لە ڕوانگەی (ئۆشۆ)وە


(17)

کە حەز لە ژنێک دەکەیت و بیر لە هاوسەرگیری دەکەیەوە، بۆ ئەوەی پێوەندیی نێوانتان ببێت بە گرێبەستێکی یاسایی، ئەوە خۆشەویستی نییە، وەهمە، ئاخر خۆشەویستی پێویستی بە گرێبەستی یاسایی نابێت و کە یاسا کەوتە نێوانەوە، ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی خۆشەویستی لە ئارادا نییە. خۆیشت دەزانیت ئەوە خۆشەویستی نییە، وەهمە، بەڵام دەتەوێت بە زەبری یاسا، ئەو وەهمە بگۆڕیت بە خۆشەویستی، کە مەحاڵە. لە دونیایەکی باشتردا کە خەڵکی لەڕێی ڕامانەوە دڵیان ڕۆشن بووبێتەوە، خۆشەویستی دەکەوێتە نێوانیانەوە، خۆشەویستییەک کە بەبێ گرێبەستی یاسایی، لە ناچارییەوە نا، خۆویستانە، درێژەی دەبێت. خۆشەویستی گرێبەستێکی بێدەنگە، لە نێوان دوو ڕۆحدا، هاوسەرگیری گرێبەستێکی بەهاتوهاوارە لە نێوان دوو جەستەدا. قسە ناتوانێت خۆشەویستیی قووڵ و گەرم دەرببڕێت، ئاخر دڵ و چاو بە بێدەنگی دەدوێن.

نە پیاو دەتوانێت ژنەکەی بە تەواوی بناسێت، نە ژنیش پیاو، ئاخر ئینسانیش وەک ئاوی ڕووبار، بەردەوام لە تازەبوونەوەدایە. بۆیە ئەوە هەڵەیە، پێت وابێت، ژنەکەت بە تەواوی دەناسیت، نەخێر پێویستە بەردەوام لە هەوڵی ناسینیدا بیت. ئینسان شتێک نییە، تا وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەگەر بەرچاوت ڕۆشن نەبێت، ڕەنگە ئەوی شەوێ لەگەڵیدا خەوتبوویت، بەیانی نەیناسیتەوە. بۆ ئەوەی خۆشەویستی بەردەوام بێت، حەوجەمان بەوە هەیە، هەمیشە سەرلەنوێ خۆمان بە یەکتری بناسێنینەوە، تا بە لایەنە شاراوەکانی یەکدی ئاشنا ببین، ئاخر چێژی خۆشەویستی لەوەدایە، لایەنی نوێ لە یەکتردا بدۆزینەوە. تا زیاتر لەو ورد ببینەوە، زیاتر بە هەستی ئاشنا دەبین و بەدەم هەوڵی کەشفکردنی ئەوەوە، خۆیشمان دەدۆزینەوە، تا وای لێ دێت، دەبینە ئاوینەی یەکتری و خۆمان لە یەکتریدا دەبینینەوە، لەوێوە ڕامان دەست پێ دەکات.

ئەگەر ئەوە تەنیا پێوەندییەکی ڕووکەش بێت کە دوو کەسی پێکەوە گرێ داوە، لە ئاستی یەکدا وەک نابینایان لێ دێت. بیر لەوە بکەوە، ئەوە کەی بوو دوا جار سەرنجی چاوی ئەوت دا؟ ڕەنگە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا بووبێت! ڕەنگە پێت وابێت، بە تەواوی ئەوت ناسیوە، ئیدی چ حەوجەت بەوە هەیە، لە چاوی ورد ببیتەوە. ڕەنگە پێت وابێت، هەموو شتێک هەر دووبارەبوونەوەیە و هیچی تازە ڕوو نادات، بۆیە قووڵ سەرنجی ئەو نادەیت، بەڵام ڕاستییەکەی هەموو رۆژێک شتی تازە لەودا ڕوو دەدات، ئەوە تۆیت بەرچاوت ڕوون نییە و نایبینیت. خۆشەویستی ئەوەیە، هەمیشە هەمان ئەو بایەخە بەو بدەیت کە لە ڕۆژانی مانگی هەنگویندا پێت دەدا و هەمیشە بە دوای ڕێگەی تازەدا بگەڕێیت، بۆ ئەوەی ئەوت پێ خۆش بوێت. قەت پێت وا نەبێت، ئەوت وەک پێویست ناسیوە، ئاخر ئینسان مەتەڵێکە هەرگیز پێمان هەڵنایەت، تا زیاتری بناسین، تەمومژاویتر دێتە بەرچاومان.

تا ئینسان خودی خۆی نەسەلمێنێت، ئەستەمە بزانێت خۆشەویستی چییە. تۆ ژنێکت خۆش دەوێت، چونکە لێوی گۆشتنە، یان قژی خاوە، یان مەمکی قوتە. ئەگەر لەبەر هەر یەکێک لەو هۆکارانە ژنێکت خۆش بوێت، درەنگ نا، زوو، نائومێد دەبیت، ئاخر تۆ دوایی لەگەڵ کەسێکدا دەژیت، نەک لەگەڵ یەکێک لە (پارچە)کانی لەشی. هەر خۆشەویستییەک ڕۆمانسییانە دەستی پێ کرد، لەگەڵ تەواوبوونی مانگی هەنگویندا تەواو دەبێت، ئاخر ئینسان لەسەر زەوینی واقیع دەژی، نەک لە ئاسمانی خەیاڵ. وەک چۆن ئەوە هەڵەیە، سەیارەیەک لەبەر ڕۆشنایی دیوی دەرەوەیدا هەڵبسەنگێنین، ئەوەیش هەڵەیە، لەبەر ڕۆشناییی شێوەیدا، ئینسانێک پەسەند بکەین، یان ڕەتی بکەینەوە.

کە دوو ئینسان پێکەوە دەژین، ناخیان بەر یەک دەکەوێت، نەک دیوی دەرەوەیان، ئەوسا چاو و برۆ، یان دەم و لێو، لەبیر دەچنەوە، ئیدی ئەو شتانە چونکە وەک هی خۆتیان لێ هاتووە، سەرنجت ڕاناکێشن. لەگەڵ هاوژینەکەتدا، تا زیاتر یەکدی بناسن، کەموکووڕییەکانی یەکترتان زیاتر بۆ ئاشکرا دەبێت، ئیدی ئەوسا وەک فریو درابن، بیر لە تۆڵە دەکەنەوە. تۆ بۆیە ئەوت خۆش دەویست، چونکە لای تۆ نەبوو، هەر کە ئەو بە بەردەوامی لای تۆبوو، ئیدی ئەو هۆکارە نامێنێت وای لێ کردبوویت، ئەوت خۆش بوێت. تۆ برسیت بوو، بۆیە بیرت لە خۆراک دەکردەوە، هەر کە تێر بوویت، ئیدی بیری لێ ناکەیەوە.

تۆ کە حەز لە ژنێک دەکەیت، ئەو لە دەستت هەڵدێت. تا زیاتر بەدووی بکەویت، ئەو زیاتر خۆیت لێ دەشارێتەوە. سەرەتا تۆ ڕاوی ژنە دەکەیت و ئەو هەڵدێت، دوایی کە ژنە دەهێنیت، دەورەکانتان دەگۆڕنەوە، تۆ لێی هەڵدێیت و ئەو ترسی ئەوەی هەیە، تۆی لە کیس بچێت. کرۆکی کێشەکە ئەوەیە، ئێوە بۆیە یەکتریتان هەڵبژارد، چونکە یەکتان نەدەناسی، یەکتان ناسیبا، کەستان بەوی دیکەتان سەرسام نەدەبوو. بۆیە کە لە یەکدی تێر دەبن، ئیدی ئەوەی ناوبەناو یەکتر ڕادەمووسن و ئاوێزانی یەک دەبن، وەک خووی لێ دێت، خوویەکی بێزارکەری میکانیکییانە. ئیدی ناتوانن بەبێ یەک بژین، چونکە خووتان بە یەکەوە گرتووە، نایشتوانن بە یەکەوە بژین، چونکە پێوەندییەکی ڕۆمانسی لە نێوانتاندا نەماوە. 

ئەگەر کەسێک بیت، تەبا لەگەڵ خۆت، دەرک بەوە دەکەیت، خۆشەویستی دۆخێکی ڕۆمانتیک نییە، ئەوسا لەبری ئەوەی سەیری باڵای یان سینگوبەرۆکی ژنێک بکەیت، سەیری ڕۆحی دەکەیت. خۆشەویستی گونجانە لەگەڵ ناخی ئەوی دیدا، ئەگەر ئەو پێکەوە گونجانە هەبوو، خۆشەویستی پەیدا دەبێت و گەشەیش دەکات. ئەگەر کەسێکی هۆشیار بیت، خەم بۆ ژنێک ناخۆیت کە بەشێک یان تەواوی جەستەی سەرنجی ڕاکێشاویت و پێی (شاد) نەبوویت، چونکە هاوسەرگیریشتان کردبا، هەر پێی شاد نەدەبوویت. ئەوە کێشە نییە، ژنت نەبێت، ئەوە کێشەیە هۆشیاریت نەبێت، ئاخر هاوژینییەک زادەی هۆشیاری نەبێت، نەبوونی باشترە.

خۆشەویستی سێ جۆرە: ئاژەڵی: کە بۆ تێرکردنی ئارەزووە و ئەوی دی بە ئامێر و بە کۆیلە و بە موڵکی خۆت دەزانیت. ئینسانی: کە لە تێرکردنی ئارەزوو باڵاترە و ئازادی و یەکسانی تێدا ڕەچاو دەکرێت. خوایی: هیچ مەبەستێکی لە دواوە نییە، هەر چی بکەیت بە گوشاری خۆشەویستی دەیکەیت، هەر کەس ببینیت، بە (خۆشەویست)ی خۆتی دەزانیت و بە چاوی خۆشەویستییەوە بۆ دار و بەردیش دەڕوانیت. لە خۆشەویستیی خوداییدا، عاشق و مەعشووق بزر دەبن، هەر خۆشەویستی دەمێنێت، بە دەگمەن کەسانێک بەو دۆخە لە خۆشەویستی دەگەن کە مردنیش توانای ئەوەی نییە خاپووری بکات. 

6ی دێسەمبەری 2016
ستۆکهۆڵم

(1) أوشو، الحب و الحریە و الفردانیە، ترجمە: میتم الچایع، دار الحوار 2013 اللاژقیە.