وشەی زمانی کوردی و رێگاکانی دەوڵەمەندکردنی

ئەمە نامەیەکی ماستەری (عوسمان کەریم)ە، بە سەرپەرشتی (پ.د. فاروق عومەر) ساڵی (2014) پێشکەشی کۆلێجی زمانی زانکۆی سلێمانی کردووە.

نامەکە بە میتۆدی وەسفی شیکاری نووسراوە و لە سێ بەشی هاوئاهەنگ بەیەک پێکهاتووە. سەرەتا فەرهەنگی زمان و رێگاکانی دەوڵەمەندکردنی، دواتریش رۆڵی زاراوە لە دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمان و لە کۆتاییشدا رۆڵی دیالێکتەکانی زمانی کوردی لە دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگەکە خراوەتەڕوو.

 یەکەم: فەرهەنگی هەر زمانێک هەموو ئەو وشە نووسراو، نەنووسراو، گوتراو، نەگوتراو، ماو و لەناوچووانە لەخۆدەگرێت کە زمانەکە خاوەنیەتی، بەڵام فەرهەنگی زمان داخراو نییە و هەتا وشەکانی زیاد بکات فەرهەنگەکەش گەشە دەکات، چونکە کەرەسەی سەرەکی فەرهەنگی زمان وشەیە. وشەش سێ تایبەتمەندی هەیە: 

1ـ وشەکان جێگیر نین.
2ـ وشەی نوێ لە هەموو کات و بارودۆخێکدا دروست دەبێت.
3ـ وشە کۆن و سواوەکان رووبەڕووی ونبوون و لەناوچوون دەبنەوە.

یەکێک لە پێوەرەکانی زمانی زیندوو ئەوەیە کە بۆ هەر شت، بیر، چەمک و داهێنراوێکی نوێ وشەی هەبێت؛ کە ئەمە لە واقیعدا کەم و دەگمەنە، بۆیە زمانەکان پەنا بۆ قەرزکردنی وشە یان وەرگرتنەوە و دروستکردنی وشە دەبەن. چەند رێگایەک بۆ سازکردنی وشەی نوێ هەن لەوانە:

1ـ رێگای ناوخۆیی، بە پشتبەستن بەو یاساو رێسا کۆنانەی کە زمانەکەی پێ ساز بووە، هەر وشەیەکی نامۆش کاتێ دروست دەبێت، بە ئەستەم وەردەگیرێت؛ بەڵام گەر رۆیشت و بەکارهات، ئەوا فەرهەنگی زمانەکە دەوڵەمەند دەکات.

2ـ بەیارمەتی دەرەکی، وەک قەرزکردن و وەرگرتنی لە زمانی دراوسێ و جیهانی.

3ـ نیۆلۆگیزم-وشەی نوێباو، کە بۆ مانایەکی ناسراوی دانەیەک لە زمان بەکاردەهێنرێن و هێشتا نەبوونەتە وشەیەکی تەواو چالاک، ئەم وشانە بەهۆی پێویستی لە بوارە جیاوازەکاندا دێنەئاراوە.

لەڕووی چالاکی وشەکانەوە و بەپێی چەسپاوی و نەچەسپاوییان، فەرهەنگی زمان لە (فەرهەنگی گشتی و بنەڕەتی) پێکدێت، بنەڕەتی بەشێکە لە گشتی و کۆی ئەو وشانە دەگرێتەوە کە هەن؛ بۆیە فەرهەنگی بنەڕەتی بە وشە رەسەن و هاوئاهەنگ بە فۆنەتیکی زمانەکە دادەنرێت و یەکێکیشە لە بنەماکانی جیاکردنەوە و دۆزینەوەی پەیوەندی خزمایەتی نێوان زمانەکان، بۆ نموونە بەپێی ئەم فەرهەنگە دەتوانین باسی خزمایەتی زمانی کوردی و فارسی بکەین. فەرهەنگی بنەڕەتی رۆڵی لە دەوڵەمەندکردن و پاراستنی زماندا هەیە، چونکە جێگیر و چەسپاوەو بواری سازبوونی وشەی نوێ دەدات [نووسەر، بیسەر، بینەر..]، ئەم فەرهەنگە لەسەر بنەمای فیڵدە لێکسیکیە جیاوازەکانی وەک: جێناوی سەربەخۆ، پریپۆزشن [لە، بۆ، بە..] و ژمارە، ئامرازەکانی بەستن [بەڵام، بەڵکو..]، ئەندامی لەش و خێزان، دیاردە سروشتی و گەردوونییەکان..تێبینی دەکرێت؛ بۆیە موڵکی تاکەکەس نین. دواتر تو‌ێژەر باسی دوو رێگەی سەرەکی بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمان دەکات، یەکیان راستەوخۆیە کە زۆرتر فەرهەنگی بنەڕەتی رۆڵ دەبینێت، لەوانە: داڕشتن و لێکدان، ناڕاستەوخۆش لە رێگەی وەرگرتن یان وەرگێڕانەوە کە دەچێتە ناو فەرهەنگە گشتیەکەوە. وشەکانی (فەرهەنگی گشتی) رەگەزی بنەڕەتی پەیوەندییەکانی مرۆڤ پێکدەهێنن‌ و ئاستی هۆشیاری قسەکەریش دەردەخەن، تێکڕای وشە لای قسەکەری پێگەیشتووی زمانێک لەنێوان (45000-  60000) وشە دەبێت کە لە شوێنێکی مێشکدا هەڵگیراون و لەکاتی دەربڕیندا بەکاریان دەهێنین. توێژەر باسی دەوڵەمەندیی زمان دەکات لە ئاستی فۆرمدا کە [هاوواتا] دروستدەکات و نیشانەی دەوڵەمەندیی زمانە، لەگەڵ واتا کە [هاوبێژی‌و فرەواتایی]لێدەکەوێتەوە. ئەو 11 رێگە بۆ دەوڵەمەندکردنی زمان دەخاتەڕوو، لە کۆتاییشدا باسی پەیوەندی ناو و ناولێنراو بەپێی تیۆرەکانی واتا و جیاوازی زمان و دیالێکت دەکات.

دووەم: زانستی زاراوە، ئەو زانستەیە لە پەیوەندی نێوان چەمکە زانستییەکان‌و ئەو فۆرمە زمانیانەی کەوا دەبنە دەربڕیان دەکۆڵێتەوە، بۆیە پەیوەندییەکی پتەوی بە فەلسەفەی ناونانی شتەکانی دەوروبەرمان‌و سەرجەم زانستەکانەوە هەیە؛ چونکە ناونان بنەمایە. چەمک‌و زاراوەش دوو رووی یەک دراون، چەمک: کە پێکهاتەیەکی هزری و بابەتیە، یان نواندنێکی بیرۆکەییە بۆ شتێک؛ ئەم پێکهاتە و بیرۆکەیە بە زاراوە دەردەبڕدرێت. زاراوەسازی نوێ هەوڵی تایبەتکردنی زاراوەکانی داوە؛ کە زاراوەیەک زیاتر لە چەمکێک دەرنەبڕێ‌و چەمکێکیش بە زیاتر لە زاراوەیەک دەرنەبڕدرێ، تا لە دیاردەی هاوبێژی‌و هاووتایی دەربازبن [فرمان-کردار یان زمانناسی-زانستی زمان]ئەمانە دوانەیین‌و پێویست نین. لێرەوە گرنگی زاراوە بۆ هەموو داهێنانە نوێیەکان تێبینی دەکرێ‌و فەرهەنگی زمانیش دەوڵەمەند دەکەن. تایبەتمەندیەکانی زاراوە ئەوەیە: رێککەوتن لەسەر ئەو زاراوەیە بۆ ئەو شتە دروست بێ. لە تەمومژ بەدووربێ. زاراوە وەک وشەی گشتی بەهۆی دەوروبەرەوە دیاری نەکراوە، بەڵام خاسیەتی لەجیهانی زاراوە دیاریکراوە و لە زانستی زاراوەشدا [تێرمینۆلۆجی] لێکدەدرێتەوە. زاراوەی سادە لە لێکدراوەکان پەسەندترن، ئەگەر وشەیەک بوو بە زاراوە [بەزۆری] لە ئیدیۆم دوورەپەرێز دەبێت. جێ لەقکردن لەزاراوەدا کەمترە، چونکە پەرژین بەدەوریدا کێشراوە؛ هەروەها ئەنالۆژیا لە زاراوەدا گرنگە و تەمەنی زاراوەش بەندە بە ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵ‌و تەمەنی ئەو زانستەی زاراوەکەی تێدایە. 

دواتر توێژەر باسی لەدایکبوونی زاراوە دەکات کە بریتیە لە دانان یان داتاشینی زاراوەیەکی نوێ بۆ دەربڕینی چەمکێک؛ بەپشتبەستن بەو یاساو رێسایانەی لە زمانەکەماندا هەن، ئەمەش رەگەزێکی نوێ لە رێگەی دوو فۆمەوە دەهێنێتە ناو فەرهەنگی زمانەوە: فۆرمسازی راستەوخۆ: بە دانان‌و داتاشین یان بەکۆکردنەوەی رەگەزەکانی کە لە زمانەکەدا هەن و فارابی "بە داهێنەری نوێ"ناوی دەبات: رۆژ+ژمێر>رۆژژمێر..  کات+ژمێر>کاتژمێر> کاژێر.  هاتن+(و)+چوون> هاتوچۆ. 

فۆرمسازی ناڕاستەوخۆش، بەخشینی واتایەکی نوێیە بە وشەیەکی بەکارهاتووی زمانەکە، بۆ نموونە زمان وەک پارچە گۆشتێک لە دەمدا، پەڕیوەتەوە بۆ زانستی زمان‌و واتایەکی فراوانتری وەرگرتووە یان رەگی درەخت بۆ رەگی دان‌و لە ددان پزیشکی‌و رەگی کردار لە زانستی زمانیشدا بەکاردەهێنرێت. لەبەرئەوە زۆر بە ئاسانی وشەی فەرهەنگی گشتی دەگوازرێتەوە بۆ فەرهەنگی تایبەتی [بەپێچەوانەشەوە روودەدات-دراوی ساختە، گورچیلەی دەستکرد..]‌و پەرژینی بەدەوردا دەکێشرێ‌و بەواتای جیاواز بەکاردەهێنرێت؛بەڵام هەر پەیوەندییان پێکەوە هەیە. 

دواتر باسی کێشەکانی زاراوەی کوردی کە دوانی‌و فرەییە هاوشانی فرەیی زاراوەساز، واتە چەند فۆرممان بۆ یەک چەمک هەیە، کێشەکەش زۆری دیالێکتەکان‌و فرە زاراوەسازی ناپسپۆرە کە پێویستە لیژنەی پسپۆر ئەم کارە بکات. هەروەها گرنگە شێوەی نووسینی زاراوەی بیانی بەپێی فۆنەتیک‌و رێنووسی زمانەکە بێت؛ ناکرێ چۆن وەرگیراوە ئاوا بنووسرێ [قەڵەم- القلم]. هەروەها کێشەی زمانی کوردی دوو یەکگرتووییە لە نووسیندا:
وەزارەتی خوێندنی باڵا یان تەندروستی _ وەزارەتا خواندنا بلند یان ساخلەمی...و هتد
ئەم دوو زاراوەییە دەشێ لە ئاکامدا بەرەو دوو زمان بڕوات.

یەکێکی دیکە لە کێشەکان، پێناسەنەکردن‌و ناڕوونیی زاراوە نوێ‌و وەرگیراوەکانە، تا رێگە لە هەڵە بەکارهێنان‌و بۆ مەبەستی جیاواز بەکارهێنانی بگیرێت.

توێژەر لەباسکردنی دەوڵەمەندکردنی زاراوەدا دەڵێ، ئەو رێگایانەی وشەی پێ ساز دەکرێ، بۆ زاراوە دروستکردنیش دەبێت؛ کە جگە لە پسپۆرانی زمان، پسپۆرانی زانستەکانی دیکەش بەشدارن؛ ئەمەش هەندێک لەو رێگەیانەیە کە لەسەرجەم زمانەکانی جیهانیشدا پەیڕەو دەکرێن: 
١ـ بەیارمەتی پاشگر و پێشگر [شەکر+دان=شەکردان]. زمانی کوردی ناوگریشی هەیە، بەڵام کەمتر چالاکە تا پاشگر و پێشگر، بەڵام لە زمانی عەرەبیدا چالاکە. پێشگرەکانی زمانی کوردی زۆرن[ڕا، ڕێ، ڕۆ، تێ، هەڵ، نە، وەر، پێ، دا، لێ، بە، بێ، هاو] هەندێجار دوو پێشگر، یان پێشگرو پاشگریش بەشداری دەکەن[هاوڕێیەتی، هەڵگەڕانەوە.] سەبارەت بە پاشگرەکان. زۆر بە فراوانی بەشداری زاراوەسازی دەکەن، بۆ نموونە چەندین پاشگرمان هەیە بەشداری ناوی واتایی دەکەن [ی، ێتی، ایەتی، ایی، ار، ندە، ست...]یان ئەو پاشگرانەی ناوی پیشەساز پێکدێنن [ەوان، گەر، ەر،یار، ەوار، ساز، دار، مەند، چی..] ئەوانەی ناوی شوێن سازدەکەن [گە، گا، دان، ستان، زار، ەڵان] یان پاشگرەکانی بچووککردنەوە [کە، ۆکە، چە،چکە، ۆچکە، ۆلە، ۆک، ەک، یلە.] هەروەها زاراوەسازی بەهۆی لێکدان‌و فرێزی چەسپاو، وەرگێڕانی زاراوەی بیانی‌و وەرگرتن یان قەرزکردن، هاوکات گەورەکردنی کەرەسەی خۆماڵی بەهۆی فراوانکردنی واتاو بردنی بۆ ئاست ‌و پنتە جیاوازەکان [تاک:تاکبێژی، تاکایەتی، تاکەکەس..].

سێیەم، سەرەتا باسی درەختی خێزانە زمانەکان‌و پەیوەندی‌و کاریگەری زمانەکان لەسەر یەکدی دەکات، باسی خێزانی هیندۆ-ئەوروپییەکان دەکات کە خێزانی ئێرانیشی لێدەکەوێتەوە و زمانی کوردی یەکێکە لە ئەندامانی ئەم خێزانە. دواتریش باسی دیالێکت‌و زمانی ناوچەیی‌و بەش، نامۆی[ئەدەبی]دەکات: کەنیشک و دوەت لەبری کچ، یان بەهۆی فۆنەتیکەوە- واران[باران] یان جوان لە کرمانجی سەروو (تازە)بەکاردەبرێت. دواتر توێژەر باسی زمانی یەکگرتوو، رێگەکانی دروستبوون‌و دەوڵەمەندکردنی دەکات، لە دەوڵەمەندکردندا ئاماژە بە دەوری ئەدەب‌و دەسەڵات، راگەیاندن، بازرگانی، ئاین..دەکات. دواتر باسی دیالێکتەکانی زمانی کوردی دەکات، بۆ نموونە ئەو ناوانەی کرمانجی سەروو کە هاتوونەتە ناو زمانی یەکگرتوو [کرمانجی ناوەڕاست]: هەڤاڵ، شڤان، هێژا، ڤیان یان زاراوە: پەیڤ، چڤات، چڤاک،بزاڤ، گەنگەشە..یان رۆڵی دیالێکتی گۆران لەم دەوڵەمەندکردنەدا: ئارۆ،کۆسار، هۆزان، تەژنە.. ئاوەز، بەرسڤ، شیاندن، نۆژەن،زنار، راڤە.. لە کۆتاییشدا توێژەر ئامارێک لەو وشانەی بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانی یەکگرتوو لە دیالێکتەکان دەخاتەڕوو، کە دیالێکتی گۆران لە هەموویان زیاتر رۆڵی هەبووە. یەکێک لە ئەنجامەکانی نامەکە ئەوەیە کە پاشگر و پێشگر چالاکترین رێگەی دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زاراوەی کوردین، دواتر لێکدان. هاوکات زاراوە زیاتر لە دیالێکت رۆڵی لەگەشەسەندنی فەرهەنگی زمانی کوردیدا هەبووە.