نیچە و دەروونشیكاری لە رۆمانی (كاتێك نیچە گریا) دا

رۆمانی (كاتێك نیچە گریا) رۆمانێكی دەروونناسانەیە، لەلایەن ئێرڤین یالۆم نووسەری ئەمریكیی بوونگەرا لە ساڵی 1992دا نووسراوە. لە چیرۆكی رۆمانەكەوە فیلمێكیش بە هەمان ناو دروستكراوە كە ژمارەیەك خەڵاتی وەرگرتووە. رۆمانەكە تێكەڵێكە لە خەیاڵ و حەقیقەتی ژیانی پاڵەوانەكان. یالوم بە جۆرێك چیرۆك و رووداوەكانی گرێداوەتەوە كە خوێنەر هەست بەوە ناكات چیرۆكی رۆمانەكە بەشێكی بەرهەمی خەیاڵی خودی نووسەر بێت. مێژووی رووداوی رۆمانەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەی زاینی، واتە سەدەی زاڵبوونی ئەقڵ و بە سەنتەربوونی ئەقڵی زانستی.

چیرۆكی رۆمانەكە بەو شێوەیەیە: خانمێك بە ناوی لو سالومە كە كچە رووسێكە و بەو جۆرەی باس دەكرێت خانمێكە تا بڵێی جوان و دڵڕفێنە، سالومە بە گەشت دەچێتە سویسرا و بە هاوڕێیەكی نیچە ئاشنا دەبێت. هاوڕێیەكەی نیچە، سالومە دەناسێنێ بە نیچە و زۆر نابات كە هەم نیچە و هەمیش هاوڕێكەی نیچە عاشقی سالومە دەبن. نیچە بەهۆی ئەوەی كە لە بنەماڵەیەكی ئاینیدا گەورە بووە و لەژێر فشاری قسەی دایك و خۆشكەكەیدا  بۆ ئەوەی هەست بە گوناهـ نەكات، لەڕێگای هاوڕێكەیەوە خوازبێنی سالومە دەكات و داوای هاوسەرگیریی لێدەكات. هاوڕێكەی نیچە هەرچەندە خۆشی عاشقی سالومەیە و زۆری پێناخۆشە، بەڵام ئەوە دەكات و پێشنیازەكەی نیچە بە سالومە دەگەیێنێت. بەڵام بەوەدا سالومە كچێكی سەركێشە و پێیخۆش نییە بە كۆت و بەندی هاوسەرێتی خۆی ببەستێتەوە، پێشنیازەكە قەبووڵ ناكات و لەگەڵ هاوڕێكەی نیچەدا پەیوەندی دەبەستێ. نیچە بەو هۆیەوە تووشی تەنیایی و حاڵەتێكی دەروونیی خراپ دەبێت و تەنانەت وای لێدێت كە خۆی بكوژێت. 

لێرەدا سالومە دەچێتە لای ژۆزێف برۆیەر كە دەروونناسێكی بەناوبانگی سەردەمە و داوای لێدەكات نیچە ببینێ و یارمەتیی بدات. نیچە و برۆیەر رووبەڕووی یەك دەبنەوە، بەڵام نیچە هیچ هاوكارییەكی برۆیەر ناكات بۆ چارەسەری، زۆر پێیناخۆشە كەسێك یارمەتی بدات و بەزەیی پێدابێتەوە. 

بەڵام برۆیەر چونكە دەزانێت نیچە كەسێكی گرنگە و كتێبەكانی خوێندووەتەوە، نایەوێت بە ئاسانی واز بهێنێ و لەگەڵ نیچەدا مامەڵەیەك دەكات و پێیدەڵێت  تۆ یارمەتی من بدە و منیش یارمەتی تۆ دەدەم. لێرەوە ئیدی برۆیەریش چیرۆكی خۆی بۆ نیچە دەدركێنێ و بۆی باس دەكات كە لەگەڵ ئەوەی سێ منداڵ و ژنێكی باشی هەیە، بەڵام عاشقی نەخۆشێكی خۆی بووە بەناوی بێرتا. لەگەڵ ئەوەش كە نەخۆشەكەی لەسەر داوای ژنەكەی داوە بە پزیشكێكی تر بۆ ئەوەی نەیبینێ، بەڵام وای لێدێت كە هەموو چركەكانی ژیانی پڕ دەبن لە خەیاڵی بێرتا و هەموو ژیانی كۆمەڵایەتی و تایبەتی بەو هۆیەوە تێكدەچێ، بۆیە داوای یارمەتی لە نیچە دەكات بۆ ئەوەی لەو دۆخە رزگاری بێت. لێرەدا هاوكێشەكە پێچەوانە دەبێتەوە، لە بری ئەوەی دكتۆر چارەسەری نەخۆشەكە بكات، نەخۆشەكە دەبێتە پزیشك و بە كارێكی دەرونناسانە دەچێتە نێو جیهانی دەروونیی دكتۆر برۆیەرەوە. 

پێدەچێت كە نووسەر بە مەبەست ئەو رۆڵەی بە نیچە دابێت لە رۆمانەكەدا، تا ئەو بۆچوونە پشتڕاست بكاتەوە كە نیچە بە باوكی راستەقینەی دەروونناسی و دەروونشیكاری دەزانێت. نیچە بە دكتۆر برۆیەر دەڵێت بۆ ئەوەی بتوانی جارێكی تر بگەڕێیتەوە بۆ لای ژن و منداڵەكەت، دەبێ بەجێیان بهێڵی و بڕۆیت بە دوای بێرتادا. ئەم بۆچوونە بەشێكی گرنگی فەلسەفەی نیچە خۆیەتی كە وەك لە كتێبی (ئەمەیە مرۆڤ) دا دەڵێت: بۆ ئەوەی لێم تێبگەیت و قەبووڵم بكەیت، سەرەتا دەبێت رەتمبكەیتەوە. 

لای نیچە (رەتكردنەوە) هەنگاوی یەكەمە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت و پاككردنەوەی لە بیروبۆچوونی پێشینە. برۆیەر سەرەتا ئەم پێشنیازەی نیچەی پێناخۆش دەبێت، دواتر لەگەڵ فرۆید كە قوتابیی خۆیەتی، قسە دەكات. فرۆیدیش هەمان قسەی نیچە دەكات و پێیدەڵێت بڕوات و ژن و منداڵەكانی بەجێبهێڵێت. لێرەشدا نووسەر كاریگەریی نیچە لەسەر بۆچوونەكانی فرۆید دەردەخات. بۆیە برۆیەر دەچێتەوە ماڵەوە و جانتاكەی هەڵدەگرێت و دەچێت بە دوای بێرتادا بۆ ئەو خەستەخانەیەی كە لەوێیە و لای دكتۆرێكی تر چارەسەری وەردەگرێت، بەڵام  هەركە دەگات، دەبینێ بێرتا هەمان ئەو رەفتار و جووڵانەوانە لەگەڵ دكتۆرە نوێیەكەیدا دەكات كە پێشتر لەگەڵ ئەمیش كردوویەتی. واتە دەبینێ كە بێرتا ئێستا دكتۆرەكەی دیكەی خستووەتە شوێنی برۆیەر، بۆیە هەر بە رێگای خۆیدا دەگەڕێتەوە و ئەمجارەیان دەچێتەوە لای سكرتێرەكەی و داوای پەیوەندی لێدەكات و ئەویش رەتیدەكاتەوە و دواتریش شێوەی خۆی دەگۆڕێت و هەموو شتێك دەكات بۆ ئەوەی سەرنجی ژنان رابكێشێ و ئەوەی لە رابردوودا بە هۆی خێزان و ژنەكەیەوە نەیكردووە ئێستا بیكات. بەڵام كە ناكام دەبێت و لە ئیش و شوێنی كۆمەڵایەتی خۆی دەبێت، لە كۆتاییدا دەچێتە رێستورانتێك و دەبێت بە گارسۆن و لەوێ فرۆید لەگەڵ دەزگیرانەكەی دەیبینن.

 برۆیەر ئەم یەكدی بینینەی زۆر پێناخۆش دەبێت و لەوپەڕی هەست بە ناكامی و بچووكبوونەوەدا خۆی دەخاتە نێو رووبارێكەوە و فرۆید دەچێت بە دوایدا و بۆ رزگاركردنی خۆی دەخاتە ناو ئاوەكەوە. لێرەدایە كە فرۆید بە زللەیەك برۆیەر لە خەوی دەستكرد (هیپنۆتیز) وریا دەكاتەوە. ئیتر ئەو كاتەیە كە برۆیەر هەست بە سووكبوونێكی زۆر دەكات، هەست دەكات دڵی بۆ ژن و منداڵەكەی تەنگ بووە و دەگەڕێتەوە ماڵ و خۆشەویستیی خۆی بۆ ژنەكەی دووبارە دەكاتەوە. ژنێك كە پێشتر لای ئەو كابوس و زیندانەوان بوو. هاوكات نیچەش زمان دەكاتەوە و باسی خۆی و عەشقی خۆی بۆ سالومە دەكات، برۆیەر بە نیچە دەڵێت كە سالومە عاشقی تۆ نەبووە و نیچەش دەگات بەوەی كە سالومە حەزی لە هەموو پیاوێك بووە و ئەو كەسە نەبووە كە لە خەیاڵیدا بیری لێ كردووەتەوە و تووشی ئەو خەم و تەنیاییەی كردووە، دوای دەركەوتنی ئەم حەقیقەتانەش، نیچە بە حاڵ و دۆخێكی باشترەوە دەگەڕێتەوە بۆ شارەكەی خۆی.

رۆمانەكە هەڵگری خوێندنەوەی زۆرە، بە تایبەتی لەڕووی دەروونناسییەوە دەكرێت زۆر لایەن و حەقیقەتی مرۆڤەكانمان بۆ دەربخات. لێرەدا لە باتی خوێندنەوەی خودی كارەكتەرەكان وەك یەمزی لبیدۆ و ئارەزوو، باس لە هەندێ دیوی تری رۆمانەكە دەكەم.

 یەكەم، باس لەو فەزا كۆمەڵایەتی و زانستییەی سەدەی نوزدە دەكەین كە چیرۆكەكەی تێدا رووداوە، ئەو فەزایەی كە ئەقڵی زانستی زاڵ دەبێت بەسەر هەموو بیركردنەوەیەكی مرۆڤدا. ئەم ئەقڵە تەنانەت خەون و ئارەزوو و خولیاكانی مرۆڤیش دەگرێتەوە و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی خۆسەپاندن و كوشتنی ئەو شتانە دەدات كە لە دەرەوەی ئەو بن. لەم رۆمانەدا دەبینین كە بۆ یەكەمجار برۆیەر وەك مامۆستای فرۆید هەوڵی چارەسەریی نەخۆشییە دەروونییەكان دەدات و دەیەوێت لەڕێگای ئەقڵی زانستییەوە چارەسەری بۆ خەون و عەشق بدۆزێتەوە. فەزای رۆمانەكە باس لەو سەردەمە دەكات كە فۆكۆ دەڵێت چیدی مرۆڤ وەك مرۆڤ سەیر ناكرێت، بەڵكو تەنیا بابەت و ئۆبژەیەك دەبێت بۆ شیكردنەوە و خوێندنەوەی لەڕێگای زانستەوە، بۆ ئەوەی زانست بتوانێت دەسەڵاتی خۆی پیشان بداتەوە، فۆكۆ دەڵێت هاتنی دونیای پزشكی و گەمارۆی مرۆڤ لە لایەن گوتاری زانستی و پزیشكییەوە، وایكرد كە بتوانن دەست بۆ هەموو بوارێكی ژیانی مرۆڤ ببەن و دەستی بەسەردا بگرن. مرۆڤ لەو كاتەوە كە لەدایك دەبێت تاوەكو دەمرێت، لەژێر كۆنترۆڵی پزیشكەكاندایە. 

لای فۆكۆ، لە كۆتایی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدەدا پزیشكی وای لێهات كە زمان و گوتاری تایبەت بەخۆی بەرهەم هێنا و لەڕێگایەوە شێوەیەكی تر لە شێوەكانی كۆنترۆڵ بەسەر مرۆڤەوە زیادی كرد. برۆیەر وەك رەمزی ئەو گوتارە لەم رۆمانەدا دەردەكەوێت كە تەنانەت رەحم بە خەون و هەستەكانی خۆی و ئەوانی تر ناكات و هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنیان دەدات. دەیەوێت زانست وەك چەكێك بۆ سڕینەوەی هەست و عاتیفە بەكاربهێنێ، ئەمەش وەك تێزی سەرەكی دەروونشیكاری لە سەردەمی پۆست مۆدێرنەدا و لەلایەن فەیلەسوفە پۆستەكانەوە، دەبێت بە رەخنەی سەرەكی لە دەروونشیكاری مۆدێرن، وەك چەكێك كە سیستەم بۆ كۆنترۆڵی مرۆڤ بەكاریدەهێنێ.

خاڵی دووەم كە دەمەوێت باسی بكەم، رەنگدانەوەی بیری نیچەیە بەسەر رۆمانەكەوە، ئەو كاتەی برۆیەر بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە بۆ نیچە و دەڵێت ئەم ژیانەی ئێستام وەك زیندان وایە و ژنەكەی وەك كابووس و خەونێكی ناخۆش دێتە بەرچاوی و دڵی لای بێرتایە، نیچە بۆ دەربازبوونی لە دۆخەكە پێیدەڵێ: بۆ ئەوەی جارێكی تر بگەڕێیتەوە بۆلای ژن و منداڵەكانت، پێویستە بەجێیانبهێڵی و بچیتە لای بێرتا. لێرەدا جگە لەو خاڵەی لە سەرەوە باسمكرد، لایەنێكی تری فیكری نیچە بەڕوونی دەردەكەوێت، ئەوەی كە نیچە پێیدەڵێت: (ئیرادەی دەسەڵاتخوازی- ئیرادەی مایل بە دەسەڵات). 

لای نیچە ئیرادەی دەسەڵاتخوازی تەنیا شتێكە كە وادەكات مرۆڤ لە دونیادا بجوڵێنێ، لای نیچە هەر شتێك لە مرۆڤ روودەدات و دەوەشێتەوە، لەسەر بنەمای ئیرادەی دەسەڵاتخوازییە. مرۆڤ لە روانگەی نیچەوە تەنیا ئیرادە و خواستی گۆڕان (صیرورە)یە.  پێیوایە ئەوەی مرۆڤ و ئاژەڵ جیادەكاتەوە ئەو ئیرادە بوونناسەیە كە مرۆڤ بۆ گۆڕانی خۆی بەكاری دەهێنێ. (صیرورە- گۆڕان لە حاڵەتێكەوە بۆ حاڵەتێكی نوێ) بەو شێوەیەی كە مرۆڤ دەبێت لە قەبووڵكردنی بەرپرسیارێتی خوڵقاندنی خۆیەوە دەستپێبكات، چون تەنیا لەڕێگای ئەو كارەوەیە كە مرۆڤ دەتوانێ دەرك و هۆشیاری خۆی بۆ دونیا بەدەستبهێنێ.  لێرەوەیە كە نیچە دژی هەموو گوتارێكی زاڵ و چەسپاو دەوەستێتەوە، چونكە وەك ئەو دەسەڵاتە دەیانبینێ كە بە دوای گرتن و جڵەوكردنی ئیرادەی گۆڕانەوەن. بەڕای نیچە مرۆڤ تا كاتێك بەردەوام لەژێر كاریگەریی ئەم گوتار و ئەو ئایدۆلۆژیانەدا بێت و خۆی نەبێت بە تەواوی، ئەوە دەرفەتی دروستبوونی ژیانێكی نوێ و مرۆڤێكی نوێ ئەستەم دەبێت. نیچە لە كتێبی (وای گوت زەردەشت) دا باس لەو مرۆڤانە دەكات كە توانای شكاندنی هەموو تابۆكانیان هەیە و خۆیان بۆ خۆیان بەها و نۆرمەكان دروست دەكەن نەوەك مل بخەنە ژێر بەها و ئەرزش و گوتارەكانی كۆمەڵگاوە. 

بۆیە نیچە بە برۆیەر دەڵێت كە ژنەكەت بەجێبهێڵە، چونكە پێیوایە برۆیەر ناگات بە ئاسوودەیی، لەبەرئەوەی ئەو ژیانەی تێیدا گیری كردووە بۆی هەڵبژێردراوە و خۆی هەڵینەبژاردووە. ژن و منداڵەكانی ئەو ژیانە نین كە برۆیەر بە ئیرادەی خۆی هەڵیبژاردبێ، ئەوەی تووشی ئەو حاڵەتەی كردووە عەشقی بێرتا نییە، بەڵكو زەوتكردنی ئەو ئیرادەیەیە كە لای نیچە بنەمای مرۆڤبوونە لە دونیادا. پێیوایە دەبێت برۆیەر كارێك بكات دڵنیا بێت لەوەی كە ئەم ژیانەی ئێستا ژیانی خۆیەتی و بە ئیرادەی خۆی هەڵیبژاردووە، بۆیە كاتێك دەچێتە لای بێرتا و ژنانی تر، دەبینێ ئەوانە ئەوە نین كە ئەو ویستوویەتی، ئەمجارە بە ئازادی و خواستی خۆی دەگەڕێتەوە و هەست بە سووكی و ئاسوودەگی دەكات. رۆمانەكە بۆ نیچەش هەمان رێگاچارە پێشان دەدات. 

ئەوەی وای كردووە نیچە تووشی پەشێوی بێت عەشقی سالومە نییە، بەڵكو ئەو تەنیاییە كە سالومە بە سەریدا سەپاندووە، كاتێك نیچە دەگات بەوەی سالومە ئەوە نییە كە ئەم عاشقی بووە، خۆی بە ئیرادەی خۆی ئەو تەنیاییە قەبووڵ دەكات و لە كۆتاییدا برۆیەر بە جێدەهێڵێت و بە  ئاسوودەیی تەنیایی خۆی هەڵدەبژێرێتەوە. لێرەدا دەبینین كە تەنیایی یەكەمی نیچە، تەنیایی خۆی نەبووە، بەڵكو سالومە بەسەریدا سەپاندووە، بەڵام تەنیایی دووەمی تەنیای خۆیەتی. بەگشتی رۆمانەكە زمانحاڵی ئەو بەشەی فەلسەفەی نیچەیە كە داوا لە مرۆڤ دەكات نەترسێ و ژیانی خۆی بگرێتە دەست و هەڵبژاردنەكانی ملكەچی خواست و ئیرادەی خۆی بن. نیچە ئەمەش بە سیفەتێكی گرنگی مرۆڤی باڵا دەبینێ، جۆرە مرۆڤێك نیچە نموونەكەی لە زەردەشتدا دەبینێتەوە.