لەڕوانگەی (ئۆشۆ)وە
(12)
ئەگەر بەختەوەر نەبیت، ناتوانیت کۆمەکی کەسانی دیکە بکەیت، تا بەختەوەر ببن، بۆیە ئەوە خۆپەرستی نییە ئەگەر ئینسان عەوداڵی بەختەوەری بێت. ئینسانی بەختەوەر کەسێکە سەر بە خۆی بێت، نەک سەر بەم خێڵ، یان ئەو حیزب، نەک سەر بەم ڕێباز، یان ئەو ئایین. ئەوی بە گرووپێکەوە پێوەست دەبێت، کەسێکە خەمبار، هیچ ڕەگوڕیشەیەک شک نابات، بە خودی خۆیەوە بیبەستێتەوە. بۆچی دەچینە حیزبێکەوە؟ چونکە هیچ داوێک نامانبەستێتەوە بە خۆمانەوە، بۆیە خۆمان بەوانی دیکەوە گرێ دەدەین.
تەنیا بەهۆی خۆشەویستییەوە، لە وابەستەیی قوتار دەبین، ئەگەر هەموو شتێکمان خۆش بوێت، پابەندی هیچ شتێک نابین، لە هەموو داوێک ڕزگار دەبین. ئەگەر ژنێک دیلی دەستی خۆشەویستیی پیاوێک بێت، یان پیاوێک گیرۆدەی ئەوینی ژنێک بێت، هیچیان شیاوی تاجی ئازادی نیین، بەڵام ئەگەر بەهۆی خۆشەویستییەوە ببن بە یەک، یەکبوونێک یارای جیابوونەوە نەبێت، ئەوا شیاوی ئەوەن تاجی ئازادییان لەسەر بنرێت. ئەوە تەنیا خۆشەویستییە لە گیرۆدەیی ڕزگارمان دەکات، ئەوە هەڵەیە ئەگەر پێمان وابێت، خۆشەویستی بریتییە لە گیرۆدەیی. خۆشەویستی قوتاربوونە لە وابەستەیی، ئەگەر هەموو شتێکمان خۆش بوێت، وابەستەی هیچ شتێک نابین، لە داوی هەموو شتێک دەرباز دەبین.
بۆچی توند توند دەست بە شتێکەوە دەگرین، چونکە دەترسین لە دەستمان بچێت. کەس پێشبینیی ئەوە ناکات لە داهاتوودا چی دەقەومێت، دەشێت ئەوی خۆشمان دەوێت، سبەی لێمان دوور بکەوێتەوە، یان ڕەنگە زیاتر لێمان نزیک ببێتەوە. دەشێت لە یەک نامۆ ببین، ڕەنگە وەک یەک کەسمان لێ بێت، دوو جەستە بین، بەڵام بە هەمان دڵ، هەمان تەمی خۆشی دامانبپۆشێت، ئیدی نە من، من بم، نە ئەو، ئەو بێت، خۆشەویستی وەها یەکمان بخات لە یەکدیدا بزر ببین، سنوور لە نێوانماندا نەمێنێت و نەزانین کاممان وابەستەی ئەوی ترمانە.
ئەگەر گوڵی خۆشەویستی بگەشێتەوە، هەموو شتێک بە ئاسانی بەرەو پێش دەڕوات، ئەوسا نە ترسمان لە داهاتوو دەبێت، نە کێشەی هاوسەرگیری کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی. کە لەبەردەم قازیدا، گرێبەستی هاوسەرگیری ئیمزا دەکەین و پەیمان دەدەین لە یەکدی جودا نەبینەوە و یەکدی فریو نەدەین، هەر دەڵێیت خەریکی واژووکردنی گرێبەستی ئیشێکین. ئەوە سووکایەتیکردنە بە خۆشەویستی کە دەیبەین بۆ لای قازی و دادوەر، کە دەیخەینە ژێر پێی شەرع و یاساوە، ئاخر خۆشەویستی لە هەموو شەرعێک ئینسانیتر و لە هەموو یاسایەک دادپەروەرانەترە.
یاسا و شەرع بۆ ئەوانەن، نازانن چۆن یەکیان خۆش بوێت، ئەوانەی زمانی دڵیان لەبیر چووەتەوە و هەر زمانی بەرژەوەندی دەزانن. خۆشەویستی تاقە ڕێگەی ئازادبوونە لە وابەستەیی، ئاخر ئەگەر یەکمان خۆش بوێت، بیر لە شتی دیکە ناکەینەوە، گیرۆدەی هیچ نابین، لە هەموو کۆت و بەندێک ڕزگارمان دەبێت و هەموو ساتێکی ژیانمان، شکۆیەکی تازە، گۆرانییەکی تازە و سەمایەکی تازە دەبێت. ئەگەر یەکمان خۆش بوێت، گٶڕان بەسەر خۆماندا دێت، بەڵام خۆشەویستیمان وەک خۆی دەمێنێتەوە.
بۆچی گرێبەست پێویستە؟ لە ترسی کۆمەڵ، ئاخر ئەگەر بێ گرێبەست یەکمان خۆش بوێت، ئاوڕوومان دەچێت و کەس ڕێزمان لێ ناگرێت، هەرچەندە خۆشەویستی لووتکەی شکۆیە و ئەوپەڕی رێزگرتنە لە یەکدی. خۆشەویستی لای عاشقانی یەکدی، ڕووبارێکە هاژەی دێت، بەڵام لای ژن و مێرد، زنەیەکە فرمێسکە ئاوێکی پێدا دێت، یان نا. ژن و مێردایەتی قەفەزێکە توانای فڕین زەوت دەکات، تەنیایی باشترە، هیچ نەبێت، لە ماڵێکی هێمندا دەژیت. خراپترین دوژمنی مرۆڤایەتی، ئەو کەسە بوو جێخەوی دووکەسیی داهێنا کە لێ ناگەڕێت ئینسان سەروەختی نووستنیش، ئازاد بێت. خۆشەویستی گەردوونییە، عاشقان کە بەڵێنی خۆشەویستی بە یەکدی دەدەن، جریوەی ئەستێرە، تریفەی مانگ، تیشکی خۆر، خوڕەی ئاو، سترانی مەل و بۆنی گوڵ دەکەن بە شایەت.
ئەگەر جوان هەستەکانت وەگەڕ بخەیت، دەرک بەوە دەکەیت، ئەوی بۆ یەکەم جار دەکەوێتە نێو گۆمی خۆشەویستییەوە، دەموچاوی وا دەگەشێتەوە، کڵپەی لێ هەڵدەستێت، ڕۆیشتنی وا دەگۆڕێت، وەک نەرمەسەمای لێ دێت، لەناکاو کەسێکی جوانپۆش و ڕێکپۆشی لێ دەردەچێت، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە درێژەیان نابێت و هێندە نابات، گەردی خەم لە ڕووخساری دەنیشێت و بێزاری بەرۆکی دەگرێتەوە، هەرچەندە ئەستێرە هەر دەدرەوشێتەوە، بەڵام سەرنجی ئەو ڕاناکیشێت، ئاخر سەیری ئاسمان ناکات.
لە ژمارە نایەن، ئەوانەی حەزیان لەوەیە بە تەنیا بمێننەوە و خۆیان لە هاوسەرگیری بەدوور دەگرن، بەڵام ئەگەر جارێک تاقیت کردەوە، ئیدی لەگەڵیدا ڕادێیت، وەک چۆن زیندانی لەگەڵ بەندیخانەدا ڕادێت، بۆیە دیسان بە هەمان ئەزمووندا ڕەت دەبیتەوە. ئیدی جێخەوی هاوسەرگیری، با هەواری کوێرەوەرییش بێت، بە لاتەوە دەبێتە هێلانەی ئاسوودەیی، ئاخر هیچ نەبێت دڵت بەوە خۆشە، تەنیا نیت، هاوسەرینەکەت هاوبەشی ئەو زیندانی کوێرەوەرییەتە.
جیاوازیی نێوان هاوسەرگیری و خۆشەویستی بە پلەی یەکەم ئەوەیە، یەکەمیان قۆڵبەستت دەکات، بەڵام دووەمیان دوو باڵت بۆ فڕین پێ دەبەخشێت. ئەگەر لەوە تێبگەین خۆشەویستی بەیەکگەییشتنی دوو ڕۆحە، نەک پێوەندیی بایەلۆجیی نێوان نێرێک و مێیەک، ئەوسا خۆشەویستی باڵمان پێ دەبەخشێت، فێرمان دەکات قووڵ لە ژیان بڕوانین و دەمانکاتە دوو هاوڕێی ڕاستەقینەی یەکدی، نەک دوو دوژمن بە دەمامکی دوو هاوڕێوە، وەک لە ژنومێردایەتیدا هەیە.
ئەو قەدیس و ڕاهیب و زاهید و کاهین و واعیزانەی پشت دەکەنە خۆشییەکانی دونیا، کەسانی ترسنۆکن و بوێریی ئەوە شک نابەن، بەرەو ڕووی ژیان ببنەوە، ئەوانە خۆشەویستییان ژاراوی کردووە، ئاخر هاوزەمان نەفرەتیان لە سێکس و لە ئەوینیش کردووە و وایان نیشان داوە، سێکس و ئەوین هاوواتای یەکدین، کە ئەوە ڕاست نییە، ئاخر سێکس بەشێکی کەمە لە وزەی بایەلۆجیمان، بەڵام خۆشەویستی هەم ڕۆحمانە و هەم هەموو بوونیشمان. سێکس درێژەپێدەری ژیانە، ئازادین لەوەی توخنی دەکەوین یان نا، وەچە دەخەینەوە یان نا، بەڵام ناتوانین دەستبەرداری خۆشەویستی ببین، ئاخر ئەگەر خۆشەویستی فەرامۆش بکەین، هەستەکانمان لەکار دەکەون، تونای هیچ داهێنانێکمان نابێت و وەک زیندوویەکی مردوومان لێ دێت.
18/10/2016
ستۆکهۆڵم
(*) أوشو، الحب و الحریە و الفردانیە، ترجمە: میتم الچایع، دار الحوار 2013اللاژقیە.