پێشانگای کتێب و کۆڕی ئەدەبی؛ یان ماراسۆن و فێستیڤاڵی ڕەنگ؟

من دەڵێم هەموویان. بەڵام کامیان پێش کامیان؟

هەموو زانیاری و زانینی دنیا سوودی نییە ئەگەر مرۆڤ ئازاد و خۆشگوزەران نەبێت. بگرە زانیاری و زانین دەبنە مایەی زیان، دەبنە ژەهر و ڕق و کینە، بۆ کەسێکی چەپێندراو، بۆ کەسێکی نائازاد و ناخۆشبەخت. نموونەی ڕۆشنبیری کورد، کە تەنیا خورافە و ڕق بەرهەم دێنێت.

دەبێ پێش ئەوەی بخوێنیتەوە بژیت، پێش ئەوەی بیربکەیتەوە ئازاد بیت.

کورد گوتەنی ''ئاوێک لەسەری بڕوات پاک دەبێتەوە''، ئەگەر مرۆڤ ئاو بێت، ئازادی جووڵە و ڕۆیشتنە، مرۆڤی ئازاد دەڕوات و بەو ڕۆیشتنە خۆی پاک دەکاتەوە. ئازادی مرۆڤ سازگار دەکات. ئەگەر نەژیایت و ئازاد نەبوویت، مێشک و ناخت دەبنە گۆمێکی مەنگی قەتیسماو، خوێندنەوە و زانین پیستریان دەکەن. وشە و ڕستەکان تێیاندا دەمرن، بۆگەن دەکەن، یان دەبنە جڕوجانەوەر و مێشومەگەزی کوشندە.

مرۆڤ دوای ملیۆنان ساڵ ژیان ئینجا نووسین و کتێبی بەرهەم هێنا. داهێنانە گەورەکانی پێش نووسین و کتێب، زۆر لەوانەی دوای نووسین و کتێب زیاتر و گرنگترن. مرۆڤ پێش ئەوەی نووسین و کتێب دابهێنێت، کشتوکاڵ، گیاناسی، گوڵناسی، پزیشکی، چەرخ، ئەستێرەناسی، ماڵداری، ئاژەڵداری، شارـ دەوڵەت و دەیان شتی تری داهێنا کە بوونە بنەمای شارستانێتی.

لای ئێمە ئێستا وەرزش و هونەر و دڵداری و ئازادی تا ئەوپەڕی پێویستن بۆ تاک و کۆمەڵمان. مرۆڤمان پێویستی بە ناسینی ڕەگەزی بەرامبەرە، پێویستی بە خۆڕووتکردنەوەیە. بەبێ ئەوانە تەندرووست نابێت، بۆیە نە دەتوانێت زانست بەرهەمبێنێت نە دەتوانێت ژیانی خۆی و کۆمەڵگەی جوان بکات، نە دەتوانێت خۆشبەخت بێت. کە خۆشبەختیش نەبوو ناتوانێت زانا و داهێنەر بێت.

هۆکاری سەرەکی سەفەری گەنجانمان بۆ دەرەوەی وڵات نەبوونی و کەمدەرامەتی و دەستکورتی نییە، چونکە زۆرینەی ئەوانەی کۆچ دەکەن پارەیەکی خەیاڵی سەرف دەکەن و دەدەنە قاچاخچی. خۆیشیان دەڵێن ئێمە "پەنابەری ئابووری" نین. هۆکاری بەجێهێشتنی وڵات نەبوونی ئازادییە؛ ئازادیی کۆمەڵایەتی، ئازادیی تاک، ''ژیانێکی شیاو'' وەک خۆیان دەڵێن. سەرسوڕهێنەر ئەوەیە کە هەر ئەو کۆچبەرانە خۆیان هۆکاری سەرەکی نەبوونی ئەو ئازادی و ژیانە شیاوەن. چونکە لە وڵاتیش و کە دەگەنە ئەورووپاش، دژی ئەوەن کوردستان وەک ئەورووپای لێبێت. پێیان خۆشە کچی خەڵک وەک ئەورووپایی هەڵسوکەوت لەگەڵ خۆیان بکات، بەڵام دژی ئەوەن خوشک و کچ و ژنیان وەک ئەورووپایی هەڵسوکەوت بکەن.

کاتێک دەگەنە ئەورووپا و ئەو ئازادیە بەدەستدێنن کە ژیانی خۆیان خستە مەترسی تا پێی بگەن، دژی ئەوەن کوردستان بگات بەو ئازادییە.

ڕۆشنبیری ئێمە وەک ئەو ژنانەیە کە خۆیان ئازادییان نەچەشت، نایانەوێ کچ و کچانی نەوەیان ئازاد بن. ڕۆشنبیری ئێمە نایەوێت نەوەکانی دوای خۆی ئازادیەک بژین کە ئەو فریای نەکەوت. بۆیە دەبێتە کۆنپارێز، دەبێتە کەسێکی دژەشادی، دژەئازادی، پەست و خەمۆک. بەناوی ئەوەی گوایە ئەم ئازادیە بەرەڵاییە و تێکچوونی شیرازەی خێزان و بێبەهایی و نهیلیزمە، دژایەتی هەموو جۆرە ئازادیەک دەکات. بەبێ ئەوەی بڵێ ئەی کام ئازادی ڕاستینەکەیە؟ ڕۆشنبیری ئێمە تەنیا لە گەنجیدا وشەی ئازادی بەکاردێنێ، لە 30 ساڵیەوە ئەو وشەیە لای ئەو بەکارهێنانی کەمتر و کەمتر دەبێتەوە، تا لە 40 ساڵیدا بەتەواوی لە فەرهەنگیدا دەسڕێتەوە.

ڕۆشنبیری ئێمە بانگەشە بۆ کاڵاکەی خۆی دەکات کە کتێب و خوێندنەوەیە، ئەویش چ جۆرە کتێبێک؟ سانسۆرکراو، وەرگێڕدراو لە زمانی دووەم و سێیەمەوە، کورتکراوە و شێوێندراو. بانگەشە بۆ کاڵایەک ناکات کە ئەو هیچ بەشداری لە درووستکردنیدا ناکات، یان ئەو هیچ ڕۆڵێکی تێدا نابینێ. ماراسۆن و فێستیڤاڵ و بۆنەکان، بەرهەمی ڕۆشنبیرانمان نین، بۆیە هەوڵ دەدەن بێبایەخیان بکەن.
ئەوەی شارستانێتیەکان بەگشتی و شارستانێتی یۆنانی درووستکرد، وانەکانی سوارچاکی و وێنە و وەرزش و هونەرن، نەک خوێندنی ئەدەب و فەلسەفە. ئەدەب و فەلسەفە و تەنانەت ماتماتیکیش دوای ئەو وانانە دێن. مرۆڤ لەڕێی هونەر و وەرزشەوە دەگاتە مرۆڤبوون و شارستانیبوون. هەموو داهێنانەکان لەو ڕێیەوە دەکرێن، چونکە بەبێ ئەوانە مرۆڤ تەندرووست نابێت تا بتوانێت داهێنان لە ماتماتیک و بواری زانستە سرووشتیەکاندا بکات.

ئازادی لەڕێی وەرزش و هونەرەوە دەپێورێت، چونکە ئازادی واتە دەربڕین، دەربڕین بە زمان و جەستە، دەربڕین بە زمان واتە ئەدەب، بەجەستە واتە هونەر. بەبێ ئازادیش هیچ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و خۆشبەتیەک بوونی نییە. پێوەری شارستانێتی ئاستی ئازادی تاک و ڕێژەی بوونی هونەر و وەرزشە لە شوێنی گشتیدا.

چەندە تاک لە شوێنە گشتیەکانی وڵاتێکدا بتوانێت تەعبیر لەخۆی بکات و ئازادانە بجووڵێت، چەندە هونەر و وەرزش لە شوێنە گشتیەکانیدا ئامادەبن، ئەوەندە ئاستی شارستانێتی بەرزە لەو وڵاتەدا.

سوودێکی تری بۆنە و ئاهەنگە گشتیەکان ئەوەیە کەش و هەوایەکی تەندرووست دەڕەخسێنێ. ئەو کەش و هەوایە کۆمەڵگە دەکاتە شارستانی. هەروەها دەربڕینی شادی و بۆنە و ئاهەنگە گشتیەکان پێکهاتەکانی کۆمەڵگە تێکەڵ دەکەن، ئەمەیش دەبێتە هۆی یەکێتی چین و توێژ و پێکهاتەکان. بێ ئەو یەکێتیە نەتەوە درووست نابێت. ئەو تێکەڵبوونەیە ئاشتی و ئاوەدانی و خۆشەویستی و پێکەوەژیان بەهێز دەکات.

هەندێ کەس باس لە لایەنە خراپ و نەرێنیەکانی بۆنە و فێستیڤاڵەکان دەکەن. ئەوانە پێش ئەوەی بەتەمەندا بچن پیر بوون، پێش ئەوەی گەورەبن مردوون. ناخیان پیس و ژەهراوی بووە. بوونەتە تۆپەڵێک قین و ڕەشبینی و مەرگدۆستی و نیهیلیزم. بیانوویان ئەوەیە کە گەنجان لە بۆنەکاندا خۆیان لەیەک دەخشێنن، باوەش بەیەکدا دەکەن، دڵداری دەکەن، یەکتر ماچ دەکەن.. چونکە لەلای ئەوان گەنج نابێ ئازاد بێت، گەنج نابێ تەعبیر لە ئارەزووەکانی بکات. بیانووی تریان ئەوەیە گوایە ئەو فێستیڤاڵە لەگەڵ کولتووری ڕەسەنی کوردیدا ناگونجێت، وەک بڵێی کولتووری کوردی بوونی ماوە. وەک بڵێی خۆیان زۆر لەسەر کولتووری کوردی بژین، وەک بڵێی هەرچی کەلوپەل و خۆراک و جلوبەرگ و چالاکی و ژیانی خۆیان لەسەر مۆدێلی تورکی و سعودی و ئێرانی نەبێت. وەک بڵێی کولتووری کوردی ئەوەی سعودیە یا تورکیا یان ئێرانە.

فێستیڤاڵی ڕەنگەکان نزیکترینە لە کولتووری ڕەسەنی کوردییەوە. نەورۆز خۆی جەژنی ڕەنگەکانە. لەو وەرزەدا سرووشت و دەشتودەر فیستیڤاڵی ڕەنگەکان دەکەن، هەموو ڕەنگێک دەپۆشن. کوردیش هەزاران ساڵە لەو وەرزەدا بە جلوبەرگ و خۆراک، فێستیڤاڵی ڕەنگ دەکات. نەورۆز کۆنترین جۆری فێستیڤاڵی ڕەنگەکانە. بەدەر لەوەی ئێمەی کورد هیندۆ ئەورووپایین، واتە هەرچۆنێک بێت بە ڕەچەڵەک و کولتوور لە هندییەکانەوە نزیکترین وەک لە تورک و عەرەب. عەبا و حیجاب و پەچەی ڕەش کولتووری ئێمە نییە. هەر لە ئاڵا و سروود و جلوبەرگی ژنانمان و کەرەستە و کەلوپەلی فۆلکلۆریماندا دیارە فرەڕەنگی و ڕەنگینی و ڕەنگاوڕەنگی بنچینەی کولتووری ئێمەیە. فرەڕەنگی واتە پێکەوە ژیان. پێکەوە ژیان بنەمای کولتوور و ڕەسەنێتی ئێمەیە.

هەموو شتێکی نوێ سەرەتا بەهەڵە بەکاردێت و کێشە درووست دەکات. ئەمە مانای ئەوە نییە نەهێڵیت هیچ شتێکی نوێ لەدایک بێت. مرۆڤ بەکامڵی لەدایک نابێت. مرۆڤ بە کۆرپەیی لەگەڵ خوێن و پیسیدا دێتەدەر. یەکسەر نازانێت قسە بکات، تا ماوەیەکی زۆر خۆی پیس دەکات، ناتوانێت نان بخوات.. وردە وردە پێدەگرێت و گەورە دەبێت، بە قۆناغی منداڵی و نەوجەوانیدا تێدەپەڕێت ئینجا دەگاتە گەنجی و کامڵبوون. هەموو شتێکی تریش وەهایە. 

ئەگەر ئێمە لەسەرەتای مۆبایل و ئینتەرنێت تەنیا بیرمان لە لایەنە خراپەکانیان کردباوە، دەبوو نەهێڵین مۆبایل و ئینتەرنێت بێنە وڵاتمان. تەنانەت ئوتومبێلیش تەنیا ژینگە پیس ناکات و تەنیا کارەساتی هاتوچۆ درووست ناکات تا بڵێیت نابێ ئوتومبێل لە وڵاتدا هەبێت. بەکارهێنانی شتێک بەڕاستی و بە گونجاوی، کاتی دەوێت و ڕاهاتنی دەوێت. دەبێ ئێمە شتەکان بەئاراستەی ڕاستدا ببەین، نەک لەسەرەتاوە دژایەتییان بکەین و نەهێڵین لەدایک بن. ئەگەر بڕیارە تەنیا شتی بێخەوش و کامڵ لەدایک بێت، ئەوە هیچ شتێک نابێ لەدایک بێت.