رۆژهەڵاتی بە رۆژهەڵاتکراو

پێوەندیی ڕۆشنبیری و فیکریی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، یەکێک بووە لە گرینگترین ئەو بوارانەی لەڕووی ڕۆشنبیرییەوە گفتوگۆی قووڵی لە سەردەمی مۆدێڕنەوە دروست کردووە. دواجار ئەمە بە دیاردەی ڕۆژهەڵاتناسی نێوبرا. زۆر لە بیرمەندان پێوەی خەریک بوونە و دەبن. هاوکات دەبێتە یەکێك لە بابەتەکانی ململانێی نێوان شارستانێتی ئیسلامی و ڕۆژئاوا. لێرەدا کە دەڵێین ڕۆژهەڵات، دەبێ ڕۆژهەڵاتی دووری لێ دەربکەین. ڕۆهەڵاتناسی دێت ئیش لەسەر ئەو تێڕوانینانەی ڕۆژئاوا دەکات کە لەبارەی ڕۆژهەڵاتەوە هەیەتی. واتە ئەو ڕۆژهەڵاتەی بە تێڕوانینی ئەورووپییەکان دروست بووە. 


(ئیدوارد سەعید) یەکێکە لەو بیرمەندانەی تێڕوانین و جیهانبینی فراوانی لەبارەی ڕۆهەڵاتناسییەوە هەبوو. ئەو کتێبێك بە ناوی (ڕۆژهەڵاتناسی) دەنووسێت. لەم کتێبەدا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕۆژهەڵاتە دەدات کە بە دیدی ئەورووپییەکان دروست بووە، فاکتەرەکانی پشت دروستبوونی ئەم تێڕوانینانە بۆ ڕۆژهەڵات ڕوون دەکاتەوە. خۆشبەختانە ئەم کتێبە لەلایەن (د.موحسین ئەحمەد عومەر) بە کوردی کراوە.

(سەعید) لە چوارچێوەی تێزەکانیدا جینالۆجیای ڕۆژهەڵاتناسی لەناو ڕۆشنبیریی ڕۆژئاواییدا ئاشکرا دەکات. لەوێوە هەوڵی توێژینەوە لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتناسی دەدات، دەیەوێ ئەو پڕۆژە ئەورووپییە بۆ ڕۆژهەڵات ئاشکرا بکات. هاوکات کەشفکردنی بنیادی ناوەوەی گوتاری ڕۆژهەڵاتناسی، ئەویش لەڕێی ڕاڤەکردن و ڕەخنەگرتن لەو گوتارە. ئەم کتێبە دەبێتە شۆڕشێک لە بواری ڕۆژهەڵاتناسیدا، ئەویش بەهۆی پێشکێشکردن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی تێڕوانینەکان بۆ ڕۆژهەڵات. ئەو توێژینەوە لەو تێزانە دەکات کە بۆ ڕۆژهەڵات هەن و ڕەخنەیان دەکات. بۆیەش دەڵێت: "هەوڵ دەدەم ئەوەش بخەمەڕوو کە کولتووری ئەوروپی بە خۆجیاکردنەوە لە ڕۆژهەڵات کە وەک فۆرمێک لە خۆی وەریگرتبوو، بەڵام فۆرمێک لە خوارەوەی خۆی و وەک وەرگرتنێکی زۆرەملێ، کولتووری خۆی بەهێز کردووە و ناسنامەی خۆی سازگارتر کردووە". [سەعید: ٢٠١٨: ل٣١] کەواتە: ئەوەی ئەم بیرمەندە دەیەوێ قسەی لەبارەوە بکات، ئەو ڕۆژهەڵاتە داهێنراوەیە لەلایەن ڕۆژئاواوە. ئەو دەیەوێ پێمان بڵێت ئەو ڕۆژهەڵاتەی ئەورووپییەکان باسی دەکەن، ساختەیە، تەنێ بۆ بەرژەوەندی و بەهێزکردنی خۆیان دروستیان کردووە، ئەو ڕۆژهەڵاتە جوایەزە لە ڕۆژهەڵاتە ئۆرجینال و واقیعییەکە.

ئیدوارد لەم کتێبەدا سەرەتا دێت مەدلوولەکانی زاراوەی ڕۆژهەڵات ڕاڤە دەکات کە چەقی پرۆسێسەی ڕۆژهەڵاتناسییە، هاوکات جێی بایەخی توێژینەوەکانی ڕۆژئاوایە لەبارەی ئەم چەمکەوە.

بە بڕوای ئەو زاراوەی ڕۆژهەڵات مەدلوولی سیاسی، جوگرافی و مێژوویی هەیە. ئەمە لە سەرەتادا لە نێوان یۆنانی کۆن و فارسەکاندا بووە. لە سەردەمی نوێشدا لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتانی ئەورووپیدا بووە. کەواتە گرینگیدانی ڕۆژئاوا بە ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی لە ناکاو نەهاتووەتەدی، بەڵکوو ئامانجی تایبەتی لە پشتەوە بووە. لێرەوە بە بڕوای ئەم فەیلەسووفە هۆکاری مێژوویی دەگۆڕێ بۆ هۆکاری دەروونی، ئایینی و پاشان بۆ هۆکاری ئابووری و ئامانجی سیاسی گۆڕدرا. ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە ڕۆژهەڵاتناسی ڕۆڵێکی کاریگەر لە توێژینەوەی ڕۆشنبیری، جوگرافی، مرۆڤایەتی و مێژووییدا دەبینێت. بۆیەش مێژووی داگیرکاری و هەیمەنەی سیاسی لەسەر ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژهەڵاتناسەکان دەگەڕێتەوە کە زانیاری زۆریان لەسەر ڕۆژهەڵات هەبووە، ڕۆشنبیری و شارستانێتی ئەویان بە تەواوەتی خوێندووەتەوە. پنتێکی زۆر گرینگ لەم توێژینەوەیەی ئیدواردا هەیە، ئەویش ئەوەیە، ئەو ڕۆژهەڵاتناسی لە ڕەهەندی مەعریفییەوە ڕەت ناکاتەوە، بەڵکوو دژ بە ڕەهەندە داگیرکارییەکەیەتی کە پێوەندی بە هەیمەنەی داگیرکارەوە هەیە. نموونەی قسەکانی (کرۆمەر) لەبارەی ڕۆژهەڵات دەهێنێتەوە. (کرۆمەر پاشان وەسفی عەرەب و ڕۆژهەڵاتییەکان وەک کەسانی ساویلکە دەکات، دوور لە هەموو وزە و دەستپێشخەرییەک، زۆر مەیلیان بە لای ستایش و مەرایی و پیلان و فێڵ و شەڕانگێزیدایە بەرانبەر بە گیانەوەران، ڕۆژهەڵاتییەکان ناتوانن لەسەر شەقام و شۆستە بڕۆن). [سەعید: ٢٠١٨: ل٩٣] ئەو دژ بەم تێزیەیە، چونکە ئەورووپا دەیەوێ هەمیشە حوکمی ڕۆژهەڵات بکا. هاوکات ئەمە تێڕوانینی ئەوانە بەرانبەر ئەو جوگرافیایە.

ڕۆژهەڵاتناسی لە کن ئەم فەیلەسووفە لە چەند چەمکێکی بنەڕەتیدا خۆی دەبینێتەوە. یەکەمیان چەمکە ئەکادیمییەکەیە، توێژینەوە و چارەسەر بۆ ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی تایبەتمەندی و خاسیەتە گشتییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە دەبێ. بە بڕوای ئەو ڕاستە رۆژهەڵاتناسی وەک خۆی نەماوەتەوە، بەڵام هێشتا لەناو زانکۆکان درێژە بە خۆی دەدات، ئەویش لەڕێی لێکۆڵینەوە لە بزووتنەوە و تێزەکان لەبارەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتییەکان. چەمکی دووەم ڕۆژهەڵاتناسی وەکوو چەمکێکی فیکری دەبینێت، کە بە خاسیەتی بوونی و فیکری جودا دەکرێتەوە. ئەم دوو چەمکە ئاڵوگۆڕی جێگیر و ڕیکخراو لە نێوانیاندا هەیە، ئەویش بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر ڕۆژهەڵات و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیکەری ڕۆژهەڵات. بۆیەش ڕۆژهەڵاتناسی گوتارێکی ڕێکخراوە. لێرەوەیە هیچ پێوەندییەک لە نێوان ڕۆژهەڵاتناسی و ڕۆژهەڵات بە واتا واقیعی و ڕاستییەکەیدا نییە. بابەتی توێژینەوە لێرەدا هوشیاریی ڕۆژئاوایە، نەك هوشیاریی ڕۆژهەڵاتی. لێرەوە ڕۆژهەڵاتناسی دەبێتە ئاوێنەی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵات و ئارەزووی ئیمپریالییەت. ئەوەی لەم کتێبەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە، ئەوەیە ئەم فەیلەسووفە دەیەوێ ئەو ڕۆژهەڵاتە داهێنراوەمان پیشان بدات، هەموو ڕەهەند و چوارچێوەکانیمان بۆ دەستنیشان دەکات. لەلایەکی دیکەوە ئەو ماسکە لادەبات کە ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵاتی کێشاوە. دیسان دێت پێمان دەڵێت، دەبێ ڕۆژهەڵات بناسین، سەرلەنوی توێژینەوەی لەبارەوە بکەین بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ڕاستەقینە بە ڕۆژئاوا پیشان بدەین.


سەعید (ئێدوارد): ٢٠١٨: ڕۆژهەڵاتناسی، وەرگێڕانی لە فرانسییەوە: د.موحسین ئەحمەد عومەر، لە بڵاوکراوەکانی ماڵی وەفایی، هەولێر.