ئەنفالی زەمەن

وەک چۆن لەدوای هەموو رووداوێکی تاوانکاری پشکنەری یاسایی بنکۆڵی بچووکترین کەرەسەی بەکارهاتوو دەکات کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا بەکارهێنراوە و لە شوێنەکەیدا دەگەڕێت بۆ هەر شوێنەوارێک کە دەزوولەی تاوانەکەی پێوە ببەستێتەوە، لەپێناوی ئەوەی لەڕووی یاساییەوە ئەو مادەی سزادانە گونجاوە بۆ تاوانەکە بەکاربهێنێ کە شایستەی تاوانکارەکە بێت. 

واتە پشکنەری یاسایی دەخوازێت لە چییەتی تاوانەکە وا تێبگات ئاخۆ تاوانەکە ڕووداوێکی بە ڕێکەوت بووە یاخود پلانداڕێژراو بووە. ئەم دوو پرسیارە بەسە بۆ ئەو پشکنەرە تاوەکو لە چییەتی تاوانەکە تێبگات. کەچی  کەسی بیرمەند و لێکۆڵەر و شاعیر لەناو هەموو کارەساتێکی کۆمەڵکوژیدا دەگەڕێت بۆ لێکدانەوەیەکی شوێنئارایی و کاتئاراییانەی ئەو فاجیعەیە و پێدانی ڕەهەندێک کە مرۆڤەکان نەخاتە بەردەم لێپرسینەوەی یاساییەوە، بەڵکو بیانخاتە بەردەم لێپرسینەوەی ئەخلاقی.

لەم ڕێبەرییە کورتیلەیەوە دەمەوێت لێکدانەوەیەکی جیاواز بۆ وێنەی ئەو کاتژمێرە بکەم کە لەم ماوەیەی رابردوودا پاش دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوەکان لە بیابانەکانی سەماوە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە. لێرەدا کە من لەو کاتژمێرە ڕادەمێنم، بەو مانایە نییە گوایە پێموابێت هەقیقەت شتێکە دەبێت ئامرازێک دەریبڕێت، واتە لەڕێی ئەم ئامرازەوە هەقیقەت خۆی نمایش بکات بۆمان و خودی مرۆڤە قوربانییەکان وەلا بنێم و ئەو هەقیقەتە زەبەلاحە نادیدە بگرم، بەڵکو من دەمەوێت کار لەسەر ئەوە بکەم چۆن هەقیقەت خۆی لەناو شتێکی تردا ئینتیگراسیۆن دەکات. وەک چۆن کەمێک ئاو لەناو پەرداخێکدا خۆی ئینتیگراسیۆن دەکات، وەک چۆن ناوەڕۆکێک خۆی دەخزێنێتە شێوەیەکەوە، وەک چۆن بیرۆکەیەک خۆی دەخزێنێتە نێو وشەیەکەوە، یان ڕۆحێک لەناو جەستەیەکدا خۆی ئینتیگراسیۆن کردووە، ئاواش هەموو مانای میتافیزیکییانە و ئۆنتۆلۆگییانەی زەمەنی شاڵاوەکانی ئەنفال لەناو ئەو کاتژمێرەدا خۆی ئینتیگراسیۆن کردووە. بۆیە ئەو کاتژمێرە تەنیا ئامرازێکی میکانیکی ڕووت نییە، بەڵکو میدیۆمێکە بەوە بووەتە کاتژمێر کە خۆی یەکسان دەکات بە کاتی ئەنفالکراوی خاوەنەکەی و بگرە تەواوی کۆمەڵە قوربانییەکەی لەگەڵ ئەودا ئەنفال کراون. 

واتە ئەم کاتژمێرە دەربڕین لە ڕاستی ناکات، بەڵکو ئەو خودی ڕاستییەکەیە. واتە هەموو ئەو فاجیعەیە لەناو ئەم کاتژمێرەدا دەبینینەوە. ئەو کاتژمێرەی ئێمە لە کاتی ئاسایی جیهانیژیاندا لەدەستی دەکەین، تەنیا ئامرازێکی ڕووتە بۆ ژماردنی کات، بەڵام ئەم کاتژمێرە ئەنفالکراوە لەوە تێدەپەڕێت ئامرازێکی ئاسایی بەکارهێنراوی ڕۆژانە بێت، بەڵکو ئەم خودی بەسەرهاتەکەیە، خودی قیامەتەکەیە، خودی فاجیعەکەیە، هەر لەبەر ئەمەیە کاتژمێرە میکانیکییەکە و زەمەنی ئەنفالکراوەکە خزاونەتە نێو یەکترییەوە. زەمەنی ئەنفالکراو لێرەدا لەسەر دوو دوورایی لێکدەدرێتەوە: یەکەمیان: هۆریزۆنتال/ئاسۆیی، کە بریتییە لە زەمەنی جیهانیژیانی سەرڕووی زەوی، زەمەنی ڕووە دیارەکەی مرۆڤەکان، زەمەنی مێژوویی، و دووەمیان: ڤێرتیکاڵ/ ستوونی یان شاقووڵی، واتە ئەو دووراییە زەمەنییەی کە مرۆڤەکان دەبەستێتەوە بە جیهانی باڵا و نادیارەوە. ڕێکەوتیش نییە کە خودی میلەکانی کاتژمێرەکەش بەو جۆرە لە جووڵە کەوتووە و وەستاوە میلی خولەکژمێرەکەی کە درێژترە، بەرەو دووراییە ڤێرتیکالییەکە هێما دەنوێنێ و میلی کاتژمێرەکەش کە کورتترە، لەسەر ژمارە نۆ بەشێوەیەکی ئاسۆیی تەخت لێی کەوتووە، وەک هێمانومایەک بۆ بکوژە سەرزەمینییەکانی زەمەن، بۆ کوشتن و پەلاماردانی زەمینییانە. لێرەوەیە وەستانی زەمەنی قوربانییەکە لە کاتژمێر نۆدا، وەستانی زەمەنی جیهان و زەمەنی غەیبیشە. 

 
تەماشا بکەن میتافیزیکی مەرگ چۆن خۆی لەنێوان ستەمی ڤێرتیکالی و وەحشیەتی هۆریزۆنتالیدا بەرجەستە کردووە.. میلی کاتژمێرەکە، درێژەکەیان ستوونی وەستاوە وەک بڵێی زەمەنی خوا لەوێدا ئیتر ڕادەوەستێ و بەشە گەورەکەی ئەو قیامەتە ستوونییانە دابەزیوەتە خوارێ و میلە کورتەکەشی ئاسۆییانە خۆی سەپاندووە بەسەر زەمینی واقیعدا.. وەک ئەوەی پێمانبڵێ دراوسێکەم، هاودینەکەم، خستوومی.
لەنێوان وەستان و کەوتندا، لەنێوان ڤێرتیکاڵ و هۆریزۆنتاڵدا ڕەهەندێکی نادیار دەمێنێتەوە بێ ئاراستە و بێ ئاقار بەرەو عەدەم درێژە بەخۆی دەدات و زۆرجاریش هەر دەبێت خۆی گۆڕی ئەو عەدەمە هەڵبداتەوە. ڕەهەندی کوردبوون. پرسیارکردن لە ناسینی ئەو ڕەهەندە هەر بە نادیاری دەمێنێتەوە، وەک چۆن پرسیارکردن لەوەی ئایا وەستانی زەمەنی ناو گۆڕەکە لەسەر کاتژمێری 9  چ کاتێکە، نۆی شەو یان نۆی ڕۆژ؟


پرینسیپی فاشیزمی بیابان

بەعسیزم ئەو کاتە خۆی نەسەپاند کە لەڕووی ئینفراسترەکتورەوە دەستی بە پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی شارەکان کرد، بەڵکو ئەو کاتەی کە بیابانی دۆزییەوە و کردییە کایەی جێبەجێکردنی ئایدیۆلۆژیا نەتەوەییەکەی. تەنیا لە بیاباندا گوتاری فاشیزم و بەعسیزم خۆی واڵا دەکاتەوە بۆ تاکە ئایدیۆلۆژیا و تاکە دەسەڵات. 

هەر لەو ڕۆژەدا کە کەسوکاری قوربانییەکان لەکاتی هەڵدانەوەی گۆڕەکاندا بە ئاڵای کوردستانەوە ئامادە بوون، لەو بیابانە دوورە دەست و نائاوەدانەدا ئەفسەرێک فاشیزمی خۆی دەردەبڕێت. ڕەنگە هەمان ئەفسەر لەناو شارێکدا بووایە، فاشیزمانەش بیری بکردایەتەوە، فاشیزمانە ڕەفتاری نەکردایە. پرینسیپی فاشیزم لەناو شارەکانەوە فراژوو دەبێت و لەناو ئیکۆلۆگییەکی بیابانئاسادا پیادە دەکرێت. هەر لەوێدا ئاهی کەسوکاری قوربانییەک دەبیستین کاتێک دەڵێت: تەماشاکەن... هێشتا ڕقیان لێمانە. وشەی "هێشتا" کە بڕگەیەکی زەمەنی دەردەخات، مانای بەردەوامی، مانای ئەمانیش هەروەکو ئەوانی پێشوو ڕقیان لێمانە، دەگەیەنێت. ئەم ڕەفتار فاشیزمە واتە: کۆنەکە هێشتا بەردەوامە و لەئێستادا دەژی. کۆنەکە لەسەردەمی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئایدیۆلۆژیدا خۆی لەناو تازەکەدا دووبارە دەکاتەوە، بەجیاوازیی ئەوەی لە تازەکەدا زیندووەکان تەنیا سەرزەنشت دەکرێن، بەڵام لە کۆنەکەدا سەرزەنشتیش کران و لەناویش بران. ئەنفال ئەو کردەوەیە بوو لەناو مەجلیسی قیادەی سەورەدا چەکەرەی کرد و لەناو بیابانەکاندا پیادە کرا. ئەمڕۆش لەناو عەقلی پەرلەمانتارەکاندایە و بەدەستی ئەفسەرەکان جێبەجێ دەکرێت، هەر بۆیە شیعەگەراییش فاشیزمە هەروەکو سوننەگەرایی بەعسییەکان، بەڵام بە ئامرازێکی تر. بەمپێیە هەموو ئەویترێک بۆ کورد ئەنفالچییە.


کاتژمێرەکە و ژماردنی کات

لەبنەڕەتدا کاتژمێر ڕۆڵی پێوانەکردنی کات دەبینێ لەڕووی چەندێتییەوە، واتە تەنیا کات دەژمێرێت بۆمان و هیچ شتێکمان لەسەر چییەتی ئەو کاتە و چۆنێتی ئەو کاتە پێ ناگەیەنێت. ئەگەر ڕووداوێک ڕوویدا، کاتژمێر تەنیا کاتی ڕوودانی ئەو ڕووداوەی پێ دیاری دەکرێت و هیچ شتێک لەڕووی چییەتی و چۆنێتی ڕووداوەکە ناگەیەنێت پێمان. مرۆڤی سەرەتایی بەپێی ڕەوتی سروشتییانەی مانگ و خۆر و ئەستێرەکان کاتی ژماردووە،  لە هەندێک کولتووری سەرەتاییدا لەڕێی ترپەلێدانی دڵەوە بووە. بەمە یەکەمین پێوەری کات داهێنرا، دواتر کاتژمێری لمین داهێنرا تا لە سەدەی چواردەهەمدا کاتژمێری میکانیکی دروستکرا و دواتر لە سەدەی حەڤدەهەمدا کاتژمێری چاڵمە داهێنرا، پاشان کاتژمێری باخەڵ و مەچەک داهێنرا. لێرەوە کات دابەشکرا بەسەر کاتژمێر و خولەک و چرکەدا، ئەم سێ یەکەیە بۆ پێوانەکردنی کات و ژماردنی تائێستا درێژەیان هەیە. بەڵام ئایا کات خۆی چییە؟ لە کورتترین پێناسەدا کات بریتییە لەو شتەی پێماندەڵێت شتێک، ڕووداوێک کەی ڕوویداوە، یاخود ڕووداوێک چەندێک دەخایەنێت و چەندێک بەردەوام دەبێت، زۆر بەکورتی دەتوانرێت بگوترێت کات بریتییە لە بەردەوامی. لە کوێشدا کات ڕاوەستا، لەوێدا ڕوودان ڕادەوەستێ، لەوێدا بوون و ژیان ڕادەوەستێ. بەپێی ئەریستۆ دەبێت شتێک ڕووبدات ئەوسا ئێمە دەتوانین لەوە تێبگەین کات مانای چی دەگەیەنێت. چونکە کاتی خاڵی، کاتی وەستاو کە شتێک تییدا ڕووی نەدابێت بوونی نییە. بەمپێیە کات بریتییە لەو میدیۆمەی کە ڕووداوەکانی تێدا ڕوودەدات. بۆیە ناکرێت لە کات تێبگەیەن بەبێ تێگەیشتن لە ڕووداو. 

 کەچی لە حاڵەتی ناوازەی ئەم کاتژمێرە ئەنفالکراوەدا جگە لەوەی کاتی ڕووداوەکە و کۆتاییهاتنی چرکەکانی ژیانمان پێ دەگەیەنێت، لەناواخنیشیدا ناوەڕۆک و چییەتی ئەو مەرگەساتەی پاراستووە بۆمان تاوەکو لە واتاکانی ئەو فاجیعەیە تێبگەین. گوتاری ستوونی و گوتاری ئاسۆیی لەناو کاتژمێر نۆدا یەکتری نابڕن، بەڵکو پاڵپشتن بۆ یەکتری و یەکتریان ڕاگرتووە، خودی ئەنفال بریتییە لە ڕاگرتنی ئەو دوو گوتارە پێکەوە، گوتاری دینی و گوتاری دنیایی. ئەم دیسکۆرسە دووفاقییە خۆی لەناو ئەم سەعاتە زنجیرەدارەدا ئینتیگراسیۆن کردووە، بۆیە هەرکاتێک تەماشای ئەم کاتژمێرە دەکەین، ڕێک و ڕاست  ستەمی زەمین و ئاسمانمان دێتەوە بیر. ئیتر ئەم سەعاتە زنجیرەدارە دەزگایەکە بۆ بەمێژووییکردن و بۆ بەدۆکیومێنتکردنی زەمەنی ڕوودانی ئەنفال لە کاتژمێر نۆدا. بەپێی شەکسپیر، هاملێت دەڵێت زەمەن لەگرێژنە چووە، بەڵام بەپێی ئەم قوربانییە، ئەم سەعاتە دەڵێت زەمەن ئەنفالکراوە، ئەنفالیش فەرمان و تووڕەیی خودای ئاسمانە و موجاهیدەکانی سەرزەوی هەڵیدەڕێژن بەڕووی ئەوانیتردا.