کتێبی پێنج برای چینی کرایە کوردی


چیرۆکی (پێنج برای چینی) وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی. چیرۆکی پێنج برای چینی چیرۆکێکی کلاسیکیی چینییە و بەسەرهاتی پێنج برا دەگێڕێتەوە کە بە تەواوی هاوشێوەی یەکترن و هەریەک لەو برایانە توانایەکی بێهاوتا و نائاسایی و تایبەتیان هەیە.

ئەم چیرۆکە لەلایەن نووسەری ئەمریکی کلێر هەچێت بیشۆپ (١٨٩٨ - ١٩٩٣) لە ساڵی 1938 نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە. لە بنەڕەتدا لە یەکێک لە دێرینترین چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چین وەرگیراوە بەناوی دە برای چینی کە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی مینگ (١٣٦٨-١٦٤٤) دا نووسراوە. 

بە درێژایی مێژوو ئەم چیرۆکە بە شێوازی جیاواز نووسراوە و گێڕدراوەتەوە کە باس لە چەند برایەکی چینی دەکات هەموویان هاوشێوەی یەکن، بەڵام هەریەکەیان خاوەنی توانایەکی سەرسوڕهێنەرە. گۆران ڕەسووڵ کە ئەم چیرۆکەی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، دەربارەی چیرۆکەکە دەڵێت: "ئەگەرچی ئەم چیرۆکە بۆ منداڵان نووسراوە، بەڵام تێکستەکە هەڵگری مانا و خەیاڵی فراوانی ئەدەبییە، هەر بۆیە هەموو تەمەنێک دەتوانێت چێژ لە خوێندنەوەی وەربگرێت." ئەم کتێبە لەلایەن چەندین ناوەندی ئەدەبییەوە بە یەکێک لە باشترین ئەو کتێبانە هەڵدەسەنگێندرێت کە بۆ منداڵان نووسرابێت، نیویۆرک پەبڵیک لایبرەری دەربارەی ئەم چیرۆکە دەڵێت: ''گێڕانەوەیەکی سەرسوڕهێنی حیکایەتێکی کۆنی چینییە''، هەروەها لایبرەری جۆرناڵ لە پەسنی کتێبەکەدا دەڵێت: ''چیرۆکێکە زۆر داهێنەرانە و لێزانانە نووسراوە.'' ئەم چیرۆکە براوەی خەڵاتی لویس کارۆڵە لە ساڵی 1959. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە وەک یەکێک لە چیرۆکە گرینگەکان لەناو سیستەمی پەروەردە و خوێندندا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەخوێنرێت.
 
ئەم کتێبە لەگەڵ چەند کتێبێکی دیکە لەلایەن ناوەندی هەرمان لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاودەکرێتەوە. هەرمان ناوەندێكی وەرگێڕانە و یەكێك لە پڕۆژەكانی وەرگێڕانی كتێبە. لە وەرگێڕانی كتێبیشدا گرنگییەكی زۆر بە پەروەردە و ئەدەبیات بۆ منداڵان دەدات.