆرجار جیاوازن لە واتای فەرهەنگی، ئەمەش پەیوەندی بە تایبەتمەندیی زمانی کۆمەڵێکی دیاریکراوەوە هەیە. لەبەرئەوە لە ئیدیۆمدا شێوەی فۆنەتیکی وشەکان لەسەر چەمکی خۆیان دەلالەت ناکەن، بەڵکو بۆ چەمکێکی دیکە دەبنە ئاماژە. پێکهاتەی ئیدیۆم ئاڵۆزە، چونکە وشە نییە، بەڵام بەهۆی جێگیربوونیەوە لە وشە نزیک دەبێتەوە، لێرەشدا ئاماژە بە سێ جۆر فرێز کراوە (تێکچڕژاو، تێکئاڵاو، یەکگرتوو).
توێژەر تێڕوانینی (Hockett) دەهێنێتەوە کە شەش جۆر ئیدیۆم دەناسێنێ، لەوانەدا رۆڵی سترێس و هونەرەکانی رەوانبێژی لە ئیدیۆمدا باس دەکات. دواتر بۆچوونی قوتابخانەی رێزمانی گواستنەوە و بەرهەمهێنان دەخاتەڕوو کە پێکهاتەی ئیدیۆم لە فرێزدا دەبیننەوە و هەر بونیاتێکی فراوانتر لە فرێز بە ئیدیۆم دانانێن، ئیدیۆم سروشتێکی چەسپاوی هەیە و کەمتر مل بە گۆڕانکاری دەدات. هەر لەم بەشەدا بۆچوونی (makkai) دەهێنێتەوە کە پێنج پێوەر بۆ ئیدیۆم دیاری دەکات: (پێکهاتەی مۆرفۆلۆجی، واتای ناداڕشتەیی، لێڵی، چەواشەکردن و بە باوبوون یان کۆکبوونی کۆمەڵایەتی). دواتر گریمانە و تیۆرەکان بۆ واتای ئیدیۆم دەخاتەڕوو کە زمانەوانان پێیانوایە ئیدیۆم لە فەرهەنگی هۆشەکیدا تۆمارکراوە، چونکە دانەی ئامادەی زمانن و گەردوونین و لەهەموو زمانێکدا هەن. توێژەر سێ جۆر فۆرمی ئیدیۆم دەخاتەڕوو:
وشەی لێکدراوی ئیدیۆمی: چڵکاوخۆر، سەربەگۆبەند.
فرێزی ئیدیۆمی: دانی مار، دڕکی مەم و زین و داری واوەیلا.
رستەی ئیدیۆمی: پارووی گەورە دەگلێنێت.. یان رێ بە کونی مار دەبات.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا بۆچوونی پسپۆڕانی کورد لەبارەی ئیدیۆم دەخاتەڕوو کە غازی فاتیح پێیوایە لە هەموو زمانێکدا لێکچوونی ئیدیۆم لەڕووی فۆرم و واتاوە هەیە، هەروەها لە زمانی کوردیدا ئیدیۆمی ئاوەڵناوی و فرمانی زۆرترن تا ناوی و ئاوەڵکاری. د.محەممەد مەعروف پێیوایە واتای ئیدیۆم لە رۆنانی رێزمانی و واتایی کەرتەکانیەوە نایەت، هاوکات دوو پلە بۆ ئیدیۆم دیاریکراوە، پلەی یەک واتاکەی تاریکە و لە واتای وشە پێکهێنەرەکانی دوورکەوتووەتەوە: [دڵتەڕ، دڵقایم]، بەڵام پلە دوو تارادەیەک واتاکەی روونە، چونکە لە دوو کەرتدا کەرتێکیان واتاکەی نەگۆڕاوە: [دڵمردوو، دڵرەق]، بەڵام توێژەر پێیوایە ئەمانە ئاوڵناون و هەمان رۆنانیان هەیە، بۆیە تاریک نین لە چاو (چنگ لەسەرشان).
بەشی دووەم: توێژەر لەبارەی ئیدیۆم و واتا کاری کردووە، واتای داڕشتەیی رستە کە لە کۆی واتای وشەکان پێکهاتووە [ماست نییە بە لێویەوە دیار بێت] لە واتای ناداڕشتەیی رستە جیاکردووەتەوە کە بە رستەی ئیدیۆمی ناسراوە و لە واتای بەشەکانی پێکنایەت [کار لە کار ترازاوە]. ئەمەش بۆ فرێز دروستە کە فرێزی ئیدیۆمی لە فرێزی داڕشتەیی و ئاسایی جیاوازن [گوڵی سوور، شاری سلێمانی] بەڵام ناداڕشتەیی لادەدات لە بەشەکان [ئاگری قوورەت، ئاگری بن کا]. دواتریش وشە روون و لێڵەکان دەخاتەڕوو، کە وشەی لێکدراو روونە بە مەرجێ ئیدیۆم نەبێ؛ لەبەرئەوە لێڵی واتایی بنەمای ئیدیۆمە.
خاڵێکی تر کە توێژەر باسی دەکات بە لێکسیمبوونی ئیدیۆمە. هاوکات توێژەر روونی و لێڵی ئیدیۆمە کوردییەکان لەسەر بنەمای واتای فەرهەنگی و واتای ئیدیۆمی دەستنیشان دەکات:
١ـ روونیی واتای ئیدیۆم [دڵ مردوو- دڵ وریا].
٢ـ نیمچە روونیی واتایی [ئاوی کردە ژێر- بە بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژێت]
٣ـ نیمچە لێڵی واتایی [سەگەناز دەکات- بووە بە خوێنی سیاوەش]
٤ـ لێڵی تەواو [ئەم قەوانە هەر نەبڕایەوە- شفتەژێ]
توێژەر جۆری چوارەم بە ئیدیۆمی تەواو دادەنێت، لەبەرئەوەی تەواو لێڵی واتایی هەیە و فۆرم چەسپاوە، هاوکات ئیدیۆم لە ئەنجامی پەرەسەندنی مێژووییەوە دروستبووە و واتا و فۆرمیشیان هاوبەشی مێژووییان هەیە، لەبەرئەوە دەوروبەرو ئیستا گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی ئیدیۆم، بەڵام لێکۆڵینەوە لێی لە ئێستایی [سینکرۆنیکی] دەردەچێت. خاڵێکی دیکە کە باسی دەکات پەیوەندی بە هاوواتایی و دوو یان سێ فۆرمی ئیدیۆمەوە هەیە:
پێی خوار داناوە- قاچی خوار داناوە.
زمانی سوا- زمانی کول بوو.
هەر لەم بەشەدا لەبارەی دروستبوونی ئیدیۆم چەند بۆچوونێک دەخاتەڕوو، بەمجۆرە ریزیان دەکات: "بۆچوونی تەقلیدی" کە پێیوایە لە میتافۆرە مردووەکان دروستبووە. "گریمانەی نواندنی لێکسیکی"، "گریمانەی بە پرۆسەکردنی ئیدیۆم"، "گریمانەی ئیدیۆمی یان هونەرەکانی رەوانبێژی" کە ئەم گریمانەیە پێیوایە دەشێ ئیدیۆم سەرچاوەی هونەرەکانی رەوانبێژی بێت. "پێکهاتەی ئیدیۆم لە ڕووی واتاییەوە" کە بۆ سەری فەرهەنگی و تەواوکەری چەسپاو دابەشی دەکات، چونکە ئیدیۆم لە مۆرفیمێک زیاتر پێکدێت. "ئیدیۆم و میتافۆر" لێرەشدا بۆچوونی جیاواز لەبارەی وەکیەکی و جیایی ئەم دووە دەخاتەڕوو، عەلادین سەجادی و عەزیز گەردی میتافۆر لە ئیدیۆم جیادەکەنەوە، د. کامیل بەسیر و د. بەکر عومەر عەلی ئەم دوو بابەتە بە یەک بابەتی وەک یەک دەناسێنن. بەڵام توێژەر پێیوایە لە چەندین رووەوە جیاوازن. دواتریش باسی ئیدیۆم و پراگماتیک دەکات.
بەشی سێیەم: سەرەتا باسی پێکهاتنی ئیدیۆم و پۆلێنکردنی لەڕووی پێکهاتنی سینتاکس دەکات کە بایەخی بە قوتابخانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە داوە و لە رستەوە بۆ فەرهەنگ یان لە گشتەوە [رستە] بۆ تاک [وشە] دەچێت. بۆیە باسی رستەی ئیدیۆمی، فرێز و وشەی لێکدراویش دەکات. هەر لەم بەشەدا باسی بەناوکردنی کردارە ئیدیۆمییەکان دەکات [کە ئەمەش جۆرێکە لە ناوی رووداوی]:
شەقوشڕی کرد- شەقوشڕکردن.
ئابڕووی چوو- ئابڕوو چوون.
جگە لە ناوی رووداوی باسی ئاوەڵناوی لێکدراوی ئیدیۆمی دەکات و سەری ئیدیۆمەکە ئاوەڵناوێکە: خەمخۆر- زماندرێژ- چوارچاو
هاوکات باسی تێئاخنین و بواری دەستکاریکردنی ئیدیۆمەکان دەکات:
ئاوی پێم داهات، ئاوی پێمان داهات.
بۆ من لە گوێی گادا نووستووم؟- کاکە ئێوە لە گوێی گادا نووستوون- دەزانی لە گوێی گادا نەنووستووم.
خاڵێکی دیکە پەیوەندی فۆرمی فرێز و وشەی لێکدراوە پەیوەست بە ئیدیۆمەوە، کە تەنیا بە (ی)خستنەپاڵ وشەکە دەکاتە فرێز، بە هەمان واتاوە: (چاوشۆڕ) کە وەک فرێز(چاوی شۆڕ)ە یان وشەی لێکدراوی (چاوشۆڕ) بەهۆی (ی) دەبێتە (چاوی شۆڕ).
هاوکات لەم بەشەدا باسی پەیوەندی و سنووری نێوان ئیدیۆم و وشە دەکات، چەند هۆکارێک بۆ لە یەک جیاکردنەوەیان دەخاتەڕوو: لایەنی فۆنۆلۆجی کە وشە یەک هێز بەڵام ئیدیۆم دوو هێز وەردەگرێ، هەروەها لە ڕووی مۆرفۆلۆجییەوە وشە بەسەر مۆرفیمەکاندا دابەش دەبێت، بەڵام ئیدیۆم بەسەر وشەدا دابەش دەبێت. لەڕووی سینتاکسەوە ئیدیۆمەکان سرکن، وەک چۆن لە رووی واتاشەوە جیاوازن کە پێکهاتەکانی ئیدیۆم جیاواز لە وشە یارمەتی دەرخستنی واتاکەی نادەن. دواتر توێژەر ئاماژە بە گرنگیی تۆمارکردنی ئیدیۆم لە فەرهەنگدا دەکات، بەو پێیەی بنەمای هێما زمانییەکان کە پەیوەندی فۆرم و واتایە، لەسەر بنەمای لەخۆوە و جیاوازییە نەک لێکچوون [کە ئەمە دیدێکی سۆسێرییە]، لێرەشەوە ئیدیۆم هەمان شتە بۆیە پێیوایە لە وشە دەچێت و دەبێت لە فەرهەنگدا تۆمار بکرێت [ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشێت]. خاڵێکی دیکە پەیوەندی بە کورت و درێژیی هێما زمانییەکانەوە هەیە [چەندێتی پیتەکانیان] کە ئەمە گرنگ نییە، بەڵکو واتا و رێککەوتنی کۆمەڵ گرنگە، ئیدیۆمیش گرنگ مانا و مەبەستە نەک فۆرمەکەی چەند وشە یان پیتە، هەر لەبەرئەوە دەشێ یەک فۆرم چەند مانا بگەیەنێت [هاودەنگەکان بە نموونە] ، بۆیە توێژەر پێیوایە ئیدیۆم جۆرێکی لێمایە لەناو فەرهەنگدا هەیە.
بەر لە خستنەڕووی ئەنجامی توێژینەوەکە باسی لێکسیم و لێستیم دەکات و بەپێی بنەمای هاوئەرکی و نزیکییان پێیوایە دەکرێ ئیدیۆمیش وەک لێکسیم و لێستیم دابنێین. لە کۆتاییدا بە حەوت خاڵ ئەنجامی نامەکە دەخاتەڕوو، کە ئیدیۆمی کوردی لە دەربڕینە ناداڕشتەییەکانە [ئەمەش وایکردووە وەک یەک یەکە و دانەی زمانی ئەرک ببینێ]. میتافۆر سەرچاوەی ئیدیۆمە، بەڵام لە یەکدی جیاوازن، هاوکات پراگماتیک یەکێکە لە سەرچاوەکانی سەرهەڵدان و لێکدانەوەی ئیدیۆم. فۆرمی ئیدیۆمی کوردی لە دوو وشە یان زیاتر پێکهاتووە کە ئەمەش جیای دەکاتەوە لەو فۆرمە سادانەی بەکارهێنانی ئیدیۆمیان هەیە نەک خودی ئیدیۆم بن، ئیدیۆمی کوردی بەپێی یاسا مۆرفۆلۆجییەکانی زمانی کوردی سازاون.