رۆژنامە وەک پێشمەرجی چیرۆکی کوردی
هەقایەتی کۆن، یان چیرۆکی میللی بە شێوەیەک لە شێوەکان گوزارشتە لە ژیانی میللەتانی کۆن، بەتایبەت لە دەربڕینی شێوازی بیرکردنەوە، کولتوور، دابونەریت، شێوازی ژیان و پێوەندیی نێوان تاکەکان. هیچ نەتەوەیەک نییە چیرۆکێکی نەبێت. دەمەوێ بڵێم هەموو نەتەوەیەک، میللەتێک، لەڕێی چیرۆکەوە گوزارشتی لە بەشێکی زۆری کولتوور و پێکهاتە و ئەنترۆپۆلۆجیای خۆی کردووە. تەنانەت بەشێکی کتێبە ئاسمانییەکان لەڕێی چیرۆکەوە شتەکانمان بۆ دەگوازنەوە. کەواتە هەموو میللەتانی کۆن لەڕێی چیرۆکەوە، یان جۆرێک لە جۆرەکانی چیرۆک خۆیان بۆ داهاتوو گواستووەتەوە. ئەگەر چیرۆک و گێڕانەوەی کۆن نەبووایە ئەوا هیچ مەعریفە و زانیاریەکمان لەبارەی ژیان و مرۆڤی کۆن نەدەبوو. ئەوەی لە سەرەوە گوتمان لەبارەی گێڕانەوەی کۆن بوو، بۆ نموونە هەقایەتی فۆلکلۆری و میللی، ئەفسانە، داستان...تاد.
چیرۆک وەکوو ژانرێکی نوێی ئەدەبی، چ لە ئەدەبیاتی ڕۆژئاوا و چ لە ئەدەبیاتی کوردیدا، فۆرمێکی نوێی هزرینی مرۆڤە. ئاشکرایە ئەم ژانرە وەکوو ژانرێکی مۆدێرن زادەی ئەوروپایە. کەواتە چیرۆک ئەدەبێکی پەخشانییە، لەڕێی گێڕانەوەی کۆمەڵێ ڕووداوەوە، یان بەریەککەوتنی ڕووداوەکانەوە کە سەرچاوەکەیان واقیع و خەیاڵە، کارەکتەرێك، یان هێندێ کارەکتەر کە وەگێڕ ئاراستەیان دەکات، مەبەستێك بە ئێمە دەگەیەنن. زۆر جار کارەکتەر خۆی دەبێتە وەگێڕی ڕووداوەکان. چیرۆک کۆمەڵێ توخمی سەرەکیی تێدایە وەکوو: ڕووداو، کارەکتەر، کات و شوێن، بیرۆکە، وەگێڕ، زمان و شێوازی گێڕانەوە.
من لێرەدا نامەوێ هەریەک لەم توخمانەی چیرۆک بەرباس بدەم، هێندەی مەبەستمە کاریگەری چیرۆکی کوردی بەتایبەت لەڕووە مێژوویییەکەیەوە باس بکەم. ئەو پرسیارەی دەمێکە توێژەران و چیرۆکنووسانی کردووە بە دوو بەشەوە، ئایا چیرۆکی کوردی ڕیشەکەی بۆ ئەدەب و کەلەپووری کۆنی کوردی دەگەڕێتەوە، یان بە کاریگەریی ئەدەبیاتی دیکە و لە ئەدەبیاتی نەتەوەی دیکە وەرمانگرتووە؟
لە ئەدەبی کوردیدا کەم نین ئەوانەی چیرۆکی کوردی (چیرۆک وەکوو ژانرێکی نوێ) بۆ کەلەپوور و هەقایەت و هێندێ دەستنووسی بە پەخشان نووسراو دەگەڕێننەوە. بێ ئاگا لەوەی چیرۆک وەکوو ژانرێکی نوێی ئەدەبی تەنێ بە توخمەکان دروست نابێت، کۆمەڵێ ڕەگەز و تەکنیک هەن، دەبێ هەبن بۆ ئەوەی ئەو دەقە ببێتە چیرۆک. من لەوان دەگەم، جا چ لە هەستێکی ناسیونالیستی، یان هەر هۆکارێکی دیکە بێت. هەرچەندە زۆربەیان ئەو نووسینانە بە پەخشان هەژمار دەکەن، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ دەیانەوێ بڵێن، مادام پەخشان هەیە، کەواتە چیرۆکیشمان هەیە. بەڵام ئەمانە بەڵگەی سەلمێندراو نین. تەنانەت ئەو نووسینە پەخشانیانەی وەکوو: مەولوودنامەکەی شێخ حسەینی قازی و عەقیدەنامەی کوردیی مەولانا خالیدی نەقشبەندی دواتر (عەبدولڕەزاق بیمار) لە توێژینەوەیەکدا بەناوی (مێژووی پەخشانی کوردی) لە ساڵی (1999) بڵاوی کردەوە، ئەوەی سەلماند کە مەولوودنامەکە و عەقیدەکەی مەولانا خالید نووسین نین، بەڵکوو وەرگێڕانن و لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕدراون. (فەرهاد پیرباڵ)یش یەکەمین چیرۆکی کوردی بە دەقی (مەم و زین)ی (مەلا مەحموودی بایەزیدی) دیاری دەکات. ئەوەش ناشارێتەوە، ئەو بەها و ناوەڕۆک و ئێستاتیکایەی دەقەکە هەیەتی وا دەکات نەبێتە دەقێکی فۆلکلۆری، بەڵکوو ببێتە چیرۆک. بەهانەی ئەوەیش دەهێنێتەوە کە تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە لەو سەردەم بەو شێوەیە کۆن و فۆلکلۆری بووە، بۆیەش شێوازی ئەم دەقەیش وەها بووە. ئەمە خۆی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی نابێتە چیرۆک.
ئەوەی من دەمەوێ بیڵێم، چیرۆک بە واتا مۆدێرنەکەی، وەکوو ژانرێکی نوێ بە هیچ شێوەیەک لەناو ئەدەبیاتی کۆنی کوردیدا نییە، تاکوو ساڵی (1913) کە (فواد تەمۆ) لە ژمارە (2 و 3)ی گۆڤاری (ڕۆژی کورد) لە ئیستەنبوڵ نووسینێک بڵاودەکاتەوە، لەسەر نووسینەکە دەنووسێت (چیرۆک). کەواتە تاکوو ئێستا یەکەم کەسێک زاراوەی چیرۆکی لە ئەدەبی کوردیدا بەکارهێنابێت (فواد تەمۆ) بووە. بەڵگەم بۆ ئەوەی ئەو نووسینانەی کۆن کە بە چیرۆک دانراون پێش (فواد تەمۆ) چیرۆک نین! ئەگەر ئەو نووسینانە بەراورد بە چیرۆکی کوردی (بە واتا مۆدێرنەکەی) بکەی، دەبینیت، چیرۆکی کوردی درێژکراوەی ئەو نووسینانە نییە، یان فۆرمێکی سادەی ئەو نووسینانەی نییە. بەڵکوو چیرۆک ژانرێکی ئەوروپییە و چ بە ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ هاتووەتە ناو ئەدەبی کوردی. دەبینین لەگەڵ پەیدابوونی ڕۆژنامە و گۆڤار لە بزاڤی ڕۆشنبیریی کوردیدا لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم، وەکوو دیاردەی گەیشتنی سەرەتاکانی مۆدێرنیتە، ژانری دیکەی وەکوو چیرۆک و چیرۆکی درێژ پەیدا دەبن. کەواتە تاکوو کورد نەبووە خاوەنی ڕۆژنامە و گۆڤار، ژانری نوێ لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا پەیدا نابێت. تەنانەت زاراوەی (چیرۆک)، کورد لە شارێکی وەکوو ئیستنەبوڵ بەکاری دەهێنێت و دەیخاتە ناو ئەدەبیاتی کوردییەوە. پێش ئەو وەختە، چونکە کورد خاوەنی ڕۆژنامە و گۆڤار نەبووە، هەر حەکایەت و قصەی عەرەبی بەکاردەهێنا، کە مەبەست لە هەردووکیان گێڕانەوەی هەقایەتی فۆلکلۆری بووە.
بۆیەیش دەبینین دوای ئەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار لە ناوەوەی کوردستان (بەتایبەتی باشوور) بڵاودەبێتەوە، ئەم ژانرە نوێیە بە تەواوی دێتە پێشەوە. هەردوو گۆڤاری (هاوار) و (گەلاوێژ) چەندین دەقی چیرۆک بڵاودەکەنەوە کە سیما و خەسڵەتی چیرۆکیان وەکوو ژانرێکی نوێی ئەدەبی پێوە دیارە، بەڵام هێشتا لە فەزا و شێوازی گێڕانەوەی کۆن ڕزگاریان نەبووە. (گۆران)ی شاعیر دوای ئەوەی لە کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم هێندێک چیرۆکی لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەرگێڕا، بۆ یەکەم جار زاراوەی (کورتە چیرۆک)ی هێنایە ناو ئەدەبی کوردی، ئەم چیرۆکانە کاریگەری گەورەیان لەڕووی شێواز و تەکنیکی چیرۆکی کوردییەوە هەبوو. دەبینین چەندی بواری ڕۆژنامەگەری لە کوردستان بەهێزتر دەبوو، هێندە زیادتر چیرۆکی کوردی پێشدەکەوت. بە بڕوای من ڕۆژنامەگەری و چیرۆک لەناو ئەدەبی کوردیدا دوو شتی لە یەک دانەبڕاون، ئەگەر بمانەوێ بوونی چیرۆک بسەلمێنین، دەبێ پێشمەرجی ڕۆژنامەمان بۆ چیرۆکی کوردی هەبێت. ڕۆژنامە و گۆڤار دەبنە هۆکارێک بۆ لە دایکبوونی چیرۆک، چیرۆک وەکوو ژانرێکی مۆدێڕن بەبێ ڕۆژنامە و گۆڤار ناتوانێت گەشە بکات (هەڵبەت دنیای ئینتەرنێتی ئێستاش بەشێکە لە ڕۆژنامەگەری)، چونکە ئەم ژانرە لە سەرەتاوە پێویستی بە دەرچەیەکە بۆ ئەوەی خۆی بڵاوبکاتەوە. لەوێوە میللەتان دەتوانن سوود لە یەکدی وەرگرن. چیرۆکی کوردیش بەو هۆیەوە توانی بێتە بوون و گەشە بە بوونی خۆی بدات.
کاتێك یەکەم چیرۆکی کوردی لە شارێکی وەکوو ئیستەنبوڵ لە دایک دەبێت، ئەو شارە، شارێکی مۆدێرنە، پاریسی ڕۆژهەڵاتە، ناوەندی پێشکەوتنی ڕۆژهەڵاتە، ئەو شارە وەکوو برسییەک پێشکەوتنی ئەوروپا دەخوات، لەوێوەیش نووسەران و منەوەرانی کورد، عەرەب، فارس...تاد بەشێک لەو خۆراکی پێشکەوتنەیان بەردەکەوێت. کەواتە لەو سەردەم هەر شوێنێک مۆدێرنیتەی قبووڵ بووبێت، ئەوا شتی نوێ هاتووەتە ناویەوە. لێرەوەیە دەتوانین وەرامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، بۆ لەو کات لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان چیرۆک نەنووسراوە؟ دەتوانم بڵێم، چونکە مۆدێرنیتە هێشتا پریشکی لە شارەکانی کوردستانی نەدابوو، بەڵام کاتێک (مێجەرسۆن) و پاشان (پیرەمێرد) پریشکێکی مۆدێڕنە، کە ڕۆژنامەیە دەهێننە سلێمانی، ئەوا ژانری چیرۆک، یان گێڕانەوە بە فۆرمە نوێیەکەی لەدایک دەبێت. (جەمیل سائیب) چیرۆکی (لە خەوما) دەنووسێت (هەرچەندە مشومڕی زۆری لەسەرە ئایا چیرۆکە، ڕۆمانە. یان نۆڤلێتە)، (پیرەمێرد) چیرۆکەکانی خۆی لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاودەکاتەوە. لێرەوەیە چیرۆک سەرپێ دەکەوێت. دیسان دەیڵێمەوە چەندی بواری ڕۆژنامەگەری لەناو کورددا پێشکەوت، چیرۆکیش پێشکەوت. بۆ نموونە لە ساڵانی پەنجا و شەستی سەدەی بیستەم، چونکە بواری ڕۆژنامەگەری لاواز بوو، چیرۆکی کوردیش لەو کاتدا لاواز بوو. کاتێك لە ساڵانی 1970- 1974 بواری ڕۆژنامەگەری بەهۆی یانزەی ئادارەوە پێشکەوت و دەیان ڕۆژنامە دەردەچوون، چیرۆکی کوردی بە شێوەیەک دەگەشێتەوە کە بە سەردەمی زێڕینی دادەنرێت.