بوون وەك چاكە
فیلمی (ئێمە فریشتە نین) لە دەرهێنانی نیل جۆردەنی ئینگلیزییە و ساڵی 1989 بەرهەم هاتووە، فیلمەكە بە شێوەیەكی كۆمێدی چیرۆكی دوو زیندانی دەگێڕێتەوە كە بە یارمەتیی بكوژێك لە زیندان دەردەچن و دەچنە شارێكی سەر سنوور بۆ ئەوەی لەوێوە دەربازی كەنەدا ببن، بەڵام خەڵكی شارەكە هەردووكیان بەهەڵە و لە باتی دوو قەشە كە بڕیار بووە بێن بۆ شارەكەیان، وەردەگرن. بۆیە ئەمانیش بۆ شاردنەوەی خۆیان لە جلی قەشەدا دەچنە كڵێسا و تا وای لێدێت بە هۆی ئیشی باش و خوێندنی بابەتی دینییەوە جۆرێك لە گۆڕانی دەروونیشیان تێدا دروست دەبێت و لە كارەكتەری یەكەمیان وەك دز و خراپەكار زۆر دووردەكەونەوە و دەبنە مرۆڤێكی تر. لە ئێرانیشدا لە ساڵی 2003 فیلمێك بەناوی (مارمێلك) كە پێدەچێت بیرۆكەكەی هەمان فیلمی نیل جۆردەن بێت، لە دەرهێنانی كەمال تەبریزی بەرهەم هات. فیلمەكە توانی زۆر سەركەوتوو بێت و شوێنی خۆی لە هەموو ماڵێكی ئێراندا و لای رەخنەگران بكاتەوە. فیلمێكی درام –كومێدییە و چیرۆكەكەی، وەك فیلمی یەكەم چیرۆكی زیندانییەكی پێشینە دزە كە دواجار بە تۆمەتی دزی دەستگیر دەكرێت .
لە زینداندا تووشی ڕووداوێك دەبێت و دەیبەنە خەستەخانە، لەكاتێكدا مەلایەك كە لە هەمان ژووری ئەودایە، دەچێتە توالێتەوە، جل و جانتاكەی دەبینێت و دزەكە كە ناوی رەزایە، ئەو دەرفەتە بەكاردەهێنێت و جلەكان لەبەر دەكات و جانتاكەی دەبات و دەچێتە دەرێ و بەرەو گوندێكی سەر سنوور هەڵدێت، بەهیوای ئەوەی وڵات جێبهێڵێت. خەڵكی ئەو گوندە خۆیان لە چاوەڕوانیی هاتنی مەلایەكدا بوون بۆ ئەوەی ببێتە مەلای گوندەكەیان، رەزا هەر دەگاتە سنوورەكە خەڵك وا دەزانن ئەو مەلاكەیە و ڕێزێكی زۆری لێدەگرن، تا وای لێدێت خۆشی حەز لە ڕۆڵ و شوێنە تازەكەی دەكات. ئەو پێگە كۆمەڵایەتییەی بۆی خولقاوە كاریگەریی گەورەی دەروونی بۆ دروست دەكات بەشێوەیەك لەسەر بیركردنەوە و رەفتاری رەنگدانەوەی دەبێت و ترازانێكی دەروونی لە نێوان كەسایەتی پێشووتری و كەسایەتییە تازەكەیدا دروست دەكات. ڕەزا لە جلی مەلایەتیدا وای لێدێت كاری باش بكات و ڕۆڵ بینینەكەی بەئاراستەی چاكەدا دەیگۆڕێت. بەهەمان شێوەی كارەكتەرەكانی فیلمی پێشوو، لە كارەكتەرێكی خراپەكارەوە بەرەو كەسێكی باش و پۆزەتیڤ دەكرێتەوە . من لە بینینی هەردوو فیلمەكەدا پرسیارێكی كڵێشەییم هاتەوە بیر كە ئایا مرۆڤ و كردارەكانی تا چەند بەرهەمی دۆخ و هەلومەرجەكانن?
لە كتێبێكدا بەناونیشانی (ژێنێی موقەدەس، ئەكتەر و زەجركێش)، ژان پۆڵ سارتەر بەرگری لە كەسایەتی و منداڵیی ژان ژێنێ- ی ڕۆماننووس و شاعیر و شانۆنووس دەكات. لەم كتێبەدا باس لە ژیان و نەهامەتییەكانی ژیانی ژان ژێنێ دەكات كە كۆمەڵگا بە سەریدا هێناوە و لە ڕوانگەی بوونگەراییەوە بەرگرینامەكەی سەبارەت بەو نووسەرە نووسیوەتەوە. سارتەر باس لەو ڕۆڵانە دەكات كە كۆمەڵگا بەسەر مرۆڤیدا دەسەپێنێ و هەمان ڕۆڵ دواجار دەبێتە كەسایەتی مرۆڤ، هەرچەندە ڕۆڵەكە لە جەوهەریشی زۆر دووربێت. زۆربەی بەرهەمەكانی خودی ژان ژێنیەش باس لە ڕۆڵبینینی مرۆڤ و نوقمبوونی دەكات لەهەمان رۆڵدا كە خودی ڕاستەقینەی خۆی بیردەچێتەوە. بۆ نموونە لە شانۆی خزمەتكارەكاندا چیرۆكی دوو خوشكی خزمەتكار دەگێڕێتەوە كە ویستی تۆڵەكردنەوەیان لە خانمەكەیان هەیە، بەڵام سەركەوتوو نابن. ئەوان خۆیان دەكەونە ڕۆڵگێڕانی دوو ئینسانی تۆڵەخوازەوە كە دواجار هەر یەكێ لەو دوو خوشكە دەبنە قوربانیی ئەو رەوشە سەپێنراوەی تێیكەوتوون. خودی ژان ژێنێ و زۆربەی كاراكتەری بەرهەمەكانی بەردەوام ئەو رۆڵەیان گێڕاوە كە رۆڵی راستەقینەی خۆیان نەبووە. لە شانۆی (ڕەشەكان) دا، ڕەشەكان دەمامكی سپی پێست دەپۆشن و ڕۆڵی سپی دەگێڕن و ژێردەست ڕۆڵی سەردەست دەگێڕێت، بەم شێوەیە هەموو رۆڵێك دەگێڕن تەنیا رۆڵە راستەقینەكەی خۆیان نەبێت.
بە كورتی ڕۆڵگێڕان بابەتی سەرەكیی زۆربەی بەرهەمەكانی ئەم نووسەرەیە، ئەم خەسڵەتە بەشێوەیەك لە شێوەكان رەنگدانەوەی ژیانی خۆیەتی كە ڕۆڵێكی دوور لە جەوهەری خۆی گێڕاوە و بە سەریدا سەپاوە. سارتەر لەبارەی ژیان و چارەنووسی ژان ژێنێ پێیوایە دەكرا ژێنێ ئەو چارەنووسەی نەبووایە كە پێیگەیشتووە، ئەگەر هاتبا و كۆمەڵگەی ئازادی ئەو سەردەمەی فەرەنسا دەرفەتی بە هەژار و كەمدەرامەتەكانیش بدایە بتوانن خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن و ئازادیی هەڵبژاردنی جەوهەری خۆیان مومارەسە بكەن. ئازارەكانی ژان ژێنێ گەورەتر بوون لە هەموو ئەو ئازارانەی قوربانییەكانی خۆی چەشتوویانە. بەرهەمەكانی ژێنێ هیچ نین جگە لە تۆماری هەموو ئەو رووداوانەی بەسەری هاتوون یان خوڵقاندوونی. سارتەر دەڵێت ئەو كاتەی بۆ یەكەمجار بە ژێنێ دەڵێن تۆ دزی، ژێنێ دانی پێدا نانێت و ڕەتی دەكاتەوە. سارتەر دەڵێت دزبوون لەگەڵ سروشت و جەوهەری ئینسانیی ژێنێدا ناگونجێت، ئەو بە سروشت و جەوهەری خۆی دز نییە.
ئەم فەیلەسووفە پێیوایە دزیكردن لەلای مرۆڤ ناتوانرێ وەك بوونی راستەقینە قەبووڵ بكرێ، چونكە بوون چاكەیە و چاكە بوونە، بۆیە گەر ئەوانی تر چاكە بە جەوهەری بوونی مرۆڤ بزانن، ئەو مرۆڤە نەك تەنیا قەبووڵی دەكات، بەڵكو خۆشی حەز دەكات لەو چاكەیەدا بەشدار بێت. لای سارتەر شەڕ و خراپە لە نەبوونەوە دێن، ڕەتكەرەوە و نەفیكەرەوەی باشەن. نەبوون رەتكەرەوەی بوونە، بەو پێیەی مرۆڤ بەشوێن بوونەوەیە ناتوانێ خوازیار و قەبووڵكەری خراپە بێت و وەك دۆخی بوونی خۆی پێی ڕازی بێت. ئەگەر مرۆڤ ئازاد بێت و بەئازادی هەڵبژێرێت، ناتوانێت خراپەی بوێت، ئەمەش لەبەرئەوەی خراپە نەبوونە و دژی ئەو جەوهەرەیە كە مرۆڤ دەیەوێت. سارتەر پێیوایە تەنانەت خراپەكاران و تاوانبارانیش چونكە مرۆڤن، لەبەر حەز تاوان ناكەن و خراپە بە باش نازانن، خراپەكار كەسێك نییە كە حەز دەكات خراپە بكات، بەڵكو خراپەكار كەسێكە كارێك دەكات كە خۆیشی لێی بێزارە و نەفرەتی لێ دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا لەبەر هەندێ هۆكار، ئەو كارە بێزراوە دەكات. مرۆڤ لە بوونی خۆیدا بێزارە لە خراپە و بەردەوام دەیەوێت گەر بەدكاری و شەڕێك هەبێت لە خۆی دووربخاتەوە.
كاتێك ئاماژە بە كەسێك وەك خراپەكار دەكەین، ئەوە بە دیوێكی تردا ئاماژە بە باشیی خۆمان دەكەین، بۆیە كاتێك خەڵكی گوندەكە بە ژێنێ دەڵێن دز، لەڕاستیدا دەیانەوێت ژێنێ باری تاوانەكانی ئەوان بكێشێت، گەر وا نەبێت ئەوان چۆن دەتوانن لە پاكی و باشیی خۆیان دڵنیابن، یان چۆن دەتوانن خراپە لە خۆیان دووربخەنەوە گەر نەیدەنە شانی كەسێكی تردا. سارتەر دەڵێت، بەم شێوەیە هەموو ڕێگاكان لەبەردەم ژێنێدا دەبەستن و ئەو بوونەی كە خۆیان مەبەستیانە و دەیانەوێت، ئەوە دەدەن بە ژێنێ، تا وای لێدێت خودی ژێنێ ئەو بوون و ڕۆڵە وەردەگرێت و هەمان ئەو كارەكتەرە یاری دەكات كە كۆمەڵگا بەسەریدا سەپاندووە، كۆمەڵگا هێند بەڕووی ژێنێدا هاوار دەكات دز... دز، تا دواجار ژێنێ جگە لەوەی ڕۆڵی دز بۆ كۆمەڵگا بگێڕێت، یارییەكی تر فێر نابێت. كارەكتەرەكانی ناو هەردوو فیلمەكەش بە هەمان شێوە، كاتێك ڕۆڵی باشە دەگێڕن، بە سەرێك نزیك دەبنەوە لە بوونی راستەقینەی خۆیان، چونكە بوون واتە چاكە و ئەوەی چاكە بێت بوون دەیەوێت بگەڕێتەوە لای، بۆیە بێ ئەوەی خۆیان هەستی پێ بكەن، دەگەڕێنەوە بۆ خودی راستەقینەی خۆیان. بە سەرێكی تریشەوە كاریگەریی هەلومەرجەكانمان پیشان دەدات لەسەر زاڵكردنی ڕۆڵەكان و سەپاندنی بەسەر مرۆڤدا، جارێك لە سەرەتاوە ڕۆڵی دزیان بەسەردا سەپێنراوە و جارێكی تریش دەبینین بەپێی دۆخەكە و بە هەڵە دەكەوێتە ناو ڕۆڵێكەوە كە دەبێت چاكە بكات، كارەسات لەوەدایە كە كۆمەڵگا زۆربەی كات بۆ پاككردنەوەی خۆی لە تاوان و خراپە، ئەوەی تر مەحكوم دەكات بە خراپ و خراپەكار و وادەكات ئەوانی تر زیاتر ڕۆڵی خراپەكار ببینن تاوەكوو مرۆڤێكی باش.
ئەو رۆڵەی رەزا لە فیلمی مارمێلكدا لەبەرگی مەلایەكدا دەیگێڕێت لە مەحكومیەتی كۆمەڵگاوە سەرچاوەی گرتووە، بەجۆرێ خەڵكی گوند هێندە پایەیەكی بەرزی رۆحی و كۆمەڵایەتییان بۆ دروستكردووە كە خودی خۆی تووشی چەشنێك لە سەرلێشێوان دەبێ لە سەرەتاوە و پێی سەیرە بەو پێشینەیەی هەیەتی لە تاوانی دزیكردندا ئەو پێگە كۆمەڵایەتییەی بۆ دروستكراوە. كەسایەتی مرۆڤ بە دیدی سارتەر هەمیشە لەبەردەم ئەگەری گۆڕاندایە، هیچ جێگیرییەكی رەها ناتوانێ ببێتە شوناسی كەسایەتی، ئەو شلۆقییەی لە بنەڕەتی بوونی مرۆڤدایە، ئازادیی ئەوە لە هەڵبژاردنی بەردەوام و تاقیكردنەوەی جەوهەرێكی ئینسانی كە تەنیا خۆی بەرپرسیار بێت لەئاستیدا. بارودۆخی بوونی رەزا لە فیلمی مارمێلكدا و ند و جیم لە فیلمی (ئێمە فریشتە نین)، لە دوو باری جیاوازدا نێگەتیڤە ئەگەر لە روانگەی ئازادیی سارتەرییەوە تەماشای بكەین.
یەكەم، رەوشێك كە ئەم كارەكتەرانە لەژێر بارودۆخی ژیانی گشتیی كۆمەڵگا و سیستەمی ئابووریدا كەسایەتی دز هەڵدەگرن و دووەم، ئەو كەسایەتیانەی وەك پیاوانی ئایینی لە گوندێكی سەر سنووردا دەیگێڕن، چونكە هیچ كام لەو رۆڵانە بەتەواوی هەڵبژاردنی ئازادانەی ئەوان نەبوون و مەحكومیەتێكی زاڵی باڵادەست بۆی پێشهێناون. لای سارتەر سەرەڕای كاریگەریی دۆخەكان لەسەر بوونی مرۆڤ، ئەوەی گرینگە بەلایەوە ئەوەیە كە هیچ مەحكومیەتێكی دەرەكی ناتوانێ مرۆڤ لە بەرپرسیارێتی دۆخی بوونی خۆی قوتار بكات. ئەو لە هەر رەوشێكدا بێ بەرپرسیارە و بەرپرسیاربوونی بەهۆكاری دۆخە كۆمەڵایەتییەكان ناسڕێتەوە. بەڵام ئەوەی بۆ رەزا مارمێلك و جیم و ند بایەخی ژیانی هەیە، ئەو بار و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەیە كە بەناچار دەكەوێتە ناوی و بەپێچەوانەی رەوشی پێشووی ژیانییەوە بەئاقاری باشە و خێری رۆحی كۆمەڵایەتیدا دەیبات كە بە داخەوە زۆربەی كات پێچەوانەی ئەو دۆخانە بۆ مرۆڤ دروست دەبن و بە ناچاری دەكەوێتە شوێنێكەوە ڕەنگە رۆڵێك بگێڕێت كە لەگەڵ ئەوەی لە بوونی راستەقینەی خۆی زۆر دوورە، بەڵام مەحكوم بێت بەوەی ببێتە ئەوەی كە سەپاوە بەسەریدا.