داوەتەكەی ئاواز خانم

رووداو - کورتە چیرۆک

دەڕۆم و ئەویش بەدوامەوە... 

- تەپ.. تەپ.. 

ئەم تەپەتەپەی خورپەیەك دەخاتە دڵمەوە.. ئەم چەكلە نەبوایە.. ئەم چەند خولەكەی ڕێگەم بە خۆشترین خولیاوە بەسەر دەبرد.. تەنیا بیرم لە (ئاواز خانم) دەكردەوە و هیچیدی.. نا نا، لەو كفتە بەلەزەتەش كە ئەمشەو بەتایبەتی بۆی لێناوم.. وەك ئەو كفتەیەی یێكەمین ڕۆژ پێڵاوی غەریبیم لە ماڵەكەیاندا كرایەوە.. ئەو ڕۆژەی وەك بەڕێوەبەر بۆ ئەم شارە گوازرامەوە.. هەرچەندە وەك شارێكی خۆم وایە و.. دە پانزە ساڵا لەمەوبەر چەندینجار تێیدا خۆپێشاندانم دژی حوكمەتەكەی بەغدا كردووە و.. دوو جار بەساڵا و، ساڵا و نیو گیراوم و بەزیندانی بۆ هەیئەی كەركووك و ئەبوغرێب نێردراوم.. بێگومان بۆیێ‌ بیر لە كفتەكەش دەكەمەوە، چونكە لەتەك ئەودا دەیخۆم.. دەنا كفتەخواردن بێ‌ ئەو چ ناهێنێ‌.

كۆكەیێكی ئەو سەگبابە نە كفتەی لە خەیاڵدا هێشتم.. نە ئاواز.. ئای كەی دەگەمە ئەو كۆڵانەی دەستەڕاستم؟ بۆ هێندە دووركەوتووەتەوە! ئەوێ‌ مانگەشە و نایگرێتەوە.. تاریكە.. هەر گەشتمە سەری كۆڵانەكە.. خێرا فرتەی بۆدەكەم.. نا.. ڕێگەكەم لەوێوە نییە.. دوو كۆڵانی دواترە.. لێ‌ بۆ رزگاربوون لەم بەڵایە دەبێ‌ هەر ئێستە هەموو شتێ‌ بكەم.. یێكسەر لەسەری كۆڵانەكە لادەدەم و لاتریسكەی لێدەبەستم.. بۆی دەچمە كەمینەوە.. هەر جوڵایەوە وەك سەگ دەیتۆپێنم.. چۆن لێم بوو بە مڵۆزم و بەنیازە ئەم شەوە خۆشەم لێ‌ تاڵا بكات.. نا.. نابێ‌ بەم حاڵەوە تەقە بكەم.. ئەدی بۆ دەمانچەم لەتەك خۆمدا هێناوە! ناشتوانم بە نەعل و بیجامەوە دەستەویێخەی ببمەوە.. بەڵكو ئەمە خوایە ئەو لەم كۆڵانە لابدات و ئیدی لەم چۆڵەوانییەدا بكەومەوە هەوا و خولیاكانی خۆم.

دەڵێن مرۆڤ لەچەند خولەكی بەر سەرەمەرگدا دیمەنەكانی سەرتاپای ژیانی دێنەوە بەرچاو.. تۆبڵێی منیش لەهەمان ساتەوەختدا بم! من چەند جارێ‌ مەرگی ڕاستینەی خۆمم دیوە و بیرم لە هیچیش نەكردووەتەوە.. دیارە ئەوسا شتێ‌ بوو، ئێستە شتێكی دییە.. ئەوسا بەئاشكرا لەو بەرەیەدا بووم كە بە بەرەی میللەت ناودەبرا.. ئێستە بەئاشكرا لەبەرەكەی دیدام.. پلەوپایەم لە حكومەتدا هەیە.. خەڵكی شار بە خیانەتكارم دادەنێن.. بەتایبەتی كەسانی وەك ئەم چەكلەی بەدوامەوەیە.. ئەمانە چوزانن من لێرەوە چییان بۆدەكەم و چۆن ژیانی خۆمم خستووەتە ئەوپەڕی مەترسییەوە! گەمژەی وا چوزانێ‌ ئێستە بۆ دیدەنی و داوەتی ئاواز خانم دەچم.. چوزانێ‌ هەر ئەو ڕۆژەی گەیشتمە شار (بەختیار)ی كارمەندی بەڕێوەبەرێتییەكەم و برای شوانەی شەهید و مێردی (ئاواز خانم)، چۆن بەپەلەپڕوزێ‌ بردمییەوە ماڵی خۆیان و هۆدەیەكیشیان بۆ رازاندبوومەوە..

دوو مانگی ڕەبەق خۆشترین ڕۆژانی ژیانم لای ئەو خانەوادە بەڕێزە بەسەر بردووە.. ئێستەیش بەردەوام هەرچی سیحر و جوانی ژیانە هەر لای ئەوان بەدییاندەكەم.. تۆ بڵێی ئەم چەكلە خزمی ژنەكەی (بەختیار) بێت! هەموو كەین و بەینەكانی من و ئاوازی پێزانیبێ‌؟ بۆ نا؟ چەندینجار قسەوباس و توانجی جۆراوجۆرم پێگەیشتووەتەوە.. لێ‌ باس هەر باسی من نەبووە.. باسی لەمن پێشتریش دەكەن.. بەتایبەتی بەڕێوەبەرێكی توركمانی پێش من! چەند مانگێ‌ لەهەمان هۆدەدا بووە.. من لەوە بێگومانم خەتای كەسمان نەبووە.. دووەم ئێوارە ئاواز مێزی خواردنەوەی بۆ ڕازاندبوومەوە.. بە بەرگی نیوە ڕووتەوە هات:
- فەرموو.. دەی! 

من نەمدەویست بەتەنێ‌ هەردووكمان دەست بەخوارنەوە بكەین.. وتم:

- با مامۆستا (بەختیار) بێتەوە.. پێكەوە دادەنیشین
دوو پێكی تێكرد.. 

- ئەوە نییە (ڤیان) خانمی كچمان لەگەڵدایە! بەوە نابێ‌ سێ‌ ساڵانە، بەقەدەر پیرەژنێكی سەر ئاسنین دەزانێ‌..

بەدەم قریوەوە وتی

- توانا تا دوای نیوەشەویش بەتەمای مەبە.. هەر بەجووتە خۆمان دەبین.

زڕەمان لە پێكەكانمان هەڵساند.. ختورەیێكم بەدڵداهات، لێ‌ نەمویست هۆی درەنگهاتنەوەی لێ بپرسم، لەبەرخۆیەوە وتی 

- ئەوەی باشە هێشتا تریفە و تاڤگە نەیانزانیوە.. دەنا..
قۆستمەوە و پرسیم

- كێن؟

- هێوەرژنمن.. تریفەیان بێوەژنە.. لەتەنیشت خۆیانەوە خانوویێكی بۆ (تەنەر بێ‌)ی توركمان بەكرێ‌ گرت و ئەوساڵەی لەم شارەدا بوو شەوبوێری لەگەڵدا نەكردووە و هەموو ئەم شارەیش پێیزانین. 

- ئەی مامۆستا (بەختیار)!

- جارێ‌ لە باسی ئەو گەڕێ‌.. بەدرێژی هەموو شتێكت بۆ باس دەكەم!

گەلێ‌ شتی دیكەی سەبارەت بە جووتە خوشك بۆ باسكردم.. بەشێوەیێكیش (ڤیان) تێنەگات و بە ئاماژەی جۆراوجۆر هەندێ‌ ڕوونكردنەوەی لەمەڕ بەختیاری مێردی دركاند... درەنگانێ‌ (ڤیان) نووست.. ئەوجا بەڕاشكاوی باسی مێردەكەی بۆ كردم.. زۆر سەرم سڕما.. بەهەموو تەمەنم شتی وام نەدیبوو و نەشبیستبوو.. ئەوانەی دیومن و بیستوومن پێچەوانە بوون.. هەر پیاو بووە لەسەر وردە گومانێ‌، بوختانێ‌، تاوانی گەورەی چوون خوێنڕشتن و سوتاندن و خنكاندنی لەدەست قەوماوە.. بەڵام پیاوێ‌ نە كەمئەندام بێ‌ و نە لە هیچی كەم بێت، بەو ئاسانییە دەرفەت بۆ ژنەكەی بخولقێنێ‌ و ڕادەستی پیاوانی دیكەی بكات! بەشێوەیەكیش گوایێ‌ ئاگای لەهیچ نییە و بێمەبەست وای كردووە!
لەگەڵا ئەمانەشدا هەر بەترسەوە دەستبازیم لەتەكدا دەكرد و نەمدەوێرا بەتەواوی سەرنوێنی لەگەڵدا بكەم.   
 
(بەختیار) هاتەوە.. زۆر ئاسایی و تەنانەت بەخۆشحاڵیشەوە لامان دانیشت و پێكێكیشی خواردەوە.. ئیدی كاتی نووستن بوو.. پێمگوتن:

- شەو شاد!

چوومە ژوورەكەم.. وێڕای ئەوەی هەر دەمهێنا و دەمبرد و سەرم لێی دەرنەدەكرد، خۆشییەكی بێهاوتا جەستە و دەروونمی خپ كرد. 

سبەی زوو لەخەودا بووم ئاواز بە ئەسپایی دەرگەی ژوورەكەمی كردەوە و یەكسەر بەئاگا هاتم.. بە بەیانی باشێكەوە دەرگەكەی داخست و خۆی فڕێدایە باوەشمەوە.. نەیهێشت هیچ بڵێم:

- بێخەم بە! ئەو ئێستە گەیشتووەتە دایەرەش.. 

ئەمجارە ترسی هیچم نەبوو.. چونكە شەوێ‌ دەترسام ڤیان خەبەری بێتەوە، یان لەپڕ لە دەرگە بدرێ‌!
ئاخ لەم تەپەتەپەی بەدوامەوەیە.. هەرگیز هێندە گوێم سووك نەبووە. 

- تەپ تەپ! 

ئەم كۆڵانە و ئەویدیم ماوە.. لەمەیان تێپەڕیم لەولاترەوە دار ئەلەكتریكەكە بەهانامەوە دێت.. سەیرە! تەنیا گڵۆپی سەرەتای كۆڵانەكەیان شكاندووە و ئەمانی دی تروسكاییان ماوە.. هەر تێپەڕی ئیدی سێبەرەكەی درێژ و درێژتر دەبێتەوە و.. دەتوانم هەموو جووڵەیەكی ببینم و لەكاتی خۆیدا بێمەدەست.. من بەناچاری نەبێت ناخوازم كار بگاتە ئەو ئاستە..

من سێ‌ ڕۆژە چاوەڕوانی ئەمشە و دەكەم.. سەرەتا تەنیا گرفتێكم هەبوو.. ئەویش ئەگەر كۆڵانی ماڵی ئاواز چۆڵا نەبێت چۆن خۆم بخڵافێنم تا خۆمی پێدا بكەم و كەس پێم نەزانێت.. بەتایبەتیش جووتە خوشكی بەختیار كە بەتەنیا لە خانووی ماڵە باوانیاندا لەم كۆڵانەی پێشەوەدا دەژین.. چونكە ئەوان لەتاریكاییشدا بە بیجامە و ڕۆبیشەوە دەمناسنەوە.. نامەوێ‌ بزانن.. لە هەفتەی یەكەمی هاتنمدا جووتە خوشكم ناسی.. تاڤگەی خوێندكاری زانكۆ و تریفەی بێوەژن.. هەر ئاواز خۆی هەردووكیانی پێناساندم.. تریفە لە بەختیار گەورەترە و پێنج ساڵیشە بێوەژنە.. تاڤگە دوای ئەوەی دووجار خوازبێنی و جارێكیش مارە كرا.. پەشیمانبوونەوەی بەدوادا هات.. هەرسێجارەكەش بەهۆی (تەنەر بێ‌)وە بوو.. گوایێ‌ لەگەڵا ئەویشدا رایبواردووە...  

ئەم مڵۆزمەی بەدوامەوەیە هەر بەجارێ‌ ئەو گرفتەیانی لەبیر بردوومەتەوە.. ئەوەتا سێبەرەكەی درێژ و درێژتر دەبێتەوە.. دەستەكانی لە گیرفانەكانیدان.. جامەدانە و سەروكەللە و مل و پاڵتۆكەی لەبەر تروسكایی گڵۆپی دار ئەلێكتریكەكەی دیكەدا لێڵا و لێڵتر دەبن.. دەتوێنەوە.

تریفەم لە شارەوانییەوە گواستەوە لای خۆم.. لەوێ‌ زۆر ماندوو بوو، ئێستە زۆر ئاسوودە دیارە.. كارێكی هاكەزاییم پێ سپارد.. جارجاریش بە ئیفاد بۆ ئەملاو ئەولای دەنێرم.. دەمزانی بەختیار بۆ تریفەی خوشكیشی حەزی دەكرد كارئاسانی شەومانەوەمان بۆ بكات.. بەڵام پێویستم پێی نەبوو، چونكە بەردەوام لەبەردەستمدا بوو، نەشمدەویست پێمان بزانێ‌...  

تاڤگەش لە زانكۆوە هەفتەی دوو شەو دەهاتەوە لای، تەنیا لە پشووی نیوەی ساڵدا بەردەوام پێكەوەن.. هەر لە سەرەتاوە تریفە دەیزانی پێوەندیم لەكەڵا براژنەكەیدا هەیە.. بەردەوام لەماڵی بەختیار سەردانی دەكردین.. شەوانە تا درەنگێ‌ لامان دەمایەوە.. گەرچی ئەو شەوانەی سەردانی دەكردین لەگەڵا ئاوازدا مێزمان نەدەڕازاندەوە، بەڵام جۆرێ‌ لە ئیرەیی پێوە دیار بوو.. (بەختیار)یش شەوانە وەماڵا نەدەكەوت.. ڕۆژانەش بەردەوام لای خۆم لەدایەرە بوو.. دواتر تریفەش هەندێ‌ شتی لادركاندم.. بێگومانم (بەختیار) لە هەموو ڕوویەكەوە كوڕی چاكە.. نووسەر و هونەرمەندیشە.. بەئەنقەست ئیفادم كرد، گوتم بزانم چی دەڵێ‌! بەر لە رۆیشتنی گوتی: 

- ئەم سێ‌ ڕۆژە لەبری من ئاگات لە مناڵەكانم بێت..

بەم قسەیەی لە هەموو شتێ‌ دڵنیابووم.. لەوە بێگومان بووم (بەختیار) لەو جۆرە پیاوە دەگمەنانەیە كە دەخوازن  ژنەكانیان هەمیشە لە باخەڵی دۆستێكیاندا بن.. بەوە ئارام و دڵنیا دەبن.. لەوانەیە لەزەتیشی لێ ببینن.. بەتایبەتی دۆستێكی دەستڕۆیشتووی خاوەن پلەو پایە و دەست و دڵفراوانی وەكو من.. چونكە دوای ئەوەی خانوویەكم لەتەنیشت دایەرەكەوە گرت و جێمهێشتن، چەندین شەو تا بەیانی خۆی لەماڵەوە بەدیار ڤیانەوە ماوەتەوە و بەبیانووی ماڵ بۆ ڕێكخستنەوە ئاوازی ناردووەتە لام.. بەهۆی بارودۆخی نائارامی شاریشەوە نەدەبوو تا بەیانی بچێتەوە.. من ناتوانم تۆژینەوەی باری دەروونیی (بەختیار) بكەم.. ئەوە باسێكە چەند بیری لێبكەمەوە هیچی لێ‌ حاڵی نابم.. بڕوا ناكەم (فرۆید)یش زیندووبێتەوە بتوانێ‌ بەتەواوی شی بكاتەوە.. یان هیچی لێ حاڵی بێت.. 

- وەی! ئەو چركە لەپڕە چی بوو؟! 

دیارە كاتی ئەوە هاتووە لەم چۆڵەوانیەی ناوەڕاستی كۆڵانەكەدا كارەكەی راپەڕێنێ‌.. نازانم چی بكەم! دیارە زۆر كارامەیە.. دەبێ‌ دەمانچەكەی هێنابێتە سەرپێ‌.. ها؟ ئەی بۆ پێشتر ئامادەی نەكردووە؟! كارامە چۆن وادەبێ‌.. دیارە زۆر ناشییە.. خۆ ئەوەتا لەنزیكمەوە خەریكە دێتە شانمەوە.. ئەم چەند هەنگاوەم ماوە لەدەستی رزگار بم.. هەر ورتەورتێتی.. ئەوەتا لێمەوە دیارە.. جگەرەیەكی بەلێوەوەیە.. هەنگاوەكانم خاوتر كردەوە.. جارێكی دی چركەی لە چەرخەكەی هەستاند و جگەرەكەی پێكرد.. بەمژێكی قووڵ و پرتە و بۆڵەوە بەلامدا تێپەڕی.. وەپێشمكەوت.. دیار بوو تا ئەو ساتەیش هەستی بەبوونم نەكردبێ‌ و.. بێگومان منیش هیچ لەو بۆڵەو خوتانەی ئەو حاڵی نەبووم.