ئه‌و ئاسمانگه‌له‌ی ره‌نگه مابێتیان بکه‌ون!
ده‌قی داستانی، به‌تایبه‌ت رۆمان، ده‌توانێ بۆ که‌شتیی له شه‌پۆلدا گیرکردووی ئه‌ده‌بی کوردی له‌نگه‌رگه‌یه‌کی ئارامبه‌خش بێت که به‌و هۆیه‌وه له هورووژمه ته‌زێنه‌ره‌کان ده‌رباز بێت و چه‌ند ده‌ورێک خۆی ببووژێنێته‌وه و بتوانێ له داهاتوودا سه‌رێک بێت له‌ناو سه‌راندا و روویه‌ک هه‌ڵبێنێ. ئه‌گه‌ر چاوێک بخشێنین، خۆشبه‌ختانه بۆمان ده‌رده‌که‌وێ کە ئه‌م ده‌قه ئاوه‌زبه‌خش و شارستانییه چه‌ند ده‌یه‌یه له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا خۆی نیشانداوه و به‌ره‌به‌ره روو له زیادبوونه.
ده‌قه‌کانی دیکه‌ی وه‌کوو شێعر و په‌خشان پێده‌چێ دادی ئه‌دبیاتی کوردی نه‌ده‌ن، بۆیه تاکی کورد ده‌یه‌وێ له بوارێکی تردا خۆی تاقی بکاته‌وه. ره‌نگه تاکده‌نگی، دیکتاتۆرییه‌تی نووسه‌ر به‌سه‌ر ده‌قه‌وه، هه‌ندێ هاشه و هووشه‌ی ده‌هۆڵئاسا و بڕێک گرفتی تر هۆکاری ئه‌وە بووبن کە خوێنه‌ران و لایەنگرانی ئه‌و چه‌شنه ده‌قانه که‌م ببنه‌وه.
له جه‌بار جه‌مال غه‌ریبه‌وه به خۆشییه‌وه ده‌بێ بڵێم بێجگه له بڕێک که‌موکووڕی که ره‌نگه ئه‌گه‌ری هێنانه ئارایان زۆر نالۆژیکییانه نه‌بێ، په‌یڤگه‌لێکی دڵخۆشکه‌ر ده‌بیستین. ئه‌گه‌ر چاوێک به تازه‌ترین به‌رهه‌می ئەودا (که‌وتنی ئاسمانه‌کان) بخشێنین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که نووسه‌ر له چاو ده‌قه‌کانی تری بڕێک به لای خوێنه‌ردا شکاوه‌ته‌وه و توانیویه‌تی پێشوازییه‌کی گه‌رمتر له به‌رده‌نگ بکات و له هه‌مان کاتدا پانتایی ده‌قه‌که‌ش، گۆمئاسا، قووڵتر بکات. ده‌رباره‌ی رۆمانی زێبرا من له‌وه پێش بۆچوونی خۆم ده‌ربڕیوه، به‌ڵام له نه‌ته‌وه‌ی زێرابه‌کاندا له رێژه‌یه‌کی به‌رچاودا تاکده‌نگی و که‌م دیالۆگی ده‌بینرێ؛ ئه‌گه‌رچی له‌و رۆمانه‌دا نووسه‌ر هێزی گێڕانه‌وه و وه‌سفکردنی به راده‌یه‌ک له‌سه‌ره‌وه‌یه که بڕێک له کەموکووڕیەکان یان داپۆشراون یان به سه‌ختی ده‌بینرێن. له‌و رۆمانه‌دا نووسه‌ر به چه‌شنێ نه‌ته‌وه‌ی زێرابه‌کان وه‌سف ده‌کا که خوێنه‌ر دێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕەی ئه‌گه‌ری ژیان له ناو زێراب و له‌و چه‌شنه شوێنانه‌دا هه‌یه و ده‌کرێ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی شاراوه وه‌ک ئه‌م کۆمه‌ڵگه راسته‌قینه‌ی تێیداین، له ژێر زه‌وی یان شوێنگه‌لی له‌و چه‌شنه به شێوه‌یه‌کی نادیار هه‌بێت و به‌رده‌وامیش بیری بزووتنه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانی له‌سه‌ردا بێت.
بیست ساڵ له‌وه‌به‌ر که من ده‌قی ئینگلیزیی ئه‌نیمڵ فارمز یان کێڵگه‌ی ئاژه‌ڵانی ئوروێلم خوێنده‌وه، له دێڕ به دێڕی ئه‌و رۆمانه‌دا نوقمی حه‌ز، تاسه، نه‌فره‌ت ،خۆشه‌ویستی یان رق و تووڕه‌یی دەبووم و کاریگه‌رییه‌کی زۆری له‌سه‌ر هه‌ست و ئه‌ندێشه‌ی لاویم دانا و ئێستاکه‌ش له قه‌مچ و پێچی ئه‌و ئیعجازی نووسینه‌دا هه‌ر سووڕ ده‌خۆم. تا ماوه‌یه‌کی درێژ وا بیرم ده‌کرده‌وه کە شتێکی واقعیم خوێندووه‌ته‌وه و ئاژه‌ڵیش وه‌ک مرۆڤ ده‌توانێ بیری شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانی هه‌بێت و خۆی له چه‌وسانه‌وه ده‌رباز بکات. له نه‌ته‌وه‌ی زێرابه‌کانیشدا خوێنه‌ر ره‌نگه که‌م و زۆر هه‌مان هه‌ست ده‌ستی پێ‌بدا؛ جیاوازییه‌که له‌وه‌دایه کۆمه‌ڵگه‌ی کێڵگه‌ی ئاژه‌ڵان ئاژه‌ڵن و لێره‌دا له نه‌ته‌وه‌ی زێرابه‌کاندا مرۆڤه، ئه‌و مرۆڤانه‌ی که له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ناشارستانیدا حه‌سابی ئاژه‌ڵیان بۆ ده‌کرێ و ناچارن له بێده‌ره‌تانی و کوێره‌وه‌ریدا له هیچ مه‌ترسییه‌ک خۆ نه‌بوێرن و بۆ ئه‌وه‌ی قورسایی ئه‌و کوێره‌وه‌رییه که‌م بکه‌نه‌وه، ناچارن به‌رخودان به‌رنه تاریکسانێکه‌وه دوور له‌و هه‌تاوه‌ی که ده‌ڵێی ته‌نیا بۆ لایه‌نی پاوانخواز پرشنگ ده‌داته‌وه. له‌و ده‌قه‌دا نووسه‌ر له رێگه‌ی توانج و جارجار زمانێکی تیژ و جوێنئاساوه ئاڵای کوێره‌وه‌ران له قووڵاییه‌کانی ژێر زه‌ویدا له‌ناو لیته و بۆگه‌ندا هه‌ڵده‌دات و به‌و شێوه‌یه به جیهانیان نیشان ده‌دا که هیچ ئاسۆیه‌کی روون بۆ به‌رگری له‌خۆ نییه و گه‌ره‌کمه به‌م شێوه توانجاوییه سه‌رنجی هه‌مووان بۆ لای چه‌وساوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی رۆژهه‌ڵاتی رابکێشم.
نووسه‌ر له هه‌ر هه‌موو ئه‌م ده‌قانه‌دا وه‌ک کتێبی زێبرا ئه‌ده‌بیاتی چه‌په‌ڵی کۆتایی هه‌شتاکانی ئه‌مریکای کردووه به هه‌وێنێکی وزه‌به‌خش بۆ ده‌قه‌کانی و ده‌یه‌وێ وه‌ک گورزێکی کوشنده له که‌لله‌ی ئه‌و گوێ ئاخنراوانه‌ی وا نایانه‌وه هیچ ده‌نگێک ببیستن، بچه‌قێنێ. له که‌وتنی ئاسمانه‌کاندا هه‌مان رێچکه‌ی پێشوو تا راده‌یه‌ک درێژه‌ی هه‌یه، به‌ڵام نه به‌و قورساییه‌ی که له دوو کتێبی پێشوودا بینراوه؛ ئه‌وه‌ش ره‌نگه له‌و رووه‌وه بێت که ناوه‌رۆکی ده‌قه‌که تا راده‌یه‌کی زۆر هه‌ڵگری جدییه‌ته. ئه‌گه‌ر باختین ئاسا بڕوانین کێشه‌یه‌کی زۆر گرینگ که له ده‌قی نووسه‌ردا و هه‌روه‌ها هه‌ندێ نووسه‌ری دیکه‌ی کورددا به‌رچاو ده‌که‌وێ، که‌م دیالۆگییه. ره‌نگه ئه‌مه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و کێشه فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی هه‌میشه تێیدا ده‌ست و پێی لێداوه و نه‌یتوانیوه لێی تێپه‌ڕ بێت؛ واته کێشه‌ی لاوازبوونی دیالۆگ و لێکتێگه‌یشتن. هه‌ڵبه‌ت به به‌راورد له‌گه‌ڵ پێشدا له که‌وتنی ئاسمانه‌کاندا تا راده‌یه‌ک دیالۆگ ده‌بینرێ؛ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه له به‌رهه‌مگه‌لی داهاتوودا دۆخه‌که به‌ره‌و باشتر بچێت.
که باسی ئه‌ده‌بیاتی چه‌په‌ڵمان هێنایه ئاراوه، له دوو کتێبی پێشوودا ئه‌و چه‌شنه ئه‌ده‌بیاته هیچ چه‌شنه رێگرییه‌کی له تۆکمه‌بوونی ده‌قه‌که نه‌کردووه، به‌ڵام به ڕای من له کتێبی که‌وتنی ئاسمانه‌کاندا زۆربوونی ئه‌و چه‌شنه ئه‌ده‌بیاته ده‌توانێ تا راده‌یه‌ک بۆ گشتێتیی ده‌قه‌که زیانبه‌خش بێت. وا هه‌ست ده‌کرێ ئه‌م رێچکه‌یه چووبێته زه‌میری ناخودئاگای نووسه‌ره‌وه که ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بدرێ به پێوانه و له جێگه‌ی خۆی که‌ڵکی لێ وه‌رگیرێ باشتره. شتێکی دیکه که ده‌کرێ لێره‌دا بیهێنمه به‌ر باس و هیچ پێوه‌ندیشی به ئه‌ده‌بیاتی چه‌په‌ڵه‌وه نییه و ریشه‌ی له حه‌قیقه‌تێکدایه، ئه‌وه‌یه که نووسه‌ر له زۆر شوێنی کتێبه‌که‌دا باسی سمت، مه‌مک،ران، ماچ، چه‌شنگه‌لی سێکس و ... دێنێته ئاراوه. ئه‌مه‌ش ناتوانرێ بێ هۆکار و پاساو بهێڵرێته‌وه.
ئه‌مه ره‌نگه له‌و رووه‌وه بێت که له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا ئافره‌ت هێڵی سووره و وه‌ک نامووس چاوی لێده‌کرێ و ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ک بکات حه‌وت پشتی زیانبار ده‌بێت و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئەوە‌ی که به‌کرده‌وه ده‌رهێنانی ئه‌و شتانه له پێچ پێچه‌کانی نه‌ریتدا به ئاشکرا، نیوه ئاشکرا، یان ته‌نانه‌ت شاراوه کێشه‌ساز بێ و توندوتیژیی لێبکه‌وێته‌وه. که‌وابوو نووسه‌ر ناوشیارانه ناچاره له گوتنی ئه‌و شتانه خۆ نه‌بوێرێت چوون کورد گوته‌نی: ئه‌گه‌ر ده‌مم نه‌بێ ها که‌م و پێم نه‌بێ راکه‌م، ئه‌ی قوڕی کوێ به سه‌ردا که‌م؟! به‌م پێیه نووسه‌ر ناخی داپڵۆسراوی خۆی وه‌کوو تاکێک و هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌که‌ی به گشتی ده‌رده‌خات و به‌م شێوه‌یه، مه‌رسییه یان بڵێین چه‌مه‌رییه‌کی سێکشواڵی بۆ ده‌هۆنێته‌وه. چوون هیچکام له تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی قۆناغه‌کانی سێکس به باشی تێپه‌ڕ ناکه‌ن و تا ده‌ستراگه‌یشتن به سێکسێکی مه‌شرووع ئه‌و کێشه‌یه به‌رده‌وام ناخیان داگیر ده‌کات و پاشانیش ره‌نگه بۆ هه‌میشه له ئاگری ماچگه‌لی مه‌حسوور و گوشینی ران و مه‌مکه حه‌رامه‌کاندا وه‌مێنن.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش بڵێین ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ نووسراوه و رۆمانی که‌سانی وه‌ک به‌ختیار عه‌لی و ... له‌م بواره‌دا بێنینه به‌ر باس، ئه‌و ده‌قانه زۆر ده‌قگه‌لێکی که‌م سێکسن؛ ئه‌مه ره‌نگه له‌و رووه‌وه بێت که خودی به‌ختیار عه‌لی وشیارانه خۆی له بواری سێکشواڵ پاراستبێ تا ده‌قه‌که‌ی زۆر زیان نه‌بینێ و له جدییه‌تی که‌م نه‌بێته‌وه. یان ده‌توانین ئه‌و ئه‌گه‌ره بێنینه ئاراوه که جه‌بار جه‌مال غه‌ریب زۆر دڵته‌ڕ بێت و هه‌رچی بکۆشێت نه‌توانێ خۆ له زۆر نواندنی ئه‌و چه‌شنه په‌یڤگه‌له بپارێزێ. هه‌ڵبه‌ت به‌یناوبه‌ین وه‌کوو زیادکه‌ری چێژی ده‌ق ره‌نگه ئه‌و شتانه که‌م قازانج نه‌بن!
له ته‌واوی ئه‌م کتێبه‌دا، هه‌روه‌ها له نه‌ته‌وه‌ی زێرابه‌کاندا، نووسه‌ر دروشمی پێکه‌وه‌ژیان و له‌به‌رچاوگرتنی جیاوازییه‌کان چڕوپڕانه دێنێته ئاراوه. هه‌ر وه‌کوو گوتم هێزی وه‌سف و گێڕانه‌وه‌که‌ش ئه‌وه‌نده له سه‌ره‌وه‌یه که خوێنه‌ر خۆی له زۆربه‌ی دۆخه‌کاندا ده‌بینێ و هه‌ست ده‌کا ئه‌و شتانه بێ که‌موکووڕی روویداوه. له که‌وتنی ئاسمانه‌کاندا له‌و شوێنانه‌ی که که‌سانی توندوتیژ خۆیان بۆ عه‌مه‌لیات ئاماده ده‌که‌ن، ئاستی وه‌سفه‌که به راده‌یه‌ک جوان و نێزیک له راستییه که خوێنه‌ر به راده‌یه‌کی جادووگه‌رانه چێژ وه‌رده‌گرێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش بڵێین، ره‌نگه وا باش بێت له بڕێ شوێندا ئاستی ئیگزه‌جیره‌یشن بۆ گێڕانه‌وه‌کان وه‌هایش نه‌بن که هه‌ندێ خوێنه‌ر وا بیربکاته‌وه ئه‌و رێباز و ئایینگه‌له جوان و بێ خه‌وشن.
به گشتی له‌م کتێبه‌دا به‌رینایی خه‌یاڵ و قووڵ بیرکردنه‌وه‌ی نووسه‌ر شیاوی رێزه و ده‌کرێ زۆر وردبینانه له‌لایەن ره‌خنه‌گرانی باشووره‌وه بێته به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه. له‌م کتێبه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که جه‌غزی به‌ربه‌ستکراوی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نه‌ریتی چۆن له‌سه‌ر ره‌فتار و ئاکار و زه‌ین و شعووری تاکه‌که‌س کاریگه‌ری داده‌نێ و ده‌توانێ وه‌ک ئه‌ژدیهایه‌ک هه‌موو شتێک لوول بدات. ئاسۆ یان زه‌ینه‌ڵ که که‌سێکی ئاساییه، به ناچاری ده‌بێ به بکوژ. ئاسکۆڵ و ئه‌ڵماس ده‌بنه خۆراکی توندوتیژیی نه‌ریت و ئایین، به چه‌شنێک بێ ئه‌وه‌ی تاوانبار بن، وا هه‌ست ده‌که‌ن تاوانی زۆر گه‌وره‌یان کردووه.
له‌م کتێبه‌دا، هه‌ر وه‌کوو گوتم، نووسه‌ر له ئاستێکی به‌رچاودا به‌ره‌و خوێنه‌ر هه‌نگاوی ناوه، به‌ڵام دەبێ ئه‌وه‌شمان له‌به‌رچاو بێت کە نابێ له هه‌ندێ شوێندا پله‌ی ئاخاوتنی که‌سه‌کان زۆر دابه‌زێنین، یان به ئاسانی سه‌ری گوریسه‌که بده‌ین به ده‌ستی خوێنه‌ره‌وه و ده‌قه‌که به‌ره‌و ساده‌گییه‌کی کلاسیکانه بڕوات و دیالۆگه‌کان وه‌ک دیالۆگی رۆمانگه‌لی کلاسیک خۆیان ده‌رخه‌ن. بۆ نموونه له‌و‌ێدا که فواد دوای هه‌ژده ساڵ له ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه و لە ئاسکۆڵ و ئاسۆ ده‌پرسێ، یه‌کێک، ئه‌ڵماس یان زڵێخا، وەڵامی ده‌داته‌وه: "ئاوه‌تا ئاسکۆڵ؛ خۆ چه‌ند جار ماچی کردی!" یان ئه‌ڵماس بێ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بدا رسته‌کان له ناواخنه‌وه بپێچێ، زۆر ساده ده‌ڵێ: "ئاسکۆڵ و ئاسۆ گه‌وره بوون و لێکم ماره‌کردن و ئه‌وه‌ش منداڵه‌که‌یان!" هه‌ڵبه‌ت له چه‌ند شوێنی تریشدا کێشه‌ی له‌م چه‌شنه ده‌بینرێن.
ده‌رباره‌ی گشتێتیی زمانی رۆمانه‌که، پێویسته وه‌ک هۆشدارێک بیهێنمه‌وه بیری نووسه‌ر و زۆربه‌ی نووسه‌رانی باشووری کوردستان که بۆچی له ده‌قێکی داستانی‌دا زمان تا ئه‌م ڕاده‌یه ده‌بێ نه‌گۆڕ و یه‌کده‌ست بێت؟! له شوێنێکدا که راوی یان گێڕه‌رەوه قسه ده‌کا، ده‌بێ زمانی نووسینی ستاندارد، ئه‌و شته‌ی وا هه‌موومان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین هه‌ڵبژێردرێت. که لێره‌دا نووسه‌ر زمانێکی خۆشی هه‌ڵبژاردووه و له زمانی گشتیی نووسین نیزیکه، به‌ڵام دیالۆگ و ئاخاوتنی که‌سه‌کان نابێ به هه‌مان شێوه‌ی زمانی راوی بێت. له‌حن شتێکی زۆر گرینگه له داستاندا، هه‌ر که‌س ده‌م و راوێژی خۆی هه‌یه. هه‌ر که‌سایه‌تییه‌ک ده‌کرێ به چه‌شنێ قسه بکات. ئه‌م که‌سایه‌تییانه خه‌ڵکی کوێن؟ مه‌گه‌ر کورد نین؟ مه‌گه‌ر خه‌ڵکی ناوچه‌گه‌لی جیاواز نین؟ مه‌گه‌ر شارۆچکه و شار و گوند و کۆخ و ناوچه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان به یه‌ک شێوه و یه‌ک زار ده‌دوێن؟ بۆچی ئاخاوتن و دیالۆگه‌کان زۆر به‌که‌می ده‌گۆڕدرێن؟ ده‌قی داستانی به‌و شتانه‌وه خۆشه. به جیاوازییه‌وه خۆشه. یه‌کێ بڵێ: "چی" یه‌کێ بڵێ:" چه"، یه‌ک بڵێ:" تێم"، یه‌ک بڵێ: "دێم"، یێم، ئه‌تێم، مه‌و و... . به‌گشتی به‌سه‌ر هه‌موو کێشه‌یه‌کدا، به خۆشییه‌وه به‌رهه‌مه‌کانی نووسه‌ر له یادگه‌ی به‌رده‌نگدا جێ ده‌گرن و ده‌مێننه‌وه. گرینگ‌ترین کاریگه‌ریی ده‌ق ئه‌وه‌یه که بتوانێ له زه‌ینی خوێنه‌ره‌که‌یدا ناونشین و ماندگار بێت.
سه‌رچاوه‌کان:
1.نه‌ته‌وه‌ی زێرابه‌کان و که‌وتنی ئاسمانه‌کان، جه‌بار جه‌مال غه‌ریب
2. تعبیر خواب، زیگموند فروید
3. ێ‌ری و نه به رومان ن‌و. ترجمه منوچهر بدیعی