هانی: گۆرانییە نوێیەكەم قسەی دڵی من و كۆچبەرانە
هانی، خانمە هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان، هەفتەی رابردوو بەرهەمێكی تازەی خۆی لە یوتیوب بڵاوكردەوە كە لە شیعری ئەحمەد شاملوە. هانی دەڵێت ئەم گۆرانییە قسەی ناخی هەموو كوردێكە كە وڵات و زێدی خۆی لەژێر گوشاری دیكتاتۆریدا بەجێهێشتووە. هانی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) زۆرتر لەبارەی گۆرانییە نوێیەكەی قسە دەكات.
رووداو: چۆن بوو تێكستی ئەحمەد شاملوت بۆ ئەم گۆرانییە هەڵبژارد؟
هانی: هەڵبژاردنی ئەم تێكستە پەیوەندی بەوە هەیە كەوا من یەك مانگە هاتووەتە سەرم شیعری ئەم شاعیرە بكەمە گۆرانی. هەڵبەتە كاك بەڕۆژ ئاكرەیی ئەو شیعرەی بۆ ناردم، گوتی زۆر جوانە بۆ گۆرانی، من پێشتریش لە منداڵییەوە لەگەڵ ئەو شاعیرە و كەسایەتییەكەی دەژیم، هەر لە خەیاڵمدا بوو كە ئەم تێكستە بكەمە گۆرانی، بەڵام نەمدەزانی بە چ شێوازێك بیكەمە گۆرانی، ئایا بە شێوازی مەقام و مەوال بیڵێم یان بە گۆرانیی ئازاد. ئەحمەد شاملو لە رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر هەواداری هەیە، ئەو منی دروستكرد، لەگەڵ هەست و ئازارەكانی دەژیام، شیعرەكانی ئەو لە گۆرانی و مەقامەكانمدا رەنگیان داوەتەوە. ئەم شیعرەی قسەی دڵی زۆر كەسە، قسەی دڵی ئێمە وەكو پەنابەر و كۆچبەر دەكات، ئەمانە هۆكاری ئەوە بوون كە من ئەم شیعرەم هەڵبژارد.
رووداو: پێشتر ئامادەكاریت بۆ ئەم گۆرانییە نەكردبوو؟
هانی: من پڕۆژەیەكم لەگەڵ هونەرمەند مەجید كازمی بۆ تۆماركردنی یەك دوو گۆرانی هەبوو، چوومە دوسلدۆرف. سەرەتا دوودڵ بووم، گوتم نەوەك مەجید كازمی ئەم كارەم بۆ تۆمار نەكات، چونكە بەرنامەم بۆ تۆماركردنی گۆرانییەكی فارسی هەبوو، بەڵام كاتێك بە كاك مەجیدم گوت یەكسەر بەبێ ئامادەكاری تۆمارمان كرد، من هەر شیعرەكەشم لەبەر نەكردبوو، گوتمان با لەسەر ئایپادێك دایبنێین ئینجا تۆماری بكەین، بەڵام دواتر گوتمان با لە كامیرا دەرنەچێت.
رووداو: بەنیاز نیت لە گوتنی مەقاماتدا رێچكەی خۆت دیاری بكەی؟
هانی: بەڵێ لەبەرنامەمدایە كە لە ئایندەدا مقاماتی تایبەت بەخۆم دابنێم، واتە رێچكەی تایبەت بە خۆم دروستبكەم، پێشتر لە ئێران مقاماتم خوێندووە، هەوڵیشم داوە شارەزاییم لە شێوازی فلامینكۆ، گۆرانی و مقامەكانی هیندی و پاكستانی هەبێت، بۆ ئەوەی شێوازێكی نوێ بۆ خۆم دیاری بكەم، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گوێ لە مقاماتی عەرەبی دەگرم، دەمەوێت لە هەموویان شارەزایی و سوود وەربگرم.
رووداو: كورد لە مقامات زۆر دەوڵەمەندە، حەز دەكەی لە كامە ستایلی هونەری كار بكەی؟
هانی: بەڵێ كورد دەوڵەمەندە لە مقامات، منیش زۆر حەزم لە مقاماتە، شارەزاییم لە دەنگبێژی و لاوك و حەیران و قەتار هەیە. دەبێت نوێكاری تێدا بكرێت. ئێستا پرۆژەیەكم بەدەستەوەیە بەناوی ئەلیكترۆنیك میوزیك، بەڵام حەز دەكەم گۆرانی ریتمی و شاد بڵێم، لەگەڵ ئەوەشدا حەز دەكەم لەگەڵ ئۆركێسترا گۆرانی بڵێم، حەز دەكەم لەگەڵ گرووپی میوزیكی جاز گۆرانی پێشكەش بكەم، واتە دەبێت لە هەموو بوارەكاندا كار بكەی، نەوەك دابنیشی و بڵێی من تەنیا مەقام دەڵێم، نەخێر من هەندێجار حەز دەكەم سەما بكەم و گۆرانی شاد بڵێم و هەندێجاریش گۆرانی سلۆ.
رووداو: چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەم مقاماتانە تێكەڵكێش بكرێن بە میوزیكی مۆدێرن؟
هانی: هەڵبەتە ئێستا بەشێك لە هونەرمەندەكانی جیهان خۆشحاڵانە گەڕاونەتەوە بۆ فۆلكلۆر و رەسەنایەتی. گۆرانی و میوزیكی فۆلكلۆری خۆیان هێناوەتە نێو میوزیكی مۆدێرن. ئەمە شتێكی زۆر باشە، فۆلكلۆرت بەهێزتر دەكاتەوە، زۆر گرنگە فۆلكلۆر تێكەڵكێش بكرێت بە میوزیكی مۆدێرن، من پێموایە هەموو میوزیك و گۆرانییەكانی دونیا خزمایەتییان هەیە، بەڵام نابێت رەسەنایەتی خۆت لەبیر بكەی.
رووداو: ئێستا زیاتر لەماڵەوە بەچی سەرقاڵی؟
هانی: ژیانی من هەمووی میوزیك و گۆرانییە، ئێستاش وەكو قوتابییەك 24 كاژێر دەخوێنم و راهێنان دەكەم، ژیانی من و هەناسەكێشانی من بۆ میوزیكە، دنیای من تەنیا بۆ گۆرانییە. هەمیشە بیر لەوە دەكەمەوە كە چ كارێك بكەم بۆ نەتەوەكەم و هونەرەكەم باش بێت.
رووداو: پەیامی ئەم گۆرانییە تازەیە چییە؟
هانی: ئەم گۆرانییە هەست و ناخ و دەنگی هەموو میللەتی كوردە، وەك دەزانین ئێمەی كوردی هەر چوار پارچە، هەریەكەمان كە دەچینە ئەوروپا و دەبینە پەنابەر و كۆچبەر، لەژێر گوشاری دیكتاتۆریدا هاتووین، كاتێك من دەڵێم كوردم، زۆر كەس دەڵێن نا تۆ ئێرانیت، دەبێت پێی بڵێی نەخێر من ئێرانییەكی كوردم، بۆیە دەبێ ئێمە لە رێگەی گۆرانییەوە خۆمان لەم ئازار و چەوساوەییە دەرباز بكەین. منیش وەكو هانی و ژنێكی رۆژهەڵاتی، ئەمەی دەیڵێم قسەی هەست و ناخی منە، من لە منداڵییەوە بەبێ دایك و باوك گەورە بووم، لەبەر ئەوەی دەمویست ببمە گۆرانیبێژ، كێشەم لەلایەن دەسەڵاتداران و بنەماڵەكەمەوە بۆ دروست دەكرا، ناچار بووم ماڵ و وڵاتەكەم و دوو منداڵ بۆ خاتری هونەر و گۆرانی جێبهێڵم، ئەو گۆرانییە ئەو پەیامەی هەیە كە من باسم كرد.