سوبیەکتی خەمبار
2-2
مرۆڤ ئاژەڵێکە بەرەنگاری هەڕەشەکان دەبێتەوە و زۆرانبازی بۆ مانەوە لە ژیاندا دەکات. درێژەدان بە ژیان لە دوای کارەساتە جەرگبڕەکانەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بەرگەی نەهامەتییەکان دەگرێت و خۆی لەسەر ئەوەش ڕادەهێنێ کە هەڕەشەکان بکاتە مادە و هۆرمۆنێک بۆ دەستپێکێکی تری ژیان.
کارەساتی جیابوونەوەی ئەویتری نزیک و ئاشنای نابێتە مایەی کۆتاییهاتنی خۆیشی، بەڵام ناشبێتە مایەی سڕینەوەی هەموو یادەوەرییەکانی کەسی بەسەرچوو، کەسی کۆچکردوو، کەسی مردوو، کەسی دابڕاو. لەڕووی کولتوورییەوە یادەوەری هیچ نییە جگە لە بەشدارکردنەوەی مردووەکان لەناو جیهانیژیاندا. یادەوەری واتە پێدانەوەی شوێنێک بە ئاشنا کۆچکردووەکەمان. مەسەلەی سازدانی پرسە و شیوەنگێڕان بریتین لەو ڕیتواڵانەی لێیانەوە جاریکی دیکە شوێنێک دەدەینەوە بە کۆچکردووەکان.
سەیر نییە کاتێک کەسێکی ئاشنامان کۆچ دەکات، ئیتر پێمانوایە هێشتا شوێن و جێگەی هەر دیارە. دەبینین پرسە وەک ڕیتوالێک لەنێو هەموو کولتوورەکاندا دەبێتە فاکتۆری دروستکردنی شوێن. لێرەشدا شوێن بریتی نییە لە جێگایەکی فیزیکی، بەڵکو بریتییە لە کایەیەکی گیانلەبەر کە بەرجەستەی ڕۆحی کەسە کۆچکردووەکە دەکات. بەم جۆرە وەک سلۆتەردایک دەڵێت: پرسە مانای ئەوە نییە ئیش لە ئۆبیەکتێکدا بکرێت، بەڵکو مانای ئەوەی بزربووەکە بگوازرێتەوە بۆ ناو شوێنێکی پەلکشاو. لێرەوەیە زیندووەکان دەکەونە زۆرانبازی و ململانێ لەگەڵ ئەو کارەساتی خەمباری و مەرگەساتی پرسەیەوە کە ڕووداوی مەرگ و جیابوونەوە و دابڕان لە نێوانیاندا دەیخاتەوە.
لە داستانی گەلگامیشدا، گەلگامیش لە مەرگی ئەنگیدۆی هاوڕێیدا چارەنووسی خۆی دەبینێتەوە، بۆیە دەکەوێتە زۆرانبازییەکی توند و بێهوودەوە، کە تا دوورترین تخوبەکانی ئەم سەرزەمینەی دەبات، تاوەکو گیای نەمری بهێنێتەوە بۆ ڕزگارکردنی ئەنگیدۆی هاوڕێی لە مردن. لێرەدا شەڕی بێئاکامی لە دژی مەرگ دەردەکەوێت، بەڵام دواتریش لێیەوە چارەنووسی خۆی لە لاشەی مردووی ئەنگیدۆدا دەبینێتەوە. سلۆتەردایک وەها ڕاڤەی ئەم داستانە دەکات، کە بریتی بێت لە فۆرمێکی گەورەی جیهانێک، تیایدا مردووەکان یان دەچنە جیهانێکی زۆر قووڵی ژێرەوە، یان خۆیان دەگەیەننە ئەوپەڕی دوورترین دنیا، بەشێوەیەک کەسە پرسەدار و خەمبارەکە تا ئەوپەڕی دنیا سەرکێشی دەکات بۆ هێنانی دەرمانێک هەم لە دژی جیابوونەوە وهەم لە دژی خۆلەناوچوون. واتە لەڕووی میتافیزیکییەوە گەلگامیش لەڕێی منە کۆنەکەی خۆیەوە (هاوڕێکەی) دەرک بە مەرگی خۆی دەکات.
ئەمە یەکەمین خودهۆشیاریی مرۆڤە تا ئێستا کولتوورەکانی مرۆڤایەتی بۆی جێهێشتووین. مۆدێلێکە دواتر بە سەرهەڵدانی فەلسەفە و ئاین دەڕەوێتەوە و چیتر هۆشیاری بە مەرگ لەڕێی ئەویترەوە نابێت، بەڵکو لەڕێی هۆشیارییەوە بە کۆتایی و بە مردنی خودی خۆم دەبێت.
مۆدێلی گەلگامیشی ئەوەیە مەرگی هاوڕێکەم، کەسە تەواوکەرەکەم و ئاشناکەم، هۆشیاری لای خود بۆ مەرگی خۆی چێ دەکات، بەڵام لە مۆدێلی فەلسەفی و ئاینیدا تەنیا دەرککردن بە کۆتایی خۆم دەبێتە مایەی ناسینی مەرگی خۆم. ڕەنگدانەوەی مەرگی ئەنگیدۆ لە هۆشیاریی گەلگامیشدا، وەهای دەترسێنێ کە هەڵدێت و ( بە توولەڕێیەکی دووردا شۆڕدەبێتەوە نێو دۆڵ و شیوە قووڵەکان). ئەم مەرگە گەلگامیش خەمگین و خەمبار دەکات، بەڕادەیەک ئەو وێنایەی لەو سەردەمەدا بابلییەکان بۆ سنووری دووری دنیا هەیانە، گەلگامیش تەیی دەکات بۆ هێنانەوەی گیای نەمری.
لێرەوە ئەم لێکدابڕان و جیابوونەوەیە لە کایەیەکی نزیک و بچووکەوە خۆی دەگەیەنێتە کایەیەکی دوور و گەورە. گەلگامیش بۆ هێنانەوەی گیای نەمری بۆ شاری ئوروک تا دوورترین سنووری جیهان دەچێت. خاڵێکی تری گرنگ کە سلۆتەردایک لە مۆدێلی گەلگامیشیدا بۆ مەرگ تێبینی دەکات، ئەوەیە لەم مۆدێلەدا هیچ وێناکردنێکی میتافیزیکی بۆ مردن شک نابەین، واتە لەو مۆدێلەدا هێشتا هزری ئەوە لەدایک نەبووە کەوا لەودنیا ڕۆحەکان یەکدەگرنەوە. هزرێک کە دواتر ئاینی مەسیحی دایدەهێنێ و پاشان هەموو ئاینەکان پێڕەوی دەکەن.
خەمباریی گەلگامیشی پاشا بۆ مەرگی هاوڕێکەی، دەرەنجامەکەی بە هاوچارەنووسی ڕەنگ دەداتەوە. رەنگدانەوەیەک کە گەلگامیش چیتر دەرک بە خودی خۆی دەکات بەوەی ئەویش دەشێت ڕۆژێک بمرێت. لێرەوەیە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تەنیا بەجێدەمێنی پلەی یەکەمی سەرکەوتنە بەسەر پلیکانەی (خود) وەک تاک. چیتر ڕەنگدانەوەی ئاوێنە لاکانییەکە لە قۆناغێکدا نابێتە مایەی دەرککردن بە خود، بەڵکو ڕیفلەکسیۆنی مەرگی ئەویتر و پێشبینیکردنی دابڕان و جیابوونەوەم لەویتری ئاشنا و نزیکم بریتییە لە ئۆرگانی دروستبوونی من. لێرەوە سلۆتەردایک مۆدێلێکی تری خەمباریمان بۆ دەهێنێتەوە کە پەیوەستە بە لەکیسدانی هاوڕێ ئاشناکەم وەک منی دووەم.
ئەوگوستینوس ساڵی 376 ی زاینی لە کتێبی (دانپێدانانەکان) دا باسی لەکیسدانی نزیکترین و ئاشناترین هاوڕێی خۆی دەکات. لە بیرەوەرییەکانیدا مەرگی لەناکاوی ئەم هاوڕێیەی دێتەوە یاد کە بەشێکی زۆری تەمەنی لەگەڵدا بەسەربردبوو. ئەمە بریتییە لە ئاماژەیەک بۆ هاوژیانی و هاوبوونی و هاوپەیمانیی دووان پێکەوە، دووانەیەک تەنیا ئەوەیان دەرکی دەکات کە بەتەنیا بەجێدەمێنێ و دەمێنێتەوە، لێرەوە ئاوگوستینوس مەرگی هاوڕێکەی دەکاتە ئامرازێک بۆ ڕاڤەکردنی ژیانی خۆی، واتە زیندوو لەڕێی مردووەوە لەمانای ژیانی خۆی وەک تاکێک تێدەگات.
سانت ئەوگوستینوس لە بیرەوەرییەکەیدا دەنووسێت: ئازاری ئەو لە ڕۆحمدا پەنجەرەیەک بوو کە تەنیا مەرگم لێوە دەبینی... نیشتمان لام بووە ئازار و ئەشکەنجە. هەموو ئەو شتانەی کە پێکەوە لەگەڵ ئەودا کردبووم، لام بوونە ئازارێکی بێکۆتا.. چاوانم لە هەموو جێیەکدا بەدوایدا دەگەڕان و کەچی ئەو هیچ خۆی پیشان نەدەدا... ڕقم لەهەموو شتێک دەبووەوە، تا من خودی خۆم لابووە مەسەلەکە. هەموو شت لام تاڵ بوو، تەنیا گریان شیرین بوو لام.
لە ڕاستیدا من سەرسام بووم بەوەی کەسانیتر هێشتا زیندوون و کەچی ئەوەی من خۆشمدەویست مرد... لەوەش زیاتر من بەوە حەپەسابووم کەوا خودی خۆشم، کە منی دووەمی ئەو بووم، هێشتا زیندووم و دەژیم، کەچی ئەو مردووە. ڕاستە کە گوتراوە، هاوڕێ نیوەکەی تری ڕۆحە. لەڕاستیدا من ئەو هەستەم هەبوو کە ڕەوانی ئەو و ڕەوانی من تەنیا یەکێک بوون و لە دوو جەستەدا نیشتەجێ بوو. ڕۆحی من لەڕاستیدا هەر یەکێک بووە و لە دوو لەشدا ژیاوە. لەبەرئەوە ژیان لام بووە شتێکی قێزەون، چونکە نەمدەویست وەکو نیوەیەک بژیم.
هەر لە سەرەتاوە دەتوانین تێبینی جیاوازییەک لە نێوان هەردوو چیرۆکی مەرگەساتی هاوڕێکەدا بکەین، بەو جۆرەی سلۆتەردایک دەیخوێنێتەوە، لە چیرۆکە بابلیۆنییەکەدا خەمباری وا لە پاڵەوانەکە دەکات تا دوا سنووری زەوی تەی بکات لەپێناوی هێنانەوەی گیایەک بۆ دژایەتیکردنی شتێکی مەحاڵ و نەکردە کە مەرگە، بەڵام خەمبارە مەسیحییەکە لەڕێی مەرگەوە فێری وانە و پەندێکی گرنگ دەبێت کە بریتییە لەوەی مەرگی دۆستە نزیک و کەسە ئاشناکە دەبێتە مایەی ئەوەی زیندووەکە شوێنی خۆی لەدنیادا سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە. لێرەدا سلۆتەردایک دەڵێت: نووسەری (دانپێدانانەکان) خەمبارییەکەی هەم پلاتۆنیزە دەکات و هەم بەمەسیحییانەی دەکات. لەوەدا بەپلاتۆنییانەی دەکات کە خۆشەویستی لە شتێکی بەسەرچووەوە کردە شتێک بەسەرنەچێت و نەمرێت.. هەروەها بەوەش کردییە مەسیحییانە کە دڵسۆزیی خۆی لە هاوڕێکەیەوە (کە بە لەرزوتا مرد) بداتە مەسیح، ئەمیش بۆئەوە مرد تا بە ژیانە زیادەکەی خۆی مەرگ ببەزێنێ.
سلۆتەردایک پێیوایە هەردوو ئەم شێوازە بریتین لە گواستنەوە لە کایەی بچووکەوە (میکرۆسفێرەوە) بۆ کایەی گەورە (ماکرۆسفێر). واتە لە خۆشەویستیی دیار و کۆتادارەوە بۆ خۆشەویستیی نادیار و بێ کۆتا و هەمیشەیی و لە مەرگێکی سادەوە بچێت بۆ مراندنی خودی مەرگ. لەبەرئەوەیە مەسیح خۆی بۆ پاککردنەوەی قەرز و گوناهەکانی مرۆڤ مراند. ئەوەی ئەوگوستینوس دەیکات بریتییە لە دوو ئۆپەراسیۆنی نموونەیی بۆ گۆڕینی میکرۆکایە بۆ ماکرۆکایە. لە ڕووە مەسیحییەکەدا وەها کار دەکات: ونکردنی هاوبەشە نزیکە بچووکەکە بە پەیداکردنی هاوبەشێکی گەورەی دوور جێی دەگیرێتەوە، کە یەزدانە.
چونکە ئەوەی نەیەوێت بەنیوەیەکی تەنیا و فەرامۆشکراوەوە بژی، دەبێت سۆراغی تەواوکەرێکی نوێ بکات (سلۆتەردایک). لە ڕووە پلاتۆنییەکەشەوە ئاشکرایە دووانەی عاشق و مەعشوق، سەرەتا وەکو یەک مرۆڤی جوان، پاشان وەکو (جوان)ێک بەگشتی و لەدواجاریشدا وەکو خودایەک لە سەرووی جوانی و لەسەرووی باشەوە خۆی پیشان بدات.
سلۆتەردایک پێیوایە، ئەوگوستینوس "تیۆرییەکی بۆ ڕەخنەی خۆشەویستی" داهێناوە کە ناوەڕۆکەکەی ئەمەیە: مەسەلەکە بۆ ئەوەیە کە لایەنەکانی خۆشەویستی لێک جیابکرێنەوە و دواتر لایەنە دروستەکە هەڵبژێردرێت. واتە ئەوەی ئەوگوستینوس دەیکات بریتییە لەوەی مرۆڤ بکاتە پردێک بۆ گەیشتن بە خودا. چونکە مرۆڤ لایەنە ڕاستەکە نییە لە عەشقدا، کە پلاتۆنیش وای دەبینی، بەڵکو ئەوە شتە نادیارەکەیە کە ئەوگوستین دەیکاتە خودا، ئەوە لایەنە ڕاستەکەیە. ئیدی ئەو کەلێنەی مەرگی ئاشناکەم دەیخاتە بوونمەوە دەبێت بە یەکێکی گەورەتر و باڵاتر پڕ بکرێتەوە.
لێرەوەیە ئێمە دەستدەکەین بە گریان و شین و شۆڕ بەدوای مردووەکانماندا. فرمێسکەکان یەکەمین شتن نەک هەر بۆ دڵدانەوەمان، بەڵکو جێگرەوەیەکی ڕۆحین بۆ پەیوەندیی نێوان لایەنەکانی خۆشەویستی. لێرەوەیە ئەوگوستینوس دروست ماهیەتی گریانمان بۆ پێناس دەکات و دەڵێت فرمێسکەکان شیرینن، نەک سوێر. یان وەک سلۆتەردایک لەم نێوبەندییەدا بۆ پرسەسازکردن، دەڵێت: پەیوەندیی ئامێزاندن دەگۆڕێت بۆ پەیوەندیی گریاندن.
بەڵام فرمێسکەکانیش دەبێت ببەزێنرێن و بۆ دڵدانەوەمان بەرەو بوونەوەرێکی ترمان بەرن. فرمێسکەکان قەوارەی ئەو مەرگەساتە سووکتر و بچوکتر دەکەنەوە. لێرەوەیە لەڕووی کولتوورییەوە سازدانی پرسە بۆ مردووان، بە پلەی یەکەم سازدانی دڵدانەوە و ئارامگرتنەوەیە بۆ زیندووان. بەمجۆرە پرسە یەکێکە لەو تەکنیکانەی بۆ ئەوە داهێنراوە مرۆڤی لێقەوماو، کەسی کۆستکەوتوو لێوەی دەست بە ژیان بکاتەوە. کولتوورەکان لەخۆیاندا، سادە بن یان ئاڵۆز، سەرەتایی بن یان پێشکەوتوو، وەکو کارخانەیەک وان بۆ بەرهەمهێنانی تەکنیکەکانی بەرەنگاربوونەوە.
تا ئێستاش لەنێو هەموو گرووپە کۆمەڵایەتی و ئیتنیییەکاندا کولتوور لەسەر ئەو ڕێچکەیە کاری کردووە کە ببێتە کارخانەی دروستکردنی سیستەمی بەرەنگاری. لەدوای کارەساتی مەرگی ئازیزانمانەوە، بەهیچ جۆرێک ئێمە بەرگەی مانەوەمان نەدەگرت گەر ئۆپەراسیۆنێکی وەکو (پرسە)مان ساز نەکردایە، سەرباری ئەوەی پرسە سازکردن لەخودی خۆیدا مانایەکی میتافیزیکی هەڵگرتووە. بێهۆ نییە لەسەرئاستی سیاسیشدا، کاتێک کارەساتێکی مرۆیی دەکەوێتەوە، دەوڵەتان ماوەی چەند ڕۆژێک پەژارە و خەمباری ڕادەگەیەنن. لێرەوەیە کارەساتی جیابوونەوە یاخود ڕوودانی مەرگ بریتی نییە لە فاکتۆری کۆتاییهێنان بەڵکو بریتییە لە فاکتۆری بەرفراوانکردنی کایەی ژیان.
ئەم بابەتە لە ژمارە 562ـی هەفتەنامەی رووداو و لە پاشکۆی ئەدەبی ژمارە 124 بڵاوکراوەتەوە