ئەلبوومی گرووپی نیشتمان لە میدیا فەرەنسییەکان دەنگدەداتەوە


رووداو- هەولێر

دوای ئەوەی ئەلبوومی "کۆبانێ  نیشتمان دوو"، بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە، لە میدیاکانی فەرەنسا دەنگدانەوەیەکی یەکجار زۆری هەبوو، چەندین رۆژنامەو گۆڤاری بەناوبانگی فەرەنسی بە گرنگەوە باس لە پڕۆژەی نیشتمان دەکەن.


رۆژنامەی جازنیوزی فەرەنسی بە مانشێتێکی گەورە نووسیویەتی "پڕۆژەی نیشتمان  کوردستانێکی بەهێز"، دواتر بەدرێژی باس لە پڕۆژەی نیشتمان و ئەلبوومی کۆبانێ دەکات، تێیدا دەڵێت "ئەندامانی گرووپی نیشتمان هێشتا تەمەنیان نەگشتووتە 40 ساڵی، بەڵام دەیان میلۆدی و ئاوازی دڵهەژێنیان پێشکەشی فەرەنسیەکان کرد".

لە بەشێکی دیکەی ئەم رۆژنامەیەدا باس لە کوردستان گەورە دەکرێت و نووسیویەتی "سنوورەکانی تورکیاو ئێران و عێراق نەیتوانیوە ئەم میوزیکژەنانە لێک جیا بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان توانیوویانە بە رێگەی میوزیک هەموو سنوورەکان بشکێنن و یەک میوزیکی رەسەنی کوردی پێشکەش بکەن".

میدیای بەناوبانگی لۆبسی فەرەنسی راپۆرتێکی درێژی لەسەر گرووپی نیشتمان بڵاو کردووەتەوەو لە بەشێکی راپۆرتەکەدا نووسراوە "کورد هێشتا وڵاتێکی تایبەت بەخۆی نییە، بەڵام میوزیکی رەسەنی تایبەت بەخۆی هەیە، گرووپی میوزیکی نیشتمان بۆ ئەوە دروستکراوە سنوورەکان کاڵ بکاتەوە، بۆیە کاتێک ئەم ژەنیارانە میوزیکی کوردی دەژەنن، مووچرکە بە هەموو لەشمان دەهێنن و کاریگەری لەسەر دڵی مرۆڤەکان جێدەهێڵن".


ماڵپەڕی ناوداری فەرەنسی لیز ین رۆکس دەربارەی گرووپی نیشتمان نووسیویەتی "هەرچەندە کوردستان سنوورێکی سیاسی و پێکهاتەکانی دەوڵەتی یەکگرتووی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کولتوور و فەرهەنگێکی کۆکراوەو یەکگرتووی هەیە"، لە بەشێکی دیکەی ئەم ماڵپەڕەدا نووسراوە، "هەمیشە جیوپۆلوتیک بۆ کوردەکان رۆڵی خراپی هەبووە، بەڵام گرووپی نیشتمان یەکبوونی گەلی کورد دەردەخات، ئەوان لە بڵاوکردنەوەی ئەلبوومێکی دیکەی گۆرانی و میوزیکی کوردی سەرکەوتوو بوون".


فرانس کولتوغ،  یەکێکە لە میدیا سەرکەوتووەکانی فەرەنسا، سەبارەت بە گرووپی نیشتمان دەڵێت "ئەو شارەی کە شەهیدی داو سەرکەوتنی بەدەست هێنا ناوی کەوتۆتە نێو ئەلبوومێکی گۆرانی و میوزیکی کوردی ،مەبەستی ئەلبوومی کۆبانێیە، لە کۆتاییشدا ئەلبوومەکە بە ئەلبوومێکی ناوازە ناو دەبات".

ئەلبوومی نیشتمان دوو کۆبانێ، بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە، گرووپی میوزیکی نیشتمانیش، بەرابەرایەتی هونەرمەندی نێوداری کورد هەژار زەهاوییە،  تاوەکو ئێستا بەشداریان لە دەیان فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە و چەندین ژەنیاری ناودار لەم گرووپە ئەندامن.