گۆران؛ ڕه‌خنه‌گرێکی رۆمانسی و کهمینهخواز
گۆران شاعیری مامناوه‌ندی و له هه‌مانکاتدا ناوبژایهتییه، ئه‌و یه‌کێکه له‌و ده‌گمه‌ن شاعیرانه‌ی که له‌سه‌ر خاڵی مامناوه‌ندی گۆڕان و وه‌رسووڕانی شیعری کوردی وه‌ستاوه و خۆی باشترین پێودانگه بۆ فۆرموله‌کردنی ئاڵوگۆڕه‌کان. ڕه‌نگه ئه‌مه هه‌مان باس بێ که پێشتر له وتاری "له گۆرانه‌وه تا بودلێر" باسم کردووه و تێیدا جه‌ختم له توانستی هاوشێوهسازییهکانی ناو شێعری گۆران له‌نێوان زه‌ینیه‌تی شاعیرانه و جیهانی ده‌ره‌وه‌ییدا کرد. به‌ڵام گۆران ته‌نیا تازهکهرهوهیهکی سه‌ڵتی ناو ئه‌ده‌ب و شیعری ئێمه نییه، به‌ڵكوو وه‌ک به‌ختیار عه‌لی له دیمانه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ گۆڤاری هه‌نگاودا ده‌ڵێ: "گۆران، تا ئه‌مڕۆش گه‌وره‌ترین شاعیر و مه‌زنترین ژیاندۆستی مێژووی ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌یه ... که هه‌ست و بینینی ئێمه‌ی له دونیای کلاسیک ده‌رهێنا و چاوێکی تری پێبه‌خشین". هه‌ر ئه‌م پرسه‌یه که لێره‌دا ختوکه‌ی من ده‌دا به پشتبه‌ستن به کتێبی "گۆران؛ نووسین و په‌خشان و وه‌رگێڕانه‌کانی" ده‌لاقه‌یه‌کی دیکه به ڕووی گۆران‌دا بکه‌مه‌وه. ئه‌ویش له کاتێکدا که ئه‌م کتێبه باس له هه‌وڵی رۆژنامه‌نووسیی ئه‌و له گۆڤاره‌کانی ژین، هیوا، هاوار، گه‌لاوێژ و ...، وه‌ک هه‌وڵێکی بێوێنه بۆ سازدانی گرێبه‌ست و مانایه‌کی نوێی ئه‌ده‌بی به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی جیدی له ئه‌دبی دراوسێ ده‌دا.
بۆ وێنه کاتێک شاعیر له وتاری "سه‌رنجێکی کورت له شیعر" که له ژماره‌ی 1126-1127ی گۆڤاری ژین له ساڵی 1952دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، ده‌ڕوانێته پێناسه‌گه‌لی دیناوخوازانه و پاشان جیاوازیی هه‌ڵبه‌ست (نه‌زم) و شیعر لای تیۆرییه‌کانی ئه‌ره‌ستوو و هه‌وڵی رۆژئاوایان بۆ ده‌ربازبوون له داوی کێش و سه‌روا له رێگه‌ی هۆنینه‌وه‌ی شیعری ئازاد، هه‌ست ده‌که‌ی ئه‌نجامی وته‌کانی شاعیر چ نییه جیا له پێناسه‌یه‌کی ته‌واو بهرسازهگەرانە (constructivism) و ده‌خوێنیته‌وه: "ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌پێی نه‌ریتێک که ڕه‌وایه و باوه و، به جۆرێک خۆی له خۆ‌یا هه‌یه شیعر تعریف بکه‌ین، ئه‌بێ بڵێین: شیعر قسه‌ی ڕێکخراوه و به ڕه‌نگێک، که له خوێندنه‌وه‌یا هه‌ست به جۆرێکی وه‌زن بکرێت. به‌ڵام له‌و رووه‌وه که شیعر لقێکه له ئه‌ده‌ب و ئه‌ده‌بیش به ڕێکخستنی قسه‌ی جوان ته‌عریف کراوه، ئه‌بێ له بیرمان نه‌چێ که بنچینه‌ی ئه‌م ته‌عریفه‌ی سه‌ره‌وه له‌سه‌ر قسه‌ی ڕێکخراوی جوان وه‌ستاوه".
ئاوا گۆران بۆ یه‌که‌مجار ئه‌و جه‌ساره‌ته به خۆی ده‌دا که شیعر له داوی خوێندنه‌وه‌یه‌کی کلاسیک و خانه‌قایی ده‌رباز بکات و ڕواڵه‌تێکی زانستیتری پێ ببه‌خشێ و له موحازه‌ره‌کانی له کۆلێجی ئه‌ده‌بیاتی به‌غدا پاش هێنانه‌به‌رباسی سه‌رچاوه تیۆرییه‌کانی ڕه‌خنه له ئه‌ندێشه‌ی یۆنانی و مێژووه‌که‌ی له فیکری یۆنانی، عه‌ره‌بی و کوردی‌دا و پاشان به دابه‌شکردنی جۆره‌کانی ره‌خنه‌ی وێژه‌یی وه‌ک: ڕه‌خنه‌ی مێژوویی، که‌سایه‌تی، واتایی و بابه‌تی، ژێستێکی ته‌واو ئیپیستمۆلۆژیک بۆ وێژه و ئاسته‌کانی ڕوانین له ده‌قی وێژه‌یی دیاری ده‌کا.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا زۆر جێی سه‌رنجه، چۆنیه‌تی ڕوانین و سازبوونی سووژه‌یه‌کی زمانییه که زمان به لایه‌وه نه ئاراسته‌یه‌کی خێڵه‌کی، به‌ڵکوو ده‌لاقه‌یه‌کی جوانیناسی کراوه‌یه بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی شته‌کان و هاوکات بارگاویکردنیان بۆ ئاوێتهسازییهکی ئایدیۆلۆژیک له رێگای گوتاری شاعیرانه و هه‌روه‌ها گوتاری کرچی جۆرنالیستیی ئه‌وده‌م. ئه‌م ڕوانینه که تا ڕاده‌یه‌ک نزیکه له بۆچوونه‌کانی ماتیۆ ئارنۆڵد به نیسبه‌تی فه‌رهه‌نگ، به لای گۆرانه‌وه تاقانه ره‌هه‌ندێکه بۆ گه‌یشتن به حه‌قیقه‌تی شته‌کان و له هه‌مانکاتدا ڕووبه‌ڕووکردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ته‌واوی خه‌زێنه‌کانی عه‌قڵی و هه‌ستۆکی. که‌واته ده‌کرێ بڵێین: هه‌وڵی رۆمانسیی گۆران، چ نییه جیا له چڕکردنه‌وه‌ی زمان له پێناو باشترین ئه‌ندێشه و باشترینی وته‌کان؛ له وتارێک بۆ شرۆڤه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستیی ئه‌مریکییه‌وه بگره تا کێشه‌ی بۆمبی ئه‌تۆم؛ له مێژووی ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه بگره تا سه‌رهه‌ڵدانی سوریالیزم و دواجار له توانست و سامانی بیرکردنه‌وه‌وه بگره تا بانگه‌واز بۆ کۆتاییهێنان به شه‌ڕی سارد.
هه‌ر ئه‌م هه‌وڵه له‌پێناوی باشترینه‌کانه که ده‌بێته هۆی به‌یه‌کگه‌یشتنه‌وه‌ی جوانیی ئه‌خلاقی و جوانیی به‌رپرسانه و له هه‌مانکاتدا به‌یه‌کگه‌یشتنه‌وه‌ی تاک و کۆمه‌ڵگا لای گۆران، ئاوه‌ها که هه‌میلتۆن رۆژهه‌ڵاتناسی ئه‌ڵمانی له‌و سه‌رده‌مه‌دا چ له‌باری فۆرم و چ له‌باری ناوه‌ڕۆک ( هاوکات له باری چه‌ند زمانهبوونیهوه)، گۆڤاری گه‌لاوێژی وه‌ک گۆڤارێکی بێ هاوتای ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ.
بە گشتی گۆران به‌پێی ئه‌م پێناسه‌یه و له رێگه‌ی گرێدانه‌وه‌ی کات و زه‌مانی نه‌ته‌وه به کات و زه‌مانی جیهانی ئه‌و سه‌رده‌مه و به به‌رزنرخاندنی گوتاری ڕه‌خنه‌گرانه، ناچاره له ئه‌زموونکردنی ڕه‌نجێکی دووقاته که ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی سازبوونی سووژه‌یه‌کی دووشهقه و لاڵه که له نێوان منی بێژه‌ر و منی باسلێکراودا له هاتوچۆدایه و نموونه‌ی به‌رچاوی ئه‌م لاڵبوون و دووشهقبوونهش هه‌مان شیعری "هه‌ڵبه‌ستی ده‌روون"ه. ئاوا گۆران لە نێوان ئه‌م دوو منه، جۆرێک ئاوارته‌یی ئه‌زموون ده‌کا که نه لەپێش ئه‌و و نه له دوای ئه‌و نه‌بینراوه یان که‌متر بینراوه. به ڕاده‌یه‌ک که ده‌توانین به شێوه‌ی دێلۆزی ئه‌م ئه‌زموونکردنه وه‌ک په‌ره‌پێدانێکی ریزۆماتیک ناوی لێ بێنین ئه‌زموونی سوژه‌یه‌کی که‌مینه که هه‌وڵ ده‌دا خۆی له داوی ناوی دره‌ختی باوک و نۆرمی چه‌قبه‌ستووی باو (به تایبه‌ت ئه‌و زمانه‌ی که پاش پیره‌مێرد له رێگه‌ی سیاسی بوونه‌وه، هه‌وڵی ده‌دا به خۆپهتیکردنهوه و جه‌خت له ڕه‌سانه‌یه‌تی زمانی، ژێستێکی ئه‌خلاقی به خۆی ببه‌خشێ) رزگار بکا. ئه‌م ئه‌زموونکردنی که‌مینه‌یی له ناو دڵی فه‌رهه‌نگ و زمانێکی که‌مینه، وه‌ک تایبه‌تمه‌ندیی گۆران، ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی چ نییه جیا له دابڕانێک و په‌ره‌دان به بایه‌خی له بیرکراوی سروشت (گه‌شتێکی هه‌ورامان) و جه‌ماوه‌ر (له ده‌رزی پچهوه) و هه‌ڵدانی ئه‌م دروشمه بۆ شێعر و گوتاری نوێی کوردی که ئه‌رکی وێژه ته‌نیا و ته‌نیا داهێنانی "جه‌ماوه‌ره".