دەلالەتی ناونیشانی چیرۆکی کوردی (1950- 1969)


ناونیشان بە دەروازەی یەکەمی چوونە ژوورەوەی خوێنەر بۆ ناو دەق دادەنرێ. خوێنەر دەتوانێ لە ناونیشاندا کۆمەڵێ زانیاریی سەرەتایی لەبارەی چیرۆکەوە دەستبخات. ئەو زانیاریانە کۆمەكی باشی خوێنەر بۆ چوونە ناو دەق دەکەن. کەواتە ناونیشان هەر ڕستەیەکی ئاسایی ڕێزمانی نییە، بەڵکو وەکو سیمیۆلۆژییەکان لێی دەنۆڕن، بونیاتی دەلالی خۆی هەیە. واتە لەخۆوە ئەو ناونیشانە بۆ دەقەکە نانووسرێ، کۆمەڵێ رەهەندی لەخۆگرتووە. ناونیشان (یەکەم کلیلە کە دەرگا داخراوەکانی دەقی پێ دەکەینەوە، چونکە نیشانەیەکی سیمیۆلۆژییە. دەتوانین هەڵیوەشێنینەوە و وابەستەی دەقی بکەینەوە.)) [فتاح،١٩٩٠،ص٧٢] ئەم کلیلە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هێندێك لایەنی دەقی پێ کەشف بکەین. له‌دوای بونیادگه‌ره‌کانه‌وه‌ ناونیشان پتر بووه‌ جێی سەرنجی توێژه‌ران. ته‌نانه‌ت وه‌کو زانستێک ناسێنرا (زانستی ناونیشان) و به‌شداری له‌ ڕاڤه‌کردنی گوتاری ئه‌ده‌بی به‌تایبه‌ت ده‌قی گێڕانه‌وه‌دا کرد. نووسه‌رێکی وه‌کو "لیۆ هۆك" له‌باره‌ی ناونیشانه‌وه‌ ده‌ڵێت: "کۆمه‌ڵێ پێوه‌ندی زمانییه‌ (وشه‌، ڕسته، ده‌ق) هه‌وڵی چه‌سپاندنی وێنه‌ی ده‌ق ده‌دات، ئاماژه‌یه‌ بۆ پێکهاته‌یه‌کی گشتی، هه‌روه‌ها بۆ راکێشانی خوێنه‌ر". [اشبهون،٢٠١١،ص١٧] .

لێره‌وه‌ ده‌زانین چه‌نده‌ قورسه‌ پێناسه‌یه‌کی ته‌واو بۆ ناونیشان بکه‌ین، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی وه‌کو زانستێك ناسێنرا. لێرەدا من نامەوێ لەڕووی تیۆرییەوە ناونیشان بەرباس بدەم، بەڵکو ئەوەی دەمەوێ بیکەم ئەوەیە ناونیشانی ئەو چیرۆکانەی لەو ماوەیەی دەستنیشانم کردووە، ئایا ناونیشانی دەلالی و شیعرین؟ ئایا چۆن ئایدیۆلۆژیا کاریگەری لەسەر ناونیشان هەبووە؟

ناونیشان وەكوو ڕەگەزێكی سەرەكیی چیرۆك دەبێ لایەنی هونەری و ئێستاتیكی تێدا هەبێ. تەنانەت ڕەخنەگران بە كورتكراوەی دەقەكەی دادەنێن. هەوەڵین كاری چیرۆكنووس هەڵبژاردنی ناونیشانێكە، زۆر لە چیرۆكنووسان هەڵبژاردنی ناونیشان بە كارێكی زەحمەت دادەنێن كە ماندووبوونێكی زۆری دەوێ. ((ناونیشان نیشانەیە بۆ ئەوەی كێ نووسیویەتی و بۆ كێ نووسراوە.)) [ابوبکر،١٣٤١،ص١٤٣] .

یەكەم وشەیەك، ڕستەیەك خوێنەر لە دەقی چیرۆكدا بەری دەكەوێ ناونیشانە، بۆیەش دەبێ هێندە هونەری بێ، خوێنەر بەرەو ناو چیرۆك ببا. ناونیشانی چیرۆكەكانی كۆمەڵە چیرۆكی (بەرەو ڕۆژ)ی د. مارف خەزنەدار هێندە سادەن، لە قسەیەكی ئاسایی دەچن. هیچ گەمەیەكی هونەری و ئێستاتیكی لەم ناونیشانانەدا نییە، تەنانەت لە هێندێك ناونیشاندا یەكڕاست دەزانین چیرۆكەكە لەبارەی چییەوەیە و چ ئایدیۆلۆژیایەك بەسەر تەواوی چیرۆكەكەدا زاڵە. بۆ نموونە چیرۆكەكانی وەكوو: لەپێناوی دڵپاكیدا، دڵداری قەدەغە نییە، پێشوازی خاوەنشكۆ، بە ئامانج گەیشت، ئێوە قارەمانن، خەنجەر و قەڵەم كامەیان؟، سوێندی بەچكەشێران...تاد. چیرۆكەكان زۆربەیان لەبارەی دیاردەی كۆمەڵایەتین و چارەسەری ئەم دیاردانە لەژێر كاریگەری ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراودا كراوە. ئاشكرایە ئەو دیاردانەیش هێندە زەق و دیارن گێڕانەوەیان بە شێوەی چیرۆك هێندەی لایەنی واقیعی بەسەر فەزای چیرۆكەكەدا زاڵ دەبێ، بوار بۆ تەكنیك و لایەنی هونەری ناهێڵێتەوە.

ناونیشانی چیرۆكەكانی (مەم) بە هەمان شێوە، هێندە ئاشكرا و ئایدیۆلۆژی نووسراون، خوێنەر بەبێ ماندووبوون دەزانێ چ بیركردنەوەیەك لە پشتی ئەم ناونیشانانەوە هەیە. بۆ نموونە: برسیەتی بەهێزترە، باركەین لە گوند، كارمان دەوێ...تاد. بەستنەوەی ناونیشانی دەق بە ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراو، كاریگەری لەسەر لایەنی هونەریی ناونیشانەكە دەبێت. لێرەوە دەمەوێ بڵێم: ناونیشان بچووكکردنەوەی دەقە لە دێڕێك، ڕستەیەك، وشەیەكدا و چیرۆكنووس كاتێك ئەم وشە و ڕستەیە بە ئایدیۆلۆژیایەك بارگاوی دەكات، خوێنەر جودا لە یەك زانیاری چیدیكەی دەستناكەوێ. تاکە هۆکاری ئەمەیش چیرۆکنووسە، بەهۆی زاڵبوونی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراوە بەسەر شێوازی بیرکردنەوە و نووسینیدا. بۆ نموونە ناونیشانی چیرۆکی (دڵداری قەدەغە نییە)ی د.مارف لە ڕستەیەك پێکهاتووە، ڕستەیەک واتای تەواومان دەداتێ. لەڕێی ئەم ناونیشانەوە دەزانین تێمەی چیرۆکەکە بریتییە لەوەی کچێک و کوڕێك دڵداری دەکەن، بەڵام دابونەریت و یاسا کۆمەڵایەتییەکان ڕێ بەم کارە نادەن، بۆیەش چیرۆکنووس دەیەوێ بیسەلمێنێ ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگە هەڵگری بیری چەپ بن، ئەوا دڵداری نێوان کوڕ و کچ ئاسایی دەبێت. کەواتە ناونیشانەکەیشی خستووەتە خزمەت ئایدیۆلۆژیاکەی، لێرەدایە شیعرییەتی ناونیشان دەکوژرێت، چونکە لەژێر هەژموونی تەواوی بیرکردنەوەی چیرۆکنووسدایە. ئەم ناونیشانە ڕاستەوخۆیانە ئەو کات وەکو مۆدێلێک بووە، بەبێ ئەوەی چیرۆکنووسان گرینگی بە کاریگەریی ناونیشان بدەن. چیرۆکی (ئەنجامی کچفرۆشی) ی ڕەئوف بێگەرد، ناونیشانەکە قسەیەکی ئاسایییە، بەبێ ئەوەی هیچ گەمەیەکی زمانی و هونەریی تێدا کرابێت. یەکڕاست خوێنەر دەزانێت چیرۆکەکە لەبارەی قەدەغەکردنی دڵدارییە و باوکی کچە، کچەکە بە کەسێکی دیکە دەدا کە کچە حەزی پێناکات، ئەمەیش وەکو کچفرۆشی لێكدەدرێتەوە و لە ئەنجامدا کچە و کوڕە دەکوژرێن. 

هەموو هەوڵی چیرۆکنووسان بۆ چارەسەرکردنی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانە لەبەر ڕۆشنایی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراودا بەبێ ئەوەی گوێ بە لایەنی تەکنیكی و هونەریی چیرۆك بدەن. خۆ "چیخۆف" و "گی دی مۆپاسان"یش شێواز و زمانی چیرۆکیان سادە و ڕاستەوخۆیە، بەڵام گرینگییان بە وشە داوە، هەوڵیان داوە زمانەکەیان هێندە چڕ بێت، هیچ وشەیەکی زیادەی تێدا نەبێت. ئەوەی من تێبینم کردووە، ناونیشان و تێمەی زۆربەی چیرۆکەکانی چیرۆکنووسانی ئەو ماوەیە، ڕەنگدانەوە و کاریگەریی زۆری چیرۆکنووسە چەپەکانی ڕووسیای پێوە دیارە. دیارە ئەمەش بۆ هاوئایدیۆلۆژیی زۆرێك لەو چیرۆکنووسە کوردانە لەگەڵ ئەوان دەگەڕێتەوە.

وەکو دەڵێن مشتێك نموونەی خەروارێکە، زۆربەی هەرە زۆری ناونیشانی چیرۆکەکانی ئەو ماوەیە، ناونیشانی سادەن، وەکو ڕاستەیەکی ئاسایی دەردەکەون، بەبێ ئەوەی چیرۆکنووس هەوڵی لەگەڵدابن. بە واتایەکی دیکە خاڵین لە شیعرییەت، ئەمەیش وا دەکات ئەو ناونیشانانە وەکو دەلالەتێکی ئەدەبی دەرنەکەون، بەڵکوو وەکو قسەیەکی سادە بن. ئەم سادەییە کاریگەری لەسەر چێژی خوێنەر دەبێت، خوێنەرێك ئاگاداری تەکینك و هونەری ناونیشان بێت، یان خوێنەرێکی هوشیار و بە سەلیقە، کاتێک ئەم ناونیشانانە دەبینێ، لە خوێندنەوەی چیرۆکەکە دووردەکەوێتەوە، چونکە یەکێك لە ئەرکەکانی ناونیشان ڕاکێشانی خوێنەرە بۆ خوێندنەوەی چیرۆکەکە. زاڵبوونی ئایدیۆلۆژیای چیرۆکنووس بەسەر دەقی چیرۆکدا و ناونیشانیش وەکو ڕەگەزێکی دەق، وا دەکات ڕەهەندی ئەدەبی و هونەری لەدەستبدات، چونکە گەمەی زمانی ئەگەر لەنێوان وشەکانی ناونیشاندا هەبوون، ئەوا دالەکان لەگەڵ یەکدی جۆرێك لە ڕیتم و ئێستاتیکا بە ناونیشانەکە دەبەخشن. ڕاستە لەلایەك ناونیشانەکان پێوەندییان بە سەردەمەکەوە هەیە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی گۆڕانکاری لە ناونیشانەکان، هەرچەندە شۆڕشی 14ی تەمووز ڕوودەدات، شۆڕشی ئەیلوول هەڵدەگیرسێ، بەڵام ڕۆنانی ناونیشان هەر لەژێر هەژموونی ئایدیۆلۆژیا و دەسەڵاتی چیرۆکنووسدا دەبێت. هەرچەندە ناونیشانەکان واقیعین، بەڵام مەدلولیان لێ نابێتەوە. بۆ نموونە چیرۆکی (خەنجەر و قەڵەم کامەیان؟)ی د.مارف، خەنجەر دەلالەتی شەڕ و نەزانینە و قەڵەمیش دەلالەتی زانست، دەبینین هەر یەکەیان لە یەك مەدلول پتریان لێ هەڵناهێنجرێت. ئەمەیە ناونیشان لەڕووی هونەرییەوە لاواز دەکات.

سەرچاوەکان

١.  رەئوف بێگەرد ،١٩٥٨، ئەنجامی کچفرۆشی، چیرۆك، گۆڤاری هەتاو، ژمارە ١٣٢.
٢. اشبهون، عبدالمالك، ٢٠١١، العنوان فی الروایە العربیە، النالیا للدراسات والنشر والتوزیع، سوریا.
٣. ابوبكر محمد بن یحی الصولی،١٣٤١هجری، ابد الكتاب، المكتبە الغربیە، بغداد، الگبعە السلفیە.
٤. فتاح، محمد، ١٩٩٠، دینامیە النص- تنڤیر و ایجاز- ، المركز الپقافی العربی، گ٢، دار البیڤا‌و.